ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٨٦. نۆکەریی عەبوود شالچی وەکیل
پاش ماوەیەک مام حوسێن گوتی ئاشنایەکی عەکاسم هەیە دەڵێ کارم بۆ دۆزیوەتەوە. عەکاس بردمیە لای وەکیلێکی دادگوستەری، بە حەوت دینار و نیو دامەزرام کە ڕۆژانە دەفتەرەکەی خاوێن کەمەوە و ئێواران لە پشت دەرکە دانیشم، چا و نووشابە بۆ میوانانی بێنم. شەویش لە دەفتەر بخەوم. نیوەڕۆیان دەیناردمە ماڵێ خواردنم بۆ دەهێنا و بەشی منیشی دەکرد. ماڵەکەی زۆر دوور بوو؛ دەبوایە دوو توتووبووس بگۆڕم و زۆریش بە پێ بڕۆم. زۆر ماندوو دەبووم؛ بەڵام نانی نیوەڕۆکەم کە دەدەچوو ڕازی بووم.

ئاغاکەم ناوی «عەبود شاڵچی» بوو. وەکیلێکی زۆر پڕکار بوو و زۆر دەوڵەمەند و ئەشرافی و لە ئازادیخوازانی حیزبی چادرچی بوو. کتێبی زۆری لە دەفتەرەکەی هەبوو. کەتریەکی بەرقی هەبوو شەوانە چام لێدەنا و کتێبم دەخوێندەوە. یەک لەو کتێبانەی خوێندمەوە و زۆرم خۆش لێ هات، نووسراوێکی «ئەدگار سنو» بوو کە لە سەر ژیانی منداڵی و لاوەتی مائوتسێتونگی نووسیبوو؛ ناوی نابوو: «پیاوی ئاسیا». ئاغاکەم زۆر هۆگری متاڵا کردن بوو؛ تەنانەت کە دەچووە سەر پێشاویش شتێکی دەبرد لەوێ بیخوێنێتەوە.

ڕۆژێک گوتی: وەرە بەندی کەوشەکانم توند کەوە! کردم؛ بەڵام هەستی کرد کە زۆرم بە لاوە گران بوو. ئیتر وازی لەم کارە هێنا. دوکتور ناجی مراد ناوێک هەر لەو ئاپارتمانەدا بوو. فەڕاشەکەی ڕۆژانە کە لە بیمارستان دەگەڵی بوو. ئێواران ئەویش دەگەڵ من لە پێشخانە دادەنیشت و ببووینە ئاشنا. بۆی گێڕامەوە کە ڕۆژێک دوکتور بە عارەبی دەشتەکی گوتووە:
- خروجت بێنە.
- خروج چییە؟
- گووت بێنە معایەنەی بکرێ.

سبەی کابرا بوخچەیەکی گرانی پێ بوو، شەش کیلۆ دەبوو، گووی لە ڕۆژنامەیەکدا نابووە بوخچەوە:
- فەرموو دوکتور!
دوکتور بانگی کرد:
- سەلمان وەرە مامت دیاری بۆ هێناوین، لێی وەرگرە!
- دوکتور بیبەمەوە ماڵە خۆتان؟ !
- نەخێر بیبە ماڵە بابە سەگبابەکەت!

ئاغام ڕۆژانی جومعە لە بەیانەوە دەهاتە دەفتەر؛ کوڕێکی عارەبی دەگەڵ خۆی دێنا کە لە ئیدارە دایمەزراندبوو. دەیگوت بۆ بڕۆ تەعتیل بە و تا ئێوارە مەیەوە. هەستم دەکرد کە ئەو کوڕە دەچێ ژنی بێگەنەی بۆ دێنێتە دەفتەر و ئاغای وەکیل خەیانەت بە ژنی خۆی دەکا و حەزیش ناکا من بزانم.

لەو ڕۆژانەدا بەغدا لەپڕ وەک گۆمی خوێنی لێ هات. خۆپیشاندانی خەڵک دژی پەیمانی «پۆرتسمۆس» و ساڵح جەبری سەرەکوەزیری لەوپەڕی تەوژمیدا بوو. ڕۆژ نەبوو چەند کوڕ و کچێک لە سەر جادە نەکوژرێن. نیوەڕۆ بوو، لە بازاڕ بووم تەقە قەوما. بە غار هاتم بگەمەوە دەفتەر، تفەنگیان تەقاند و کابرایەکیان لە نزیک منەوە کوشت. خوێنی لە بەر دەچوو، غارم دایە سەری کە بەڵکو خوێنەکەی ببەستم، لەپڕ قۆنداغە تفەنگێکیان بە پشتمدا کێشا؛ هەر ئەوەندە بوو نەمرد. بە کۆمە کۆمە ڕامکرد و خۆم دە دەفتەر هاویشتەوە. شاڵچی زانی لە خۆپێشانداندا وام بە سەر هاتووە، گوتی: وا دیارە تۆش سەرت لەو کارانە دەخورێ. لەو ساوە زۆر بە هێدیتر دەیدواندم.

ڕۆژێک کابرایەکی ڕەشی سوودانی دەگەڵ خۆی هێنا و گوتی یادیدەت دەکا. تێگەیشتم کە ڕەشەی پێ لە من چاترە و دەفتەر دوو کەسی ناوێ. داوای حیسابەکەم کرد و خواحافیزیم لێکرد. خڕ هاتمەوە ماڵی مام حوسێن.

پەراوێز edit