ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٥٤. ترسان و وێران
منیش وەک زۆربەی منداڵانی دیکەی کورد، هەر لە بێشکەوە بە شەو لە بان و جندۆکە و غوولی بایان و ئەو شتانەی کە هەر نین و قەت نەبوون، ترسێندرابووم. جا چونکە ئەو بەڵا و موجزاتانە هەر لە شەودا داگەڕێن، لە شەودا دەترسام و نەخوازە لە تاریکەشەودا دەترسام هەر دەرکەوم. بەڵام ترسێک کە من هەمبوو ڕەنگە وەک ترسی کەس نەبێ. باوەڕ ناکەم هیچ منداڵێک لە خۆم ترسەنۆکتر بووبێت.

جارێک لە خانەقای شێخی بوهان، جەنگەی چێشتەنگاو چووبووم لە سەر مەرقەری شێخ قورعانم دەخوێند. ژەنگە سوورەیەک بەلای سەرووی بەر هەیوانی مەرقەددا وزەوەز دەگەڕا. ئەوەندەی لێ ترسام وەخت بوو گیانم دەرچێ. نەمکرا قورعانەکە لێک نێم، بەجێم هێشت و هەڵاتم، بەڵام هەڵاتن! ئێوارێ دەگەڵ زیارەتکەران هاتمەوە، قورعان لە سەر کورسییە قورعان بە ئاواڵەیی بەجێ مابوو؛ هێنامەوە. شەوانە هەموو پنجک و دارێکم لێ دەبوو بە جندۆکە و عیفریت. بە تایبەتی کە زۆرم چیرۆکی خێوی ئاوان (خوای کانی) بیستبوو، بە تەنیا نەمدەوێرا بچمە سەر کانی و چۆماوان.

نازانم چۆن بوو بڕیارم دا کە ئەو ترسە لە کۆڵ خۆم کەمەوە. وردە وردە غیرەتم وە بەر خۆم دانا. شەو دەردەکەوتم، تۆزێک دەگەڕام. جارێک لە گوندێک کە نزیکەی سەعاتە ڕێیەک لە خانەقا دوور بوو، وەختی خەوتنان گوتم دەچمە خانەقا. لە دێ دەرکەوتم. هاشەی گەڵای داران بە دەم باوە، خوڕەی ئاوی چەم و خڕان، هاڕەی ئاشان، ترسێکی زۆری وە بەر نام. لە ترسان دەستم کرد بە گۆرانی گوتن. لەپڕ بە سەر قەبرستانێکدا کەوتم کە ڕێگە بە ناویدا دەڕۆیشت. من و گۆڕستان و شەو؟ «ڕووح لە جێیەکی سەختە و دەرناچێ». هەر هێندە دەزانم چاوم قونجاند و هەڵاتم. دە هەڵاتنەکەمدا هاڕە لە گوێمەوە دەهات. نەمدەوێرا ئاوڕ دەمەوە. لە دەنگی سەگانی دێیەکی سەر ڕێم وشیار بوومەوە. چونکە ترس لە سەگانیش زۆر بە هێز بوو. ڕێگام لە دێ لا دا و لەو لاوە هاتمەوە سەر ڕێ و لە سەگ ڕزگار بووم. توزێک دەم و چاوم لە جۆگە ششت و پشووم تەواو هاتەوە سەر خۆ؛ ملی ڕێگەم گرت. هاتم تا خانەقا و چراکانیم لە دوورەوە دەدیت. بەڵام لەپڕ و نەکاو چی ببینم؟ یەک جندۆکەی پیرێژن لە تەنیشت ڕێ هەڵترووشکاوە؛ دەستی دە بەر چەنەی ناوە، زەق زەق تەماشام دەکا! چۆن عەرز قووتی نەدام و عاسمان هەڵینەکێشام؟ قاچم سست بوون؛ تق لە دەممدا و شک بوو. باوەڕ دەکەی یان ناکەی، دستم بۆ کڵاوەکەم برد، مووی سەرم وا گرژ ببوو، وەک دەرزی لە کڵاوەکەمەوە دەرچووبوون. نازانم چۆن شێت نەبووم. هێندێک ئایەت و دوعام دەزانی کە بۆ دەمی وا بە کار بێ، بەڵام کێ لە وەختی وادا دوعا و موعای لە بی دەمێنێ؟ ! هەڵێم، هێزی قاچم نییە. خۆ ئەگەر سەعاتێکیش هەڵێم، جندۆکە بە دوو شەقاو دەمگاتێ. دیارە ئەجەلم هاتووە. بە بیرمدا هات کە ئەگەر لە بەرانبەری دوژمنی کافردا پیاو دەست نەکاتەوە ئیمانێ نابا. ناعیلاج بە دەستی لەرزۆکەوە، بە دارووکەیەکەوە کە بە دەستمەوە بوو، خۆم بە سەر جندۆکەی مەلعوون دادا. دەست و چاوم هەمووی بە نووکی دڕوو بریندار بوو. چونکە جندۆکە پۆلە شیلانێک بوو لە دەم ڕێگە. جا وەرە لەو دەشتە بە تەنیا خۆم بە خۆم پێ بکەنم! ئیدی لەوساوە ئیمانم بەو هەموو چیرۆکانە نەما کە باسی جندۆکە و غوول دیتنیان بۆ کردبووم. زانیم ئەو کەسانەش هەر پنچکێک منچکێکیان دیوە و هەڵاتوون و بۆ ئێمەیان وەک چیرۆکی جندۆکە دیتن گێڕاوەتەوە. ترسی تاریکە شەوم نەما و لێکم دەداوە کە بۆچی لە ژووری دیوار سپی ناترسم و ئەگەر ڕەشیان هەڵگێڕا لێی بترسم؟ سپیایی ڕۆژ و ڕەشایی شەو فەرقی چییە؟ ...

