ئاڵەکۆک

بەختیار عەلی add_a_photo
بەختیار عەلی تا ماتەمی گوڵ تا خوێنی فریشە
٥. قەسیدەی نیشتمان (بەشی سێیەم)
ئەی نیشتمان/تۆبەدەکەم و چەپکێک وەنەوشەی خوێنینت بۆ دەنێرم/بێبڕستم و وڕم/هەردوو دەستم وەکو بەندۆڵە گەورەکان دێن و دەچن/وەکو باڵندەیک لەوەرزی مردنیدا... هەڵدەکورمێم/پەنجەم لە نێو دەممدایە.. چاوم دەنێم بە دووربینەکانی مناڵیمەوە/بەڵکو ڕۆژگارە دێرینەکانم.. بەڵکو سەرەتای ئەم بەدبەختییە ببینمەوە/ئەو مناڵییەی وەکو ئاو لەبەرم دەڕوات/ئەو مناڵییەی وەکو کولـلە وێڵەکان دەمپێکێت و توڕمدەدات/ڕابردوو وەک گوڵێکی زەرد بە ناوچەوانمەوە شۆڕبۆتەوە/منداڵی وەکو خەنجەرێک لە ئێسک و ددانی نەهەنگەکان چەقیوەتە سەر دڵم/ئەی نیشتیمان، ئەو ڕۆژانی سەرسەختی و بەدلفاوییە چییان لێهات/ئەو ڕۆژانەی بستێ بووم لە فلیمە جەنجاڵەکاندا دوو کورسیم لەملاولای خۆمەوە دەگرت و جگەرەم دەکێشا/چۆن لە نێوان ئەم کتێب و وێڵبوون و گریانەدا توانەوە، چیان لێهات بۆ وەک تازە بوکێک تەمەڵ و خاو خلیچک بوون/ئەی خوایە مناڵیم هەمووی ئەشکەنجە بوو/بەڵام گەلێک لەم ڕۆژە سارد و بێڕەحمانەی ئێستاکە خۆشتربوو/ئێستا وەکو تۆپێک لە قەدپاڵێکدا.. تلۆردەبمەوە/وەک سوچەڕێک لەژێر باراندا دەگریم/هێندە تەنهام.. بە ئەسپێک دەچم لە دارستان/هیچ شتێک، هیچ هێزێک، ئەم شوورای تەنهاییەم ناشکێنێ/ترسیش وەکو پیاوێکی سیس لەو دیو دەرگاوە دەمبینێ و شالاوم بۆ دەهێنێت/عەشقیشم/وەکو قالیچەکۆنەکان کاڵبۆتەوە و وەک دەستەسڕێکی تەنک دەستە خوێناوییەکانمی پێدەسڕم.
ئەی وڵاتم... تەنیا من ڕاستیت پێدەڵێم/دەرمبکە، نینۆک و قژ و پەنچە و زمانم لێبستێنەوە/بەڵام مردووەکانیشت خەون بەڕابواردن و سەر جێکردنەوە دەبینن/کچەکانت هەموو شەوێ وەکو غەرغەرە بە خوێیان بکەن/لەژێر زوقمی لەزەت و باری تەنهایدا سەربادەدەن/ئەم شتە سەیرانەمان لێداماڵە/وەکو چۆن دڵ و ڕەحمت لێسسەندوینەتەوە، ئەم دووربینەشمان لێبستێنەوە/کە سەرمان پێدەکات بە جلکی خەڵکیدا/با بەس بینێین بە چاومانەوە و لە ئافرەت و پیاوە دوورو نیزیکەکان بڕوانین/بەهۆی ئەم چیلکە و گەڵایەوە، بوینەتە دڕندە و مشەخۆر/ناتوانین قسە لەگەڵ یەکدا بکەین و دەست بەسەر سینە و دڵی یەکترا بهێنین/مەمنێ بە سینەتەوە/
ئەم سۆزە ساختە ودڵدارییە بێهودانە مانای چی؟ /پێویسەم بە عەشقێک هەیە/عەشقێک بمێنێتە لەرزە و لە ژێر باراندا و لەسەر ئەو شەقامانە بمخاتە گریان/بەڵام چۆن عاشق ببین و خەومان لێهەراسان بووە/بەهۆی ئەوەوە ڕقمان لە ئاویشە/ڕقمان لە فرمێسکە کە دەڕژێتە سەر پەڕەی دەفتەرەکانمان/ناتوانم... هەست بە گوناهباری و زۆرداری خۆم دەکەم/لە حەسرەتدا مشت دەدەم بەسەر سینەمدا و چەقۆ بە زمانم تیژ دەکەم.

