شاعیر: ژیلا کتێب: گەشەی ئەوین سەرناو: لاڕێ هەر دێیت و دێیت ئاگام لێتە بە پێدزکێ و هەندێ جاریش بە ئاشکرا ڕێگا ئەبڕیت بەڵام ناگەیتە ئەو شوێنەی بە یەکجاری عوقرە بگری و پشوو بدەیت کەی ماڵ و سامانم لێت ویست کەی تەلار و کۆشک و قەڵا زێڕ و مووروو... حاشا، حاشا. بە چاوی خۆت سەیری دنیای بیرم ئەکەی ڕێگای عەشقم بە گەزی خۆت ئەپێویت و دوایی نایەت بە دەسترەی شڕی بیرێ کۆن سەر چاوەکانت بەستووە هەتا ئەژنۆ لە لیتەی نامۆییی خۆتا هەڵچەقیوی هەر پەل ئەکوتی و چنگ لە بۆشایی توند ئەکەی هەر پەل ئەکوتی و تراویلکەی ئەوینەکەت لەسەر دەریای ئەم شەوەدا ئەتەقێت و ئەتوێتەوە. دەنگت لە ئاوازی ژینا ون ئەبێت و ناگاتە کەس شوێن چی کەوتووی... بۆ کوێ ئەڕوێ ئەوەی ویستم لە دڵتایە و لێ ون بووە ئەم ڕێگایە ناگاتە جێ ژوانی عەشقم لاڕێ ئەروێ... لاڕێ... لاڕێ... ++++++++++++++++++++++