ئاڵەکۆک

بەختیار عەلی add_a_photo
بەختیار عەلی تا ماتەمی گوڵ تا خوێنی فریشە
٧. قەسیدەی نیشتمان (بەشی پێنجەم)
چەند بێرەحمی/لاشەکەمت لە نابەینی چنار و شۆرەبیدا دۆزییەوە/چۆن ئەسپی تۆپیو دەبەست بە ماشێنێکەوە و فڕێیدەدەن، وا فڕێتدام/حەقتە، خۆ قەمە خوێناوییەکان و گولـلە و جنێوەکانت دادتنادەن/من کە سەرداب و تونێل و قومچە نهێنیەکانتم بۆ دەسڕیت/من کە تفی خۆم لە شوشە دەنا و هەڵمدەگرت بۆ ڕۆژی ڕاپەڕینەکانت/هێندە بە بێدەنگ دەگریام/هەتا فرمێسکەکانم بەدەست دەکردەوە چاوم/نەبا هەستبکەی کە دەگریم/من ئەو کوڕەم کە قاچم لە لم و خۆڵەمێشی کوورەکانت دەخست/بۆ ڕۆژانی شایی و سەما بەدوای مرواری و پشکۆدا دەگەڕام/لەسەر تەنوور، بەرهەڵبێنێکم دەبەست و لەگەڵ ژنانی گەڕەکدا، نانم بۆ ماڵە شەهیدەکانت دەکردەوە/لە کێڵگەکانتدا وەکو داڵاشێک دەوەستام/نەبا پاساری و باڵندەکان ڕەنجتبخۆن/سوپاست دەکەم ئەی نیشتیمان.. ئەی بێڕەحم/ئێستا پێمدەڵێیت، تەمێتدەکەم/منێک لەوەتی هەم لە ماڵ و قوتابخانە و پۆلیسخانکانتدا/هەر پاشەڵم بۆ شوڵک و شەق پێڕووتدەکێرت/چۆن و بەچی تەمێمدەکەیت؟ /نا نیشتیمان... چەقۆکەش خۆم بۆت تیژدەکەمەوە... تاپڕەکەش خۆم بۆت دادەگرمەوە/جلکەکانی خۆمت دەدەمێ بیکە پەتی سێدارە/پرچی خۆمت دەدەمێ بایدە و بیکەره قامچی/من بێباکم... من بووم بەشەو ئەو فیشەکانەم دەژمارد، کە دەنران بەدڵتەوە.. بەڕۆژ هەنگاوی کچەکانتم دەژمارد لە ماڵەوە تاکو قوتابخانە/وەکو زانایەکی ڕیشن چاویلکەیەکم لەچاو دەکرد/چۆن کچان بەدیار خەیات و پینەچییەکانەوە دادەنیشن/بەدیار پەڕە و کتێب و پێنوسەکانتەوە دادەنیشتم/بیرم لەو عاشقە ناکامانە دەکردەوە/کە هەرگیز ئەڵقە ناکەنە پەنجەیان/بیرم لەو منداڵەنە دەکردەوە، بەیانیان دەستبەتاڵ لە نانەواخانەکان دێنەوە/بیرم لەوە دەکردەوە/چەند بڵاوکراوەی نهێنی لەژێر قەفی پشتێنەکانتدا هەڵگیراوە/چەند شۆڕشگێڕ لە وێستگەی پاسەکاندا چاوەڕوانی یەکتر دەکەن/بەڵام ئەی نیشتیمان، دەشمزانی/ئەم هەور و چرۆ و کۆڵانانە بۆ من نین/ئەو خانوبەرە گەورە و ماڵە خنجیلانانە بۆ من نین/ئە ئەسپە شینباو و نێرەکەو و سمۆرانە بۆ من نین/سوێندی درۆ و جنێوەکانت بۆ منە/زەردەخەنی