ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
٢٧. خانەقای شێخی بورهان
جارێ با بزانین ئەو خانەقایە کە چەند جار ناوم بردووە چییە و چۆن دامەزراوە و ئەو ڕۆژەی کە من دیتوومە لە چ بارێکدا بووە:

یووسف ناوێک، کوڕێ وەرزێرێکی خەڵکی قەشان و ماوەتی شارباژێری کوردستانی بەردەستی عوسمانی ئەوسا و عێراقی ئێستا، چۆتە خوێندن، بۆتە فەقێ، بتە مەلا و ئیجازەی وەرگرتووە. خۆی گەیاندۆتە «تەوێڵە» و لای «شێخ عوسمان سراجەدین» بۆتە مرید و پلە پلە سەرکەوتووە تا کراوەتە خەلیفە و هاتۆتە «بورهان» کە گوندێکە لە مەڵبەندی موکریان. مریدی پەیدا کردوون، زەوی لە ئاقا قەبەڵ کردووە و بە مریدانی ڕەنێوە هێناوە و لە نانی ڕەنجی شانی مریدان، میوانداری مریدانی لاوەکی کردووە و پووڵ و دیاری وەرنەگرتووە. داوای کەشف و کەراماتی نەبووە، هەموو شتێکی حەواڵە بە کتێبی شەرع کردووە و لە شەرع بە موو کلا نەبووە. مەلایانی وڵات بە دڵ و داو هەموویان عاشقی ئەو ئاکارەی بوون و بوونەتە مریدی. خەڵکی ڕەمەکیش بە شوێن مەلایاندا هرووژمیان هێناوە. جووتێر و وەرزێری بە خێری خوا، ڕۆژ بە ڕۆژ زێدە بوون و دارایی تەکیە پەرەی گرتووە. مڵک کڕاوە و بەشی ئاغای لێ نەدراوە. پاش چەند ساڵێک کە گوندی «شەرەفکەند» بۆتە مڵکی خانەقا لە قشلاغی شەرەفکەند بنیات نراوە. جگە لە سۆفی تەرکە دنیا، فەقێ و مەلای زۆریشی لێ کۆ بۆتەوە، کە شێخیش لە ساڵی ١٣٢٨ی کۆچی مانگیدا مردووە، دام و دزگای خانەقا تێک نەچووە و نانی میوان و دانیشتوان لە مەوقووفەجاتی خانەقا دابین دەکرێ و سۆفیلکەی ترکەدنیاش کار و بار بەڕێوە دەبەن. گەورەی خانەقا شێخ محەممەدی کوڕی شێخە کە مەلایەکی زۆر بەناوبانگە و داوای شێخایەتی ناکا. دەرسی فەقێ دەڵێتەوە و فتوای شەرعی دەردەکا. دەڵێن دە پێشدا ئەو مرید و سۆفیانەی تەرکی دنیایان داوە و خۆیان دە قەبەڵ خودا کردووە و خزمەتی شێخ و خانەقایان لە مل بووە، زۆر زۆر بوون؛ بەڵام ئەو ڕۆژانە کە من خانەقام ناسی ئەو جۆرە تەرکە دنیایانە کەم ببوون و وەک ڕەچەڵاکی فیلی مامووت لە دوا بڕاندا بوون.

دەڵێن جارێک شکاکێک کە هاتووە و سۆفی ڕەبەنی خانەقای دیتوون، تووشی دێدێکی مەسیحیان بووە کە پڕ لە کیژی خۆ دە قەبەڵ کردووی بێ مێردە، کە توێشتیری عیسا پێغەمبەریان پێ دەڵێن. چەتە بەر دەرکی دێر و گوتوویە: «هێندێک نێری محەممەد پێغەمبەر لە خانەقا هەن، با ئەو توێشتیرانە خۆ لەوان چا بکەن!

«عەزیزی ڕابیە شەل» دز بوو، بەر لە نوێژی شێوان نزیکەی سەعاتێک دەخەوت. دەیگوت کەمێک خەوی پاش ڕۆژاوا خەوی شەوم دەپەڕێنێ و تا بەیانی خەوم نایە و بۆ دزیەکەم بەکارە. زۆرم لە قسە بەهرە وەرگرت؛ کە نووسینی شەوم هەبا ئەو کارەم دەکرد.

