ئاڵەکۆک

بەختیار عەلی add_a_photo
بەختیار عەلی تا ماتەمی گوڵ تا خوێنی فریشە
٣. قەسیدەی نیشتمان (بەشی یەکەم)
ئەی وڵاتم.. ئەگەر فێر ببومایە مار چۆن دەروات، وا دەڕۆیشتم/دەمەوێت بەلەشە شێدارەکەت بگەم و لە ناو برینەکانتدا پە پکەبخۆم/لوولپێچێکم لە سەدەفەکەم بێزار بووم/پیاوێکم دەست لە درەختەکان دەدەم قسە دەکەم و شەرم ناکەم

کلیلی کڵۆڵییەکان بەسەر سنگە ڕووتەکەمدا شۆڕبۆتەوە/خەنجەرێک لەسەر گەردنمە و گوڵێکیش لەسەر لێومە/پەنجەکانم دەلەرزێت و خوێن بەچاومدا دێتەخوارێ/بەڵام بەدەنگێکی زووڵاڵەوە، بەدەنگێکی سافی وەک نەی، قسەدەکەم/ئەی وڵاتم... هەناسەکانم بەستوێتی و گەرووم بۆتە پەرداخێکی پڕ لە بەفر/دەڕوانم، بەرد و ئادەمیزادەکانم بۆ لەیەک جیاناکرێتەوە/ئەم دەمامکە ڕەنگاوڕەنگانە وێڵیان کردووم
ناتوانم بەم جۆرە بژیم
بۆیە دەبێت، ئەم لەمپەرانە ببڕم و
شانازی بەیاخیبوونمەوە بکەم.

ئەی وڵاتم... لەنابەینی پەنجەکانی تۆدا، گەورەبووم.
قەڵەمێکی بچکۆلەبووم... لەگیرفانەکانی تۆوەدا هاتمەدەرێ
سەرما شکستیکردبووم.. کۆڵانەو کۆڵان دەگەڕام
بەڵام نەتدەبینم.. ئەو مردووەت نەدەبێنی کەدەمی پڕ بوو لە بەفر
فرمێسکەکانیشی وەکو تکەی مۆم، بەڕوومەتییەوە بەسبووی، نەتدەبینیم

چەند بەسەر دەست و داوێنتدا شکامەوە/بە ددان بەڕەشەباکانتدا نوسام فڕێم نەدەن/بەڵام وەکو جلکێکی تەنک بە تەنافێکی بەرزەوە با بردمی و گوێت پێ نەدام/لە دڵیشمدا هەورێکی لێڵ پیاسەی دەکرد هەورێک.. ڕەنگی جڵکی کیشۆرە دوورەکانی گرتبوو/ئاه و سکڵای کۆڵانە تاریکەکانی دەباران
لەفرمێسکی بەندیخانە و عارەقی دەستی شۆفێرەکان درووستبوو بوو
خەونی بە خاکێکی شینەوە دەبینی.. شین وەک جێگای مشتەکۆڵە‌‌/خەونی بەو ئافرەتانەوە دەبینی کە لە ڕۆژانی تاعون و قاتوقڕیدا/قاچیان دەکەنە حەوا و نەوەیەک لەکەڵەمێردان دەخەنەوە/ئەی وڵاتم، تۆ دەیناسیت.. ئەو هەورە لێڵە دەناسیت

چەندجار دەر بەدەرتکردوە
بە گەردەلوول و سەرما و گەرما هەر چوار دەورت لێتەنیوە
چەندجار زمانت دەرهێناوە
وشەی ماف و خۆشەویستیت لە زاریدا بژار کردووە
چەندجار بەفر لە ڕێگەکەیدا باراندووە تابزانی بۆ کوێ دەچێت
ئافرەت و مناڵان و هاوڕێ دڵسۆزکانیت لەسەر ڕێگایدا لاداوە تا بگری و بەختیاری نەبینێت
ئەی وەڵاتم، تۆ دەیناسیت
ئەو هەورە لێڵە دەناسیت
گەلێک ستەمی کێشاوە و گەلێکیشت ئازار داوە
هەورێکی وەڕەز و تینووبوو، دەیوویست لە کەمەر کچان و قاچ لە زینی ئەسپ گیربکات/لە خوا دەپاڕایەوە و ئارامی بەخۆی نەدەگرت/دەیویست چۆن عاشق پەلاماری لێوی دەستگیرانەکەی دەدات/پەلاماری ئەو کۆشکە بەرزانە بدات و بیانداتەوە بەر برووسکە/دەیویست.. چۆن عاشق کەمەری دەستگیرانەکەی بۆ ماچی لار دەکاتوە/نیشتیمان بۆ ماچێک لار بکاتەوە
دەیویست.. چۆن عاشق سەر جەستەی دەستگیرانەکەی دەکەوەێت/سەر جەستەی ئەو ستەمە باڵابەرزانە بکەوێت.

