ئاڵەکۆک

بەختیار عەلی add_a_photo
بەختیار عەلی تا ماتەمی گوڵ تا خوێنی فریشە
١. قەسیدەی عەشق (بەشی یەکەم)
بەسینەی بازەوە منو تۆ دوو دەستین لە ئاگر
ئەهریمەنزادەو پەریزادەی ئاوێنەکانی مەرگین
من سەرابیترین پیاوی دونیا منداڵێک لە جنسی (با )و (دوکەڵ) و(تۆز)
بەیازی دڕندەترین حەرف و کراسی خوێناویترین جەستە.
بەر پرسیارم لە ئافەتەکانی ڕۆح
بەر پرسیارم لە فیتنەکانی ئەقڵ.
لە کۆد‌یتاکانی لە زەت و لە یاخیبووەکانی جەستە
بۆنی ئەو باڵدارانە لە هەناسەم دێت، لەم جەهەنەمەی گومانەدا!
یەقین بە سەر دارستانە ترساوەکانی ئێوارەدا دەبەخشنەوە
وەک پیرترین ئەسپ، پیریترین مەیتەرەوان... پیرترین...
زێرین ترن... غەمگین ترین بازی خراپکار،
شەهێنێک لە ئاسۆکانی پیربوونی خۆی بەفڕینێک لە ئاگر
بەمەرگێک وەک ئاسن سارد.. بەکێلونێک لە ڕۆشنایی و قوفڵێک لەبروسکەکان دابخات، لەکوچەی ئەم توتییە بێوەفایانە دە چمەدەرێ،
بۆ مردن لە چاوەڕوانی سووتاندا لەسەر پشکۆی ئەم دیانەتە
دێرینانە دەڵێم: (ئەمە نێهنی نیە و هەرگیز نیهنیش نەبووە)!
تۆش لە ڕۆژگارە بە هەشتییەکانی خۆت چنگێک خۆشەویستم بدەرێ!
(ئەگەر حەکیمی ئەم باخچە گۆشە گیرەیت، ئاشوفتەترین دەروێشی ئەم جەنگەڵەم)! ،
(ئەگەر شازادەترین ئادەم کوژی، شەڕانگێزترین ڕۆحی ناو ئەم بایەم)! ،

سەیرکە... .، پاش عەشق چەن تەماحەکانم گەورەبوون
سەیرکە... .، بووم بە چ گیماگەرێک و خەون بە چ لابورێکەوە دەبینم!
سەیرکە... سەیرکە، چ کافرێکم لێدەرچووە!!

بێهودە ئەنجن ئەنجن بوونی خۆم لە وانەی ئەم دەروێشانەدا دەڵێمەوە، مردنی من... دۆزەخی من، ڕۆژی زیندوبونەوەمە
لەنێوان میللەتە سەرخۆشەکان و فەلەکە مەستەکاندا
من لە جنسی دوکەڵ و گومانی ئەهریمەنانەم
تۆ لە جنسی فریشەکانی دەریایت
ئەو فریشتانەی بەڕۆژون لە سەیری ئەسێرە و گیا و ئاو جەنگەڵەکان!!


ئەی یار... ئەی شەونمی نێوان کتێبە دۆزەخێکانی من
ئەگەر تۆ لە تەڵا زیاتر نەدرەوشێیتەوە
من شەڕم لەگەڵ ئەم دوژمنە کانزایانەدا بۆ ناکرێ
ئەگەر پرشنگی تۆ لەپرشنگەکانی زیو ڕۆشنتر نەبێت
دەنگی من لە دەنگی بەیانییە ناسازەکانی من گەورەتر نابێت
ئەگەر تۆ ئاوازی جەنگ نەخوێنیت
شمشێرەکانی من لاسکی کوڵەکانی ئەم جەهەنەمەیان بۆ نابڕێت، ئەی یار! من چیتر بام خۆشناوێت، ئەو بایەی بەڵگەنامەی خوێنینی منی لە گەڵ تەنهایدا دڕی
سوێندی منی لەگەڵ خاکە بەیارەکاندا شکاند
ڕۆحی منی لە جەنگەڵ و گیاکاندا ترساند
سەیرکە پاش عەشق چەند توڕەترم لەگەردەلول وتۆفانەکان

ئەوەی لە من بە جێما، ئایندەم بوو
ئەوەی لەمندا با دەیبات، ئەو ڕۆژانەیە کەبۆخۆمم هەڵگرتبووە
ئەوەی لەمندا دەکوژرێت، منم نەک تۆ
منم، نەوەک زەمەن و بەیانی و ئایندەکان
منم، نەوەک کەناری ئاو و چەمەنزادەکان
سەیرکە دوای مردم عەشق چ یارییەک دەکات
ئەو کەشتیانە دەمبوورن کە منێک لە ئاودا ڕزگار دەکەن، کە من نیم! ، سەیرکە دوای عەشق، مردنم چ یارییەکدەکات
(وەک یاری دۆلفینەکان لە ئاودا)
ئەوەی لەمن جێدەمێنێت ئەوەیە کە لە باڵی باڵندەکان جێدەمێنێت لە کەنار ئەستێرەکاندا، ئەوەی لەمندا با دەیبات ئەوەیە کە باکان لە ڕۆحی ئێمەدا جێیدەهێڵن!
ئەوەی گەردەلولەکان دەیبەن، ئەوەیە کە لە گەردەلوولەکان دەچێت لە ڕۆحمدا.

