ئاڵەکۆک

ژیلا حسەینی add_a_photo
ژیلا گەشەی ئەوین
٢٣. لاڕێ
هەر دێیت و دێیت
ئاگام لێتە
بە پێدزکێ و هەندێ جاریش بە ئاشکرا
ڕێگا ئەبڕیت
بەڵام ناگەیتە ئەو شوێنەی
بە یەکجاری عوقرە بگری و پشوو بدەیت
کەی ماڵ و سامانم لێت ویست
کەی تەلار و کۆشک و قەڵا
زێڕ و مووروو... حاشا، حاشا.
بە چاوی خۆت سەیری دنیای بیرم ئەکەی
ڕێگای عەشقم
بە گەزی خۆت ئەپێویت و دوایی نایەت
بە دەسترەی شڕی بیرێ کۆن سەر چاوەکانت بەستووە
هەتا ئەژنۆ لە لیتەی نامۆییی خۆتا هەڵچەقیوی
هەر پەل ئەکوتی و
چنگ لە بۆشایی توند ئەکەی
هەر پەل ئەکوتی و
تراویلکەی ئەوینەکەت
لەسەر دەریای ئەم شەوەدا
ئەتەقێت و ئەتوێتەوە.
دەنگت لە ئاوازی ژینا
ون ئەبێت و ناگاتە کەس
شوێن چی کەوتووی... بۆ کوێ ئەڕوێ
ئەوەی ویستم لە دڵتایە و لێ ون بووە
ئەم ڕێگایە ناگاتە جێ ژوانی عەشقم
لاڕێ ئەروێ...
لاڕێ... لاڕێ...

پەراوێز edit