کچەکانت، دەستی دۆستانەی کوڕەکانت بۆ من نین/لچ هەڵقڕچاوان، چەمۆڵە لێگرتن، مشتەکۆڵە و شەقازلەکانت بۆ منە/باخچە و قوتابخان و سەیرانگاکانت بۆ من نین/زێراب و کوخت و بەندیخانەکانت بۆ منە/چۆن پەنجە بە دوگمەی زەنگدا دەنێیت/ئاواپەنجە بنێ بەنێوچاوانمدا/وەکو چۆن سەری سندوقی یادگارییەکانت لادەدەیت، سەرم لادە/بەدەمارە تاریکەکانمد بڕوانە/وەکو پاسەوانی کۆشکێکی کۆن، وەکو کلیل بەدەستی سەردابی بەندیخانەکان/یەکە.. یەکە.. چراکانت بۆ هەڵدەگرم/مەشخەڵی قەد دیوارەکانت بۆ دادەگیرسێنم/بنواڕە... چۆن گوڵاڵە سوورە هەر وەکو کێچ لەسەر مەرگم قونەدەکەن/چۆن خەونەکانم وەکو شەکر لەسەر ئاگر دەسوتێن و ڕەش ڕەش دەبن/بڕوانە چۆن ناو نیشان لەسەر دیواری بەندیخانەکان دەنوسرێت/چەند دادوبێداد، چەند هاوار و فریاد لەسەر دەمارەکانم هەڵکنراون/ئێستا دەبێت بەڕێگای لیتاو و زۆنگاوەکانی دڵمدا بتبەم/وەکو چۆن پیاوی خورت و نێر قژی کچە عاشقەکەی دەگرێت و بەزەویدا ڕایدەکێشێت.. ڕاتدەکێشام/وەرە و بزانە چەند پەنجەری شکاو لە دڵمدایە/چەند ساڵە دیوار و سەرابیتەکەی بۆیەنەکراوەتەوە/چۆن پڕبووە لە دڕک و کەرتەشی و قەوزەی لیخن/چۆن پڕبووە لە بۆقی پشاو و سیسارکەی کەوڵکرو/چەند هەنگ و زەردەواڵەی کوژراو بە پەردە زەردەکانیەوەیەتی/بڕوانە چۆن خەنجەر لە جێگایتاواندا دەکەوێت/حەز و ئارەزووەکانم بەکراسی ڕەشی شیتاڵ شیتاڵەوە کەوتوون/هاوەڵەکانم... وەکو وێنەی مرۆڤ لە دەفتەرەکانی منداڵیمدا/هەرچێوەکەیان ماوەتەوە/ڕیخۆڵەکانم.. وەکو مارمالۆکەیان لە هەویر لێهاتووە/جگەرم ڕەنگێکی سووری ڕژاوە/سیەکانیشم بوونەتە دوو مووتاپی پڕ لە فیشەکە/بەڵام هەزار هێندەی ترم لێبێت/بشبمە گەرد، تۆم خۆشدەوێت/ئەوە پەنجەکانمە/چۆن گەڵا دەنرێتە نێوان دەفتەرەوە/بمنێرە نابەینی وەرزەکانتەوە/ئەوە دەستم وەکو تێڵایەکی چڵکن/لافیتەکانتی پێداکووتە/ئەوە پێستەکەم وەکو کاغەزێکی بلوور/نامەی لەسەر بنووسە و قەدیکە/یان وەکو پێستی پڵنگێکی کوژراو بیکەرەوە/کاتێک گەڕاینەوە بۆ ئەو ڕۆژگارە دوورانەی لە تەشدا خۆماندەشت/ٚبیکەرە پەردە بۆ کچە عازەبەکانت/بیکەرە خاوڵی بۆ منداڵە بچکۆلەکانت/بیکەرە دەستەسڕی بچوک، بچوک، بۆ فرمێسکی کوڕە بێنەواکانت.

