ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٥٣. من و شیعر
مرخی شیعر شتێکی خوداداییە و تەبعی مەوزوون دەگەڵ منداڵ دێتە سەر دنیا. زۆر کەس لایان وایە شاعیری بە میرات لە باوکەوە بۆ مناڵ دەچێ، ئەم قسەم زۆری ڕێ تێ دەچێ. هەرچۆنێک بێت، منداڵێ کە لەوانەیە ببێتە شاعیر، شیعری خەڵک ڕاست دەخوێنێتەوە، فرقی لەنگ و لۆر دەکا، بەڵام لە مابەینی هۆنەر و شاعیردا فەرق و جیاوازی هەیە. کەسێ کە هەڵبەستە دەڵێ و لەنگ و لۆری تێدا نییە هۆنەرە، بەڵام وشەی «شاعیر» لە وشەی «شعوور»ەوە هاتووە؛ واتا هەست. هەموو هەستێکی باریک و پڕ لە مانای ناسک، با مەوزوونیش نەبێ، دەتوانێ ناوی شیعری لێ بنرێ. کە وابوو وشەی «هەستیار» بۆ شاعیر پڕ بە پێستە و وشەی هۆنەر بۆ «ناظم» ڕاستە.

گۆرانیبێژی خۆوێژی نەخوێندەوار هۆنەرن؛ کە لە هۆنینەوەدا لەبارن. جا منداڵێکی دەتوانێ فەرقی شیعری لەنگ و نالەنگ بکا، دەتوانێ حەول بدا و ببێ بە شاعیر. بەڵام دەبێ زۆری شیعری شاعیرانی جۆراوجۆر لە بیر بێ و زۆری متاڵای کتێبی هەموو جۆرە و ئاگاداری تەواوی لە خەڵکی دنیای دەوروبەری خۆی هەبێ و بە کورتی وەک مێشەنگوین وابێ؛ شیرە لە گوڵان هەڵمژێ و لە پاش دەسکاری کردنێکی وەستایانە، بە شکڵی هەنگوێن هێقی بکاتەوە. ڕەنگە نەتوانم لە سەر ئەو باسە بڕۆم، چونکە مەسەلەیەکی زۆر گرینگە و زۆر لە پیاو عاقڵان قسەیان لێ کردووە. با باسی خۆم بکەم باشترە:

بابم تەبعی مەوزوون بوو؛ دەیتوانی شیعر بڵێ؛ بەڵام زۆری ڕق لە شاعیری هەڵدەستا و لای وا بوو هەر کەس لە کوردەواریدا دەبێتە شاعیر، خوا نان و دۆی دەبڕێ و بە سواڵکەری دەژی و بە سواڵکەری دەمرێ. میسالیشی بە حەریق و مەلا مارفی کۆکی دەهێناوە کە ئەو دوانەی لە نزیکەوە ناسیبوون. حەریق کە مردووە نانی شەوی نەبووە. مەلا مارفیش هەتا مرد سواڵنامەی بۆ هەرە پیاوی خوێڕیش دەنووسی و ئیوا هەبوو پارەی دە نانی بۆ نەدەنارد. کە دەڵێم بابم تەبعی شیعری هەبوو، جاروبارە تاکە بەیتی دەنووسی. جارێکیش فەقێ نامەیان بە شیعر لێ نووسیبوو کە هێندێک قەند و چایان بۆ بنێرێ و بابم هەر لە سەر وەزن و قافیەی شیعرەکانی ئەوان جوابی دابوونەوە:
عەزیزم شیعر و بەیتی تۆ گوتووتە
هەمووی سواڵ و زەلیلی و هات و هووتە
شبێکی زیادە قەند و چا، برالە
نە پۆشاکە، نە پێڵاوە، نە قووتە
لە باتی سواڵی ئەسپابی زیادی
وەرە تەرکی کە!مایەی ئابڕووتە
ئەوا ناردم دەزانم تەرکی ناکەی
کە خووی بەد دوژمنە و دایم لە دووتە

ڕەنگە شیعری چاک نەبن؛ بەڵام زۆر لەوەزن و قافیەدا ڕێکوپێکن و ئەگەر حولی دابا دەیتوانی شاعیر بێ. مامێکی دایکیشم کە ناوی «سەید حەمە سەعیدی نوورانی» و یەکێک لە نزیکانی شێخی بورهان و مەلایەکی بەناوبانگ بووە، شیعری زۆرن و زۆریش شیعری چاکی هەن؛ بە تایبەتی قەسیدەیەکی کوردی هەیە کە لەتە بەیتی سەرەتاکەی «پەرگەمای قەلبم، بە ڕشتەی میهری مەولا ڕوو نرا»یە. زۆر بە تەڕدەستی پەسندی شێخی خۆی لە ناو چوارچێوەی سنعاتی کڵاش چنیندا جێ کردۆتەوە. بەو بەیتە دوایی دێنێ و دەڵێ:
با حەواڵەی پاشی مونکێر بێ سەری نووکی کەڵاش
چونکە عەف عەف وا لەدەوری پادشاهی دین دەکا

