ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٨٨. هاوماڵیی مەحموود ئەحمەد لە بەغدا
تا هاتمەوە کووت، موهەندیس تەسادوفی کردبوو؛ بردبوویانە بەغدا. هاتمەوە بەغدا؛ دەگەڵ مەحموود ئەحمەد بوومە هاومەنزڵ؛ کە ماوەیەک لە بەغدا ماڵ و منداڵی دەگەڵ بووە و خەرجی دەرنەبردووە؛ ناردوونیە سولەیمانی و ژوورێکی لە خانوویێکی هەشت ماڵیدا گرتبوو؛ بە تەنیا دەژیا. مەحموود نیوەی ژیانی لە زینداندا گوزەراندبوو؛ سەری زۆر لە گونگەڵ دەخورا. لە پەرژ و بڵاویشدا وەک من کۆڵەوار بوو. شەوانە ئارەقی هەرە گرانی بە لیوانێکی لێو قرنجاوی شکاو دەخواردەوە؛ بە جووتەش چامان پێ دەخواردەوە. دەبوو لێو بگێڕین خۆ لە قرنجاو لا دەین؛ نەوەک بریندارمان کا! لیوانمان دەکڕی دەیشکاند کە من وام پێخۆشە بەو لیوانە ڕایبوێرم! جارجارە دەعوەتی گۆڕانیبێژ و موسیقادانی دەکرد؛ بەڵام لیوان هەر نەدەگۆڕا!

شەوانە جلی کوردی دەبەر دەکرد و دەردەچوو. دەچووە قەحبەخانە، یەکێکی بانگ دەکرد: پووڵەکەت دەدەمێ و کارم هەر ئەوەندە پێتە بۆم بگێڕیەوە چۆن گەیشتوویە ئێرە و سەرگوزەشتەت چییە؟ ... چەند جارێک لە لایەن گەوادانەوە دارکاری کرابوو. ترسابوون قەحبەکانیان لێ بفڕێنێ. ئەو چیرۆکانەی کۆ کردەوە و لە چاپی دا بە ناوی «لە سایەی دەرەبەگیدا». هەر فۆرمەیەکی دەردەچوو دووسەد دانەم پێ دەهێناوە ماڵێ. کتێب لە چاپ دەرچوو، گیرا و مەحموودیان گرت.

پاش بیست ڕۆژ بەردرا. کتێب نرخی بیست و پێنج فلس نووسرابوو. کە لاوان بیستیانەوە خاوەنی گیراوە و نووسراوە سووتێنراوە، بۆی دەگەڕان. هەر نوسخەم بە دووسەد فلس دەفرۆشت و کە هاتە دەر، بارێکم پارە بۆ وە سەر یەک نابوو.

بۆی گێڕامەوە کە ئەو دەم هێشتا ماڵ و ژنی لە بەغدا بووە و بۆ چیرۆک چۆتە قەحبەخانە، نیوەڕۆیەکی گەرما، ژنێک خۆی بە ماڵا کرد. یەک لەو ژنانە بوو کە مەحموودی ناسیبوو: کاکە مەحموود هەڵاتووم؛ بیکە بە خاتری پیاوەتیت ڕزگارم کە! هەر ئەو دەمە ترۆمبیلێکی گرتووە و بردوویە تا قەراغ شاری سولەیمانی و گەڕاوەتەوە. پاش چەند مانگێک ڕێگەی کەوتۆتە شێخە دێیەک، لە حەسار یتەکیە سۆفیەک پێی گوتووە: وەرە دایە خانمی حەرەمی شێخ بانگت دەکا. کە دەچێ، دایەخانم هەمان ژنە. خانم شانی ماچ دەکا:

- کاکە مەحموود! قەت لە منەتت دەرناچم.
- دایکم! بە غەڵەت چووی؛ بە خوا نە دەتناسم، نە ناوم مەحموودە؛ لێت گۆڕاوە.
خانم دەگری و دەڵێ: بە ڕاستی پیاوی...
نا نا، دایکم! بە خوا ناتناسم، خوداحافیز.
لە سۆفی و مۆفیانم پرسی: دایەخانم چۆن ژنێکە؟ ئەوەندەیان تاریفی خێرەومەندی و ئیمانداری و بەزەیی گێڕایەوە کە باس ناکرێ.
مەحموود بە عاقیدە چەپی بوو؛ بەڵام لە حیزبی کومۆنیست و پارتیدا ئەندام نەبوو؛ هەردووک لاش خۆشیان دەویست. زۆر دڵاوا بوو. جارێک لە بەر دوکانەکەم کابرایەک سرتەی دەگەڵ کرد؛ مەحموود ڕۆیشت و زوو هاتەوە، سێ دیناری دا بە کابرا. کابرا ڕۆیشت.
- مەحموود ئەو سێ دینارەت لە کوێ هێنا؟
- کاکە ئەو پیاوە گوت پووڵی سەلەرم پێ نییە. چوومە هەڕاجە بازاڕ کۆتەکەم بۆ فرۆشت!
زۆر کاری سەیرترم لە مەحموود دیوە؛ بەڵام پێویست ناکا زۆرتری لە سەر بڕۆم.

دوای هاوماڵیم دەگەڵ مەحموود ڕۆژێک لە ڕۆژان خانووەکەیان تێکداین کە تازەی کەنەوە. مەحموودیش خۆی نەقڵ کردە سولەیمانی و ناچار سیپاڵم بردەوە ماڵی مام حوسێن!

پەراوێز edit