ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٨٧. سەرعەمەلەیی لە کووت و...
بە هۆی دژایەتی دەوڵەت و خۆپێشاندانی ساڵی ١٩٤٨، گوتیان دەبێ شیعە و سوننی ببنە برا. کامیۆنێکی زۆر لە بەر بارەگای غەوس ڕاگیرابوو. هەرایان دەکرد: کێ دێتە نەجەف؟ هەزار ڕووتە و پووتە و لات خۆیان تێ دەخزاند و دەیانگوت پڵاو دەخۆین. سەرکردە مەلا تەها ناوێک بوو؛ گوتم: حەز دەکەم بێم؛ لای شۆفێر دەگەڵ خۆی سواری کردم. خۆم لە پڵاو دزیەوە؛ چوومە ئوتێل، چوومە زیارەتی ئیمام عەلی. کە کابرای خاوەن ئوتێلم پرسی: لە وڵاتی ئێمە دەڵێن ئیمام لە سەرەمەرگدا فەرموویە مەمنێژن تا دێن دەمبەن. عارەبێک بە وشترێکی سپی چاوڕەشەوە هاتووە تەرمی بردووە و کەس نازانێ قەبری لە کوێیە. کابرا پێکەنی گوتی: ببەخشە دیارە لە وڵاتی کەرانەوە هاتووی! ئیمام لە کووفە مردووە، هێناویانەتە ئەو تەپکە سێڵاو نەیگرێتەوە نەجەف یانی تەپکۆڵکە.

مەحموود ئەحمەدی ئاشناکەی سولەیمانیم نەقڵ کرابووە بەغدا و لە ئیدارەی ئامووزش و پەروەرشدا دەفتردار بوو. گوتی: نامەیەکت بۆ دەنووسم بچۆ کووت؛ لەوێ کارت دەدەنێ. نامەم دا بە موهەندسێکی کورد کەناوی نووری بوو؛ ناوی بابیشم لە بیر نەماوە. شایانی باسە کە لە بەغداوە گەیشتمە کووت و لە گاراژ دابەزیم، کەلوپەلەکەم دزرا. زۆری بۆ گەڕاین دیتمانەوە؛ بەڵام کەتری چا لێنانم هەر فەوتا و زۆرم خە بۆ خوارد. موهەندیس گوتی: ئەمشەو دەگەڵ باغچەوانەکە بە! دوو ماسییان دابوو بە باغچەوان بیبرژێنێ. ماسی لەسەر ئاگر بوون، باغچەوان گوتی: نوێژ دەکەم ئاگات لێ بن چەقەڵ نەیانبا. لە نوێژ خەلاس بوو، بەجێم هێشت. کردیە هەرا: ئای چەقەڵ بردی! پێم سەیر بوو لە ناو شاردا چەقەڵ ماسی بەرێ.

بەیانی موهەندیس ناردمیە لای چەند کارمەندێک کە دەگەڵیان بژیم. ماوەیەک مامەوە. کووت ئەوسا شارێکی زۆر پێس و پۆخڵ بوو؛ لە شار نەدەچوو. تەنیا کابرایەک ڕۆژنامەی بەغدای دێنا و لە قاوەخانە بەکرێی دەدا؛ تەواو چوار خەتت نەدەخوێندەوە دەیساندەوە و دەیدا بە یەکی تر. لە کوێ نان بخۆم؟ کارمەندەکان بردمیانە ناو بازاڕ چێشتخانەیەکیان نیشاندام کە: ئێمە ئابوونەین، مانگی چوار دینار دەدەین و هەرچی بمانەوێ و کابرا هەیبێ دوو جەمە دەخۆین. بوومە ئابونە! سینەماش هەبوو، هەر بە دوو ڕۆژ فیلم دەگۆڕا.

ڕۆژانە بێکار و وەڕەز دەبووم، دەچوومە سەر سەدی «غەڕاف» سەیری ماسیان و قوڵکەی ماسیگریم دەکرد و پێی دەخافڵام. ڕۆژێک چاوم لێ بوو عەرەبێک بەرەو کووت دەهات؛ بوخچەیەکی دە بن هەنگڵدا بوو. گەیشتە سەر پردی سەد، دانیشت جووتێ کەوشی لە بوخچە دەرێنا، خاوێنی کردەوە و کردیە پای و هەستا. وەک ژنە لادێییەک کە تازە پاژنە بەرز دە پێ دەکا، هەر تلاوتلی بوو. کردی و نەیکرد نەیتوانی بڕوا. دانیشت و دایکەند و نایەوە ناو بوخچە و بە پێخواسی ڕووی لە شار نا.