شەوێکی باران بە ڕێگەدا دەڕۆیشتم؛ ماندوو ببووم. تووشی قەبرستانێک هاتم کە قەبرەکان بە بەردی لووس هەڵنرابوون. ویستم وچانێک ببینم. بەردەگەورەیەک لە دامێنی شاخی تەرەغە هەیە، بە ئامان و زامان دەیانگوت هەر کەس بە شەو بە لایدا بڕوا، جندۆکە دەستی لێ دەوەشێنن و ناوی چەند کەسیان دەگوت کە لەوێ شێت کراون. شەوێک کە وردە بارانی بەهاری دەباری، بۆ چوونەوە ماڵ بە ئانقەست ڕێگەم خستە ئەوێ، چوومە ناو هڵۆڵایی بەردەکە و چاوەنۆڕ بووم. خشپەی گەڵایەک، هاشەی بایەک، خرمەی وردە بارانێک دەهات، دە دڵی خۆمدا دەمگوت ئەوا هاتن؛ بزانم چۆنم دەنگێون؛ هەر دەبێ جندۆکە ببینم. لە سەرمان کەسیرە بووم و کەس نەهات. بە ناهومێدی دەر کەوتم و ملی ڕێم گرت. شەوە ڕەشی بەهار و کوێرەڕێ بوو؛ کەمتر ڕێگەم بەدی دەکرد. لەپڕ دیتم شتێکی ڕەشی زەلام لە بەر چاوم قوت بۆتەوە. ئەها بەخوا فیشقاندی و دەرپەڕی و بەرەو گوند پەل بوو. جاشکێکی یەکپڕ بوو؛ لە گاڕان بە جێ مابوو. بە شوێنی ئەودا ڕێگەم دیتەوە و پێکەوە گەیشتینەوە گوند.

کە تازەش چووبوومە ناو فەقێیان لە سەگ زۆر دەترسام؛ فەقێ گاڵتەیان پێ دەکردم. لەوەش ڕاهاتم؛ ئەگەر سەگم بۆ دەهات دادەهاتمەوە بۆ بەرد و ئەو ڕایدەکرد.

