ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٥٢. دڵداری و لاوەتی
وەک باسم کرد تازە تەمەنم دەبووە یازدە ساڵ کیژێکم خۆش دەویست. بە بێ ئەوە هیچ لە لای دڵبەر بدرکێنم. دە پاڵ خۆمدا دەسووتام و پیاو هەق بڵێ ئەو دڵدارییە زۆری دڵنەرم کردم و هەست و بیری ناسکی فێر کردم. دڵدارییەکی زۆر پاک بوو. هەر چەند دڵبەرەکەم لە پاش زۆر ساڵان هەستی پێ کرد و ڕووی خۆشی نیشاندام، بەڵام فەرقی دارایی ماڵی باوکی ئەو و باوکی من نەیهێشت پێک بگەین و بەرهەمی هەموو گریان و دڵ دۆڕاندن لە یەک دوو ماچ تێ نەپەڕی و بۆ یەکجاری لێک دیدار ئاخرەت بووین و ئێستاش بە پیری تا وە بیرم دێتەوە، ئاخێکی ساردی بە دوودا دەنێرم.

دووهەم جار دڵم وەک پەپوولەیەک بە پەڕی گوڵی ڕوومەتی کیژێکی کچە مەڕدارەوە نیشتەوە. هەر چەند خەڵک دەیانگوت دەم و چاوی دەنکە دەنکە ئاوڵاویە و سپیلکەڵەیەکی زۆر جوان نییە، بەڵام لەبەر دڵی من ونووسی خودای جوانی بوو. ئەویش زۆری خۆش دەویستم. ڕەشماڵیان لە نزیک ڕەشماڵی خانەخوێی من بوو؛ هەر چیغێکمان نێوان بوو. ڕۆژانە کە پیاوان دەچوونە کارێ و کاری ماڵێ لە سەر ئەو بوو؛ زۆر دەرفەتمان بۆ دەڕەخسا کە یەکتر ببینین و بە ڕاز و نیاز و وردەماچان، کوڵ و کۆی خەم دامرکێنین. شەوێک لە شەو شەق بووندا، ئێستاش نازانم چۆن توانیم خۆم لە سەگان بدزمەوە و چۆنم وێرا وەک دزی لەزەبر درگای چیغ لادەم و بچم لە خەو خەبەری کەمەوە. هاتە دەر و لە سەر وردە دڕوە گوێنیان دەستەملان درێژ بووین. ئەوەندە کیژێکی پاک و شەرم بەخۆ بوو کە شەرمم لێ دەکرد و بە هیچ بارێک خەیاڵی خراپم بە دڵدا نەهات. حەزی دەکرد هەڵیگرم؛ بەڵام تارمایی باوکم دەهاتە بەرچاوم و دەترسام. لە پاش ماوەیەک لە دڵی خۆمدا بڕیارم دا کە بچم و هەڵیگرم. بەڵام هەیهوو، گوتیان براکانی زانیویانە و پاسی دەدێرن و تۆش ببینن سێبەرت بە تیر دەنگێون. هەر ئەوەندەم توانی لە دەرفەتێکدا نیو دەقیقەیەک بیبینم و داخ و عەزرەت بە یەکتر بگۆڕینەوە. ڕاستی برینێکی تازە هاتەسەر کۆنە برینی قرتماغە گرتووی دڵم.

لە پاش ئەو دوو جار ناهومێد بوونەم، ئیتر دڵداری ڕاستەقانیم لە بیر چۆوە. بوومە پەپوولەیەک کە لە گوڵێکەوە بۆ گوڵێک دەفڕی و لە جیابوونەوەش تەم دایناگرێ. لە هەر دێیەکی خوێندوومە، لە هەر جێیەکی پیا ڕابدووم، هەر جوانێکم دیوە، چاوی بزم تێ بڕیوە. جا یان بە بۆڵە جوێنیان پێ داوم، یان بزەیان هاتۆتە سەر لێوان و جار و ناجار بە دوو قسەی خۆش بە سەریان کردوومەوە و گاگایەکیش ماچ و مووچێکم دەس کەوتووە.

هێشتا لاوێکی لووس و پووس بووم، ژنە ئاغایەکی زۆر جوان و بە سەر و سیما و کەیخودا و پیاوانە، کە لە مەجلیسی پیاوان دادەنیشت و لە داکوژانی کێشەی خەڵک و گوندیاندا قسەی لە سەرووی پیاوانەوە بوو، تەمەنیشی لەودێو سی ساڵ بوو، نازانم چۆنی چاو دابووە من، بە هەزاران نەرمە فێڵ و لاواندنەوەی دایکانە کێشامیە بەر کەمەندی خۆی و بە تەپکەیەوە بووم. ماوەیەکی زۆر وەک دایکەکەی ژان ژاک ڕوسۆی لێ هات. تا نەمرد لەو دڵداریە دەرنەچووم و لە ڕاستیشدا مەرگی ئەو داغێکی گەورەی بە جەرگەوە نام. ئیتر ئەو دڵداریە ڕاست و درۆیانە، گشتی بە ژن هێنانم دوایی هات و لە هەر دوو جاری ژن هێنانمدا عاشقی شەریکی ژیانی خۆم بووم و زۆریش خۆم بە بەختەوەر زانیوە.

پەراوێز edit