دەلێمگەڕێ، با بگەڕێمەوە بۆ منداڵیم/بەدوای جلکی کۆن و سمێڵی دەستکرد و تەباشیرە بچکۆلانەکانمدا دەگەڕێم/بە دوای ئەو جێگانەدا دەگەڕێم کە سەنگ و بەردم تیا کردوون/بە دوای فرمێسک و جنێوەکانمدا دەگەڕێم/بە دوای ئەو شوڵکە تەڕانەدا دەگەڕێم، کە دارکاریانکردووم.
کارتەکانی قوتابخانە دەدەۆزمەوە و دەیدەمەوە بەو بەڕێوبەرە پیرانە.. پارەکەم بدەنەوە/ٚئەو پارەیەی بە منداڵی لێیانسەندووم/ئەو داپیرانە دەدۆزمەوە کە لە بێشکەوە کچانی خۆیان دابوومێ/بەشەق و تووڕەییەوە دەچمە ژوورێ و دەڵێم نامەوێت... ئەو گورگە لەشبرسی و پڕ لە ئاڵۆژانەم ناوێت/ئەمجارە، حەکیمی هیچ تایەفەیەک، تووڕەییم دانامرکێنێتەوە/تۆش، ئەی وڵاتە سپڵە و بێوەفاکە/لە خۆتەوە هەڵمەدەرێ و قسەمەکە/خۆ لە ئاوریشم درووستتنەکردووم.. لەسەرە پارچە کودەری و چەرمی جانتا شڕەکان و کەفی سەر مەنجەڵە ڕەش ڕەشەکان... دروستتکردم/خۆ لە تەڵات نەگرتووم، بە کولـلە و سیسارکەی تۆپیوو ئاوڵە ڕازاندوتمەوە/ئێستاش کە توڕەبووم و ئابڕووتدەبەم/دەتەوێت ئاراممبکەیتەوە/بەڵام تا ماوم قاچ لەم زەمینە دەخشێنم و دەگریم/هەموو ڕۆژێک دەمشکێنی.. دەست لە دڵ و ئێسک و نابەینی پەنجەکانم دەدەیت/ئەی نیشتیمان.. تاکە نهێنیەکم هەبوو/ئەویشت پێڕەوانەبینیم و لێتسندمەوە/ئەی بێ خۆشەویستی تۆ چیبکەم/بێ خۆشەویستی تۆ.. پیاوێکم لە لاستیک... باڵدارێکم لە موشەما... بێ خۆشەویستی تۆ.. دەستێکم بەسەر دڵەوە دەلەرزێت/ئەی نیشتیمان... سوێندبێت کە وای لێهات، دەبێ پەرداخەکەم بنێم بە دەمی برینی شەهیدەکانتەوە/دەبێ دەستە سڕەکەم پڕکەم لە لچ و گۆیی مردووەکانت/جانتاکەم پڕبکەم لە جنێو و قسەی سووک سووکایەتی پێکردنت و چاو بەگریان/بچمە ڕیزی دووژمنەکانت، بچمە ڕیزی دیکتاتۆره بێرەحمە و خوێنمژەکانت.

ئەی نیشتیمان/لە ڕۆژانی شەڕ و بێرەحمیدا/وەکو تفەنگ، خەونەکانمان دەکردە شان/وەکو قوتیلەیەکی ڕەش لەژێر تیشکە کزەکەیدا هەڵدەکورماین/خەون خەنجەرێکی زێڕین بوو/لەبەردەم کتێبخانە و وێستگەی پاسەکاندا.. دەمانکرد بەبەر پشتێنەکەماندا/خەم.. کڵاوقوچەیەکی بچوک بوو/لە بێشکەوە کرابووە سەرمان/گەردانەیەکی ئاڵتوون بوو/لەکاتی خۆشەویستی و ژنهێناندا یەخەی پێدەگرتین/دەچووین بۆ جەنگ، بە نامە بۆمان دەهات/دەچووین بۆ شارە دوورەکان/لە نێوان قەدی جلک و لە ژێر یەخەی کراسەکاندا لەناو گیرفانە بچکۆلانەکانماندا، داماندەنا/لە مەخفەر و بەندیخانەکاندا جێماندەهێشت/لە بیمارستانەکاندا دەرزی خەوتنمان لێدەدا/بۆ سبەی بە دواماندا دەهاتەوە/ئەی وڵاتم وەکو 'شا'سوار ئاو گالیسکانە دەبم/بە دەستی چەپ چڵەو دەگرم، دەستی ڕاستیشم هەڵدەبڕم/خەم ئەو ژنە چاوشینە باڵابەرزەیە/لە تەکمەوە دانیشتووە/ئەو ئەمیرە برۆ پەیوەستانە/لەسەر ئەم گالیسکەی بوشە، ئەم گالیسکەی دڕک و داڵە... هەڵنیشتووە.
ئەی نیشتیمان.. ئەوە خەمەو ئافرەت نییە/منی پادشاش.. لەجیاتی بازیبەند دەست لەئاوی زێرابەکانهەڵدەکێشم/لەجیاتی سیپاڵی بە شکۆی شاهەنشای/پاڵتۆ دزراوەکەی ئەکاکی ئەکاکیڤیچ دەدۆزمەوە لە شەوانی زریان و بەفرباریندا لەبەریدەکەم/لە حەسرەت ترس و برسێتی وەکو دیلێکی هەڵاتوو بە ئەسێرەکان ڕادەکەم.
نووسین: دارا مجید

پەراوێز edit