ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٦. با شیعرم دیارییەک بێ بۆ گەلی کورد
هەرگیز بە شیعر سواڵم نەدەکرد؛ بەڵام ئەگەر داوای یارمەتی و قرزم لە هەر ناسیاوێک بکردایە، زۆر بە ڕووی خۆشەوە دەیکرد.

زۆر کەس هەبوو لە باری سیاسی ناخۆشیان ویستووم، جوێنیان پێداوم. بەڵام لە ڕوویان نەهاتووە بڵێن شاعیرێکی سواڵکەرە و مل لە بەر پیاوی خوێڕی نەوی دەکا. توانیومە زۆر بە سەربەرزی بژیم. زۆر جار ئەگەر دیتوومە کەسێک دڵی لێم ڕەنجاوە، گوتوومە چی داومێ با لێم وەستێنێ.

دیاریشە لە پاش ئەوە توانیومە بە یارمەتی بارزانی کتێبی شیعری خۆم چاپ کەم، پووڵی کتێبانم زۆر دەسکەوتووە کە مەمنوونی هیچ کڕیارێک نەبووم. من بارزانیم بە گەورەی خۆم قبووڵ کردبوو؛ شانازیم بەوە دەکرد کە نۆکەری ئەو بم. پێشم شەرم نەبوو ئەو یاریدەم بدا، چونکە لام وا بوو مەرد و ڕەندێکە نموونەی کەم لە دنیادا هاتوون. جارێک «حافز مستەفا قازی» -کە لە بەردەستی «ڕەشید عارف سەقا»ی کوردی ملیۆنێردا کاری دەکرد- گوتی: کاک ڕەشید خەییامەکەی تۆی بە خەت دیوە. دەڵێ من لە سەر حیسابی خۆم بۆی چاپ دەکەم. فرسەتە با پێی چاپ بکەین. گوتم: حازر نیم ناوی ڕەشید عارف لە سەر کتێبی من بێ و بڵێ یاریدەی هەژاری داوە و ئەو فەخرەی بدەمێ!

لە کاسبی کردن و فەقیریشدا زۆرم کەساسی و هەناسەساردی دیتووە و زۆر جاریش بوومە خاوەن پارە و دیسان هاتوومەوە سەر سیفر و دیسان تێ هەڵچوومەوە.

ئەوی دەیزانم و بە ئەدیب و خوێندەوارم دەزانن، لە سایەی ماندووبوون و شەوبێداری خۆمەوە دەستم کەوتووە. سەر لە هوەڵەوە زوو لە خوێندنەوە ماندوو دەبووم؛ بەڵام پیاو کە لە سەر شتێک سوور بێ و دەست هەڵنەگرێ، خووی پێ دەگرێ و لێی دەبێتە سەیران و سەیاحەت.

وەک چۆن نازانی لە منداڵیوە چۆن گورە دەبی، لە خوێندنەوەش زۆر ئاگا ناکەی؛ کەچی دەبینی زۆرت مەعلوومات وە سەر یەک ناوە و تۆ بە خۆت نەزانیوە. زۆر جار کتێبم خوینۆتەوە و تەواو لە بیرم چۆتەوە. تیا بووە تەنانەت ناوی دانەرەکەیشم لە بیر نەماوە؛ کەچی هەر وەخت قسە لە شتێک کراوە، من باسی ئەو شوێنەم وە بیر هاتۆتەوە. وا دیارە مێشک عەنبارێکی زۆر بەر فرەوان و ئەمینە؛ لە وەختی پێویستدا چت دیوە یان خوێندووتەوە، نیشانت دەداتەوە.

پەراوێز edit