ئاڵەکۆک

بەختیار عەلی add_a_photo
بەختیار عەلی تا ماتەمی گوڵ تا خوێنی فریشە
٢. قەسیدەی عەشق (بەشی دووەم)
ئەی یار!
دەبوایە فەنابونی خۆم ببەخشم بە فەنابوونی خاک
مردنی خۆم، لە نێوان شەو و عەشق و خەیاڵدا، ببەخشم بەپشویەک لە نێوان ئەستێرەو شێوەن و کێلەکاندا. ، لە بری ئەوەی گیاکان بۆم بگەڕێن مەرگی خۆم بەخشییە شیوەنی ژنە ڕەش پۆشەکانی نێو ستوونەکانی با و ئاگر و شەو،
فاڵی خۆم لە دەستی بە جێماوای ئەم لافاوەدا گرتەوە کە خاک فەرامۆشیدەکات! ، عومری خۆم لە نیگای ئەو مردووانەدا
خوێندەوە، بێوادە لەم ڕێگایەدا چاوەڕێمان دەکەن، من ئالودەبوونی خۆم بە غوروری باکان خوێندەوە، خنکانی بەیانیم بە دەستی ئەم قەقنەسانەی(پیرترن لەوەی بە ئەفسانەکانی خۆیان بوێرن..! )حکایەت بوو... کوشندەبوو.

من پیربووم لەم شەوەدا کەڕزگاریم دوورترین شارە و ڕۆحم دوورترین ئومێد!!.

بە من مەڵێ باڵندە سحربازەکانی شەو چیان پێگووتم
ئەوەی کە لە شەو دەڕژێت، دەبوایە سێبەرەکانی من و تۆ بیشارنەوە، ئەوەی خۆر خیانەتی لێکرد، من تۆ وەفامان پێفرۆشت، بەڵام سەیرکە چەند سەختە عەشق.. چەند سەختە.. چەند سەخت! .

تۆ کاڵتر بوویت لە باران.. کاڵتربوویت لە خوێنێک لە یەکەم نوقتەی ئادەمدا! . ، کاڵتربوویت لەو شەونمانەی ئەم وەرز دەیانبەخشێتە ئەو وەرزی دیکە، سەخت بوو، من مناڵتر بووم لەو بایانەی پەپوولە پایزێکانیان‌ بۆ ناگیرێت، مناڵتر بووم لەو پەنجەرانەی پاسارییەکانیان بۆ ناگیرێت.

ئەیار دەبوایە ئەستێریەک ئاوادان بکەینەوە، ئەستێرەیەک
(بەوێرانەی درەخت و گیا و شەونمەکانییەوە! )

ئاهـ سەیرکە عەشق چ شەڕێکمان پێ دەفرۆشێت
ئاخر چۆن.. چۆن؟
من و تۆ دەتوانین خوێن لە ناوچەوانی ئەم تۆفانە بسڕین، چەقۆ لە دەستی ئەو درەختانە دەربهێنین لە باخچەی گشتیدا خۆیان کوشت!
خەم لە دڵی ئەو ڕیشۆڵانە دەربهێنین کە من و تۆ نایان ناسین، برینی گیایەک ببەستین.. شکانی چڵێک لە هەنار تیمار بکەین، کەروێشکێکی چکۆلە لە پشیلەکان بکڕینەوە(کەئەوانیش دڵیان نەشکێت! )
پەپولەکان فێر بکەین کە دەبێت کەمێک زۆرتربن مردن تێبگات کە کەمێک زیاتر لە بەردەرگاکەمان دووربکەوێتەوە! .

