ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
١١. نە چرووک بە! نە دەست بڵاو
نە ڕەزیل و چرووک بە، نە دەست بڵاو. بابم دەیگوت: «دەوڵەمەندی خەسیس و فەقیری سەخی دەبی هەردووکیان بۆ بابیان عاقڵ کرێن». ئەگەر هەتە، ببەخشە! بەڵام بە ئەندازە. پاشەڕۆژت لە بەر چاو بێ؛ دنیا بێ ئیحتوبارە. ئەگەر بتوانی شتێکت پەزمەندە هەبی بۆ لێقەومان و نەدار بوون. ئەگەر نیتەو فەقیری، چاو لەوانە مەکە زۆریان هەیە و زۆر خەرج دەکەن.

ئەو وردە نسحەتانەی من هەموو زیادین. کتێبی باش زۆر بخوێنەوە. بە تایبەتی لە بیرت نەچێ ئەدەبیات و نووسراوی ڕابردووان، لە هەموو بابەتێکەوە پڕن لە پەندی زۆر بەقیمەت. دەتوانی بەرنامەی ژیانی ئابروومەندانە لەوانە فێر بی و دەکاری بێنی. بە منداڵی گوڵستای سەعدیم دەخوێند. بابم دەیگوت: «دەڵێن گوڵستان بە حەوت ساڵەیی دەخوێنن و بە حەفتا ساڵەیی تێی دەگەن». گوتم: بابە! ئەدی ئەگەر نەگەیشتمە حەفتا ساڵ عومر چ بکەم؟ ! بە ڕاستی دەزانم سەعدی هیچی نەهێشتۆتەوە کە نەیڵێت.

بەخشین و سەخاوەت دوو جۆرە: ئەگەر دەستی فەقیر و بێدەستێک بگری، هەتیوێک پۆشتە کەیەوە، بێوەژنێکی هەتیوبار یارمەتی بدەی، بەخشینی پیاوانەیە؛ بەڵام ئەگەر بادی هەوا، مەسەلەن لە داوە شاباشی زیاد لە خەڵک بدەی، یان لە ڕستوورانێک، چاخانەیەک زیاد لەوەی کابرای خاوەن ڕستووران دەیەوێ بدەی، ئەوە ناوی کەریەتییە نە پیاوەتی!

جارێک دەگەڵ سەید برایمی ئازادی لە تەورێز سەرمان تاشی. لە جیاتی دوو تمەن -کە حەقی سەرتاشین بوو- پنج تمەنی دا.

- ئەوە بۆ زیادت دا؟

- ئاخر عەیبە!

- یانی سبەی عەکست لە ڕۆزنامەدا چاپ دەکەن کە ئەو کوردەی نازانین ناوی چ بوو زیادی داینێ؟ !

لە تەرەغە خەنجەرێکم هەبوو، زۆر بە خەیاڵی خۆم بە باشم دەزانی. گوتم وا باشە بیکەمە دیاری بۆ کاکە ڕەحمانی حاجی بایزاغا. بە دڵ و داو خەنجەرم بۆ برد. لێی وەرنەگرتم بزانێ چۆنە، بە نۆکەرێکی خۆی گوت: لێی وەرگرە و دەبەر خۆتی چەقێنە! زۆرم دڵ بە خۆم سووتا. ئیتر بڕیارم داکە تازە غەڵەتی وا نەکەم. فەقیر ناتوانێ شان لە شانی دەولەمند بدا. ئەوی بە لای منەوە زۆر شتیکی بە نرخ بوو، لای ئەو هەی لایقی نۆکەرانی بوو!

پەراوێز edit