ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
١٦. هاتنە دنیام و کورتەیەک لەمەڕ دایک و باوکمەوە
خوایە! بە هومێدی تۆ

بۆ خۆم لە بیرم نیە کەنگێ بۆ یەکەم جار هاتوومە دنیاوە! بەڵام وەک بۆیان گێڕاومەوە و باوکم لە بیرەوەریەکانی خۆیدا نووسیبووی، ڕۆژێکی زۆر تووش و بارانی بووە -لە دایک بووم و بریا هەر نەبووبام ...

دایک و باب دڵیان خۆشە و خەنی بوون خوا کوڕێکی داونەتێ. مامان ناوکی ببڕە و مزگێنی و هەق دەست وەرگرە! باب هەر بە پەلە، بەر لە حەوتم! پەل بووە ناو بۆ تاقانەکەی بدۆزێتەوە. لەو دەمەدا کە مژدەیان داوەتێ، خەریکی خوێندنەوەی کتێبێک بووە کە زۆری لێ خۆش هاتووە. دەسا بە خوا ناوی نووسەری ئەم کتێبە لە کوڕی خۆم دەنێم. خاوەن کنێب «عەبدوڕەحمانی سیوتی» بووە و زانا و شاعیر و مێژووزانێکی لەزەبرە. پێغەمبەریش فەرموویە: ناوی هەرەچاک عەبدوڵڵا و عەبدوڕەحمانە. دەسا با منداڵ لە ناو پەڕۆ و پاڵدا زیقەی بێ و فێری مەمک مژینی کەن، تا کورتە باسێک لەو دایک و باوکە بگێرمەوە:

باوک مەلەیەکە لەو ڕۆژەدا کە خوا ئەم کوڕەی داوەتێ، چل و هەشت ساڵی لە تەمەنی ڕابواردووە، بەڵام چۆن ڕابواردنێک؟ بابی و دایکی هەردووک مەلا و مەلازادە بوون. بەر لوە ئەو چاو بە دنیا هەڵێنێ، هێندێک مڵکیان لە گوندی شەرەفکەند هەبووە؛ بەڵام کەوتوونە فەقیری. باب زوو مردووە و کوڕ کە ناوە محەممەدە و حەمەیان پێ گوتووە و لە ناو منداڵان، بۆریشیان لەقەب داوەتێ بۆتە «حەمەبۆر». لە باوەشی دایکی بێوەژن و نەداردا بە خێو بووە و هەر لای ئەیش ماوەیەک دەرسی خوێندووە. تەمەنی لە چاردە ساڵاندایە، دایکی دەینێرێتە فەقێیەتی. لە بابم بیست گوتی: لەو دەمەدا کە دایکم دەیگوت بڕۆ ببە بە فەقێ، من چیلکەیەکم دەعەرز دەوەژاند و کز و مات بووم. پرسی چیت لە دڵدایە؟ گوتم: دایە! خۆزگە دەرپێیەکی تازەم ببوایە، ئەمەم دڕاوە. گوتی: کوڕم! بە خودا نەک دووقڕان -کە قیمەتی دەرپێیە- تەنانەت چوار تاقە شاییش شک نابەم. بڕێ بێ خێت ببە پیاو، پەیدا کە! ...

لە فەقێیەتیدا بێتە موستەعید؛ بەڵام نەگەیوەتە ئیجازە وەرگرتن. خاڵی -کە «مەولانە سادق»ی خەلیفەی شێخی بورهان بووە- کردوویەتە خزمەتکاری خۆی. مەولانا وەکیل و بریکاری شێخ بووە لە سەر موڵک و ماڵی شێخ و زۆر پیاوێکی بەبڕشت و کارامە و بەهەڵسووڕ داسووڕ بووە؛ شوێنەواری لە موکریاندا هەر ماون: «پردی قەرەقشڵاغ»، «جادەی بەسری» و «پردی قەڵاتاسیان» کردەوەی مەولانان. لە ساڵی گرانی گەورەی ١٣٣٦ی کۆچی مانگی، خەڵکی هەژاری ناوچەی سەردەشتی، لە مردن و بێ نانی ڕزگار کردووە و دەخڵی بۆ ناردوون و خێری خۆی داونیەتێ.