جا ئەگەر تەبعی مەوزوون لە باوکەوە یان لە بنەماڵەی دایکەوە بە مناڵ بگا، یان هەر کەسە بە تەنیا بەشی خۆی وەرگرێ، من هەر زۆر بە منداڵی تەبعم مەوزوون بوو. زۆر زوو هەستم دەکرد فڵان شیعر لەنگە و فڵانە ڕاست و بێ زەدەیە.

تازە کوێرە سیواتێکم هەبوو، بابم دیوانێکی تورکی پێ دەخوێندمەوە. شاعیرەکە «میرعەلی شیری نەوایی» بووە. مەن و تورکی؟ خوای تۆ دەزانێ وەک کەڕ لە داوەتدا بێ وا بوو. قەت یەک کەلیمەشم مانا نەدەزانی. جار جار لە خوێندنەوەدا گرێم دەکرد، ڕادەوەستام. دەیگوت بۆ نایخوێنیەوە؟ دەمگوت وابزانم تەواو نییە. تووڕە دەبوو: هەتیو تۆ ترکی نازانی، چووزانی ناتەواوی و تەواوی شیعرەکە چییە؟! بەڵام کە خۆی تماشای دەکرد دەیگوت: بەڵێ لەنگە، فڵان کەلیمەی لێ دەرچووە. مەڵێ ناتەواوە، بێ لەنگە!

هەر زۆر بە منداڵی لە تریس شەڕەشیعر –نەوەک بدۆڕێنم- زۆر زۆرم شیعر لەبەر کردبوو. وام لێهاتبوو کەم کەس بۆڕی دەدام. تەنانەت جارێک لە گوندێک ویستیان بۆ شەڕەشیعر بە گژ کوڕە مەلایەکم داکەن. وەک گرێوە ئەسپ هەر کەسە لە سەر هەڵبژاردەی خۆی دەبڕی. سۆفی عەلی ناوێک گوتی: ئەگەر کوڕی مەلای دێ بردیەوە، مەڕێک دەدەم، ئەگەر ئەم کوڕەش بردیەوە مەڕێکم دەنێ: زۆر زوو سۆفی عەلی مەڕێکی بردەوە...

شەوێکیش دەگەڵ چەند فەقێدا چووینە گوندێک بە ناوی «خورنج». ئاغا ڕووی خۆ نەبوو؛ دەیەویست جوابمان کا. بۆ بەهانە گوتی:

- ئەگەر بە شەڕەشیعر کوڕی من بۆڕ دەن ڕاتان دەگرم و زۆر بەخێر هاتن.

هەر چەند من لەوانی تر منداڵأتر بووم، سینگم دەرپەڕاند و گوتم:

- من ئامادەم بە شیعری فارسی، یان هەر بە شیعری عەرەبی، یان هەر بە شیعری کوردی شەڕەشیعری دەگەڵ بکەم؛ با بۆ خۆی هەڵبژێرێ!

قسەی خۆمان بێ درۆم دەکرد؛ شیعری عەرەبیم هەر لەبەر نەبوو. بەڵام هەتیوی ئاغا زۆر ترسا. وەک دەڵێن «بە پەتیش نەیدەکرد»، فسی خوارد.

نازانم گەلانی تر چۆنن؛ بەڵام هەر بەچکە کوردێکی دوو پیت و لەتێکی خوێند، تووشی گرانەتای شاعیر بوون دەبێ و لای وایە ئەگەر شیعر نەڵێ هیچکارە نییە. دەتوانین بڵێین ئەو کوردانەی کە دەرسیان خوێندووە، سەدی نەوەدی خریکی شیعر دانانن! منیش هەر زۆر زوو تووشی ئەو نەخۆشیەی بووم. ملم نابوو لە شیعر، یان باشتر وایە بڵێم «میعر» هۆنینەوە. باڕۆکە بووم و لاسای قازم دەکردەوە. قەڵەم و دەفتەر بێنەو ڕەشی کەوە ناوی شیعری لێ بنێ. بەڵام شیعر چ شیعر؟ یاخوا بە نسیبی دوژمنانت بێ! نەشمدەوێرا نیشانی کەسی بدەم نەوەک بمکەنە گاڵتەجاڕی خۆیان. بە ڕاستی قسەی قۆڕ و بنشڕ بوون و خۆم پێم وابوو زۆر باشن؛ بەڵام خۆشم جیاوازیم لە نێوان دادەنان. هێندیکیانم پێ شاکار و هەڵبژاردەتر بوو. بابم بیستبوویەوە کە خەریکی شیعرم، جا وەرە جوێنم بۆ دابارێ و بە سوێندی درۆوە ڕەش ببمەوە کە من گوناهی وام نەکردووە.

