ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٥. حاڵی شاعیر
دەمەوێ جارێ بە سەرچڵی باسێکی گشتی لە خۆم بکەم. زۆرم باسی شاعیرانی کۆن و نوێ خوێندووە و بیستووە. لام وایە لەم ڕۆژهەڵاتەی خۆماندا-یانی لەناو فارس و عەرەب و کورددا- ڕەنگە من، وەک شاعیر، لە هەموان حاڵم خۆشتر بووبێ. دەخوێنمەوە کە فڵانە شاعیر تاریفی فڵان خەلیفەی بە قەسیدەیەک کرد، دە هەزار، سەد هەزار زێڕیان دایە. بەڵام حاڵی شاعیر چۆن بووە؟ تۆ بێنە بەر چاوت: سەد شاعیر هەر یەک چەند شەو خۆی جیڕەبابە داوە، قەسیدەی پڕ لە درۆی گەورەی بە قەد و باڵای نافەساڵی خەلیفە یان پادشا هەڵگوتووە؛ پرسیویانە:

- ئەمڕۆ خەلیفە یان شا ڕووی خۆشە؟ تووڕە نییە؟ ئیجازە هەیە بچینە خزمەتی؟
- بەڵێ فەرموون... دەی شیعر بخوێننەوە!

شا و خەلیفە - لە کەر کەرتر - لەو ناوەدا شیعری یەکێکیانی پەسند کردووە؛ خەڵات بەو دراوە و ئەوانی تر دەم لە پووش دەرکراون. «نیزامی» کە خودای شیعرە، بە حاکمی وەخت دەڵێ: من سەگێکی دەرکی تۆم؛ چاوم لە ئێسکێکە بۆم باوێژی. «فیردەوسی» خاوەنی شانامە، وەها خۆی لە بەرانبەر «مەحموود غەزنەوی»دا بە سواڵکەر نیشان دەدا، پیاو بەزەی پێدا دێت. زۆربەیان، لەو شاعیرە گەورانە بە سواڵکەری ژیاون. ئەوانەی خۆم دیتمن و زۆر لە خۆم شاعیرتر بوون، وەک مەلامارفی کۆکەیی، قەسیدەیەکی سەد بەیتی بۆ تاجرێک دەنووسی، دەیگەیاندە تەشقی عاسمان؛ نیو کیلۆ گۆشتی دوو تمەن بایی بۆ دەنارد.

من کە تازە دەستم بە شیعرگوتن کردبوو، لام وابوو منیش دەبێ تاریفی پیاوێکی گەورە بکەم و جایزە وەرگرم. چەند شیعرێکم لە مەدحی ئەحمەداغای حاجی بایزاغادا گوت. جایزەکەم ئەوە بوو دەیگوت: «ئەو کەرە باش باشی گوتوون!» ئەم قسە بۆ من بوو بە دەرسێکی گەورە. ئیتر وازم لەوە هێنا بۆ جایزە شیعر بڵێم؛ با هەر بۆ عیشقی دڵی خۆم بێ. عاشقی ئازادی کوردستان بووم؛ کەیفم پێ دەهات. جا وەگەر مەدحی قازی محەممەد یان ستالین و ڕووسیام دەکرد، بۆیە بوو کە بە ڕەمزی ئازادی کوردستانم دەزانین. چاوم هەرگیز لەوە نەبوو پووڵێکم بخەنە گیرفانەوە. بۆ خۆم کاسبیم دەکرد و شیعرەکانم دیارییەک بوو بۆ گەلی کورد.

لە بیرمە جارێک شیعرێکم لە کۆبوونەوەیەکدا خوێندەوە؛ قازی محەممەد ئافەریمی کردم و گوتی: سەد تمەنت بەخشش بێ. هەر لە مەجلیسەکە گوتم: ئەو سەد تمەنە بدرێ بە دەفتەر و قەڵەم بۆ منداڵە فەقیرەکانی مەدرەسە. تەنانەت کە «ئاڵەکۆک» لە «ڕەوابیتی فەرهەنگی ڕووس و ئێران» لە تەورێز چاپ کرا، گوتیان چوار هەزار تمەنت حەقی تەئلیف هەیە. هەرچەند ئەوە قانوونی و هیچ سواڵیش نەبوو، نەمەویست. لە ئاوارەییشمدا لە عێراق، هەر خۆم بە ئارەقی ناوچاوان و ڕەنجی شانی خۆم بەڕێ دەچووم و شیعریم پێشکەش و دیاری بۆ ئازادی کوردستان بوو؛ کە ئەم حاڵە حورمەتی زۆری لە بەرچاوی خەڵک بۆ پەیدا کردم و لە نووسینی شیعردا زۆر ئازاد بووم.

پەراوێز edit