ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٥١. لە تەورێز
ساڵەودوا خۆم کردە بازرگانی گەنم. دەگەڵ برادەرێکا بووینە شەریک؛ گەنممان لە بۆکانەوە دەبردە تەورێز و دەمانفرۆشت. چونکە زۆرمان دەبرد، ئەگەر کیلۆی نیو شایی خێری بکردایە، هێشتان زۆر بوو. جارێکیان سەدوبیست تمەنمان زەرەر کرد. هەر ئەو ڕۆژە چووینە دیدەنی حەمەدیمن ئاغای مەحمووداغا –کە ئاغای بۆکان بوو. قەپان و سەرانەی ماڵاتی بازاڕمان ئیجارە کرد بە مانگی هەشتاویەک هەزار تمەو. چوار کەسی دیش خۆیان کردە شەریکمان. نۆ ڕۆژمان بە دەستەوە بوو، یازدە هەزار تمەنمان خێر کرد؛ تا لە سەریان زیاد کردین. جارێک حەمامی بۆکانم بە ئیجارە گرت. بەڵام نەچوومە سەری و بە هەشت سەد تمەن خێر فرۆشتمەوە. خولاسە لە بۆکان خێروبێرم بە سەردا دەباری و تەواو ساز ببووم.

سەعدی دەڵێ: «دەنگی خۆش بژیوی گیانە»؛ هەمزەی شەریکم زۆر دەنگی خۆش بوو. بڕیارمان دا لە تەورێز نەچینە ئەو ئوتێلەی کە هەموو کوردی سابڵاغی دەچوونێ؛ چوویتە ئوتێلێکی بێ کورد. کاک هەمزە شەو لە ژوورەکەدا گۆرانییەکی گوت. خاوەن ئوتێل هات گوتی: هەر چەند لە کوردی تێناگەم، بەڵام ئەو دەنگە زۆری کار لێ کرد. وەتاغێکی دوو نەفەری دوور لە جادەی داینێ و سوێنی خوارد کە پووڵمان لێ ناستێنێ و هەرچی دەمانەوێ بۆمان پێک بێنێ، بەو شەرتەی ڕۆژی جارێک گوێی لە گۆرانی هەمزە بێ.

جگە لە کاری ڕۆژمان –کە سەردان لە بازاڕی گەنمفرۆشان و بە شارا گەڕان و سەیر کردنی قەیسەری و ڕاستەبازاڕان و چاوچەراندن بوو– شەوانە هەر لە ئێوارەوە دەچووینە سینەما. ئەمما ڕاستت دەوێ دێستاش نەمزانی کام فیلم باشە و کامی ناخۆشە. خاوەن سینەماکان بۆ ڕاکێشانی لاوان، کچی زۆر جوانیان بە خزمەتکار ڕادەگرت. پیاو کە لۆژ دادەنیشت، کچێکی زۆر لووسی بە ناز و نووز فێر کراو، بە شیرنی و ئابجۆوە دەهاتە ژوور و بە دەست بازیبەک و گا ماچێک و دوان، پووڵێکی باشێکی چوار و پێنج بەرانبەری نرخی بازاڕی لەمشتەری دەستاند. ئێمەش لەو دادۆشین و دەستبڕینە بە ئاشکرایە خۆشمان دەهات و بە ئانقەست ملمان بە تەپکەوە دەکرد.

ڕۆژێک لە سەر قسەی خەڵک چووینە مزگەوتێک لە تەورێز بە ناوی «صاحب الامر» کە گوتیان چوارشەممۆیان زۆر خوشە. خوش و ژووری لە ژن و کچ جمەی دەهات؛ بەردی دیواریان دەلستەوە کە بە مراد بگەن. لە ژوورەوە گونبەزۆکێک هەبوو دەیانگوت ئیمامە. مەلایەکی پیری ڕدێن خەناوی بە زیارەت ڕادەگەیشت. دوای زیارەت من دوو تمەنم دایە. کابرا کە هیچ کەس هەرگیز لە چوار شایی پتری نەدابۆیە، لەو حاتەمییەم واقی بردەوە. هەر وەک بترسێ کە لێی بستێنمەوە، نایە تەنکەی باخەڵی و خۆی دایە سووچێکی تاریک و زەق لە منی ڕوانی. تا تەماشام دەکرد چاوێکی لێ دادەگرتم. تەواو دڵخورد بووم. هەمزەم تێگەیاند و لێی چووە پێش و بە تووڕەیی تێی ڕاخوڕی:

- بۆ چاو لە هەواڵم دادەگری؟

مەلا گوتی: کەس وەک ئێوە مەرد نییە، لە سەر یەک دوو تمەنتان داومێ. ئێستاش ئەمڕۆ وەرنە ماڵە من، نۆ ژنی زۆر جوانم بەدەستە، کامیانتان هەڵبژارد لێتان سیغە دەکەم و خزمەتکارم.

من گوتم: ئاغا ئێمە سوننی مەزەبین؛ سیغە و قەحبە لای ئێمە وەک یەکە و بە حەرامی دەزانین؛ ئەمە ناکەین. ئاخێکی هەڵکێشا و گوتی: خوا نەکا سوننی بن. پیاوی وا چاک حەیفە سوننی بێ!

چووشینە زیارەتی سەید هەمزە کە عەزیزخانی سەرداری موکری لە بارەگای ئەو نێژراوە و گۆڕەکەشی زۆری قەدر گیراوە؛ چونکە لەدەورانی دەستەڵاتیا خەڵکی تەورێزی لە بەڵای قاتی و گرانی ڕزگار کردووە. ڕەنگە نەشیانزانیبێ ئەویش سوننی بووە! ئەوی لە بیرمە کە سەرنجی ڕاکێشابم دیدار لە ماڵی قەرە سەید ناوێک بوو کە دەیانگوت فاڵ دەگرێتەوە و نوشتە دەنووسێ. خانووبەرەکەی دوو حەساری دە ناو یەکدا بوو. خێزەرەی مشتەری وەک مێرووی وەوری چەوری کۆمەڵ ببوون. دەبوو سەید وەخت بدا کە فڵان ڕۆژ بێنە لای. کە زانی دوو کورد هاتوون، گورجێ ڕێگەی لای خۆی داین و قەدری زۆری گرتین و تێری قسەی خۆش بۆ کردین. پاش چەند ساڵ بیستمەوە کە سەید جاسووسی ئینگلیسان بووە.

لە تەورێز بۆ ڕیش تاشین و سەر چاکردن دەچووینە لای دەلاکێک. گوتی شتێکم بۆ بنووسە کە ڕیش تاشین بە قەرز نابێ. من دوو شیعری فارسیم بۆ نووسیبوو کە لە بیرم نەماون، بەڵام ماناکەی ئەوە بوو: «هەی بێ ئینساف! تۆ ڕیشەکەت لای من دەتاشی و قەرز نادەیەوە، من کوێت بگم؟ !». کابرا دە شووشەی گرتبوو هەڵیواسیبوو. ڕۆژێک گوتی: نازانم چت نوسیوە، بەڵام هەرچی دەیخوێنێتەوە پێ دەکەنێ و پێشم ناڵێن چییە!

ئەوەندەم لە بیر چوو بڵێم: بۆ هەوەڵ جار کە هاتمە تەورێز و چوومە باغی گوڵستان، دیتم تورکێک زوڕنا لێدەدا. هیچ شتێکم پێ لەوە عەجایبتر نەبوو. پێم وانەبوو جگە لە لۆتی کورد کەس زوڕنا لێ بدا. چەند سەیرە: تورک و زوڕنا لێدان؟ !

پەراوێز edit