ئاڵەکۆک

هێمن تەنیا add_a_photo
چرپەی دەنگی لاقەکانت
ترپەی دەنگی دڵی منە
دڵتەنگی وێرانی کردووم
نیگاکانت لە من ونە

بە بێ گەرمای دەستەکانت
جیهانی من سارد و سڕە
تۆ لە چی ساز کراوی
کە شارێک بە بێ تۆ قڕە

جیهانێکی رووناک دەکا
کاتێک تۆ لە خەو هەڵدەستی
دەست پێ دەبێت رۆژێکی نوێ
خۆر هەڵدێ بە هێمن و سستی

لە تاو دیتنی چاوەکانت
خەڵکی شارێک تامەزرۆیە
رێک و جوانی بەژن و باڵات
حکومەتی سەربەخۆیە

کۆمەڵێک عاشقی تۆ بوون
هەموو دەستی خۆیان بڕیوە
رەنگی ئەسمەر و شێوەی گوڵ
غەمی لە دڵیان سڕیوە

رێبوارێکی شارەزاش بێ
تۆ ببینە رێی لێ ون دەبێت
لە رۆژهەڵاتی سینەت را
شنەی شەماڵی پێدادێت

وەکوو دەنگ و باسێکی نوێ
خۆشە بیستنی دەنگی ناسکت
وەکوو نێوچیرێکی ئازا
دەبمە خاوەن چاوی ئاسکت

پەیاسە و هەنگاو هەڵینان
لە شەقام و کۆڵانی شار
دەست لە نێو دەستی تۆ دابوون
ئاواتە بۆ دڵی منی ساکار

بە باڵای تۆ دا هەڵدەڵێن
ئەو شاعیرانەی دەتناسن
جوانیت لە چیرۆکان دایە
بەڵام دڵت وەکوو ئاسن

لە جوانی دا ڕێک و رەسەن
لە بێ وەفایی شارەزای
روخسارت ئارام و بێدەنگ
لەگەڵ من بەڵام بێ رەزای

بێ سەبرانە داوات دەکەم
وەکوو دینی خەونێکی خۆش
سینەم ڕۆژێکی بکەنەوە
دەیخوێننەوە چیرۆکی تۆش

تەنیا ئارەزووم ئەوە بوو
من تۆ بام و تۆش من بایەی
ئەودەم دەتزانی بە هەستم
منیش دەمزانی بۆ نایەی
١٦ خەرمانان ١٣٩٩ هەتاوی
نووسین: هێمن نیک بین

پەراوێز edit