ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار چێشتی مجێور
١٠. کوڕی خۆت بە و باوەڕت بە خۆت بێ!
قەت خۆت بە ناوی باب و باپیرتەوە بە خەڵک مەناسێنە. حەول بدە حەڵک بڵێن فڵان کەس باوکی ئەو کوڕە باشە بوو. کوڕی خۆت بە و ئیعتیماد و باوەڕیت لە سەر خۆت بێ. ئەگەر کەسێکیش بە ڕاستی و دڵسۆزی یاریدەی دای، زۆر بەختەوەری. جارێک بە جحێڵێ، پیرەعەجەمێک قسێکی گوت: «هەر کەسێ دیتت وا بزانە دوژمنتە و دەیەوێ زیانت پێ بگەیەنێ. ئەگەر خوای کرد وا نەبوو، چاکەی لەگەڵ کردی، یان هیچ زیانی لێ نەدای، ئەوە خۆت و بەختت چاکت بۆ هاتووە». تازە بە پیری بیر لەو پەندە بە قیمەتە دەکەمەوە و لە دەستم دەرچووە. هەر کەس دەبێتە ڕەفیقت، بە دڵسادەیی خۆتی تەسلیم مەکە! چاوەنۆڕ بەو لە سەر هەست بە! ئەگەر هەر بە ڕاستی خۆشی دەوێی، خۆشت بوێ، ئەگەر دیتت نیازی خراپە و ڕاست نییە، بە زمانی خۆش دەگەڵی ڕابوێرە! بەڵام دەستت بە گیرفان و دەمی خۆتەوە بێ! دۆستێکی ڕواڵەتیش -با بشزانی بە دڵ دەگەڵت نییە- بە تووڕە بوون لە خۆتی مەڕەنجینە! لەوانەیە زیانت لێ بدا؛ بەڵام کەم کەم خۆی لێ بدەزەوە و کارێک مەکە کە ببێتە دوژمنت. هەزار دۆست کەمە و دوژمنێک زۆرە.

تا تۆ لەشی خۆت زۆر خۆش نەوێ و کەیفت لە تەنبەڵی نەبێ، هەموو کەس خۆشی دەوێی و بە سەربڵندی دەژی. ڕۆژگار هەر چەندی ماندوو بی، شەو دەحەسێیتەوە. کارت لە ڕێی ژیاندا پێ عەیب نەبێ. تەگەر ناتوانی ببیە وەزیر، دەتوانی ببیە حەمماڵ و کۆڵکێش. شەرت ئەوەیە بێکار نەبی. ئەگەر لە سەر کارێکی کە مایەی ژیانتی پێ پەیدا دەکەی، تا کارێکی لەوە باشتر و بەقازانجتر پەیدا نەکەی، کاری خۆت بەجێ مەهێڵە! مەڵێ دەچم کاری چاکتر پەیدا دەکەم، کارەکەی خۆت لە دەست بچێ. بێکاری -با دوو ڕۆژیش بێ- پیاوی تەنبەڵ دەکا؛ پشتت لە کار سارد دەکاتەوە. ناشزانی چۆن وەخت ڕابوێری.

پەراوێز edit