سەخت بوو... تۆ لە ئاو سادەتر و لە تەم نازکتر بوویت، من لە فڕین شاعیرانەتر و لە چیمەنەکای باخچە بێدەنگتربووم! ، تۆ لە قەڵەم چکۆلانەتر و من لە کتێب تەنهاتربووم! .
ئەی یار... ئەی شەڕانگێزترین دۆستی من لەم جەنگەڵە تارکەدا، ئەی یار.. من لە جنسی موڵکدارە زۆردارە خۆفرۆشەکان بووم، چی کردمی بەم تەنبورژەنە بێرەحمەی تارەکان بەرگەی ناگرن؟ !
تۆ لە نەوەی ئەو میلەتانەی لە خوێنی یەک دە خۆنەوە، لە نەوەی ئەو جەنگاوەرە پایز نشینانەیت، کەنازانن ڕەنگی گیا چۆنە؟ ! ، لە قەفەزی ئەو ژنە دڕکاویانەدا گەورەبوویت، کەبۆنی بیابانیان لێدێت!!.

چارەم نەبوو... چارەم نەبوو، خۆشەویستم!
من لە بری ئەوەی خۆم لە سەر دە فتەرەکانی باران و فەرهەنگەکانی گیا و خاکدا بنوسم، خۆم لە ناو گوناهەکانی تۆدا نووسی و لە ناو لیستەی ڕەقی عاشقەکانتدا مردم، لە بری ئەوەی لە موعجیزەی سیحربازەکانی ئاودا‌ دەرکەوم، لە نابەینی پەنچە ئەفسوناوییەکانی تۆدا... لە گرێی دەستە سڕی سحربازەکانی تۆدا و لە کڵاوی‌ چکۆلەی سحربازەکانی تۆدا بووم، لە بری ئەوەی لە درەوشانەوەی مانگ و غوروری ئەستێرەکاندا دەرکەوم، لە درەوشانەوەی تۆ و غوروری دەستەکانی تۆدا بووم، لە بری ئەوەی ‌لەو پشکۆیانەدا بم کە پاسەوانە‌کانی زەمهەریر جێیدەهێڵن، لەو باڕەشانەدا سووتام کە تۆ لە دوای خۆت بە جێتدەهێشت! .


ئەی یار!
من لە دەرگای ئەبەدییەتم دا
لە دەرگای بچوکترین ساتەوەختەکان
لە داخراوترین جەنگەڵ و بەرزترین ئاسۆ
لە ئۆقیانووسە تاریکەکان و فانۆسە غەمکینەکان
لە جەهەنەم و لە پزیسکی کوورە چکۆلانەکان
نا کەس لە مانای ئەم گۆرانیانە تێناگات
کەس باکی بەقەترەیەک شەونم نییە لەم دۆزەخدا!
کەس لەو ئاورنگە تێناگات کەبەسەر دڵمەوەیە
دووبارە دەبێت خۆمان بەخاک و دەفتەر و حەرفەکان بناسێنینەوە،
من سەرابیترین پیاوی دونیا، نیشتەجێی کۆشکێک لەوەهم، تۆ کچێک لە هەڵمی ئەو دەریاچانەی'با'نایگاتێت!
ئاهێک لە ئاهەکانی هوما
پرشنگێک لە پرشنگەکانی قەقنەس
دەبا خۆمان بە حەقیقەت... بە گیا.. بەدەستەپاکەکانی باران، بسپێرین، دووبارە 'با'، ناومان لە سروودەکانی مردندا بنوسێتەوە، باران بەو پەلکە زێڕینەیەمان بناسێنێت کە بەم جبە خانەی عەشقەوە، بە جەنگاوەرمان تێدەگات!
عەشق سیمای منداڵان دەگۆڕێت بۆ سیمای سەرهەنگە یاخییەکان بەڵام پەشیمانی،
پەشیمانی ئەوەیە حیکمەتی لە یاد چووەوەی جەنگاوەرەکانی عەشقە، دیسانەوە دەبێت خۆمان بە گریان و زەردەخەنە، بەورزەکان بناسێنینەوە، چونکە (جەهەنەمی عاشقان جیایە لە جەهەنەمەکانی دیکە! )

