ئاڵەکۆک

بەختیار عەلی add_a_photo
بەختیار عەلی تا ماتەمی گوڵ تا خوێنی فریشە
٨. قەسیدەی نیشتمان (بەشی شەشەم)
وەکو کۆرپەیەکی زۆڵ، لە تەنیشت بەرمیلی خۆڵڕێژەکانەوە، دایاننام/وەکو جلکی مەلەوانێکی خنکاو لەو کەنارە دوور دوورانە بێنازکەوتوم/ئەی وڵاتم ئەی قەرەچی بێسەروشوێن/حەزمدەکرد ئازاد بژیم/وەکو دەستەسڕ لە چەکمەجە و دۆڵابەکاندا هەڵیانگرتم/شیتاڵ و پەڕۆی كۆنیان لێوەپێچام، یاریان پێدەکردم/وەڕەزبووم و وەکو گورگێکی بریندار لە ئەشکەوتدا/سەرم خستۆتە سەر دەستم/وەڕەزبووم و برسێتی بێزاریکردوم/وەڕەزبووم و دڵم پڕە لە خراپەت/تۆ بوویت وشە ناسکەکانت لێقەدەغەکردم/ئەو وشانەی وەکو گۆجانی کوێر دنیام پێدەناسییەوە/چۆن گوڵ چەپکدەکرێ و دەخرێتە ناو گوڵدانەوە/چەپک چەپک لەم سەر دەفتەرانە دەمنوسینەوەو کامەران بووم/وەکو تەزبیح دەمهۆنینەوە و بەزمان یاریم پێدەکردن/تۆ نیشتیمانم خۆت بڵێ/چەند ڕەنجمدا.. چەند ساڵانم بێهودە ڕۆی تا فێریان بووم/بەڵام ئێستا دەبێت وەکو هەرمێیەکی نەگەییو توڕیاندەمە ژێر دارەکان/وەکو کۆپەڵەیەکی زێڕ/لەو ئەشکەوتە دووردوورانە بیکەم بەژێر بەردێکەوە/با نەتوانن جارێکی تر هەڵفڕن و بێنەوانێ/با لێمگەڕێن و وەک زەردەواڵەکان دەورمنەدەن/ئیتر بەسە... ئەی وشەی ڕزیویی سەر دەفتەر و کتێبەکان/شادی و ڕۆژانی سەرگەرمیم زۆر لە کیسچوو بە هۆتەوە... /ئیتر بەسە تازە زمانم توڕداوە و قسەشم لەبیر چۆتەوە.

ئەی نیشتیمان/بەر لەوەی بڕۆم و بمرم لێتدەپرسم/ئەو پیاو و ئافرەتە ڕەشپۆش و ڕەنگزەردانە ڕۆڵەی تۆن؟ /ئەگەر وایە، دەبێت شیشی ئەو ئاڵا چڵکنەت بگرم بەدەستمەوەو وەکو چیلکەیەکی شکاو لە جەنگەڵدا، توڕیدەم/بەڵام ناتوانی وەڵاممبەیتەوە... ئەی نیشتیمان، تۆ ناتوانیت... دە دووربینێکم پێبدە منداڵیم نیشانبداتەوە/ڕێگای کچانی قوتابخانە و دوو کۆترە تەریوەکەم ببینمەوە/وەرە دەستبدە لەقژم، ئێستاش ترسی ئەو ڕۆژانەم لە دڵدایە، ئاو بردمی و مەلەوانە باریکەلە چاو شینەکە دەریهێنام/ئێستاش ترسی ئەوڕۆژانەم لە دڵدایە/بەفر دەستوپێمی بەست و باوکم و هاوەڵەکانی لە ژوورێکی دوکەڵاوی تەمومژا لە مەرگەوە دەریانهێنام/ئەی نیشتیمان/دەڵێی شۆفێرێکی خەواڵوویت/لە ئاستی حەسرەت و خەممدا باوێشکدەدەیت/بەچی ترسی ئەو ڕۆژانەم لە دڵمدا دەسڕێتەوە/بەچی وەڕەزی سەر مێزەکانی زانکۆ و بێتاقەتی پۆلەکانی خوێندن و باوێشکی ناو پرسەکان لە دڵمدا دەسڕێتەوە... بەچی؟؟!

