ئاڵەکۆک

ژیلا حسەینی add_a_photo
ژیلا گەشەی ئەوین
٢٧. مەزاری بێ ناز
ئەی ئاشنا
تۆ نامناسی؟ !
منیش وەک تۆ خەڵکی وڵاتی گریانم
خەم و فرمێسکن یارانم
دەستی منیش بر لە تۆیشووی تەنیاییە،
دڵم تەنگە
سەرم شێتی سەودایەکی شەیداییە
هۆ ئاشنا
دەستی تەنیاییت ئەگوشم
تۆ و شۆڕەبیی حەوشەکەمان
زۆر لەمێژە سەرتان بۆ من داخستووە
بۆ وەی پرچتان دابهێنم
بانگم ئەکەن... ناوم ئەبەن
ئەتانەوێ تەنیاییتان بڵاوێنم
من نازانم
خەمی خۆم و خەمی ئێوە و خەمی دنیا
بە کام هۆرە؟ ... بە کام لاوک، بتارێنم؟
ئێستا زانیت؟
من شاعیرێکی ئاوارەم
لەوانەیە دەستم نەڕوا لقێ گوڵت بۆ بهێنم
کێل و بەردی سەر مەزارت بڕازێنم
لەسەر خاکت هەر بەتەنیا بۆ بێکەسیت
شیوەن بکەم
بەڵام ئەم چەن دێڕەت وەکوو دیاری
بۆ ئەهێنم.
پێشکەشە بە ڕۆحی ئەو کیژەی هیچ کەس بۆ تەنیا جارێ نەچووە سەر مەزاری

پەراوێز edit