تەواو... ئیدی حیکمەتەکانی عەشق بێکۆتاییە

سەیرکە خۆشەویستی بەرەو چ دەریایەکی بردین
عەشق سەخترە لە خەیاڵ.. سەخترە لە جەنگ
سەخترە لە گۆرانی گووتن لە ژوورەکانی مردندا!!
دوای تێپەڕین لە دواهەمین پاسەوان کە دواهەمین هەناسەمان دەبات، بەڵام من وەک سیحربازێک مسقاڵی ئەم زەڕنیخەم لەسەر تەرازووی ئەم بازاڕە بۆ ناکێشرێت.
(عەشق جەنگە بەڵام ئێرە بازاڕی خیانەتە! )

من وەک سیحربازێک بۆنی زەردەخەنەی جەنگەڵەکا لەلێوم دەهات، بەڵام فێربووم بەم دەمامکە سپیانەوە، خۆم لە پیاوە شەڕانگیزەکان ونبکەم و لەناو بازاڕی ئاسنینی ئەم پیاوە زرێپۆشانەدا، دەفتەرەکانی منداڵیم بدڕم و بڵێم: (عەشق گەمەی منداڵانە و من گەورەبووم و بێگوناهم! )

ئەی یار!
خۆشەویسەی فێری چ درۆیەکی کردین
ئەی عەشق.. لەم ڕۆژی خۆشاردنەوەیەدا
ڕێگا بەم ئەستێرە خوێناویانە دەدەیت بێنە ژوورەکەمەوە؟ ، ڕێگا بەم ئەسپە زامدارانە دەدەیت لەژێر پەیکەرەکانی ئەم باخچەی پەشیمانییەدا بمرن؟؟، نا... ڕێگا بەم دەریاوانە پیرە مەدە، قولاپەکانی لەناو دڵمدا کۆبکاتەوە، ڕەوا نییە، من دەرگا بکەمەوە و ملوێنێک گەردەلوول وملوێنێک دزی تەنها، بێنە ئەم مەرقەدەوە، ملوێنێک گەڵای مردوو خۆیان بەسەفەری ئەم دارستانە خورافیانەدا هەڵواسن، ئەو ئەسپانەی کەلەم زەوییەدا بۆنی مردن دەکەن، سوارە بریدارەکانیان هەڵبگرن و بێن، دەترسم تۆ ڕێگا بەم ئاسمانە بدەیت، کە ئەسترەکانی لێرەدا بفرۆشێت
بمرێت.. وەبمرێت ئەو بایە
ڕێگا بەم گوڵانە بدەیت برینەکانیان لەدڵمدا کۆبکەنەوە، ڕێگا بم کۆترانە بدەیت فڕینیان لەسەر شانمان بسووتێنن!!

ئاهـ ئەی عەشق
ئەی ئەو عەترەی قەتارچیە ڕووخۆشەکان دەیکەن بەڕێگاکادا، لەم ڕۆژگاری تاڵانییەدا... تاڵانمکە!
چارەم نییە خۆشەویستم، چارەم نییە، تاڵانمکە!
لەبەر چاوی ئەم تۆفانەدا تاڵانمکە
لەبەرجاوی ئەم دزە ماندووانەی شەودا بازیبەندەکانم لێبسێنە و تاڵانمکە.
ئەم قوبەو منارانە لە گیانم بسێنە
ئەم خوایە لەگیانم دەربهێنە
کەوەک داهۆڵ لەم کێڵگەی نوورەدا چەقیوە!
(تا پاسارییەکان بەسەر سەرمەوە نەنیشێنەوە)
ئەو خودایەی وەک کولـلە نایان بە ناوچاوانمەوە.
ئەی عەشق، لەبەر چاوی ئەم سوپا ئیمپراتۆریانەدا تاڵانمکە، لەبەر چاوی ئەم دەریایانەدا بمکوژە، کەشەرمدەکەن نەهەنگە عاشقەکانی خۆیان بکوژن، کە ئێستا ڕۆژگاری تاڵانییە!
لەبەردەم ئەم قەڵایەدا، تاڵانمکە کەشەرمدەکات قافڵە عاشقەکانی خۆی تاڵان بکات.

