ئاڵەکۆک

بەختیار عەلی add_a_photo
بەختیار عەلی تا ماتەمی گوڵ تا خوێنی فریشە
٤. قەسیدەی نیشتمان (بەشی دووەم)
ئەی نیشتمان/لە ڕۆژانی قات و قڕیدا بیر لە باران دەکەمەوە/من بیر لەو دونیا بێدەگەی تۆ دەکەمەوە/ئەو دونیایەی شەوگارانی وەکو چەقۆ.. وەکو هاوار لەکۆڵانە بێدەنگییەکانی نیوەشەودا دەناڵێنێ/ئەو جەستانە.. جەستەی ئەو پیرێژنە گریاوەی لە مەرقەدی شێخ و لە ماڵی هەتیوەکاندا دەناڵێنێ/منیش هەڵۆیەکی پیرم.. پشیلەیەکی مۆمیاکراوم/جاڵجاڵۆکەیەکم لە سندوقێکدا/قالۆنچەیەکم لە پێڵاوێکی کۆندا/ئەویش تیشکی خەونە تەڵاییەکەی تۆیە/زرنکەی دەنگە زیوینەکەی تۆیە/بریسکەی چاوە برۆنزییەکانی تۆیە/مستێ ئاوم بدەرێ/هەتا ماوم دەستی چەوری کرێکارەکانت دەشۆم/تیکەیەکم پێبدە/لەگەڵ منداڵە برسییەکانت دەیخۆم/جوتێ چاوی شین و قژێکی زەردم بدەرێ/حەز لە کچە ڕەشتاڵە لاوازەکانت دەکەم/وەکو ڕاوکەرە پیرەکان کڵاشەکەم دەخەمە ژێر سەرم و دەنووم/دەنووم تا پێغمبەرەکان زیندوودەبنەوە کتێبی نوێمان بۆ دێنن/دەنووم تا پیرۆمیسۆس ئاگرە دزراوەکە دەگێڕێتەوە/دەنووم تا نەرسیس لە ئاو دێتەوەدەرێ../ئەی وڵاتم دەنووم.. تا ئەم کوڕە نەفام و ڕیشن و بەدلڤاوانە تاقیان دەبڕێ/تا ئەم کچە خڕو خۆڵە پاشەڵپیسە دڵڕەقانە تاقیان دەبڕێت
خوایە... خوایە... دەنووم تا هەتاهەتایە.