ئەوانەی ئێستاکە تفەنگ بەڕووماندا هەڵدەگرن
لە ساڵۆن و کتێبخانەکاندا.. جگەرەمان لێ قەدەغە دەکات
ناهێڵن بچینە ئاهەنگ و سینەماکان
هەر ئەوانە بوون کە جاران گوڵ و بوکەشوشەیان پێبوو
منیش ئێستا، ئەو گوڵ و بوکەشوشانەم دەوێت
لە مناڵیمدا.. ژوورەکان زنجێکی ئێجگار گەورە بوون
ئێستاش سەگە دڕەکانی ئەودیوی تەلبەندە گەورەکانم لە پێش چاوە
ئەی وڵاتم.. دەترسم... ئێجگار دەترسم
تێر بمنێ بەسینەتەوە
ئەم بارووت و سوار و وەرزییە وەک ئەسید دەڕژێت بەسەرمدا و دڵم پڕ بووە لە گریان
نازانم زێرابەکان پاک و بێگەردترن یان ئەو بازاڕانە
کچ و ئەسپێی زیندانەکان... ماری پیری سەر غەزنەکان
بەڕەحم و بەوەفاترن یان ئەم دڵاڵ و سووخۆرانە. !
کە لێمدەنواڕن.. دەڵێی دڵم دەجوون و تفی دەکەنەوە سەر شۆستەکان.
بەڵام کەچی ئەوانن ئێستاکە(ئەی ڕەقیب)ە کانت دەخوێنن
ئەوانن نەخشەی بازاڕ و شەقام و چارەنووست دەکێشن
ئێمەش وەک سواڵکەرێکی چڵکن

سووک و باریک لە دەرگاکەی پشتەوە بەپاڵ کراوینەدەرێ


ئەی وڵاتم
من ئاواتی بێ سەرەوبەرم نییە
داوای ئەستێرەی شین و کەڵەشێری ئاڵتونم لێنەکردوویت
نەمگووتووە..
وەک منداڵێکی شەرمن، دەستم بگرە و ببمە بەر تاڤگەکانت
نەمگووتووە.. ببمە بۆ هاوینەهەوارەکانت
ئەو هاوینەهەوارانەی
لەسەر بەرگی قاوغەشقارتەکانت نەبێت، نایانبینم
من چیم، ڕێبواری هەمیشەیی گەڕەکە هەژارەکانم
وەک ژنێکی لاوازی عەبابەسەر بە فەخرەوە
سەفەرتاسی بۆ نەخۆش و گوناهبارەکانت دەبەم
تیکەکەی خۆم، وەکو چەژنانە لە نێوان منداڵە هەتیوەکانتدا دابەش دەکەم.
بەڵام سینییەک تووتن و دەفتەرێک پەڕەسگارم بەرێ
با خەمی خۆمی پێدەرگەم.
تەنەکە و باگردێنەکەی جارانم بدەرەوە
با سەرمی لەسەر بتاشم
من وەکو ئافرەتێک بەژانەوە
هەمیشە ددان لە دەستەسڕەکەم گیردەکەم و هاواردەکەم
خەونم لە دراوسێکانمان هەراسان کردووە
بەسیە ئیدی.. با هێندە تەماشای ژن و کچە جوانەکانت نەکەم
با هێندە بە چاودێرەکانی شارەوانی و پۆلیسەکانی هاتو چۆ پێنەکەم
من وەکو نوسەرانی دیکە،
داوای پەلکەزێڕینە و خەونی پەمەیم لێنەکردویت
من لە ڕۆژانی سەرمادا حەزم لە بەتانییەکی توکنە
لە ساتەکانی وەڕزیشدا عەوداڵی هەوایەکی پاکم
ئاخ، ئەگەر ژوورێکی گڵ و ئەگەر چرایەکی زەردت پێ دەبەخشیم
تا ماوام دەبوومە پاسەوانی ئەو شەقامە خەمۆشانەت
دەبوومە ئەو پیرێژنەی لەسەر بەرماڵ دوعای بۆدەکردیت.
دەبوومە ئەو سۆزانییە پیرەی کە جەورە و گەنجە لچقڕتاوەکان پێیفێردەبن
ئەو سۆزانییەی کاتێک لەژێر کوڕێکی چواردەساڵدا دەنرکێنێ
دوعا بۆ سەرفرازی نیشتیمانەکەی دەکات
لە ڕۆژانی شۆڕش و ڕاپەریندا، لە پێش زۆردارەکان
بەشاتەشات، چەمکی عەباکەی بادەدات.