خۆپیشاندان دژی ساڵح جەبری لە کووتیش بەردەوام بوو. دەڕۆین و بە تێکڕایی دەیانگوت: «بکەوێ! بکەوێ!» عارەبێکی ڕووتی پێخواس کە لە کەنارەوە وێستابوو چەند جار هاواری کرد:

«یا خوا بکەوێ! دە با بکەوێ!».
پرسیم: مامە چی بکەوێ؟
- دینار بکەوێ و من هەڵیگرمەوە!

لە کووت دەگەڵ کودێکی کۆیی و عارەبێکی کوردیزانی باش بوومە ئاشنا و خۆشم لێ دەهاتن. کوردەکە ناوی ئەحمەد حەوێزی و عارەبەکە ناوی خالید بوو.

ڕۆژێک موهەندیس گوتی دەتنێرمە «بەدەر» یان «جەسان» کارمان هەیە. باغچەوانەکە تێیگەیاندم کە ئەو دوو شارە ئاویان سوێرە و هەوایان زۆر پیسە، گوتم ناچم.

- دەچیە نوعمانیە؟

کابرا چاوی لێ داگرتم، گوتم بەڵێ دەچم. دەگەڵ بەننایەک و دارتاشێکدا چوومە نوعمانیە کە ئیدارەی پۆلیس تەعمیر کەینەوە و من سەرعەمەلە بم. بیست فەعلەیەکی عەرەبی دەشتەکیم تەسلیم کرا و دەسمان بە کار کرد. بە قانوون دەبوایە کرێکار ڕۆژانە لە چارەگە دینارێک کەمتر نەبێ و هەشت سەعات کار بکا. بەڵام عارەب گوتەنی: «کێ دەبیە و کێ دەخوێنێتەوە؟» فەعلە دوازدە سەعات کاری پێ دەکرا و کرێیان ڕۆژانە سێ پەنجایی بوو. هەر وا دوای یەک دوو ڕۆژ هەستم کرد کرێکارەکان سرتە دەکەن و لە من دەڕوانن.

- برا ئەوە دەڵێن چی؟
- دەڵێن ئەو کابرایە هیچ لە سەرعەمەلەیی نازانێ. ئەوانی پێش تۆ قسەی خۆشیان «سەگی کوڕی سەگ» و «قاحبە دایک» بوو. تۆ هیچ جنێومان پێ نادەی؛ جگە لە کاری دەوڵەت کاری خۆتمان پێ ناکەی! پێمان سەیرە...

من و بەننا و دارتاش لە وەتاغێکی چکۆڵەدا دەژیاین؛ کرێکاریش لە ژوورێکی زۆر بەرفرەواندا - کە عەنباری گێچ و سیمانیش بوو - دەنووستن. هەر لە بەرەبەیانەوە تا تاریکان دە ناو تۆز و خۆڵدا هەڵدەسووڕاین. نیوەڕۆیان سەعاتێک وچانی فاعلان بوو. دارووجانی ناو برنج لە بار لە کووت دەفرۆشرا. فاعلەکان داروجانیان دەکڕی و بە بەرد دەیانکوتا و لە سەر تەنەکەیەکی ڕەش بە ئاگری کۆنەقامیش دەیانکردە سەوڵە و دەیانخوارد؛ کە وەک زەهری مار تاڵ بوو.

ڕۆژێک بەخشداری شار هات گوتی: ئەگەر هێندێک ماڵەکەم تەعمیر کەنەوە مەمنوون دەبم. گوتم: باشە وەختێکت بۆ دەدزم. پیاوێکی زۆر ناسک و هێمن و خەڵکی نەجەف بوو. ویستی نەجابەت بنوێنێ، بە عەمەلەیەکی گوت: تۆزێک لەو نانەی خۆتم دەیە! گوتم مەخۆ! نەخێر، وەریگرت و نایە دەمی؛ دەسبەجێ تفی کردەوە و گوتی: تاڵە، ناخورێ. چاوم لێ بوو فرمێسکی دە چاو تزا، ملی نا لە جوێندان بەو دەوڵەتە دەوڵەمەندەی خاوەن نەوت و داهاتەی عێراق، کە هێشتا زۆربەی دەشتەکەی عێراقی ناتوانن هیچ نانی جۆ بخۆن و پەنا بە دارووجان دەبەن.