هەندێ جار وا هەستدەکەم/وەک موشەک لەشەوەزەنگدا/وەک کچ لە ترومبیلی سەفەردا زەق و دیارم/هەندێ جاریش وا هەستدەکەم/وەک قورعان لەماڵی سۆزاننیدا/وەک کاتژمێر لە دۆزەخدا بێکار و فەرامۆش کراوم/خوایە کەی بێت لەم زێرابە ڕەش و لیخن و پیسەوە/جارێکی تر یەکێکی تر لە دایک بێت/لە کتێبخانە و شەقام و بەر سینەماکاندا بۆم بگەڕێت/یادی ڕۆژگارەکانم بکات/ئاواتبخوازێ و حەز بکات/ئەو کوڕە چاو کاڵە بچکۆلانەیە سەرلەنوێ زیندووبێتوە/بێت گۆڕەکەم هەڵباتەوەو ئێسقانەکانم بژمێرێت/کەلەسەرەکەم بگرێت بەدەستییەوە بیلاوێنێ/مەکەر بەتەنیا ئەوکاتە/ئا، ئەو مناڵە بێباکە/لەم تاریکییە دەرمبکات/ئەی وڵاتم.. گوناحی من چیە/ئەگر دز و شۆفێر و لانەواز و ژنە مەمک چرچەکانتم خۆشبوێت/ئەو پیرەمێردانەم خۆشبوێت کە فرمێسکی خۆیان دەفرۆشن/ئەو کچە بچکۆلانەیەم خۆشبوێت/کە وەک کچی گەورە پیاوان/حەزیان لە کراسی سوور و جلی مەخمەڵ و قەیفەیە/حەزیان لە بۆنی عەتر و پەنجەی ئەستوری لاو خاس و لەزەتی ئەو دیو پەردەیە!
ئەی وڵاتم/کوێر باڵداری پێناپێکرێت و منیش کوێرم/بەڵام کوێریش دەزانێت/کۆشکی سەد نهۆم و کۆڵێتی وێرانە مانای چی/دەزانێت شمشێرێکی لە ئارەزووی شاژن درێشتر و گەردنێکی لە پیاوەتی شا باریکتر، مانای چی
دەزانێت مانی چی
بیست و سێ ساڵ لەسەر دەستت بەناو بەفردا بڕۆیت/بیست و سێ ساڵ، بەکامی دڵ قەپاڵ لە هەرمێیەک نەگریت/بەدید و هوڕ لە ماشێنێکی سەوزدا شەقامەکان جەنجاڵنەکەیت/ئەی وڵاتم/ئەم پلەکە پێچاو پێچانە فڕێدە/با پزیشک و دانسازەکان لەو باڵەخانە و جێگە چەپ و کۆڵانە خەمگینانە بێنەدەرێ/با بەندیخانەکان لەم شەقامانەدا بکەینەوە/هەر دیلەی بە کالیپتۆسێکی سەوزەوە دەبەستینەوە/وەرە ئەی وڵاتم، حەزێکی دوور و درێژ/وەکو دوکەڵ کێشی کارگە گەورەکان درووست دەکەین/وەکو سمۆرە چۆن لەسەر دار دادەنیشێت.. دادەنیشین/تۆ چاویلکەیەکی ڕەشو بریقەدارت لە چاودایە و پێدەکەنی/منیش ئارەزوو لە ناو زگمدا وەکو دوکەڵ لە شوەیەکی باریکدا.. دێت و دەچێت/ئەی وڵاتم... من ئا لێرانە و تۆ لەوێ/بمانەوێ نە مانەوێت خۆشەویستی یەکمان دەوێت/تۆ پیاوێکی سمێڵ زەرد و چاوکاڵ و بازوو ئەستووریت/منیش کچێکی لاواز و بێنەوام/خۆم بە گەردنتدا هەڵدەواسم.. دەڵێم بمبە.. بمفڕێنە/بمخەرە سەر هەردوو شانت../ئەی نیشتمان.. حەزەکەشمان هەتا بێت گەورە تر دەبێت/دەڵێم.. بمنێرە پشتی ئەسپە سورە کێوییەکەت/وەکو تاڵانی بمبە بۆ کوڕانی خێڵەکەت/منیش پرچە ڕەشەکانم/بەسەر سینەی تۆپزیمدا، هاتۆتە خوار/تا لەزەتی هەرچی لە خوا ترسی دنیایە دەیتەقێنم، عیشوە دەکەم/تا بەلەزەت چاوی یاسا و شەریعەتە ئاسمانییەکان کوێردەکەم، عیشوەدەکەم/دەی ئەی وڵاتم.. بمفڕێنە.. بمفڕێنە/بەڕووتی لەپێش دەی سەرۆک و جەنگاوەرە ئازاکانتدا سەمادەکم.. ئەگەر نەمبەیت.. دوا پەردەی شەرم و شکۆ دەدڕێنم/دەبمەوە بەکچە چاونەترسەکانی ناو دارستان/ٚدەڕۆم و دەبم بە هاوەڵی ئەسپ و گورگە بریندارەکان/دەبم بە دەستگیرانی سەگ و نێرە ورچە چەتوونەکان.

هیوا و خەوناکانم کۆن بوون.. کۆن! /وەکو ئەو چیتە سورانەی لادێ مازووی تێدەکەن/چەند بەچەندە، چاوەنواڕی ئەو ڕۆژانەم، کە ئەم خەڵکە سادە و هێمنە تووڕەببن/چاکەتە سەوزەکەم و کاسێکتە ئەستێرە دارەکەم، بۆ ئەو کاتە هەڵگرتبوو/بەهۆی ئەو ئاواتانەوە دەموێرا جنێو بە شاژن و ئەکتەرە چاوشینکان بدەم/بەڵام ئێستا لە حەسرەتدا، لەبری ڕوومەتی سووری هاوڕێکانم/گڵۆپە تۆزاوییەکان، پاکدەکەمەوە/لە برسا ددان لە درەخت و پایە و کورسی قوتابخانەکان گیردەکەم/لە تینواندا دەستی عارەقاوی خۆم دەلێسمەوە/سوێند دەخۆم کە خەون و گریان و ئازارەکانم هەموویان دەکەمەوە زگم، وەک ژنێکی دووگیان دەڕۆم/وەکو دایکی شەهیدەکان، وێنەکەی خۆم دەکەمە ملم و هەموو ڕۆژانێکی هەینی/چەپکێک گوڵ لەسەر کورسییەکەی خۆ دادەنێم/لەسەر کورسییەکەم دەنووسم/ئا لێرەدا ئەو پیاوە مرد/لەسەر دەمێکدا قایمترین شەرەف بە دوو پولی قەڵب دەکڕدرا! /لێوەکانی ماچیان لەخۆیان حەرامکرد/ئا لێرەدا ئەو پیاوە مرد کەژیانی خۆی دەدا بەو کەسەی خەمی بیست سەدە لە چاوانیدا بسڕێتەوە.