هەنسەکانم بۆ تۆ و ئێسقانەکانم بۆ مردن
وشەکانم بۆ تۆ و پەنجەکانم بۆ مردن
دەریاکانم بۆ تۆ و ماسییەکانم بۆ مردن
جەنگەڵەکانم بۆ تۆ و باڵندەکانم بۆ مردن
خاچەکام بۆ تۆ و بزمارەکانم بۆ ئەو!!

ئەی یار، لەم ساتی تاڵانییەدا، تاڵانمکە، چونکە من هاتووم تاڵانتکەم، ڕەشەباکانم لێبسێنە، چونکی من ئەستێرەکانت لێدەسێنم، مزگەوتەکانم لێبسێنە، چونکە من باغچەی گشتیت لێ دەسێنم
بورکانەکانم هەڵگرە، چونکە من تۆفانەکانت لێدەسێنم
تاڵانمکە چونکە من هاتووم بەم سکە زێڕینانەی عەشق سەوای ئەم ماسییە دوورانەی ناو دەریا دەکەم، سەوای ئەم مردووانە دەکەم کە جەهەنەم نایانگۆڕێتەوە بەم بارمتە زیندووانە!!
سەوای ئەم شمشاڵانە دەکەم کە شمشاڵژەنە سووخۆرەکان داوای مانگم لێدەکەن بیفرۆشم، ئەم کتێبە دەکڕم و ڕۆحی خۆم بەبارمتە لای ئەم کتێبفرۆشانە دادەنێم!

ئەی عەشق!
ئەی عەشق بەد گومانم لەو بروسکەیەی لە گەڵ سیمرغەکاندا هاتووە، بەدگومانم لەو بایەی لە کەڵ قەلەڕەشەکاندا دێت.
دەکراسەکەت داکەنەو فێری تەنهایم بکە!
لەبەر ئاوێنەکاندا دانیشە و فێرمکە خۆم بۆ ئەم کەرنەڤاڵی بروسکەیە بڕازێنمەوە، لەبەر دەرگاکاندا دانیشە و فێرمکە چۆن ئەم ئەستێرە وەریوانە کۆکەمەوە، فێرمکە(جەهەنەم و بەهەشت لە یەکتر جیابکەمەوە، ئاخر موسیبەتی عاشقان ئەوەیە، جەهەنم و بەهەشتیان بۆ لەیەک جیاناکرێتەوە!!)
دە ئەم جامەی شیوەنە بگۆڕە
باچاوم بەو ئەستێرانە بکەوێت، کەلەسەر شانم دەکوژرێن
با جێخەنجەری ئەو مەغولیانە ببینم
با زەغرەفەی ئەو دیکتاتۆریانە ببینم!!.

بەشی شەشەم

ئەی یار!
حاشا لەم نەتەوانە بکە
حاشا لەم درەختانە بکە، کەدڵیان وەکوو تیترواسکی مردوو بەلقەکانەوە شۆڕبۆتەوە!
ئەی تەمەڵترین قوتابی ئەم ماتماتیکی مردنە
حاشا لەم پەپولانەی جەهەنەم و
حاشا لەم ئیمپراتۆریەتی جەبر و
حاشا لەم لۆگاریتمی ئەم دڵدارییە ڕەشانەی نیوەشەو.