ئەی عەشق
ئەی کەنیسەکانی شێتیم لەم جەنگەڵە فیرعەونییەدا
ئەی بەردە نوێژی بە جێماو لە جەنکاوەرە شکستەکان
ئەوەی لە ناو تۆدا بە جێدەمێنێت منم
کە تۆ لە خەرابەتەکاندا دە مریت
ئەوەی لە ناو تۆدا بەر لە مردنی تۆ دەمرێت، منم
ئەی حەقیقەت، بەر لەوەی تۆ جێبمێنیت، ئەوەیە ئەوەی لە ناو
بەجێمانی تۆدا دەمێنێت، منم.

پارچەکانی من لە ناو پارچە مردووەکانی دەریا و ئاسماندا بوو، لەناو سفرەی هەلا هەلای عەشق و حەقیقەتدابوو.

سەیرکە دوای عەشق جەستەم چ یارییەکدەکات
چ تەماحێک دە خاتە بەر ئاوێنەکان و سەرابەکان و گێژەنەکانی مردن!

ئەوەی لە سەفەرەکانی من و تۆ جێدەما، گوڵە ژاکاوەکانی خوێن و ماچ و جەهەنەم نەبوو، سێبەری ئهستێرەکان بوو،
لەسەر گیای پاکێتیمان، من بووم دەگەڕامەوە دۆزەخ، بۆ سەفەر لە دوای جێپێکانمان لە پشت مردنەوە!
لە بری گەڕانەوە بۆ سەرمێزەکانی خۆشەویستی و پێخەفەکانی سەدەف و گیا، دەگەڕامەوە بۆ برینەکان، ئەوبرینانەی وانەی نەمریمان بوون.

ئەوەی دواجار لە مردن بە جێدەما، من بووم
سەیرکە دوای عەشق مردن چ یارییەکم لەگەڵ دەکات! .

ئەوەی لە مردن دوا دەکەوت، لە ساتێکدا مەرگ بە فریای ئەم ئادەمیزادا نە دەکەوەت، من بووم نەوەک لە وێنەکاندا جێدەمام، بەڵکو لە دەستە تەلیسماوییەکانی'با'دا، کاتێک بەسەر گیاکاندا تێدەپەڕی، من بووم لە جەهەنەم بە جێدەمام، وەک ئاگر لە دەست فریشتەکاندا،
(وەک گوناهی ڕژاو بەسەر خامۆشی ئەو کڵپانەدا کە 'با'دەیکوژاندنەوە)! ..

ئەی یار
ئەی تاقانەترین شەراب، لەم تاعوونەدا
ئەی شەوی من لە ناو ئەم ڕووناکییەدا، کە ژەهررە
قەفەزی من لەناو ئەم ئازادییەدا، کە زیندانە!
تۆ پەڕو باڵی بازەکانی منت بەست لەم فڕینەدا، کە مەرگە
تۆ منت بە سیاهی و مەرەکەبی شەڕ ڕەنگکرد
لە شەوێکدا ئاسنگەرەکان، مانگیان لەسەر سندانەکانیان دەشکاند، خواکان شەریان لەسەر سێبەرەکانی یەکتر دەکرد
فریشەتەکان خەزێنە بە تاڵەکانی بایان لەناو یەکتردا بەشدەکرد.

ئیدی ژیان شکستی دواهەمین حورمەتی من و تۆ بوو

ئەی شەڕانکێزترین یار، ئاوێنەم لە بەهەشتێکدا سیماکانی سپین وەک خامی تابووتەکان، تاریکیم لە بەیانییەکدا، هاوڕێکانم ناز بەسەر دەرگای دۆستایەتیمدا دەکەن، ئەی حەسوودیم لە زەوی، لە گیا، لە باڵندە کۆچەرییەکان.

من ڕقم لە خواکانە کە قەترە خوێنی منیان لە خوێنی تۆ جیاکردەوە.