سبەی ئەو ڕۆژە کرێکارم بردە ماڵەکەی. بۆ نیوەڕۆ گۆشت قەلەموون و خۆرشت و پڵاوی زۆری داینێ. گوتم: جەناب! بەدبەختت کردن؛ تا چەند ڕڕ تام لە دارووجانەکەیان ناکەن و تازە تا مردنیش جەمێکی وا مەگەر دە خەون ببینن.

ڕۆژێک دیتم بۆ کرێکارێکی پیری کۆڵکێش خیزی زۆر تێ دەکەن. گوتم: خاتری ئەو پیرە بگرن! باری زۆر گران مەکەن! لەو ڕۆژەوە بوومە موقەددەسیان و زۆر بە دڵ کاریان دەکرد کە لێیان نەڕەنجێم و ڕۆژێ بیست جار باسی ڕوحم کردنەکەمیان بۆ یەکتر دەگێڕاوە.

ڕۆژێک کرێکارەکان گوتیان کارمان بە قەبەڵ بۆ دانێ، زووتر مەرەخسمان کە کە جێژنە دەکەین. کاری خۆیان بە زیادەوە کرد و سەعات چوار گوتم بچن. پاش تاوێک گەڕامەوە خورمای زەهدییان لە پێش بوو. گوتم: خورمای زەهدی کیلۆی بەچوار فلس، بۆ جێژن کردن نابێ؛ ئێوە فریوتان داوم. یەکیانگ چۆن نابێ؟ بە ئیمام حوسێن سوندە کە ساڵێکە دمم لێ نەداوە. سەد و پەنجا فلس بۆ ژن و ماڵم خەرج کەم یان خورما بکڕم؟!

شەوێک باران بوو، دەگەڵ دارتاش و بەننا بە چراگاز چووینە شەوارەی کۆتران، لە تەویلە کۆنێکی ئیدارەی پۆلیس؛ چوار کۆترمان گرت. دارتاش گوتی: کرێکار دێنم پێی چا دەکەم.

- دوو کۆتری بدەیە!
- کۆتری چی؟
من ڕازی نیم بێگار بکەن.
- برا تۆ ناتەوێ زۆر ڕازی بن و کەیفیان ساز بێ؟ دە بڕوانە!

«بەدر» ناوێکی لە کرێکارەکان هێنا، پاکی کردن. لە نرخی ماندووبوونی، سەر و پێ و ڕیخۆڵەی کۆترەکانی برد و هەر هەڵدەپەڕی. چووم لە کونێکەوە خۆم لێ گرت، یەک دەیگوت: کۆنە قامیش بسووتێنین سەرکارگەر تووڕە دەبێ. ئەوانی تر دەیانگوت: پیاوی چاکە دەمانبەخشێ. گوتم: بسووتێنن بزانم چ دەکەن؟ لاقە کۆتریان کەوڵ کردبوو، سەرەکانیان پاک کردبوون، ڕیخۆڵەیان شوشتبۆوە، خستبوویانە سەر تەنەکەیەک و نابوویانە سەر ئاگر و هەر بیستیان وێکڕا لە خۆشیان گۆرانیان دەگوت و چەپڵەیان لێ دەدا.

مندڵێکی شازدە ساڵە دەگەڵ کرێکاران بوو. ئێوارەیەک باوکی هات و دەگریا و کوڕەکەش گریا: چۆن پێتان نەگوتووم؟ برای چکۆڵەی مردبوو؛ ناشتبوویان تازە خەبەریان دەدایە. کە من لۆمەی بابیم کرد، گوتی: دەترسام تۆ ئیجازەی نەدەی و کارەکەی لە دەست بچێ.