ئەی نیشتیمان/وەک کراسی ڕەنگاوڕەنگی کۆگاکان/وەکو عەرەبانەی سەر شۆستەکان خەون و ئاواتەکانم ڕێکدەخەم/وەکو چەتە چاوشینەکا دەیاننێم بە نیشانەوە و دەیانشکێنم/لە مێژە.. لە کۆڕی سەفا و ڕابواردندا وەکو گۆچانی دەستی سەماکەرە خرپنەکان، هەڵیاندەسوڕێنم/هەر وەکو جلکی بوکێنی هەڵمگرتن، وەکو پارە لە چاوی بەخیلەوە خۆشمویستن/دەفتەری بچکۆلەم بۆ کردن../لەگەڵ پرسیاری مەکتەب و گوڵەبەڕۆژە و نامەی دڕاوی دڵداریدا، قەدمکردن/له نیوەشەواندا کاتێک گورگ دەیلوران و تاقتاقکەرە دەنگیان دەهات/چراکەم کز هەڵدەگرد و تێر بەسەریاندا دەگریام/ئەوان بوونە مایەی شەرمەزاریم/دەڕۆم و لە دوامەوە وەک جێ ماچی خیانەتکاران، شوێن جێدێڵن/دەڕۆم و ئەی نیشتمان، حەسرەتی تۆ لە دڵمدا بۆتە بەڵا، بۆتە دالونەکەی منداڵی/لەم دەستمەوە دەیکەمە ئەودەستمەوە دەیسووتێنێ/لەم گیرفانمەوە دەیکەمە ئەو گیرفانمەوە دەیسووتێنێ.

ئەی وڵاتم/زەمبیلەی گریانەکانم هەڵدەگرم/لەبەر قوتابخانە و وێستگەی پاسەکاندا دەیفرۆشم/ئەی بەچی بژیم؟ /ئەی نیشتمان گەر ئومێدێکم دەسکەوێت/لە دەستگیرانێک تونتر دەیگوشم بەخۆمەوە/دەڕوانم وخەم بەر گەروومی گرتووە/تازە بێهودەیە و خنکام/هەزاران جار دەم بنێیت بەدەمەوە و ماچی ژیان ماچمبکەیت، سوودی نییە/چیبکەم، دز چۆن لە یەکەم هەڵوێستەیدا بۆ جەلادەکەی پێدەکەنێت/بۆت پێدەکەنیم و گوێت پێنەدام/پەنجەم خستە ژێر چەناکەم و ڕوانیمە برۆ ئەستورەکانت و لێتنەنواڕیم/وەک منداڵێکی ترساو/لەژێر دارەکاندا نینۆکی خۆم دەخوارد و دەمڕوانی و نەتدەبینیم/وەکو شۆفێرێکی چڵکن/لەژێر ترومبیلەکاندا دەنوستم و خەونم بە تۆوە دەبینی/کاتێک وەکو پاشایەکی ڕیسواکراو، بەسوار ئەسپێکی پیرەوە لەو گوندانە، دەمڕوانییە، ئەودیو سنوور/کاغەزی شیعرەکانم وەکو دووربین لولدەکرد و لەو دونیا سەوزەم دەڕوانی، تۆم دەبینی/کولـلەم دەخستە گیرفانم و چوالەم دەدزی/ئەی وڵاتم، لە بەری ڕەنجی تۆم دەخوارد/باوەڕبکە لەو دەشتە چۆڵوهۆڵانە گوێم لە تەقەی ئاسنگەرەکانت بوو/گوێم لە دیدەی ماشێنە چڵکنەکانت بوو/وەکو گەورە کچێکی ناسک/قژم دەخستە پشت گوێم و دەموچاوە تەڕەکەم، بەرامبەر خۆر ڕادەگرد/بیرم لە تۆ دەکردەوە/بیرم لە کچ و مناڵە بێ دایک و باوکەکانت دەکردەوە/بیرم لە زەنگی ژەنگاوی قوتابخانە و ژنە مامۆستا قەڵەوەکانت دەکردەوە/بیرم لە دەستەسڕی ناو چەوانی نانەواکانت و مەقەستی خوێناوی دەستی سستەرەکانت دەکردەوە/حەزم لێدەکرد حەزم لە کچەکانت دەکرد/کاتێک بەدەم پێکەنین و قڕیوەوە لەم بەری شەقامەکانەوە دەپەڕینەوە بۆ ئەوبەر/کاتێک دوای دەرچوون.. دەگریان/ٚکاتێک بە چپەچپ باسی دڵداری و کوڕیان دەکرد/حەزم لێدەکردن و برسێتی قەپاڵی لێدەگرتم/نا ئیومێدیش وەکو چاکەتی پیاوە بۆشناخەکان بەسەر شانمدا هاتبووەخوار/وەکو چۆن قوتابییە غەریبەکان/بەیانیان لفکە و سابون هەڵدەگرن و بۆ خۆشتن دەردەپەڕن/دەچوومە کتێبخانەکان/بەو زگە برسییەوە... دەمڕوانییە لە کچان لە دوکانی زەڕەنگەرەکاندا/دەمڕوانییە بەختی شوومی خۆم، لەسەر پەڕەی کتێب و لە پشتی ڕۆژنامەکان.