ئەو وەڕەزییە دەناسیت/ئەو وەڕەزییەی وەکو سەیرانکەرێکی قژخاوی بادیهەوا بە تەنیشت درەخت و تاڤگەکاندا تێپەڕدەبێت/ئەو وەڕەزییەی کە لەسەر کورسی چایخانەکاندا بەیانیان چاوەڕێماندەکات/بەهۆی ئەوەوەیە... بیر لە قتیلی داگیرساوی داینەمێت دەکەمەوە لەژێر کۆشکە بەرزەکاندا/بیر لەو جنێوانە دەکەمەوە کە وەکو پووش و پەڵاش لە دەشتەکانی هاویندا لەزمانمدا گۆپکەدەکەن/ئەی نیشتیمان، شیعرەکانم، وەکو دۆسیەی پۆلیسخانەکانی لێهاتووە/پڕێتی لە وێنەی پیاوکوژان و دزی یاخی/ئەوە چارەنووسمە.. چارەنووسی ئەو پیاوانەی کە خەم وەکو'با'بۆ دواوە دەیانفڕێنێ/ئەو پیاوانەی لە ڕۆژگارە دوورەکان و لەژوورە تاریکەکاندا بەسەر تەشتێکدا ملیان شۆڕدەکەنەوە و سەریان دەشت/بیرمانناکەیت کە لە ژێر جێگاکاندا دەگریاین و وەڕەزیش وەکو ڕم دەچەقییە یەر دڵمان/چۆن بمانگرتبایە، لەشمان هەزار دەرگای نهێنی تابوو... لەژێر پێستماندا، لە نابەینی پێڵوەکانماندا لە گیرفانی بچکۆلاکانی ناو سینەماندا/خۆی دەشاردەوە/وەرە سەیری دەست و پەنجەی کچەکانت بکە/کاتێک کە جلکی بوکێنی هەڵدەگرن، بزانە چەندە وەڕزن/وەرە سەیری دەستی کوڕەکانت بکە، کاتێک لە پێش دەم ئاوێنەدا پشتێنەکانیان دەبەستن/بزانە چەندە وەڕزن/وەرە ئەی نیشتیمان/وەرە با پێکەوە بگەڕێین و وەڕەزیت نیشانبدەمەوە/چۆن دوو دڵدار لە شەقامێکی جەنجاڵدا دەناسمەوە/وا لە سەروسماکاندا دەینیاسمەوە/چۆن گوێم لە دەنگی ئافرەتێکە لە باڵەخانەیەکی بەرزەوە هاواربکات/لە نابەینی تیرقە و قاقاوە گوێم لێیەتی/بەڵام بێسودە ناگیرێت/ئەگەر بگیرابایە چۆن لە داڵان و ژوورە خەمگینەکاندا دوای پاسارییەکان دەکەوین دوایاندەکەوتم/بەڵام بێسوودە و ناگیرێت... بێسوودە/ٚلەسەر ئەو چەرچەفە شینەی بە ئەتەمینی زەرد و وەڕەزیی خوشکەکانم چنراوە/لەژێر درەختەکاندا لێیدەخەوم/لەبری پەڕ، سەرینەکەم پڕێتی لە گەڵای پایز/پڕێتی لە سەرەسۆدە و پەڕەی دڕاوی شیعر/ئا لەویادا دەمرم و لەشم وەکو جلی بۆیاخچییەکان پڕدەبێت لە برینی ڕەنگاوڕەنگ/ئیدی یادی ئەو میللەتە برسییەت ناکەم/کە لەبەر دوکانی بەقاڵ و نانەوا و چێشتخانەکاندا چاوەڕواننن/یادی ئەو کتێبخانە ناکەم/کە هێندە تەماشامکردن، پشتم بەسەریاندا چەمییەوە/وەکو سەرکردە خائینەکان دەمرم/وەکو دزێک هاوەڵەکەی پێکابێتی، سووک و ڕسوایانە دەمرم/هێندە وەک کەو سەرم لەقەفەزەکەم دەرهێنا و ڕوانیمە کۆشکە بەرزەکان/ئەو کۆشکانەی شەرمیان لە چاوە هەوەستبازەکانم نەککرد... تا تووڕەبویت/باشە... با نەمرم/ئیتر سەیری سەیری شەقامە پێخاوسەکان دەکەم ئیتر چاو لە سەرابیتە داڕوخاوەکان دەبڕم/ئیتر نایەمە بەر کۆگاکان و دوکانی سەرسوچەکان دەگرم/بەڵام چۆن دوکانداران لەسەر پشتی زەرفەکانیان، پارە کۆدەکەنەوە/ئازارەکانم کۆدەکەمەوە و بۆتدەنێرم/ئازارە ژەهراوییەکانمت بۆ دەنێرم... فرمێسکەکانمت بۆ دەنێرم/کە هەر دڵۆپێکی سەدان شکستی تیا نوسراوە/خەونەکانم وەکو نەخشەکانی قوتابخانە وەکو فەرشی هەڵگیراو لە هاویندا/لولدەکەم و بە پەیامنێرێکی بێبەرگ و برسی و ڕووتەڵدا بۆت دەنێرم/لە ژوور سەری پادشاکانتەوە هەڵیانواسە/لە ئەنتیکەخانەکاندا هەڵیانگرە و لێیبنووسە، ئەمانە خەمی منداڵێکن لە ڕۆژهەڵات.

پەنجەکانم پڕێتی لە وشە و مستیلە و توڕەیی/بێباکم شقارتە بە پێڵاوەکانم دادەگیرسێنم/من پادشایەکی بریندارم، خوێنەکەم بەسەر مەڕمەڕی کۆشکەکاندا هاتۆتە خوار/نەخشە و مۆرە شاهانەکانم هەڵدەگرم و دەڕۆم/دۆسیە و پەڕەی خیانەتەکانم هەڵدەگرم و دەڕۆم/پێڵاوەکانم باشترین سەرینی شاهانەن/جبکەم بدەنە سۆزانییەکی شارەزا/شمشێر و خەنجەرەکانم بدەنە مۆزەخانەکان/دەستگیرانەکانم بنێرنە تیاترۆخانەکان/زوڵمیان دەرحەق مەکەن/لەشیان پێخەفی شاهانە بوو/دەی وێنەکەم لەو دیوارانە داگرن و پارچەپارچەیکەن/بچوکترین عارەبانەی لاکۆڵانان لە کەژاوەکەم پیرۆزترە/منیش بڕیاری خۆمداوە/لەگەڵتاندا، دادەبەزمە سەرجادەکان.. لەگەڵتاندا دەستدەکەم بە خۆپیشاندان/ئەم چ ئاهەنگێکە... بێدەنگی دارستانەکان گوڵ ئاوارە دەکات/بێدەنگی ئاسمان ئەستێرەکان خاپووردەکات/بێدەنگی حەقیقەت باڵندەکان دەکوژێت.

١٩٨٣
نووسین: دارا مجید

پەراوێز edit