شێخ محەممەد، ناوێکی فەرغی بۆ هەموو کەس دەتیتەوە. بە منی دەگوت «جوجەڵە»، مەلا حەمەدەمین ناوێکی ناو نابوو «فەریکە کەر». سەر زەلامێکی لووت گڕوێ بوو. گاڵتەی خەڵکی خانەقا لە سەر ئەو بوو. خۆی دەیگوت: «خودا خەڵکی دروست کردووە کە ماندوو ببن، هێندێکی هەر بۆیە دروست کردوون ماندووەکان بحەسێننەوە و پێتان پێ بکەنن!». زۆر چیرۆکی سەیری هەن؛ خەوێکی گێڕاوە کە پێغەمبەر هاتۆتە خەوەنی فەرموویە: «مەلا تاو ماوی دە حاڵی حەیاتدا بە»!

ئەوانەی لە بیرم ماون: مام جەعفەر و محەممەدیار (تورکی کوێرە سوننی)! مەلا ڕەسووی سوڵتانی، مەلا حوسێنی کاکی مەلازادە، حاجی مام حوسێنی مەنگوڕ، کاکی شێخەڵی، شێخی شامی، سەید ڕەشیدی شاعیر و زانای بەناوبانگ و چەند کەسێکی تری وا بوون. قەلەوقووتە و تەنبەڵ و تەوەزەلی نانخۆری بۆرە پیاگیش هەتا بێژی فریە بوون؛ کە نان و دۆی خانەقایان دەنخوارد و قاچیان بە دیوار هەڵدەپەسارد و بێکار ڕایاندەبوارد. بە قەولی مام هێمن: «خانەقا وەک کەشتی نووح وا بوو، هەرچی بتویستا تێیدا بوو».

شێخی شامی، ناوی مەلا مستەفا سابڵاغی بوو؛ تەرکە دنیا لە حوجرەیەکا دەژیا. لەوەتا مەهدینامەی «ابن الحاج»ی خوێندبووە حەزی دەکرد چاوی بە محەممەدی مەهدی بکەوێ. ڕۆژێک لاوێکی ئەسمەری لووسی چاوگەورە کە خاڵێکی لە سەر ڕوومەتە، دەعوەتی دەکا بۆ حوجرە. لاو دەڵێ: من سەیدم و نام محەممەدە. تا مەلا دەچێتە دەسنوێژ گرتن و دێتەوە، هەتیو نەماوە. پەل دەبێ و پرسیار دەکا دەڵێن نەماندیوە. خەیاڵ دەکا کە ئەم کوڕە لووسە یەقین محەممەدی مەهدی بووە. دیارە لە شام زهوور دەکا؛ با بچمە پێ و شوێنیوە. کەل پەلی هەڕاج کرد و ڕۆیشت. پاش دوو مانگ هاتەوە، گوتی: چووم تا سولەیمانی، لەوێوە گەیمە کەرکووک و مجارجیم نەما، بوومە میوانی خانەقای سەید ئەحمەد. لە جوابی «لە چی دەگەڕێی» سەیددا گوتم: دەچمە شام بۆ دیتنی مەهدی. وا دیارە زۆر ساویلکەی، تۆ پەساپۆرتی عێراق و سووریات نییە، دەتگرن، پارەشت نیە. ناچار پەشیمانی کردمەوە. پارەی سەفەری دامێ؛ هاتوومەوە. لەو ساوە شێخ محەممەد ناوی لێ نا «شێخی شامی».

خوا بتحەسێنێتەوە، خانەقا ئەو تەمبەڵ بازاڕە بوو کە هەموو منداڵێک لە خوای دەوێ. منداڵانی ماڵی شێخ جگە لە بەدفەڕی و تووشی، فێری هیچ نەکرابوون. کاریان هەر دزی باغ و شەڕ و کێشە بە مەردم فرۆشتن و ژیانی گەللایی بوو.

پەراوێز edit