لە خانەقا دەگەڵ هاوتەمەنێکی خۆمدا بوومە ئاشنا، ناوی «حەمەدەمینی شێخولئیسلام» و پوورزای منداڵە شێخەکان بوو. ئەویش دەبوایە بۆ بەرەکەت دەرس لای مامۆستا مەلا سەعید بخوێنێ و لە ماڵی شێخ بژی. نازانم ئەو زیرەکتر بوو یا من! بەڵام ئەوەندە دەزانم لە دەبەنگی هیچ فێرنەبووندا، درۆزنیش فەرقی نەدەکردین. هەر دووکمان وەک یەک دارکاری دەکراین و بە قەد یەک بەر جنێو دەدراین. تەنیا فەرقێکمان کە هەبوو، ئەو بۆ نەگبەتی، شیعری دەگوت و خۆی لە من بە هونەرمەندتر دەزانی. بەڵام شیعری چۆن؟ یا خوا بە نسیبی دوژمنانت بێ! من لە بەغیلیان گاڵتەم بە شیعرەکانی دەکرد. ئاخری هەر وازی نەهێنا و لە دوڕۆژدا بوو بە شاعیرێکی هەرەبەرز و بە ناوی «هێمن» ناوبانگی کرد. کاری هەرەگرینگمان ڕاوەدووپشک، دزی باغان، مریشک دزین لە ماڵە شێخان و هەزار بەدفەڕی و کاری نالەباری دیکە بوو.