(ئەمشەو دەبێت وەک ئەسپێک لە دارستان
سەر بەرەو ڕووی خوا هەڵبڕم)
ئیتر بەسە وەکو مناڵ سەرم نانێمە کوشم
وەکو مناڵ لەبەر ئاوێنەکی ڕووندا قژە تەڕە خەماوییکەم داناهێنم
ناهێڵم کەس پێم بڵێت بۆ دەستەکانت وا گچکەن
وەک چۆن شەوان کچە ترسنۆکە عاشقەکان
لە دەرگا دەچن بەودیوا
بەدزییەوە ئەم کڵۆڵییەم جێدەهێڵم
دێمە لاتان و مەتارە شینەکەی مناڵیم لەملمدا بەجێماوە
لەگەڵ پادشا و ئەمیرەقژزەردەکاندا، قسەناکەم
کەس نییە دەستم بگرێت و بمباتەوە ژێر دەوارێکی سەوز
منێک ئێستاش نوسینەوەی وانەکانی قوتابخانەم لەسەر ماوە
مەهێڵە قایشەکەم بکەمەوە و بە شکۆیەکی شاهانەوە
لەسەر ئەو خوانە ڕەنگینانە دابنیشم
منێک ئێستاش موفەڕکەکەی منداڵی لە مەچەکمدایە
مەهێڵە.. وەکو کوڕە قژزەرە چاونەترسەکان
بۆ کچان، سەر ڕێگاکان بگرم
دەلێمگەڕێ، لەو کێوانە
لەو کێوانەی کە هەرگیز کەس نایانگاتێ
وەک هەڵۆیەکی خەمگینی ڕاوەستاو لەسەر کەلەسەرێک
بێدەنگ بەدیار باغە کوژراوەکانتەوە دەوەستم
تا قژم دەبێتە هێلانەی پاسارییەکان
تا کۆترێک لەسەر شانم ئۆقڕەدەگرێت
لەسەر بەردێک ئارامدەگرم
بەڵام بەر لەوەی بڕۆمەوە
ئەی ئەو کچەی خۆشمویستیت
ئەوە فرمێسکەکانم بیکەرە جانتاکەتەوە
ئەوە جلەکانیشم لەبەر مزگەوتەکاندا بیبەشەوە
ئەوە چەقۆکەشم بە دڵی باڵندەکانی گەڕەکدا هەڵیواسە و
لە ونبوونم و بێ سەروشوێنیم مەپرسەوە.


جار جارە دێمەوە لات... ئەوە چارەنووسمە
وەکو عاشقێکی سەرچڵ بەسەر دیوارەکاندا بازدەدەم

بێدەنگی و کپی باخچە نامترسێنێ
دێم و کونە پەپوویەک لەسەر شانمە و
شەمشەمەکوێرەکانیش دەوریانگرتووم
وەک چۆن باری بار هەڵگرە درێژەکان دادەگیرێ
لە پێش دەمی ماڵەکەتدا ئازار و خەمم دادەگرم
دەڵێم... شووتکرد
شووت بەو گەنجە کاکۆڵزێڕە ڕیشپڕە چاو شینە کرد
ئەی من، من کە بۆنی جۆگە و مێرووی دارستانەکانم لێدێت
من کە دڵم واک پاوەن دەسووتێت
من کە لابوور و دەفتە و قەڵەمە بچکۆلانەکانی گیرفانم بە جێهێشت
من کە وەکو قوتابییەکی تەمەڵ، لە تاقیکردنەوەدا لەژێرەوە لێمدەڕوایت
سەرم دادەنەواند و دەمبینیت
کە گولـلە دەیبێژام و ئەی ڕەقیبم دەگووت
بیرم لە چاوە خەواڵووەکانی تۆ دەکردەوە
دەمزانی بە کراسێکی شینەوە چا لێدەنێت
دەی کە خۆت دەستی بەزەییت ئاوا کوورتە
بە وڵاتەکەم بڵێ..
باهێندە دڵم نەشکێنێ
بەو شۆفێرانە بڵێ
کە وەکو تۆپ لە سەرەتای یاریدا
هێدی هێدی.. ئەم شارەو شارم پێدەکەن
پێیان بڵێ... با دڵنەوای غەریبیم بەنەوانێ
وەرەو بچپێنە بەگوێی ئەم نیشتمانە دڵڕەقەدا و
بە پەنچە باریکەکانت، نیشانەمکە،