دە پێشدا لە بەر مارمێلکیش هەڵدەهاتم؛ وەمدەزانی مارە؛ بەڵام کە دەمدی منداڵی وەک خۆم بە دار یان بەرد مار دەکوژن، منیش وەردە وردە غیرەتم وە بەر خۆم دەناو فێر بووم لە بەر مار هەڵنەیەم و بتوانم بیکوژم. «سەید محێدینە شێتە» هەبوو، پوورزای دایکم و پێم دەگوت خاڵە. پیاوێک بوو زۆر بە ئازا و شەڕکەر مەشهوور بوو. هەمیشە پێی دەگوتم ئەگەر تۆ کوڕێکی ترسەنۆک بی، دیارە خزمی من نیت. جارێک من و خاڵۆزایەکم کە هەردووکمان لە سایەی وڵات تێکچوونی شەهریوەری بیست و پاشەگەردانی تازە سەرو تفەنگمان پەیدا کردبوو، پاش نیوەڕۆیەک ویستمان لە شاری سابڵاغ دەر کەوین. گوتیان ڕێگە خەتەرە و چەتە هەیە؛ گوێمان پێ نەدا. سێبەر شۆڕ ببوون تووشی کابرایەکی سواڵکەری گەڕیدە بووین. گوتی: کوڕینە! لە ڕاهی خودا بگەڕێنەوە، چەتەتان لە سەر ڕێگەیە و ئێستا لە بەر چاوی من کاروانێکیان بەر گوللە دا و ڕوتیان کرد. لەو خەبەرە ترسام؛ ڕووم کردە خاڵۆزاکەم گوتم: ئێمە تا ئێستا لێمان نەقەوماوە و دیارە تووشی شەڕە تفەنگ دەبین. تۆ دەڵێی چی؟ کابرایەکی خاوەن قاوەخانەی سەرجادەمان دەگەڵ بوو کە بە تەمای ئێمە هاتبوو، گوتی: بگەڕێنەوە، شەو مخاریجتان لە سەر من. حەمەدەمینی خاڵۆزام گوتی: هەرچی تۆ بڵێی وا دەکەم. لەپڕ خاڵە محێدینم هاتە بیر، گوتم: ڕەنگە بڕۆین بکوژرێین؛ ئەگەر بگەڕێینەوە لەوانەیە خاڵە محێدینم بزانێ؛ ئەوسا ئابرووی بە هەزار ساڵمان دەچێ. حەمەدەمین گوتی: تۆش بگەڕێیتەوە من هەر دەڕۆم. لە بن هەورازی جێگەی خەتەر ئەسپەکانمان بە کابرای قاوەچی ئەسپارد، کە بە ڕێگادا بڕوا. خۆشمان هەر یەکە بە لایەکی چیادا دەست لە سەر پەلەپیتکە و لە سەر ەەست سەرکەوتین. بەڵام بە سەلامەت گوزەرا و تووشی چەتە و شەڕ نەبووین. لەو ساوە کەوتە دڵمەوە کە ئەگەر قومابا شەڕم دەکرد و بۆم هەڵکەوتایە چەتەم دەکوشت. یانێ منیش خۆم بە پیاو زانی و دەخۆم زادەدیت کە لە کابرای دەستدرێژکەر کەمتر نەبم. هەردووکمان هەر خوێنمان لە لەس دێت؛ بۆ دوژمن بوێرێ هێرش بکا و من نەوێرم بەربەرەکانی بکەم؟

ماینێکم هەبوو، زینێکی کۆنی ئینگلیسیم لێ دەکرد. بە لای مەوە زۆر شتێکی باش و ئاسایی بوو. لە سابڵاغ میوانی ماڵی سەعید ناوێک بووم. تکای لێ کردم بە سواری ماینەکەم تا قونقەڵا بچێ. ئێوارە کە هاتمەوە سەعید دەناڵێنێ و لە جێدا کەوتووە:

- ئەی ماڵت ئاوەدان بێ! زینەکە هەموو قنگمی داماڵیوە! چوومە لای حەکیم، مەڵحەم و دەرزی بۆ نووسیوم.

تازە چووم سەیری زینەکەم کرد، ئەوەندەی باران و تاو لێ دابوو، وەک بەردی قرنج قرنجی لێ هاتبوو؛ بەڵام دیارە قوونی سەعید لە هی من ناسکتر بوو، من فێری ببووم.

پەراوێز edit