شاعیر: ژیلا کتێب: گەشەی ئەوین سەرناو: چەن گلەیی خۆشەویستیم کتێبێ بوو پر لە تاسە و خۆزگە و هیوا دوا لاپەڕەی خەونەکانم تیا ماچ کرد و دامە دەستت بەڵام تۆ وەک خوێندوارێکی بێتاقەت یەک دوو فەسڵی سەرەتاییت لێ خوێندەوە ئیتر بەستت لەسەر ڕفەی یادەکانت تۆزی خەم و بیرچوونەوەی لێ نیشتووە. ***خۆشەویستیم درەختێ بوو، هەتا ئەهات خاشەکانی بە خاکی عەشقا ڕۆ ئەچوون لق و پۆشی سەری لە ئاسمان گیر ئەبوو لەو کاتەدا ئامێزی بۆ مەلی ماندووی تاسەکانت ئەگرتەوە نەیئەزانی تۆ نوێنەری ڕەشەبایەکی بێبەزەی لەگەڵ خۆتا هەواڵی خنکانت پێیە ***تۆ نووسەری زام و خەندەی ئەم سەردەمەی چاوی هیوام تێ بڕیبووی بەڵکوو لە بۆچوونم بگەی کەچی تۆیش وەک باپیرانمان لەسەر ڕەش و کاڵی نیگاکەم ڕۆیشتی و پەردەی خەمەکەشمت نەدی کە چۆن چۆنی بۆتە مەزاری سەد تاسە ***ئای هاوڕێکەم هەتا کەی من بە نوێنەری ژێر دەستەڵاتی و نامۆیی بە نوێنەری فرمێسک و ناڵێن ئەزانی بە بڕوای تۆ کاتی ئەوە نەهاتووە چاوەکانم وەکوو پەنجەرەی سەر مێشکێ پر لە تاسە بزانیت و پەردەی سەر ڕازەکەی لادەی؟ ! ++++++++++++++++++++++