جارێکیان بە شیعر جوابی نامەی ئاغایەکم نووسیبوو. جگە لەوە کە کابرا زۆری تاریف کرد و ئافەریمی لێ کردم، بۆ خۆشم لەخۆشیان دەتگوت فڕیم. پێم وابوو هیچ مریشکێک هێلکەی وا دووزەردێنەی نەکردووە!

ڕۆژێک لە سابڵاغ لە سەر تاتەکانی مزگەوتی شادەروێش لە لای مەلا مارفی کۆکی دانیشتبووم و داوای شیعری تازەیم دەکرد کە لەبەری کەم؛ چونکە هەموو شیعرەکانیم لەبەر بوو. وەک دابی عەرەبی پێشوو من ببوومە ڕاویەی مەلا مارف. بە مینگە و سەرخوراندنەوە گوتم:

- مامۆستا! من شیعرێکم گوتووە؛ بۆتی دەخوێنمەوە. تکایە لەبەر خاتری من مەفەرموو باشە. ئەگەر پێت باش نەبوو، پێم بڵێ.

پێکەنی، گوتی: شیعریش، ئەو سنعاتە ڕەزیلە خاتر و ماتری دەوێ؟! دەی بزانم!

شیعرە هەرە باشەکەم –کە جوابنامەکە بوو- بۆ خوێندەوە. کە لێی بوومەوە گوتی:

- ڕۆڵەم! ئەمە میعریش نەبوو؛ زۆر منداڵانەیە. هەر ئێستا بیدڕێنە و خۆتی لێ نامۆ کە.

شیعرم دڕاند و فڕێم دا. پاش تاوێک گوتی: ڕاستی بڵێ! هەمووی هی خۆت بوون یا لە خەڵکیشت دزیبوو؟ گوتم: هەمووی هی خۆم بوون.

گوتی: ئەگەر ڕاست بکەی، دوو بەیتیان شاعیرانە و ڕێکوپێک بوون. ئەگەر وەک ئەوانە بڵێی، بە هومێدم ڕۆژێک وەک خۆم لە برسان بمری!

جا ئەگەر خانم ئاوا بێ، قەرەواش چۆن سەگێک بن؟ ئەوە شاکارەکەمە دەبێ بیدڕێنم، گووکاریەکانم چۆن؟! بێ سێ و دوو کردن دەفتەرەکانی دیوانە جوانەکەم ئاگر تێ بەردان و خۆم لە شیعر و شاعیری تەرە کرد و ببڕای ببڕای ئاوڕم وە سەر نەدایەوە.

ئەو ڕۆژگارەی لە وشتەپە فەقێ بووم، ڕۆژێک کاکە ڕەحمانی حاجی بایزاغا هاتە حوجرە. تەرجیعبەندێکی لە شیعری کوردی و کوردایەتی خوێندەوە کە زۆرم لە لا خۆش هات. زۆرم حەول دا کە بیڵێ و بینووسمەوە، گوتی خاوەنیان کە خاڵەمینە سوێندی داوم وا نەکەم وە دەست کەس کەوێ. کە لەو ناهومێد بووم، بۆ خۆم کەوتمە گارەگا و تەرجیعبەندێکم دروست کرد. کە ئەویش هەر لە لای خۆم مایەوە و بۆ کەسم نەخوێندەوە، چونکە لام وا بوو ڕووی مەجلیسانی نییە. ئاخری ئەویشم لە ناو برد.

لە بیرمە لەو زەمانەدا کە شیعرم دەگوت، ڕۆژێک دەگەڵ فەقێیەک بە ڕێدا دەڕۆیشتین. فەقێ دەمی لە شیعر وەردەدا و هەر باسی شیعری باش و شاعیرانی ناوبەدەرەوەی دەکرد؛ منیش فرسەتم هێنا و غەزەڵێکم لە شیعری خۆم بۆ خوێندەوە. گوتی: بە خوا شیعری چاکە، ئەوە هی کێیە؟

گوتم: شیعری مستەفا بەگی کوردییە.

گوتی: هەی هەزاراه ئافەریم! توخوا ئەوجاریشی بخوێنەوە.

دیسان زۆری لا خۆ هات. گوتم: سا وەڵڵە شیعری خۆمە.

گوتی: دادەی ئەمجاریشی بخوێنەوە.

ئەمجار کە خوێندمەوە، تفوویەکی کرد و گوتی: مردووت مرێ، ئەمە شیعرە؟ ئەمە قسەی قۆڕە!