چارەم نییە... موسیبەتم.. چارەم نییە
با لەم ئاهەنگی سەمایەدا، من و تۆ دەست لەیەکتری بەردەین، دەستەسڕەکانمان ببەستین بە ناوچەوانی ئەم 'با'یەوە، کەمن و تۆ دوو دەستین قەدەر کۆیکردوینەتەوە، تۆ هەمیشە بەسەر خەڵوەتی مندا دێت لە گەڵ باڵندەکاندا، بەسەر پیربوونی مندا دێت
بەدیار شۆڕەبییە ترساوەکانی دوای تۆفان
من بەسەر ئەو ساتانەدا هاتووم کە تۆ ئەسپەکانی خۆت دەنێژیت، من بەسەر ئەو سەرابانەدا هاتووم کە تۆ ئەڵماسی حەقیقەتەکانی تیا دە شارێتەوە
بەسەر ئەو خەیاڵانەدا هاتووم کە کسپەی فیراقیان لێدێت، بەسەر تەپوتۆزی نغرۆبوونی ئەو شارانەی تۆدا هاتووم، کە وەک تەمێک‌ لەسەر زەوی جێدەمێنێت! .

ئاساییە.. موسیبەتم.. ئاسایی
(ئاشقان هەمیشە‌ دواهەمین میوانن دەگەنە سەر ئەم سفرەیە، هەمیشە بەسەر وێرانەی یەکتردا دێن)

گوێم لێبگرە: !
من بەد گومان لەم میللەتە باڵدارانە، بەد گومانم لە چڵ وچێوی ئەم گیمیاگەڕە ڕەشانە، من ناکۆکم لەگەڵ ئەم ئەستێرەنەدا کە لە نێو چاوانمدا دەسووتێن، ناکۆکم لەگەڵ ئەو موعجزەیەدا کە لە دەستەکانم ڕواوە، ئاشوفتەترین دەروێشی ئەم بایەم، ناکۆکم لەگەڵ بوورکانەکانی ڕۆحمدا، ناکۆکم لەگەڵ مەنجەنیقەکانی سەرابدا، ئەی یار، شەڕ بەم زەوییە دەفرۆشم کەپەنجەرەیەکی نییە بمداتێ، شەڕ بەم پالکەزێرینانە دەفرۆشم کە باڵیان نییە بمدەنێ و لە گەڵ هەموو وەرزەکاندا دووژمنم ئەمەش دواهەمین حیکمەتی منە! .

عەشق شڕێکە بێکۆتایی لەگەڵ خوا و لەگەڵ سروشت و موعجیزەکاندا و عاشق هەمیشە دە دۆڕێت! ..

ئەی عەشق ڕێگا بەم ئیمپراتۆرە تەنهایه بگرە
کە غرور لەبەرامبەر گوڵەکاندا دەیکوژێت
شەریعەتی مێخەک بەکەڵکی پاکبونەوە نایەت لەم شەرمە، شەریعەتی باران بەکەڵکی پاکبونەوە نایەت لەم خوێنە، شەریعەتی شەونم سوودی نییە بۆ ساڕێژکردنی ئەم شەرەفە

من زەمهەریری ئەم دەستە ساردانە و ئەم ڕۆحە ساردانە دەمکوژێت و تۆ باس لە هاوینی ئەم پەتا کوشندەیەی خۆشەویستی دەکەیت لەنێوان بوکەشوشەکاندا، من بێرەحمی ئەم دایک و ئەستێرە... ژن و دەربەند.. پیاو هەتاوانە دەمکوژێت و تۆ باس لە گەرمی ئەم عاشقانەیەی نێوان پەیکەرەکانی ژێر باران ووەکەیت! .

حیکمەتی باخچەکان بەس نییە بۆ ئارامبوونەوەی ئەم بەدمەستییەم حیکمەتی قاڕەمانەکان بەس نییە بۆ شکاندنی ئەم جەنگاوەرە شێتانە‌ من بەم نەخشەی جەهەنەمە، کوچەی ئەم خۆشەویستییەم بۆ نادۆزرێتەوە، بەم ئەستەرلابی سەقەرە. دەستم لە شێتیدا دەلەرزێت و تۆم بۆ نادۆزرێتەوە!
من بە کەڵکی پیرێتی نایەم لەم گەردەلولەدا
کە چاوم هێندە کز بێت گوڵەکانی مردن نەبینم
کە لە دوورەوە سێبەری گارگە وەحشییەکانی جەهەنەم نەبینم، (چ شۆخییەکە لە جوانیدا مردن)
تا لە دەرگای جەهەنەمەوە، ڕووبەڕوو قسە بەرام بەر خودا بکەین.