ڕۆژێک تێدەگەن کە باس لە چ وێرانەیەک دەکەیت
تێدەگەن ئەفسانەکانی تۆ چەند لە حەقیقەتەکان، ڕیای تۆ چەند لە چاکەکان، چاکەی تۆ چەند لە موعجیزەکان گەورەترە.
ڕۆژێک تێدەگەن، نەوای من نەوای چ پێشبینییەکە،
سازی من سازی ئەو بومەلەرزانەیە کە خاک شیریان دەداتێ
سازی من سازی ئەو شەهێنانەیە، ئاسمان لە قەفەزەکانی ڕۆحیدا هەڵی گردتوون.
تۆ دەستی منت بە نیهێنییەکانی زەوی و کلیلەکانی خەیاڵ شارەزا کرد، تۆ منت بردە سەر پاشماوەی بەهەشتەکان و سفرەی تەفروتونابوونی بنەماڵەکانی شیعر، تۆ ئەو ئاسمانەت پیشانی مندا، کە ئاسمان دەی شاردەوە(تا ئاسمانێکی دیکەمان لێدیار نەبێت) بەڵام سەیرکە عەشق لە چ دەرگایەکی پێداین..
بە چ ڕێگایەکدا بردینی.

(ئەمە نهێنی نییە و هەرگیز نهێنیش نە بووە)
ئەوەی لە ناو گەردەلوولەکاندە بە جێدەما، من بووم
ئەوەی لە مەیدانی سێدارە و فەنابوون و ئەشکەنجەدا تەنیا لە سەر سەکۆکان بە جێدەما، تەنها لە بەر دەم سزای فانۆسەکان و نیگای شەهێنەکان و چپەی گیاکاندا بە جێدەما من بووم! . ، من کە دەستم بە ستونی عەشقە پاکەکانەوە بەسترابوو، بەزنجیری پەیمانێکی مەستانە‌، دڵی خۆم بەم‌ گەردەلوولانەوە شەتەکدا
وای لەمن وای
چیرۆکی یەک بوونی من لە گەڵ ڕۆحی ئەم ئاگرەدا
جیا بوونەوەم لە گەڵ نهێنی فەلەزەکانی کوشتندا.. حکایەت بوو! ، بەڵام سەیرکە عەشق چ یارییەکمان پێدەکات! .

دەبێت ستایشی ئەم ترس و چارەنوسە خوێنینانە بکەم
دەبێت کەمێک بە حیشمەت بم و لە تەک گوڵ و پۆڵا و خوێن و ئەستێرەکادا... برابم! .

ئەی یار!

نوێژی من نوێژی جەهەنەم نشینە نە خوێنەوارەکان بوو
سوژدەی من سوژدەی پیاوە سەڕبڕاوەکانی ژێر باران
ئەی یار، ... من نەورەسانە مردم، عەشقی من سزای من بوو، بۆ ئەو ڕۆژگارانەی ناپاکییان لە کەڵ کردم، عەشقی من تۆڵەی من بوو، لەو دەستانەی گیاکانیان لە باغچەی گشتیدا کوشت! .

من نەورەسانە مردم..، نەورەسانە دڵی خۆم فڕێدایە دەریا
نەورەسانە سپێتی خۆم بەخشی بەم لمە پاکیزانەی عەرشی لەسەر بونیادنانرێت، من نەورەسانە مردم، لە ڕۆژگارێکدا زەوی کچێتی تۆی دەفرۆشت بە بازرگانە چاوشینەکانی ئاسمان، خاک تاعوونی بەسەر درەختە چکۆلەکانی باغچەی گشتییدا دابەش دەکرد، ببورە... ببورە فریشەتکەم، دەبێت بوکێنی تۆ لە سەر سەکۆی ڕێگاکانی ئەم جەهەنمە بێت و من نەورەسانە بمرم! ، من وەچەی هەور، کوڕی زەڕەنگە کوێرەکان، وەچەی سنۆبەرە غەمگینەکانی قەڕاغ شار، تۆ کچی ئەو نەتەوانەی کە دەستیان بە خوێنی یەکدا چووە! .
ئەوی کە زەوەی فەرامۆشیدەکات، من تۆ دەیچێنین
ئەوەی باران نایبارێنت ئێمە دەیبەخشینە دەریا
نا من چیتر ئەم ڕێگایانەم خۆش ناوێت،
کە مژدەی گەڕانەوەی من بوون بۆ ژێر ئاسمانی ئەم گەلاوێژە ئاسنینە، دەبێت لە م خاکانە دەرچم، لە خاکی ئەم بستەباڵا کانزایانە، لە ئاوی ئەم بەلەمەوانە قەمورانە بپەڕمەوە و شەوێک... شەوێکی تاریک، دەست لە زەنگە مەستەکانی 'با'بدەم... گیا ماچ بکەم، هەرێزەکانی شەو... باڵی ئەو ئەو باڵندانەی پاسەوانی بورجە دوورەکانن، دەست بدەم لە گریانی با لە لەنگەری گپی قەڕاغ دەریاکان لە ئالوودە بوونی لمەکان بە هەناسەی لە شکری ئەم ئافرەتە خەوتوانە.
نووسین: دارا مجید

پەراوێز edit