دەتگووت/وەکو ئەسپێک، تابنهەنگڵ/پێی لە ناو لمدا چەقیبێت/نابزوێم و لەسەر زگ خۆم ڕادەکێشم/بەڵام نمەک بەحەرام نیم.. ڕاستی دەڵێم/ئەو هەڵۆ پیرانەت سەودای فڕینیان پێدامەوە/ئەو پاسارییە بچکۆلانەت فێری قونەیان کردمەوە/وەکو سەگێک لەو هەردانە دوای هەڵهاتووەکانت کەوتبێت/بۆن بە چۆگە و دارستانەکانتەوە دەکەم/وەکو بزنێک بییەوێت گەڵا بەرزەکان بخوات/هەڵدەستمە سەر پێ و بۆنی سینەت دەکەم/بۆ ئەی نیشتیمان.. بۆ؟ /بۆنەکەت بەلێواری مزگەوت و چاخانەکانت ڕژاوە/چۆن بریندار.. تکەی خوێنەکەی خۆی لەسەر بەفر جێدەهێڵێت/بۆنی خۆت لە ژێر پرد و شەقامانە جێهێشتووە/بۆنەکەت وەکو فرمێسک، ڕژاوەتە سەر سوراو و دەستەسڕ و ڕیشی ماشوبرنجی کەناسەکان/بەڵام لەژێر پێست و ئەسفەلت دا بۆی ناگەڕێم/لەژێر برینی شەهیدەکانتەوە بۆیدەگەڕێم/بۆنی شێداری دارستانەکانم ناوێت بۆنی کرۆک و ڕەگە تینووەکانم دەوێت/بۆنی پێست و لەشە سپی و سۆڵەکانتم ناوێت.. ئەو لەشانەی کە شەو و ڕۆژ لە بانوێی عەتردا مەلە دەکەن/بۆنی ئەو خەمەم دەوێت کە وەک کەروێشکە کێویلە خۆی دەکێشێت بە قەفەزەی سینگمدا/
بۆنی ئەو مەمکانەم دەوێت کە بەدەرزی لکاون بەسینەوانێ/بۆنی ئەو مەمکانەم دەوێت کە بە هەرچی هێزە دەیگوشین، بۆ تۆزێک شیر و لێینایەت/بۆنی ئەو ڕانە پەمەییانە حەزلێناکەم/بۆنی ئەو ڕانەم بدەرێ کە بۆنی زۆنکاو و سەرەنویلک و سەر تەنوریان گرتووە/بۆنی ئەو پێیانەی قڵیش هەلاهەلایکردوون/بۆنی چرچی ئەو بێوەژنەم پێبدە/کە بیست ساڵە لەزەت وەکو هەژدیهایەک لە ناوەوە دەیگەزێت و هاوار ناکات/بۆنی ئەو بێوەژنە، لاوازانەی بیست ساڵە، بەیانیان لە پاسێکی کۆندا، ملی کارگە ئەگرنەبەر/بیست ساڵە، ئێواران لە پاسێکی کۆندا، ملی ژوورە کڵۆڵەکانیان دەگرنەبەر/بۆنی قاورمە و هیزە ڕۆنەکەی جارانم بدەرەوە/بۆنی باروتی داداشی چەتەکانم بدەرەوە/بۆنی ئەو بوغردەم بدەرەوە/کە لە شەوانی بەراتدا... دەمانسووتان/هەمووی دەکەمە قەباغی گولـلە تۆپێکەوە و سەر لە نوێ بەسەر شار و ئۆردوگا و قوتابخانەکانتدا دەیدەقێنم/تا بۆنی ڕەزالەتی ژیان کاسیاندەکات/تا بۆنی ئەم دۆزەخە و زەمهەریرە ژیانیان بیردەخاتەوە/ئەگەر کەسیش گوێی پێنەدا/ئەوا دوو داری عود دەچەقێنمە نێو گوێچکەم، هەتا ماوم بێ باک بە زێراب و لیتاو و زۆنگاوەکانتدا دێم دەچم/بیر نە لە ژیان نە لە گریان نەمووچەی مانگانە ناکەمەوە.
نووسین: دارا مجید

پەراوێز edit