شاعیر: ژیلا کتێب: گەشەی ئەوین سەرناو: مەزاری بێ ناز سەبارەت: پێشکەشە بە ڕۆحی ئەو کیژەی هیچ کەس بۆ تەنیا جارێ نەچووە سەر مەزاری ئەی ئاشنا تۆ نامناسی؟ ! منیش وەک تۆ خەڵکی وڵاتی گریانم خەم و فرمێسکن یارانم دەستی منیش بر لە تۆیشووی تەنیاییە، دڵم تەنگە سەرم شێتی سەودایەکی شەیداییە هۆ ئاشنا دەستی تەنیاییت ئەگوشم تۆ و شۆڕەبیی حەوشەکەمان زۆر لەمێژە سەرتان بۆ من داخستووە بۆ وەی پرچتان دابهێنم بانگم ئەکەن... ناوم ئەبەن ئەتانەوێ تەنیاییتان بڵاوێنم من نازانم خەمی خۆم و خەمی ئێوە و خەمی دنیا بە کام هۆرە؟ ... بە کام لاوک، بتارێنم؟ ئێستا زانیت؟ من شاعیرێکی ئاوارەم لەوانەیە دەستم نەڕوا لقێ گوڵت بۆ بهێنم کێل و بەردی سەر مەزارت بڕازێنم لەسەر خاکت هەر بەتەنیا بۆ بێکەسیت شیوەن بکەم بەڵام ئەم چەن دێڕەت وەکوو دیاری بۆ ئەهێنم. ++++++++++++++++++++++