بەڵام لە دواییدا کە ببوومە ئەندامی کۆمەڵی «ژێ-کاف» و دیتم کۆمەڵە بە ئاواتەوەیە شاعیری هەبن و هێندێک شیعری پەسند کراویانم دیت و لام وابوو منیش هەرچۆنێک بێت دەتوانم وەک ئەوانە بهۆنمەوە، لە خۆشەویستی کۆمەڵە، بامدایەوە سەر شیعر گوتن و بوومەوە بە شاعیری ناچاری و لەو ساوە نازناری شاعیریم بە سەردا سەپا.

بەرە بەری زستان بوو؛ چووبوومە شار و سەرم لە کۆبوونەوەی برادەرانی حیزبی دا. تێگەیتم کە کاک هێمن هێندێک سروود و شیعری بۆ نووسیون. چەند شیعرێکی شاعیرانی عێراقیشیان پەیدا کردبوو. گوتیان زۆرمان نیاز بە شاعیر هەیە کە لە ئینتشاراتی خۆماندا بەرهەمیان شاندەین و زۆر گرینگە. من هیچ دەنگم نەکرد. کە هاتمەوە دێ، بیری خۆم هەڵکووشی و توانیم قەسیدەی «عەقڵ و بەخت» درووس کەم؛ بەڵام زۆر دڵکرمێ بووم کە ئاخۆ بە کار دێت یان نا؟ شەوێک کە لە بۆکان دەگەڕامەوە و میوانی کاکە ڕەحمانی حاجی بایزاغای ئاغای شێخلەر بووم، سەید کامیلیش لەوێ میوان بوو. باسی شیعر و شاعیرانی کورد دامەزرا. گوتم: برادەرێکم شیعرێکی داناوە، سوێندی داوم کە ناوی نەبەم و نوسخەی بە کەس نەدەم، بەڵام هێندێکم لەبەرە، باوەڕیش ناکەم بە کار بێت. هێندێکم لە عەقڵ و بەخت خوێندەوە. سبەینێ کاڵە و پیتاوم هەڵپێچا و ماڵاواییم کرد. کاکە ڕەحمان دەگەڵم هاتە دەر، دوو ئەسپ و سوارێک لە درگا بوون. گوتی: سواری ئەسپ بە! ئەم پیاوە دەگەڵتا دێ، گوتوومە تا نوسخەی ئەو شیعرانەی پێدا نەنێری نەیەتەوە. دەشزانم تۆ تاقەتی میوانی وات نییە کە چەند مانگ بە خێوی کەی! هەر چی حەولم دا ڕزگار نەبوو. ناچار هاتمەوە نوسخەم نووسییەوە و ناردم. بەڵام نەزانیم کردبوو، لە جوابی کەکە ڕەحماندا نووسیبووم:
بە کوردی پێت دەڵێم لێم مەگرە ئیراد
دیاری شوانە وێڵە، ئاڵەکۆکە

بەو تاکە بەیتە تێگەیشتبوو کە ئەو شیعرانە ئی خۆمن. شیعرەکانی لە بەر کردبوون. جارێک بۆ قازی محەممەدی خوێندبۆوە؛ بەڵام نەیگوتبوو هی کێن. قازی گوتبووی بمدەیە ڕۆژی جومعە لە سەر مینبەر بۆ خەڵکی دەخوێنمەوە؛ نەیدابوویە. دەمەو بەهار کە چوومەوە شار و سەرم لە حیزب هەڵێنا، تماشام کرد وا شیعرەکانی منیان لە تایپ داوە و بڵاوی دەکەنەوە. کاتێ گوتم شیعری منە و ئەوا نوسخەم بۆ هێننان. گوتیان دەسا دەبێ زۆرمان شیعر بۆ بنووسی؛ بەڵام چونکە بە ناوی نەناسراوی «هەژار» نووسرابوون، زۆر کەس بە ئی خاڵەمینیان دەزانی و زۆر درەنگ تێگەیشتن کە ئەو ئاگای لێ نەبووە.

بۆ ژمارە دووی گۆڤاری «نیشتمان» دەمەتەقەیەکم دانا و نیشانی زەبیحیم دا کە چۆنە چاپی بکەین؟ وەریگرت و فڕێی دا، گوتی: ئەوە هەر زۆر عەیبە و شیعر نییە و ڕێی ناکەوێ لە گۆڤاردا بێ! بۆ کاکە ڕەحمانم خوێندەوە، بە زەبیحی گوت: من ئەو دەمەتەقەم بەلاوە زۆر باشە. زەبیحی گوتی: بە ڕاستی شتی چاکە و چاپی دەکەین!

پەراوێز edit