ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٨٩. کتێبفرۆشی
تووشی برادەرێک بووم گوتی: وەرە من هەشتا دینارم هەیە. دوکان بە شەریکی دەکەینەوە؛ مایە لە من و کاریش لە هەردووکمان. دوکان نەبوو، دەبێ بڵێم تاقەیەکی پەل بوو لە دیواردا. هێندێک وردەواڵە و کتێبمان لێ دانا. لە بەیانی زووەوە تا نیوەشەو بە نۆرە لە دوکان دەوبووین. خواردنمان سەموون و شەربەت بوو. زۆر ماندوو دەبووین و کەممان دەست دەکەوت. کتێبفرۆشێکی شیرازی لە بازاڕی کتێبفرۆشان خۆی کردە ئاشنامان؛ بە دەمیش زۆر کومۆنیستی غەلیز بوو. چەند کتێبی داینێ، گوتی مەمنووعە بەڵام زۆر خێر دەکەن. نازانم چۆن بوو کتێبمان نەهێنابووە دوکان، لەپڕ پۆلیس هاتن دوکانیان پشکنی و سەلامەت دەرچووین.

دیار بوو کاکی شیرازی وەک قڕژاڵ بە دوو سەر دەڕوا.
دوو مانگی نەکێشا شەریکەکەم وازی لە دوکانداری هێنا. حیسابێکی کرد گوتی: دوازدە دینارمان زەرەر کردووە، بدە شەش دینار!
- کاکە خۆت دەزانی شەش ئەسپێ شک نابەم!
هەر چۆنێک بوو بەخشیمی و یەک فلسم دەست نەکەوت.

لەو دوکانە ڕۆژێک منداڵێکی دە دوازدە ساڵە هات پرسی: ماڵی ئیمامی لە کوێیە؟ من خەڵکی سابڵاغم، ناوم عەزیزە و لە ماڵی نانەوام. ئیمامی مێردی خوشکم لە بەغدایە و سۆراغی ناکەم. دەگەڵیا چوومە ماڵی براگەورەی ئیمامی کە ناوی محەممەد بوو.

پەراوێز edit