بڵێ ئەوەتانێ.. ئەو گڕۆزەی قاری لە خوا و من و نیشتمانەکەی گرتووە
منیش بێدەنگ، وەک بەردێک لە بەندەنەکاندا
وەک پەیکەرێک لە داڵانی کۆشکەکاندا ڕادەوەستم
پێی بڵێ: 'ئەی وڵاتم'
ئەوە کوڕەکەتە.. ئەو کوڕەی وەک ئەسپێکی لات
لەناو خەمدا گەورە بووە
چاو لە دەستی ئاسنگەرەکانت بڕیبوو
تا نێزەیەک بۆ دڵی دروستبکە
گەرووی خۆی دەرهێنا و وەکو بۆری چرایەکی دوکەڵاوی دەیسڕی
تاقسەت بۆ بکات
حەزی دەکرد
تێر بێنێیت بەسینەنەتوە.. کەچی تۆ دەربەدەرتکرد
بۆیە ئێستا گومڕاو وێڵە لەو دەشتانە
کە باڵندەیەکت دەبینێ ڕادەبورێ
فانیلە دڕاوەکەی هەڵدەبڕێ و هاواردەکات
لێرەکانەم... لێرەکانەم
ئەی وڵاتم.. لەگەڵ بەفری زیادە و گەڵای پایزدا.. بمخەرە مەزادەوە
ناگریم و توڕەنابم لەگەڵ شتە دێرینەکانتدا بمفرۆشە
پەلمبگرە و بمدەرە دەست قەرەچییەک
یان بمخەرە پشت گالیسکەکەت
هەرکاتێک وەڕەزبووت
بمدەرە بەر قامجی
کە تینووت بوو.. ئەوە دەستم
دەمارەکانم ببڕە و لە خوێنەکەم بخۆرەوە.


ئەی نیشتمان، ئەی بێڕەحم
ئەوپەنجانە.. هەمان ئەو پەنجانەیە
کە لە داڵانە ساردەکاندا دەفتەری وەڕەزیم پێدەگرت
بە چاو، بە دڵ، بە قوڕی پێڵاوەکانم شیعرم پێدەنوسیەوە
بەو چەقۆ گەورەیە
کە خوێنی گیا و بەرد و باڵندەکانی پێبوو
لەسەر قوتابخانەکان
لەسەر دەفتەرەکانی زانکۆم
لەسەر پاشەڵی ئەسپ و گوێدرێژەکان
لە پێش ئەوکچە توڕانەی کە ناز بەسەر خواشدا دەکەن
لێم دەنووسی:
(ئەم بازاڕ و ئەستێرانە لابەرە.. وەرزەکان ئاوەژوو بکەرەوە ڕەنگی گەڵا و ئاسمان بگۆڕە)
هیچت نەکرد
دەتزانی حەز لە باخچە گشتییەکان و چیمەنی ناو ماڵان ناکەم ڕێگای دارستانەکانت لێ گرتم
دەتزانی حەز لە ڕەنگی حەوزی مزگەوت و بیری ماڵە هەژارەکان ناکەم ڕێگای چەم و دەریا گەورەکانت لێگرتم
من گومڕام و ڕزگارم کە
وەک چۆن باڵدار، لە حوکمی تەقە دەردەکەیت
چاسوسی تفەنگەکان بگرە و ڕزگارم کە.