چ شۆخییەکە لە جوانیدا مردن.. چ شۆخییەک!!

دوا جار ئەی عەشق
تۆ بۆنی ئەو مەغۆلیانەت لێدێت کە جەستەی سەڕبڕاوی باکانیان بە دەرگاکانمدا هەڵواسی

چ قەدەرێکی بەدە، کە عەشق، هەمیشە پاشماوەی جەنگەکانە!

گۆرانی خۆت بڵێ.. گۆرانی جەهەنەمی خۆت
گۆرانی من و تۆ لە شەوێکدا کەفیتنەی نێوان ئەم میللەتانە‌ هەڵدەگیرسێنێت.
(درۆیە ئەم ئاشتییە، درۆ... بەیانی جەنگ هەڵدەگیرسێت)!
ئیدی دەبێت، خۆمان بە تۆپ وتفەنگ و گوردانەکانی شەڕ بناسێنین، چ قەدەرێکی بەدە عەشق هیروگلیفیایەکی جەهەنەمییە.
من بەر پرسارم لەو هەورەی بەچڵی ئەم درەختانەو خوێدەکات بەم مەنفایەدا!
بەرپرسیارم لەو بارانەی لەژێر جبەی ئەم میوانە بەدگومانەوە هاتووە.

بەیانی جەنگ هەڵدەگیرسێت، بەیانی... بەیانی جەنگ هەڵدەگیرسێت!

تۆ سەبووری مردووە خەمبارەکای من نادەیتەوە، کەبێدەنگ لەسەر سەکۆکان پشوودەدەن
ناهێڵێت برینەکانی (من) خۆیان بەم دارانە بخنکێنن
منیش بەرپرسارم لەو مردوانەی باران بەمنی دەسپێرێت
(ئەمە نهێنی نییە و هەرگیز نهێنیش نەبووە)

شاعرەکان هەمیشە لەگەڵ مردووەکاندا دۆستن
عاشقەکان هەمیشە لەکەڵ ڕەشەباکاندا بران

ئەی یار.. زویر مەبە.. بەهەشتی عاشقان شێتخانەیە
زویر مەبە.. سەیرکە من و تۆ چ ئیمپراتۆرێکین
ئەوەی(با)لەخەزنەکانی جەنگەڵدا جێیدەهێڵێت
پاسەوانە مەستەکانی گیا و شەونم دەیبەخشێتە من و تۆ، ئەوەی باڵندەکان جێدەمێنێت دوای مردن لە زەمهەریدا(با) دەیبەخشێتە من و تۆ.

ئەو گوڵانە‌ی لە وەرزەکان جێدەمێنن،
تاعونەکان دەیدەن بە من و تۆ
ئەوەی لە ئاوازەکاندا دەسوتێت، دوای هەرەسی ئۆپراکان، من و تۆ لە ناو خۆڵەمێشەکەیدا سەمادەکەین! .
سەیرکە، سەیرکە چ سامانێکمان هەیە
خەزنەکەمان، چەند لە خەزنەی‌ پادشاکانی(با)و (مردن)پڕترن! .

من لەسەراب و کیا و برینی نەیزەکاندا، لە ئەمیری دەریاکان دەوڵەمەندترم، تۆ لە خەون و پرسیار و بەدگومانیدا، لە دڕندەترین ڕەبەنی بیابان پیرتری!!!
ئەی یار سامانی خۆت لەکۆشەکەکانی سەراب و دۆنمەکانی خەون بژمێرە، باپێت بڵێم چەند فەدان کوناهم هەیە و چەند کیشۆرم داگیرکردووە لە تەنهایی! . ، ئەی ئەمیرم بیژمێرە، چەند دڵۆپ بارانت دەوێت، چەند نەیزەکت پێویستە بۆ شەو و چەند پەلکەزێڕینەت دەوێت بۆ بەیانی! .

