ئاڵەکۆک

بەختیار عەلی add_a_photo
بەختیار عەلی تا ماتەمی گوڵ تا خوێنی فریشە
٦. قەسیدەی نیشتمان (بەشی چوارەم)
بۆ بەرگ بپۆشم/خەڵک شانازی بە جلکەکانیانەوە دەکەن/با من شانازی بە برینەکانمەوە بکەم/خەڵکی بە دوای ئاڕاستەی با و کاتی گەردەلوولدا دەگەڕێن/من بە دوای ئاڕاستەی گریانەکانی تۆدا دەگەڕێم/بۆ ڕۆژانی شۆڕش و یاخیبوون بوو/پەڕە پەڕە کتێبەکانم هەڵدایەوە/لە فاڵچی و دەستگرەوەکانم دەپرسی/هێندە وەڕزبووم زمان لە چیا و دارستانەکان دەردەهێنا/کڵاشم دەگرتە تاڤگەکان/دەمگووت.. خودایە.. ئەی ئەوەی گوڵ و پەنجە.. خەنجەر و دڵت دروستکرد/ئەی ئەوەی مەترسی و دیوارت بەمن ناساند/ئەوەتا.. لەسەر پشت ڕادەکشێم/هەردوو پێم دەکەمە ئاسمان/کوا قامچی و حەیزەرانەکانت.. کوا مامۆستا دڵرەق و بێبەزەییەکانت/کوا باوکە مەچەک ئەستور و دارکارییە مزرەکانت/بۆ بەختی من ئەم ئافرەتە دەمشڕ و کچە بێرەحمانە وا نەبوون... من پێویستیم بە سزایە، سزایەک بمهێنێتە لەرزە/پێویستیم بە پەتێکە هەر چوار وەرزە لەبەر چاوما بێت و بچێت/پێویستیم بە خەنجەرێکە لەسەر دڵم ڕاگیرابێت پێویستیم بە زنجیرێکی خوێناوییە لە دەست و قاچمەوە ئاڵابێت/ئەم پەنجە سپی و کورتانە، ئەم گوپە سوورە نابووتە/گەر لە ڕۆژێکی باراندا گورگ قەپاڵی لێنەگرێت... بۆچی چاکە؟ /ئەم چوارپەلە ئەم تورمپا شکاوە ناوی دڵە/لەگەڵ ئالیکدا بۆ نایدەیت بە ئەسپەکان/من بۆ چیمە... ئەم خەیاڵانەم بۆ چییە/کە بە مسقاڵ دەیپێوێت و تنۆک تنۆک دەیکەیتە هەناومەوە/ئەم فرمێسکانەم بۆ چییە لە ناو دێڕی کتێب و لەگەڵ کارەساتەکاندا پێمدەبەخشیت/بۆ خەوبینین... بۆ ئاواتخواستن و خەمخواردن/ئەم ژیانە... ئەم لاپەڕە سپیانەت پێبەخشیم؟ /نامەوێت... ئەو دەفتەرە سپییەکانت ببەرەوە/ئەوە خوێنەکەت بیکەرە جەستەیەکی دیکەوە/ئەوەتانێ، بەڵام دەشزانم... لاشەکەم لەخۆم بەشکۆتر نابێت/بێرەحمانە فڕێیدەدەیتە بنکی زەلکاوەکان/ئەی نیشتیمان، لە یادتدەچێتەوە کە بەژێر باراندا دەڕۆیشتم و تەرزەی خوێنای لێیدەدام/بەڵام ئاسمان هەزار ئەوەندەی ئێستاکە بەڕێز و خۆشەویستتر بوو لەلام/منداڵێک بووم لە ڕوبار و ئەستێرەکان نەدەترسام/بەڵام چەندە وێنڕێژەکان بە کولـلە و شریخەی تفەنگ/دڵە بچکۆلەکەمیان ڕاچەڵەکاند/ئەوسا خوێنێکی گەرم گەرمتر لە سرودی ڕۆژانی شەڕ، بە دەمارەکانمدا دەگەڕا/زەبروزەنگ و شەق و شۆلاق... کتێبە ڕوزەردەکانی قوتابخانە.. هەڵیانوەراند/دەمتوانی وەکو ئەسپێکی ڕەسەن ڕێگا دوور دوورەکان ببڕم/وەکو بروسکەیەکی توڕە لە شەوە بێدەنگەکاندا ئاگر بگرم/وەکو هەڵچوونی یەکجارەی پۆلێ باڵدار/لە یەکجاردا، شعر بڵێم، خەمبخۆم و ئازاری دونیا هەڵبگرم/بەڵام ئێستا چۆن کچ لە دەشتە چۆڵەکاندا/ئاوڕ لە لاشەی دەستگیرانەکەی دەداتەوە/ئاوڕ لەو ڕۆژگار پڕ لە جورئەتانە دەدەمەوە/چۆن کەشتی ئاوڕ لە بەندەرەکان دەداتەوە/چۆن باڵندە لە ئاسمان و بەرزە بەرزانی دونیاوە لە دارستانی گرگرتوو دەڕوانێت/دەڕوانم و فرمێسکەکانم وەکو تۆپەڵە بەفر، لەچنگمدا گرمۆڵەکردوە/دەڕوانم و ناوقەدی گێلاس و مار و توتڕکەکانم بە توڕەییەوە گرتووە/دەڕوانم و سەرم وەکو منداڵە ترسنۆکەکان بەرەو ڕووت بڵندکردۆتەوە و تکادەکەم: بەس وەکو ئەو پیاوانەی لە داڵانە تاریکەندا بەفری سەر پاڵتۆکانیان دەدتەکێنن، خەون و ئاواتەکانم بتەکێنە/بەس وەکو ئەو سۆزانییانەی فو لە جگەرەی دەستیان دەکەن، فو لە عومر و ژیانم بکە.

