ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٢٩. قەرەنی ئاغای مامەش
جارێکیان کە بۆ سەردان هاتبوومەوە ماڵ، مەلایەکی جحێڵ میوانمان بوو؛ لە ترسی سەربازی لە لای ئێمە خۆی شاردبۆوە. بابم بە هۆی دۆستانی، حەولی بۆ دا پێناسەیەکیان بۆ گۆڕی و لە سەربازی خۆی دزیەوە. لە بەرامبەر ئەو چاکەیەدا بە بابمی گوت عەبدوڕحمان بدە دەست من پێی بخوێنم. ئەو بۆ خۆشی -کە ناوی «سەید محەممەد» بوو- موستەعید بوو؛ دەرسی لای مەلای گەورە دەخوێند. دەگەڵ ئەو چوومە پەسوێ؛ کە بنکەی قەرەنیاغای مامەش بوو. مەدرەسەی فەقێیانی لێ بوو. قەرەنیاغا ئاشنای نزیکی بابم بوو. کە بیستبووی منیان هێناوەتە گوندی ئەو، فەرمانی دا کە شەوانە لە قەڵایە بم و بە ڕۆژ لە ناو فەقێ. ئەو زستاتە -هەر چەند زۆرم لەبەر گران بوو- دەگەڵ کورانی ماڵی ئاغای ژیام و دەبوو بە پێی ڕێ و شوێنی ماڵی ئاغا ببزوومەوە.

قەرەنیاغا بە ڕاستی شتێکی سەیر بوو. کۆنەپیاوێکی زۆر شەڕوشوڕ دیتووی هەڵکەوتە و بە دەردی کورد گوتەنی «گورگی باران دیتوو» بوو. ئاغایەکی زۆر بە هەیبەت و بەسام بوو. زۆر کەمدوێن بوو. ئێواران کە دەهاتەوە دیوەخان، لە لای سەروو ڕۆدەنیشت، تا شەو شەق دەبوو -وەک هەیکەلی بوودا- متەقی لێ دەرنەدەهات. تەزبیحەکەی هەڵدەسووڕاند و لە بن لێوانەوە دەگەڵ خۆی دەدوا و جارجارە پێدەکەنی و جاری وا بوو ڕووی گڕژ دەکرد. وا دیار بوو کاوێژی تەمەنی پڕ لە هەوراز و نشێوی خۆی دەکردەوە. بەڵام ئێمەی بەدبەخت چی؟ دوو کوڕی و دوو نەوەی و من، بە گوێرەی تەمەن لە سووچێکی خوارووی ئۆدە بە ڕیز لە سەر چۆک دادەنیشتین. من دەکەوتمە ناوەڕاست. هەر کەس ورتەی لە بەر بهاتایە، لێدان و تێهەڵدانی نۆکەران ئامادە بوو. منداڵ وەرە و خۆت ڕاگرە! پتر لە شەش سەعات لە سەر چۆک مەجووڵێ، ورتەت نەیە، وەڕەیش مەبە، ڕێگەی چوونە دەرەوەش نەبێ. ناچار بووم بۆ خۆم بەزمێکم ساز دەکرد. هەر کە ئاغای چاوی لێ خافڵ دەکردین، ئاوڕم لە منداڵان دەداوە و زمانم دەردێنا و لیچم لێ خوار دەرکردنەوە. لە پڕمەی پێکەنینیان دەدا. دەستبەجێ ئاغا بانگی دەکرد: «وەرن بیانبەن!» هەر یەکەی لە پاشخانەی دیوەخان بەر شەق و زللەی نۆکەران دەدران و دەبوو بە گریان و هاوار و دەهاتنەوە شوێنەکەی خۆیان. ئاغا دەێفەرموو: هەی بێ حەیاینە! ئەنگۆ هێچ نەبێ چاو لە کوڕی حاجی مەلا کەن چەند بە شەرم و عەدەبە! خۆ زاتی ئەوەشیان نەبوو بڵێن تاوان لە بن سەری ئەو دایە.

پەراوێز edit