ئەی یار
تۆ سەر لەم سەرافە دڵتەنگانەی پایز دەر ناکەی، کە گەڵاکانت بۆ دە گۆڕنەوە بە(با)و باکانت بۆ دەگۆڕنەوە بە هەور، گرەو لەم سووخۆرە پیرە نابەیتەوە کە ئەڵماستدەداتێ و بارانت لێدەکڕێتەوە، بەڵام بۆنی یەقین لەم قاسە پڕ لە ئاگرەی من و تۆ دێت، بۆنی ماچ لەم خەزنە پڕ لە ڕیسواییەی من و تۆ دێت! .

ئەی یار!!

بەیانی (دێت) و مەرگ (دێت) و پاییز (دێت) و تۆ (دێیت) و عە‌شق (نایەت)عەشق (دێت) و بەیانی (نایەت )و پاییز (نایەت) و تۆ (نایێیت) و مەرگ (نایەت)؛ تۆ (دێیت) و عەشق (دێت) و بەیانی (دێت) و پایز (نایەت) و مەرگ(نایەت)و تۆ(دێیت)و عەشق(دێت)و بەیانی(دێت)و پایز(نایەت)و مەرگ(نایەت)
تۆ (دێیت)و عەشق(دێت)و بەیانی(دێت)و پایز. (دێت)و مەرگ(نایەت) مەرگ(دێت)و بەیانی (نایەت)و عەشق (نایەت)و پایز(نایەت)و تۆ (نایەیت)!!!!!

سەیرکە هەرکیز لە گەڵ مەعجیزەکاندا کۆنابینەوە!!

بەڵام عەشق
نەمری خۆی دەداتە ئەو سوارچاکانی لە ئەسپەکانیان دانابەزن، من و تۆش دوو پیادەی لە ئاو
دوو پیادەین لە نەوەکانی تەبوتۆز!
لەژێر سێبەری ئەو باڵندانەدا دەمرم کە بەرەو جەهەنەم دەفڕن، دەمرین و نهێنی نێرکسە نا ئومێدەکان لەم ئاوێنە چکۆلانانەی بیاباندا دەشارینەوە، دەمرین و ئەم دەریا ئاگرینە دەکەین بە ژێر لمەوە!!

ئەی یار
جەهەنەمە بچکۆلەکانی ۆت لە گیرفانتدا بشارەوە
تا بووتە زێرینەکانی خۆت لە قافڵەی مردنتدا بشارەوە، ئەستێرەکانت بخەرە نێوانی دەفتەرەکانت
ئێرەی دەرگای جەهەنەمە
من ڕابوردووی خۆم لە ناو ئەم لمەدا جێدەهێڵم بۆ دەریا، ماچەکانی بەیانیم و پەپولەکانی پیریم لەم جەنگەڵەدا بە جێدەهێڵم بۆ ڕێبواران!

چ چارەنوسێکی تاریکە... عەشق پاشماوەی خوێن و تەنهاییە‌!

ئەی یار.. بڕوانە لە بەر مردندا، عەشق چ جەنگێک بەرپادەکات و چ ئاشووبێک دەگێڕێت!
جەنگێک کە پێمانخستە دۆزەخەوە
جێیدەهێڵین بۆ جەنگەڵ و ئەستێرە دڕندەکان.. تەوایکەن، جێیدەهێڵین بۆ دەریا و هەور و عاشقەکان.. تەوایکەن
جێیدەهێڵین بۆ کیا و نەورەس و فریشەتەکان تەوایکەن. !!!!

تیشرینی دووەم
١٩٩١
نووسین: دارا مجید

پەراوێز edit