ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
١٧. تاڵانی شکاکان
کاتێ کە هاتوومە دنیا، ئاخر و ئۆخری بەهاری ١٣٠٠ی شەمسی بووە و لە پێناسەکەمدا -کە حەوت ساڵ دوای لە دایک بوونم وەرگیراوە- ڕۆژی لە دایک بووتم هەژدەی جەوزا، واتا مانگی پووشپەڕە. لە پاییزی ئەو ساڵەدا لەشکری «سمایلاغای سمکۆ» بۆ شەڕی عەجەم، سابڵاغی داگیر کردووە و شکاک ڕژاونەتە شار و ملیان لە تاڵانی کوردان ناوە. وا دیارە سمایلاغا هەر وەک ویستوویە لە چنگ عەجەم ڕزگارمان کا، ویستوویە لەو ماڵەش کە دەبەر پێس عەجەمدا پەیدا کراوە، ڕزگارمان کا! جا ئەگەر خەڵکی شار کەم تا کورتێک ماڵی خۆیان شاردبێتەوە و لە تاڵانیان پاراستبێ، باوکی من بەو هومێدە کە کام هەمزەی برای قەرەنیاغای مامەش برادەریەتی و ڕاوێژکەری سمایلاغاشە، ناهێڵێ ناڵان بکرێ، دەستی لە هیچ ئاشتەبایەک نەداوە. بۆ نەگبەتی برادەر نەهاتووە، شکاک ڕگاونە ماڵ، هەرچی بووە بردوویانە. نەنانەت دەسرازە و پەڕۆ و پاڵی لانکی منیشیان بردووە و منیان لە سەر خۆڵەمێش بە ڕووت و قووتی فڕێ داوە. بابم دڵخۆشی دایکمی داوەتەوە کە مەم مەخۆ! ماڵی دنیا پەیدا دەبێتەوە. دایکم زریکاندوویە: «من خەمی هیچم نییە، تەنیا خەمی ئەوەمە کوڕەکەم ڕووتە، چی تێوە پێچم؟ !».

ئەو تاڵانی شکاکانەش بۆتە چیرۆکێکی سەیر لە ناو خەڵکی سابڵاغدا: ژنیان ڕووت کردوون بەڵام ڕوویان وەرگێڕاوە و گوتوویانە: «خویشکا من! دەرپێ خۆ بدە من. ئەز ل تە نانهێڕم؛ خودێ قەبوول ناکە!». جگە لەوە هەموو کەس و هەموو ماڵیان تاڵان کردووە، پیاوەکانی خەڵکی شاریشیان بە بێگار گرتووە. ماڵی تاڵانی بۆ بنکە ڕاگوێزن. «مەلا مارف»ی شاعیر لەو باسەدا دەڵێ:
ئاواڵ کراسی کیژ و ژن و خانمی وەتەن
دایانڕنین ئەوانی سەبابانی قوون تڕۆڵ
قازی و مەلا و تاجر و ئەسنافی خەڵکی شار
گیران بە سوغرە کەوتنە ژێر باری دار و کۆڵ

شکاک کوردی سابڵاغییان هەر تاڵان کردووە و نەیانکوشتوون؛ بەڵام هەر ترک زمانێکیان وەبەر پەل هاتووە کوشتوویانە. یەکێک لەو ترکە ئازەریانە برادەری بابم بووە؛ خۆی و ژنەکەی پەنایان بە ماڵی ئەو هێناوە و حاوەونەتەوە. ژنی «کەربەلایی فەتحوڵڵا زەنگانی» ساوای لە بەربووە و شیری زۆر بووە. یاریدەی دایکمی داوە و شیری داومێ. کە زۆر ساڵان بە جحێڵی تا منی دەدیت دەگریا و منی وەک کوڕی خۆی خۆش دەویست.

پەراوێز edit