هەندێ جار وەکو پیاوێک لە دەنگی هەورەبروسکەکان ڕاچەنی بێت.. گێژ و وڕم/هەندێ جاریش وەکو پیاوێک لە حەسرەت و توڕەییدا پەرداخ بە ناوچەوانی بشکێنێ، هەموو دەمارەکانم لێدەدات/هەزار کیشۆر لە دوکەڵ لە گەرومدایە/فرمێسکەکانم لە چاومدا وشکبوونەتەوە و وەکو پووش هەڵدەوەرن/ناوچەوانم ئەم ناوجەوانەی لە دیواری کڵێسە کۆنەکان دەکات/پڕێتی لە وێنەی خاچ و هەور و ژنی ڕووت ڕووت/ئەم زمانە چرچە دێزەم/کە هەر دەڵێی سەردەستی پاڵتۆی سواڵکەرەکانە/ڕەقبۆتەوەوە گەلێکم ئازاردەدات/چەند جار ووتم.. ئیدی چی دی قسەناکەم/بەڵام ئەو وەکو خەنجەری لێهاتووە و دەمم پێدەکاتەوە/ئەی وڵاتم ڕاستی دەڵێم.. خەونەکانم ڕەنگی دەموچاوی دزە لاتوپوتەکانی گرتووە/ڕەنگی دەموچاوی ئەو کچە عەبابەسەرە ڕەشتاڵانەی گرتووە کە لە پاسدا لابەلا سەیرماندەکەن/ڕەنگی دەموچاوی ئەو پیاوە سدارە بەسەرانەی گرتووە/کە دە کیژی ناشیرینیان هەیە و هەر دەیان مەمکیان وەک مەترەلۆز تەقەدەکەن/ئەی وڵاتم خەونەکانم ڕەش و لێڵن/وەکو خەونی پیرە کچێکی چل ساڵە/وەکو خەونی پیرە ژنێکی کۆماوە لە سێدرەی کوڕەکەی بڕوانێت/ئەی وڵاتم دان بە گوناهەکانی خۆمدا دەنێم لەبری ئەوەی حەز لە وەسفی باڵەخانە یان ئەفرەتە ڕووتەقشتیلەکان بکەم/حەز لە وەسفی زیندان و شۆڕەبییه سیسەکان دەکەم/لە بری ئەوەی حەز لە باسی دەستکێشی ئاوریشم و قژی عەتراوی بکەم/حەز لە باسی پەنجەی قڕتاو و قژی ئارداوی دەکەم/ددان بە گوناهەکانمدا دەنێم.. ئەگەر نینۆکم وەکو فرمێسکەکانم درێژبوونایە/چاوی زۆدارە نیزک و دوورەکانم دەردەهێنا/ئەگەر قاچەکانم بە بەرتەقای ئازارەکانم درێژبوونایە/بە خاکی تاریکی ئەواندا تێنەدەپەڕیم/ئەی نیشتمان ددان بە گوناهی خۆمدا دەنێم.. من بۆهیمییت و چینایەتیم تێکەڵاوکرد.. خەبات و قەلەندەریم پێکەوە گرێدا.. پیاسە و سەربەستی بێئیشی و ئازادیم کرد بە یەکێک.
نووسین: دارا مجید

پەراوێز edit