ئاڵەکۆک

ژیلا حسەینی add_a_photo
ژیلا گەشەی ئەوین
٣٤. چەن گلەیی
خۆشەویستیم کتێبێ بوو
پر لە تاسە و خۆزگە و هیوا
دوا لاپەڕەی خەونەکانم تیا ماچ کرد و
دامە دەستت
بەڵام تۆ وەک خوێندوارێکی بێتاقەت
یەک دوو فەسڵی سەرەتاییت لێ خوێندەوە
ئیتر بەستت
لەسەر ڕفەی یادەکانت
تۆزی خەم و بیرچوونەوەی لێ نیشتووە.
***
خۆشەویستیم
درەختێ بوو، هەتا ئەهات
خاشەکانی بە خاکی عەشقا ڕۆ ئەچوون
لق و پۆشی سەری لە ئاسمان گیر ئەبوو
لەو کاتەدا
ئامێزی بۆ مەلی ماندووی تاسەکانت ئەگرتەوە
نەیئەزانی تۆ نوێنەری ڕەشەبایەکی بێبەزەی
لەگەڵ خۆتا هەواڵی خنکانت پێیە
***
تۆ نووسەری زام و خەندەی ئەم سەردەمەی
چاوی هیوام تێ بڕیبووی
بەڵکوو لە بۆچوونم بگەی
کەچی تۆیش وەک باپیرانمان
لەسەر ڕەش و کاڵی نیگاکەم ڕۆیشتی و
پەردەی خەمەکەشمت نەدی
کە چۆن چۆنی
بۆتە مەزاری سەد تاسە
***
ئای هاوڕێکەم
هەتا کەی من بە نوێنەری
ژێر دەستەڵاتی و نامۆیی
بە نوێنەری فرمێسک و ناڵێن ئەزانی
بە بڕوای تۆ
کاتی ئەوە نەهاتووە
چاوەکانم وەکوو پەنجەرەی سەر مێشکێ
پر لە تاسە بزانیت و
پەردەی سەر ڕازەکەی لادەی؟ !

پەراوێز edit