خوایە گومڕام/من حەز لەم کیژە خرپنە ڕوومەت سوورە چاوشینانە ناکەم ڕقم لە کیژانی زانکۆ قوتابخانە و ئۆفیسەکان دەبێتەوە/قەرەچییەکی ڕووتم دەوێت/پێستەکەی باران بیشووات و جلکەکەی گەڵای درەخت و پێستی مەڕەکوی بێت/کۆچەرییەک نەزانێت خوا و ئاسمان مانای چی/شمشێر و بارووت و تانک مانای چی/کچێکم دەوێت.. لە ڕۆژانی سەرمادا/پەنجە تەزیووەکانم بنێتە نێوان هەردوو دەستی و بە هەناسەکانی گەرمیانبکاتەوە و بڵێ مەگری/له گیا و ئێسکی باڵندە مردووەکان، دەرمان بۆ زامەکانی لەشم بکات/لە شەمەندەفەر و فڕۆکە و کەشتی و بازاڕە کەشخەکاندا بۆی ناگەڕێم/دەچم بۆ گوندی بێدەنگ و ئەشکەوتی کپ/دەچم بۆ بەندیخانەکانی سەر سنوور/بێدەنگ نابەینی درز و ژێر گەڵای دەوەنەکان و تەویلە و دارستانەکانی بۆ دەگەڕێم/هەنگوین و گوێز و سرکەیی دەبەمە دیاری/خەڵاتی پاسەوانەکان دەکەم/تا دەرگای بەندیخانەکانم بۆ دەکەنەوە/ئای ژن لەوێ ونەو نەناس/لەو سێوانە دەچێت، کە دەڕزێ و فڕێدەدرێ/بەو دارستانە دەچێ کە دوکەڵی سووتانی خۆی دەیخنکێنێ/جوانی لەوێ وەکو ڕەنگی پەنجەرە کۆنەکان.. ژەنگاوییە../وەک کتێبی قوتابخانە سەری ساڵان... شەوقی نییە/دڵ وەکو جلی منداڵە چەتوونەکانە، شڕوشیتاڵی نەماوە/ٚغەم لەسەر ڕانی سیسیان زریکەی دێت/لەزەت لێوی وەکو لچی قولەڕەشەکان ئاوساندووە/ئای ژن لەوێ، وەکو زەردەوەڵە بەبرینی شەهیدەوە.. دڕن و بێباک/بەڵام خوایە، خۆ من گومڕام/چاوم بەهیچدا هەڵنایە/وەکو پیرێک وەهام.. بیەوێت نیشانە دوورەکان بشکێنێ/وەکو پیرێک بیەوێت بەبێ گۆچان بەسەر مردندا سەرکەوێت.

ئەی وڵاتم: بیست و سێ ساڵە بۆنی خاک و مرۆڤ و لیتە و عارەقەکەی تۆ دەچێت بەسەرمدا وەڕەز نەبووم/بیست و سێ ساڵە/چاوەنواڕم شەوێکی کپ، کچ و کوڕێکی شۆخ و شەنگ بێنە خوارێ و بۆ دورگەیەکی سەوز هەڵمگرن/نەهاتیت و گلەیشم لێنەکردی/تۆش پێم دەڵێیت.. خۆفرۆش و خیانەتکارم.. دڵم لە بەردە بۆ خەمت.. بێ ئازارم../من هەتا تۆزی سەر لەشی جەقەڵەکانیشت دەپەرستم/هەتا تنۆکە بارانی سەر دەستی منداڵەکانیشت دەپەرستم/بەڵام بڵم چی.. گەر ڕقم لەو پیاوە تەنگ ئەستور گومڕایانە بێت، ئەو پیاوانەی شەوی دەجار خەنجەر لە دڵی جوانی دەدەن/ڕۆژی دەجار کچانی ئۆفیس و نێو پاس و بەر کۆگاکان هەڵدەمژن/لە دوای هەموو خامۆشبوونی لە زەتیێکیشەوە/کاتێک زریزەی پانتۆڵەکانیان دادەخەن/باسی شەڕی جینایەتی و بەرەی گەورەی شۆسیالیزم دەکەن! /خوایە چی بکەم.. ڕقم لەو کچ و کوڕ و مامۆستا گێلانەیه/کە وەکو شەمشەمە کوێرە لە داڵان و حەوشەکانی زانکۆدا دێن و دەچن/ڕقم لە مشک و سەرباز و گۆڤاری بێ جنێوە/ڕقم لە ماشێنی تازە و چاویلکەی چێوە زێڕین و خاوەن چێشتخانە و کۆگا و کاسێتفرۆشەکانە/ئەی نیشتیمان.. ئەو دەستانەم خۆش دەوێت/کە وێنەی دڵ و تیرێکیان تیا کراوە/ئەو کەپوانەم خۆش دەوێت. کە ئەڵقەیان تێخراوە/حەز ئەکەم لە گوندێ بژیم.. لەو دوورانە/بەیانیان پیرێژنێکی چاو بە خەو هەڵمسێنێ/کە بانگ لە کچەکەی دەکات/هۆ نێرێ.. نێرگەلێ، نێرگسێ، هەستە مەشکەکەت بژەنە و کۆڵوانەکەت بکەرە مل وا بەیانە.
نووسین: دارا مجید

پەراوێز edit