ڕۆژێک وەک هەموو ڕۆژان پاش کار چوومە مزگەوتی سوننی کە نزیکمان بوو دەم و چاو بشۆم. ئەو ماڵە چوار ماڵ سوننی و مەلایەکی لێ بوو، کاروباری موڵکی پادشایان بەڕێوە دەبرد.

لەو دەمەدا یەکێک لە مەلاکەی پرسی: مامۆستا شیعەش وەک ئێمە موسڵمانن؟
- بەڵێ کوڕم ئەویش وەک ئێمەن
گوتم: ئوستاد مەفەرموو وەک ئێمەن، بفەرموو ئەوانیش دینێکیان هەیە!
مەلا کە یەکێکی دم و چاو ئاوڵاوی کورتەباڵا بوو پرسی: خەڵکی کوێی؟
- کوردستان.
- ها کەرکووک!
- بەڵێ وەک کەرکووک!
- لە کوێ دەنووی؟
- لە ئیدارەی پۆلیس دەگەڵ دوو کەسان

مەلا و ئەوانی تر گوتیان نابێ لەوێ بی؛ وەرە حوجرەی مەلا. حاجی عەبدوڕەحمانیش - کە مجێورە - نان و چات بۆ ساز دەکا.

هەر ئێوارە، مەنجەڵ و قاپ و قاچاغ و برینج و ڕۆن و زۆر شتی پێداویست گەیشتە مزگەوت. حاجی کەتەی لێنا. حاجی چ حاجی؟ ڕیشێکی درێژی دوفلیقانەی ماش و برینج، بڵندباڵا، بێسەواد، قەت دەمی ڕانەدەوەستا، لە سەر یەک قسەی دەکرد، تێنەدەگەیشتم دەڵێ چی، بۆ خۆشی نەیدەزانی چی دەڵێ! قسەکانی دەتگوت دێوجامەی کەوگرتنە؛ هەر پینەی لە ڕەنگێک و لێکی دەدان و دەیڕست تا خەو بە لایدا دەبردمەوە. مەسەلەن دەیگوت: بەسرا دوورە، شبلی پیاوی خوا بوو، لە بەغدایە گەرمایە، ماستی گامێش شلە، جەواهیرول قەلاید، بایەزیدی بەستامی، سەدەی عەراف، عەبدولقادر فادخلی جەننەتی... ئیتر لەو قەبیلە قوماشە لە دووی دەدا. منیش هەر بۆ سبەی شەو دەفتەر و میدادم ئامادە کرد هەرچی دەیفەرموو، دەمنووسی. بەزمێکی سەیری لێ دەرچووبوو. بە داخەوە فەوتا.

ڕۆژانە حاجی کڵاوێکی لۆتی چەقۆیانەی لەسەر دەنا؛ هەژ نۆ ئاوێنە و لیزگە مووری پێوە کردبوو. سواری داریک دەبوو بە کۆڵاناندا ڕمبازێنی دەکرد. دەیگوت هەتکی نەفسە و ئەولیا وایان کردووە. سەد منداڵی وە دوو کەوت و دەیانکردە قریوە. بەڕاستی حاجی لە کن سوننی و شیعەی شار بە ئەولیا ناسرابوو. شۆفیران هەزار سوێندیان دەخوارد کە حاجی بە پێ و ئەوان بە ترومبیل ڕۆیشتوون، حاجی دەپێشدا گەیوەتە بەغدا! حاجی نامەی لە بەغداوە بۆ دەهاتن؛ من بۆم دەخوێندەوە. ژنە وەزیر و جێ گەورە داوای نوشتەیان لێ دەکرد؛ دەعوەتیان دەکرد کە بە سەریان کەتەوە. دیار بوو لە بەغداش بە ئەولیای دەزانن. نوشتەکانیشی هەر خۆم بۆم دەنووسی کە دە پێشدا مەلا بۆی نووسیبوو.

ڕۆژێک لە پاش کار و چاوشوتن، بە جادەدا دەچووم، تووشی کتێبخانەی شار بووم. هەر چوومە ژوور کابرای کتێبدار یەک پێ ڕاستەوە بوو؛ بە غار ئاوی سارد و چای بۆ هێنام؛ لە پەیتا کتێبی دینا و قوربان قوربانی بوو! زۆر لە خۆم دڕدۆنگ بووم: ئەم کابرایە کە نامناسێ، ئەو کلکەسووتەی لە چییە؟ بە زمانێکی زۆر لووس گوتی: خێرە لێرەی؟!