لەمڕۆ بەدواوە بە بێدەنگ/وەکو ئەو ئافرەتانەی کە لە درزی دەرگاوە سەیردەکەن، سەیرتدەکەم/کچ چۆن لەبەردەم ئاوێنەدا/ مەرهەمی سپی لەبرین و پەڵەکانی دەموچاوی دەدات/مەرهەمدەدەم لەو چاڵانەی کە موشەک و تۆپبارانی بێرەحمانە دروستیانکرد/مەرهەمدەدەم لەو پاوەنە سووتاوانەی کە ئێستاش ڕەش دەچنەوانێ/ئەو ئەسپ و مشک و مارانەت دەپەرستم/بەس نییە لە نێوان دەمار و برین و خوێناوەکەی تۆدا دەژین/ئەم مۆمە سوورەشم خۆش دە، ێت/دەینێیت بە کیسەی نهێنییەکانتەوە/ئەو تفەشم خۆشدەوێت کە پیرە پیاوێکی کەنەفتە جگەرەکەی پێلۆکدەکات/ئەو پەنجانەشم خۆشدەێت/کە لە دوکانی سوخۆر و کوتاڵفرۆشە سپڵەکاندا/بە شکستی بۆ پەڕەی قەرزەکەی خۆیان دەگەڕێن/ئەو پەنجانەی لە کۆڵانە تاریکەکاندا بۆ تارمایی ڕۆژانی کۆن، بۆ پارەی ونبوو دەگەڕێن/گۆڕستانەکانتم خۆشدەوێت/لە عەشقا بوو شیعری سەر گۆری کوژراوەکانتم لەبەردەکرد/وەرە لێمبپرسەوە... لە ڕیزی قوتابخانە دەرمبهێنە/کە میوانێکی بە شکۆ هات/چەپکێ گوڵم بدەرە دەست با ئەو شیعرانەی بۆ بڵێم/بەڵام... دەزانم... دەستنادات/لە کۆڕ و بەزمە گەورەکاندا...
لەو ئاهەنگانەی کە سەرۆک و شالیارە زیتەڵەکان تیا بەژدارن لەو شەوە ڕەنگاو ڕەنگەدا کە ئافرەت مرواری دەکەنە گوێ و گەردانەی ئەڵماس لە ملدەکەن/من هەستم، شیعری تەعزێبارانەی دایکە پیرە‌کان بخوێنمەوە/هەستم وکو کچە برا کوژراوەکان، بۆ مەرگی گەڵاکان شیوەنبکەم/دەلێمگەڕێ... با هەر لەم کۆلێت و کوختە داڕوخاوانەدا بژیم/نەهێڵیت... لە جێگای ئاهەنگ و کەیفەکانت نیزیک ببمەوە، هەتا ئەگەر لە نیزیک شاییەکی بچکۆلەی ماڵێکی گوندنشینەوە سوسەتکردم/وەرە، دەستمبگرە و بە قسە بمخڵافێنە... خۆت دەمناسی چەند کرۆزم/دەگریم و ژیر نابمەوە/بەڵام بە قسەمنەکەیت... بە پەند و ئامۆژگاری بملاوێنە.. بەقسەی خۆش خافڵمکە/تا شایی کۆتایی پێدێت/بەزم و خۆشی، تەواودەبێت/ئەو ساش وەکو پیرە دارێک لە گردێکی ڕووتەڵدا... بەجێمبهێڵە با سەوز بم! /با بۆ زگە برسییەکانت گویژێکی زەردی گوپن.. تورەکەیەک بەڕوو بگرم.
نووسین: دارا مجید

پەراوێز edit