مەولانا جارێک لە شێخ زیز بووە و سەری خۆی و بابمی هەڵگرتووە و ڕووی کردۆتە شاری «وان» لە وڵاتی تورکان و بۆتە میوانی مزگەوتێک. بۆ بەختی ئەو دووە، دارتووێکی سوور لە مزگەوتەکەدا تووە و لەو دەمەدا هەڕەمەی برگرتنی بووە. نانی وشکیان دەئاوی توو کوشیوە و خواردوویانە. مولانە خوارزاکەی خۆی خستێتە ناو بازاڕ و کاسبی فێر کردووە.

دەیگوت: لە بازاڕی «وان»دا دەگەڵ ئەرمەنییەک بوومە ئاشنا. ڕۆژێک گوتی: من سەد لیرەت دەدەمێ، کاسبی پێوە بکە؛ قازانج بە نیوەیی. گوتم: با پرس بە خاڵم بکەم. خاڵم گوتی: وا دیارە ئیمانتان لێک نزیکە! بچێ لێی وەرگرە!

وردە وردە حەمە بۆتە قاچاغ فرۆش. لە نێوان ئێران و ڕووس و عوسمانیدا تفەنگ و فەڕش و جەوهەری ئاڵوگۆڕ کردووە. زۆری پێ نەچووە خاڵی دەوڵەمەند بووە و لە گوندێکی بە ناو «خوڕخوڕە» خانەقایەکی بنیات ناوە و چەندین باخچە و ڕەزیشی لە دەوری شاری وان کڕیوە.

دەیگوت ڕۆژێک چەند کەسێک هاتنە سەر ڕێم، گرتیانم و بردیانمە ئاوایی کە گوندێک بوو ئاغای موسڵمان و ڕەعیەتەکانی زۆربەیان ئەرمەنی بوون. ئاغا گوتی: تۆ دەگەڵ کەشەی دێ وتووێژی دینی بکە! ئەگەر سەرنەکەوتی ئەوا ڕووت کراوی و ئەگەر سەرکەوتی ئازادت دەکەم. «یاخوا کەشە هێندە زانا نەبێ دەگەڵی دەرنەبەم!». مەجلیس ڕازاوە، کەشە هات؛ ئەم وتووێژە ڕووی دا:

- ئێمە ئەگەر خۆشەویستێکمان بە چەکێک بکوژرێ، چاومان بڕوایی نادا ئەو چەکە ببینین. کەچی مەسیحی ئەو دارەی«مەسیح»ی پێ ئیعدام کراوە بە پیرۆز دەزانن و هەر یەکە دە ملیاندایە و بەرەکەتی لێ دەخوازن.
- وادیارە پیاوێکی ناتێگەیشتووی! سەلیب لە شکڵی بنیادەمە بۆیە ڕێزی لێ دەگرین. بڕوانە!
کەشە خۆی درێژ کرد و هەردووک دەستی لێک بڵاو کرد، بوو بە سەلیب.
- ڕاست دەکەی مامە کەشە؛ بەڵام ژنەکانیش هەر وەک سەلیب وان، چۆن دەچنە لایان؟!
حازران بەو قسە قۆڕە ملیان لە پێکەنین نا و ڕێگەی جوابی کەشەشیان بڕی؛ ماڵەکەیان دامەوە. جارێکی تریش چەتە ڕووتیان کردم. دەهاتن بڕۆن گوتم من ماڵی خۆمتان لێ دەستێنمەوە، من خوارزای شێخی خوڕخوڕەم. لە ترسی مەولانا -کە ناویان بیستبوو- دایانمەوە.

حەمە بەر لەوەی تووشی ئاوارەیی بێ، ژنێکی هێناوە خزمی خۆی و ناوی «ئامین» بووە. ئەو ژنەش لەو ئاوارەییەدا دەگەڵی ژیاوە و لەو ماوەی ئاوەرەییەدا کچێکیان بووە.

