ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٩٠. یارمەتیی یەرمیای جوولەکە و وردەواڵەفرۆشی
پاش دوکان فرۆشتن بێکار مامەوە. یەرمیای جوولەکە دیسان وەک فریشتە دە هاوارمەوە هات. دوکانێکی چکۆڵەی بەتاڵی بێ بەرقی پەیدا کرد لە سەر خەیابانی ڕەشید؛ لە لای حەیدەرخانە. هێندێ قەفەسە و جامەکی بۆ کڕی و شتومتی وردەوپردەی تێ خست؛ گوتی: سەد و پەنجا دینارم پێ قەرزداری. ئەگەر بووت بمدەوە؛ دەنا گەردنت ئازاد بێ. مەشترسە! من هەموو ڕۆژ پاش نوێژان دێمە لات و فێرە کاسبیت دەکەم. بەرق بە نۆرە بوو؛ دوکان و ماڵی وا هەبوو بە سێ ساڵ نۆرەی نەدەهات. یەرمیا جوولەکەیەکی کارمەندی بەرقی ساز دابوو کە بە سی و پێنج دینار بەرتیل، بەرقی بۆ بدزێ. نوێژی شێوانێک دوو کرێکار بە ناردیوانەوە و کابرای کارمەند هاتن و بووینە خاوەن بەرق. ڕووی کردە یەرمیا:

- دە بدە سی و پێنج دینار.
- هەی جوولەکەی سەگ دین! تۆ دزی لە دەوڵەت دەکەی؟ دەبێ لە زینداندا بتڕزێنن.
کابرا تۆقی؛ خواخوای بوو هەڵێ. بە تکای من کە خوا هەڵناگرێ، پێنج دیناری دایە.

لە دوکان زۆر نەزان بووم. ئەو هموو وردە شتە چۆن بناسمەوە؟ لە سەری هەموو قوتووەکانم نووسیبوو. ماوەیەکی زۆری ویست تا شارەزایی تەواوم پەیدا کرد. یەرمیا ڕازی نەبوو کتێب بفرۆشم بەڵام بە قسەم نەکرد. بە بەر کتێب فرۆشتنەوە، مەجەللە و ڕۆژنامەشم دادەنا. دەبوایە سەعات چواری بەیانی - کە هێشتان تاریکان بوو - بچمە دەفتەری ڕۆژنامە دابەش کردن. پتر لە سێسەد منداڵ و جوان و پیری لێ بوو؛ هەرا بوو. لە هەر ڕۆژنامەیەک - کە ئەوسا نزیکەی دوازدە ڕۆژنامەی دەردەچوو - چەند ژمارەیەک وەرگرم. لە دە فلس دوو فلس بۆ خۆم. ڕۆژی دوایی نەفرۆشراو بەمەوە و تازەم دەنێ. ناوی دوکانەکەم نابوو «مەخزەن شوهەدا» بە یادی ئەوانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی بەغدا کوژراون. بڵاوکراوەکانی حیزبی شەعبم دەفرۆشت کە «عەزیز شەریف» و «ڕەحیم شەری» دەریاندەکردن و دەستەچەپی بوون.

«حیزبی ئیستقلال» دروست ببوو؛ دژی دەستەچەپیان بوو. هەموو ئەندامەکانی، وەک هەموو عەرەبی تر، لات و چەقۆکێش بوون و هەر ترساندنیان دەزانی. شەوێک هاتنە سەرم، ملسان لە شکاندنی جامخانە و دڕاندنی کتێبان نا، کە «بۆچی ناوی دوکانت شوهەدایە؟». «ڕەحیم شەریف» بەیانی ناردی کە قەرەبووی زیانم بکاتەوە و شکایەتم بۆ بکا، گوتم لێم خراپتر مەکەن و هیچم ناوێ. ڕۆژێکی تر پۆلیس هات و دووسەد کتێبۆکەی چەپی لێ زەوت کردم. ئیتر یەرمیا نەیهێشت چیتر کتێب و ڕۆژنامە بفرۆشم. دوکان بە پتەوی کرا بە خەڕازی؛ ناویشمان کردە «موختار». یەرمیا دەگەڵ خۆی بردمیە بازاڕ. بە جوولەکەکانی گەڕاین کە عومدەفرۆش بوون و هەموویان دەیانناسی و لە کاری فرۆشتنا زۆریان ئیحتیاج بە دەڵاڵی بازاڕ بوو. دەیگوت: ئەم کوڕە ئامۆزامە و بابی موسڵمان بووە؛ هەرچی دەیەوێ بیدەنێ و من زامن. بە قەولی شێخ ڕەزا: «من کە یەک پارەی جڵقم لە ئەزەل شک نەدەبرد»، هەمیشە بایی سێسەد تا چوارسەد دینارم ئامانەتی جوولەکان لە دوکاندا هەبوو. هەموو پێنج شەموان داخڵەم حیساب دەکرد؛ بۆ هەر عومدەفرۆشە شتێکم دەبرد و شتی تازەم وەردەگرت. ئێواران یەرمیان دەهاتە لام و دەرسی کاسبی فێر دەکردم. لە هەواڵەتی و ڕێ شاندانی ئەوڕا زۆر باش ڕوون بوومەوە کە جوولەکە چەند لە موسڵمان و عەرەب و مەمانان زیرەکترن. دەمدی کە هەموو ئابووری عێراق و بازاڕی بەغدا سەری بە جوولەکەوە بەندە و هەموو هاوردەیەک لە دەستی ئەوانەوە بە عەرەب و بازرگانی عێراق دەگا. لەوانەی کە خۆم لێم دیون چەند نموونەیەک دەگێڕمەوە:

ڕۆژێک یەرمیا دەگەڵم هات عەتر بکڕین. زۆر جۆرە عەتری بە مارکی فەڕانسە و ئەڵمان و ئسپانیا و کوێ و کوێ هەبوو. یەرمیا گوتی: غەزەبتان لێ بارێ! هەمووی لێرە دروست کراوە! توخوا ئەگەر هەتانە عەترێکی ٧٧٧م بدەنێ بۆ خۆم، کە عەسڵە. شووشەیەکیان بۆ هێنا؛ بۆنی کرد گوتی: بەڵێ ئەوەم دەگوت کە خاریجییە. کابرا جڕتێکی بۆ کێشا: مردووت مرێ بۆ کەریەتیت! سی ساڵیشە هیچ عەترێکی خارجی نەهاتۆتە بەغدا، هەمووی دەسکردی خۆمانە!

پەراوێز edit