- سەرعەمەلەم و کار دەکەم.
- قوربان! من تۆم لە «شوعبەی خاسە» دیوە؛ هەرچی دەفەرمووی دە بەر ئەمرت دام!

کابرام بۆ کەر بووە بۆ دەنگ بکەم؟! زۆر درەنگ زانیم «شوعبەی خاسە» بە ئیدارەی پۆلیسی سیڕڕی دەڵێن. ئەو کەرە منی لێ گۆڕابوو؛ خراپیش نەبوو!

شەوانە دەچوومە قاوەخانە؛ تەویلەیەکی زۆر درێژ و پان، پڕ بە نیمکەتی ڕەقی درێژ، عەکسی جوچک و مریشیکی ئینگلیسی، جۆوج و ئەلیزابت، کچی کافرۆش و هەزار جینجڕ فینجڕی دی بە دیواراندا کرابوو. نیمکەت هەموو پڕ دەبوونەوە و دەبووە هەرا و چەققەیەک مەگین خوا بزانێ.

من کە هیچ کەسم نەدەناسی، دەفتەر و میدادێک و خۆم کردبووە خەبەرنیگاری خۆم! کەچەڵەکان، یەک چاوەکان، زگ زلەکان و لووت خوارەکانم دەبژاردن. ئەو جار قسەم دەنووسینەوە: چەند ماسیت گرت؟ گامێشت کڕی؟ تازە لە بەغدا هاتمەوە، چوومە زیارەتی کەربەلا... هەرچی دەیانگوت دەمنووسیەوە.

شەوێک پەیمانکار هات کە بە کرێکارەکان بڵێ: بارە گێچ و خشتی بەتاڵ کەن. چووم پێم گوتن: نەچن بە بێ پووڵ بیکەن! داوای دە دینار بکەن. گوتیان: هەر بە خۆڕاییمان کردووە!

- هەتیو ڕۆژی دوازدە سەعات کار دەکەن؛ شەو هی خۆتانە!

کارگەر ئیعتسابیان کرد و کابرا ناچار گوتی شەش دینار دەدەم. فەورەن گوتیان باشە! ڕانەوەستان بۆیان زیاد کرێ. پەیمانکار زۆری ڕق لە من هەڵگرتبوو. ڕۆژێک ڕیزە خشتم دەبژارد، گوتم: چەندن؟

- دوازدە هەزار.
- نەخێر ئەوەندە نین.

قیڕاندی: تۆ دوژمنایەتیم دەگەڵ دەکەی! پووڵێکی نا گیرفانمەوە. پووڵەکەم دایەوە، گوتم: شازدە هەزارە و چوار هەزارت لە بیر چووە. بەرتیلم مەدەیە و هەقی کارگەرانیش مەخۆ!

کارمان تەواو کرد؛ موهەندیس هات گوتی: لە حیسابێ کە من کردوومە، حەوت هەزار دینار لە پێشین؛ چونکە نەتهێشتووە دزیم لێ بکرێ. تا ئێستا حقووقت مانگێ دوازدە دینار بووە، بچۆ بەغدا چەند وەرەقێک وەرگرە تا بتوانم بۆت بکەمە هەژدە دینار. کەچی بەو حاڵەش دەرچوو کە لە ئیدارەی تەلەفۆنات چل گفتگۆی نێوان نوعمانیە و کووتیان زیاد لە سەر حیساب کردووین!

لە بەغدا کارەکانک کرد؛ وەرەقەی عەدەمە مەحکوومیەتم مابوو، شەش ڕۆژ هەر دەچووم، کۆمەڵێک ئەفسەری دەرەجەداری گەورە دیانگوت سبەی وەرە! ڕۆژی شەشەم پۆلیسێک لە درگا پرسی: چ بوو؟

- کاکە چارەگە دینارێکم دەیە!

گورجێ ڕۆیشت و وەرەقەی بۆ هێنام. سوێندی خوارد کە تەنیا سەد فلسی بەو گەیوە و سێ پەنجایی داوە بە ئەفسەرە زەلامەکان!

پەراوێز edit