پاش حەت ساڵ ژیانی ئاوارەیی، شێخ ناردوویە مەولانای بردێتە لای خۆی و گەڕاونەتەوە وڵات. ئەوسا «حەمەبۆر» کە ئێستا ناوی بۆتە «مەلا محەممەدی بۆر»، پیلی ماڵ و منداڵی گرتووە و لە شەرەفکەندەوە هاتۆتەوە سابڵاغ. لەم بەینەشدا -کە ئەو هێشتا فەقێ بووە- دایکی مردووە.

ماڵە لادێیەک بە چەند سیپاڵێکەوە هاتۆتە شار، لە چاوە خانوێک دەگەڕێ تێیدا ستار بێ. «حاجی سەید مستەفای کولیجی» باوکی سەید محێدینە شینە و باپیری سەید عەبدوڵڵای کولیجی، ژوورێکی پشکەڵدانی دەداتێ کە خاوێنی کەتەوە و تێدا بژی و کرێ نەدات. بابم دەیگوت «ئامین» ئەوەندەی دڵ بەو ماڵەی خۆش بوو کە هیچ پادشایەک ئەوەندە شایی بە کۆشک و سەرسەرای خۆی نەبووە.

با ئەوەشمان لە بی نەچێ کە مەولانا بەو خوارزایەی خۆی وتووە «حەمەبۆر»، پاش خوێندنی بۆتە«مەلا محەممەدی بۆر»، دواییش کە چۆتە حەجێ، کراوەتە «حاجی مەلا محەممەدی بۆر».

مەلا لە شار ملی لە کاسبی و کار ناوە. لە ماوەیەکی زۆر کەمدا توانیویەتی خانوو بکڕێ و ماڵ وە سەر یەک نێ. لە شەڕی گەورەی یەکەمدا -کە ڕووس قەتڵوعامی خەڵکی سابڵاغیان کردووە- تاڵان کراوە و لە مردن خەلستووە. ژنی هەوەڵی مردووە؛ کیژەکەشی لە تەمەنی چاردە ساڵیدا بە مردنی خۆی داخی بە جەرگی باوکیەوە ناوە. ژنێکی تری هێناوە کە کیژی «سڵەمان ئاغا» ناوێکی کۆنە تاجری لە کارکەوتە بووە.لەسەر ئەوە کە دیتوویە ژنەکەی بە بێ ڕووپۆش هاتۆتە بەر دەرک و کۆڵان، تەڵاقی داوە و بێ عەولاد ماوەتەوە.

لە کاسبی کردندا زۆر زرینگ و لێزان بووە.دووبارە پاش تاڵانی ڕووس، خۆی گرتۆتەوە و پارە و پووڵێکی باشی وە سەر یەک ناوە و هەوڵی ژن هێنانی داوە. کچی «حاجی سەید حەمەدەمینی سارەوانان»ی خواستووە کە تەمەنی شازدە ساڵان و زۆر جوانێکی بەناوبانگ بووە.

فەرقی عومری مێرد و ژن سی و دوو ساڵ بووە؛ بەڵام پیاوەکە پارەدارە بە زەبری پارە بەردیش نەرم دەبێ.

لە پاش ساڵێک لە گوێزتنەوەی بووک، ئەوا خوا کوڕێک دەدا کە باوک لە وەجاغ کوێری و دایک لە بێ بەری ڕزگار دەکا. «ماڵی دنیا بۆ ئەمڕۆ نەبێ بۆ کەنگێ دەبێ؟ هەر بۆ پڵاوی حەوتەمی کوڕ، مەنجەڵێکی چوار قوڵفەی زنجیردار دەکڕم، هەر چی دەیناسم بانگی دەکەم. دەبێ مەلا تەهای دۆستم بانگی بە گوێدا لێدا و ناوی بنێ عەبدوڕەحمان».

وەک دەڵێن زۆر منداڵێکی گرینۆک و بەگڕوو بووم؛ کەم وەختان ژیر بوومەتەوە. بەڵام دایک و باب و نەخوازە دایک ئەوەندەیان شایی و شانازی بەو تاقانە هەبووە کە نەبێتەوە. گۆیا دایک لە پاش هەموو نوێژان دوعای کردووە: «خودایە هیچ کوڕی دیکەم نەبێ تا لە ماڵدا نەبێتە شەریکی عەبدوڕەحمان»!

پەراوێز edit