ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) مەزنایەتی و پایەبەرزی بۆ ئەو کەسەی، خونکاری بە دەس خۆیەتی و لەسەر ھەموو شت توانایە.
(٢) ئەوە کە مردن و ژینی داھێناوە، تا ئێوە تاقی کاتەوە کامتان ئاکاری جوانترە. ھەر ئەویشە لێبوردەی خاوەن دەستەڵات.
(٣) ئەوکەسەی حەو ئاسمانی چین لەسەر چینی سازداوە. لە دەسکاری ئەو خودایەدا ھیچ ناڕێکییەک نابینی. جارێکی تر تماشا کە، ئاخۆ قەڵشێکی تێدایە؟
(٤) دیسانەوە چاوی پێدا بگێڕەوە. سۆمای چاوت بە داماوی و بە ڕاماوی بەرەو خۆت دەگەڕێتەوە.
(٥) ئێمە ئاسمانی دنیامان بە زۆر چرا ڕازاندەوە. کردیشمانن بە کەرستەی ڕاوەدوو نانی شەیتانان. ئازاری گڕپەداریشمان بۆ ساز کردون.
(٦) بۆ ئەوانەش کە بڕوایان بە پەروەرندەیان نییە، جەزرەبەی جەھەندەم ھەیە و ئای چ ئەنجامێ خراپە!
(٧) گەر دەیانھاوینە ناوی، نێڵەنێڵی جەھەندەمیان گوێ لێ دەبێ و ھەر ھەڵدەچێ.
(٨) وەختە لە داخا شەق بەرێ. تا جوونێکی تێ داوێژن، گزیرەکانی جەھەندەم پێیان ئێژن: ئاخۆ ئێوە ترسێنەرتان نەھاتە لا؟
(٩) ئێژن: بەڵێ، ترسێنەر ھاتبووە لامان؛ ئەوسا باوەڕمان پێ نەکرد و گوتمان: خوا ھیچ شتی نەناردۆتە خوار؛ ئێوە بێ سۆ لەناو گومڕایی گەورەدان.
(١٠) ئەشڵێن: ئەگەر گوێ بیس باین یاخۆ تێ گەیباین، نەدەبووینە یارانی ئەم ئاگردانە.
(١١) ئاوا گوناھانی خۆیان پێ لێ دەنێن. ھەی لە ئارادا نەمێنن ئەم ھەواڵانی دۆژەھە!
(١٢) ئەوکەسانەی - لە نەدیدە - لە پەروەرێنیان ئەترسن، لێخۆشبوون و پاداشی گەورەیان ھەیە.
(١٣) ئێوە سرتە قسە بکەن، یان وە دەنگی بەرزی بێژن، ئەو لە ڕازێ کە بە دڵاندا دەبوورێ ئاگادارە.
(١٤) ئاخۆ کەسێ ئافراندوویە، چۆن نازانێ؟ وردیلەبین و ئاگادار، ھەر خۆیەتی.
(١٥) ئەوە کە ئەم زەمینەی بۆ کەوی کردوون، شانەوشان تێیدا بگەڕێن و لە بژیوەکەی بخۆن. ھەستانەوەش بۆ لای ئەوە.
(١٦) ئاخۆ ئێوە لەو کەسەی لە ئاسمانە ترسوو نییە، کە بە ھەردا ڕۆتان بەرێ و لەپڕ زەوین بێتە لەرین؟
(١٧) ئاخۆ ئێوە لەو کەسەی لە ئاسمانە ترسوو نییە، باڕنێکی زیخ و چەوتان لێ ھەڵبکا؟ ئەوساکە زوو پێدەزانن ھەڕەشەی من چتۆ بووە.
(١٨) خۆ بەر لەوانەش ھەر ھەبوون بە نیشانەکانی منیان بڕوا نەبووە؛ سا چۆنیان بە گژدا ھاتم.
(١٩) ئاخۆ ئەوان ئەو مەلانەیان نەدیون کە لەسەرووی ئەوانەوە لەنگەریانە و باڵ لێک دەدەن؟ غەیرەز خودا کێ دەتوانێ ڕاگیریان کا؟ خودا بۆ خۆی لە ھەموو شت چاوەدێرە.
(٢٠) ئاخۆ بەغەیری ئەو کێیە سوپا و یاریدەدەرتان بێ؟ نەخێر خودانەناسەکان [بەخۆبینی] خەڵەتاون.
(٢١) ئەدی کێیە ئەو کەسەی بژیوتان دەدا، ئەگەر بژیوی لێ بڕین؟ نەخێر ئەوان لەسەر خۆ بە زل زانین و ڕەوینەوە پێداگرن.
(٢٢) ئاخۆ کەسێ دەمەوڕوو بە ھەردا دەخشێ چاکتر بە ڕێگە دەزانێ، یان ئەو کەسەی بە ئاسایی بەسەر ڕاستەڕێدا دەڕوا؟
(٢٣) بێژە: ئەوە کە ئێوەی وەدی ھێناوە و گۆش و چەم و دڵی دانێ. ئێوە کەمتر شوکرێ دەکەن.
(٢٤) بێژە: ئەوە کە ئێوەی لەم زەمینەدا پەرژ و بڵاو کردۆتەوە؛ لای ئەویش کۆ دەکرێنەوە.
(٢٥) دەشڵێن: ئەگەر ئێوە ڕاستن، ئەو بەڵێنەو کەی دێتە جێ؟
(٢٦) بێژە: تەنیا خودا لەمە ئاگادارە. من ھەر ئەوەندەم لەسەرە پێتان بێژم: دەبێ لە خودا بترسن.
(٢٧) جا ئەو کاتەی لە نزیکەوە دەیبینن، خوانەناسان چڕ و چاویان گرژ دەبێ و پێیان ئێژن: وا ئەمەیە کە ئێوە داواتان دەکرد.
(٢٨) بێژە: بە من بێژن ئەگەر، خودا من و ئەو کەسانەی لەگەڵ منن لەناو بەرێ، یان بەر بەزەییی خۆیمان خا، دەی سا کێ خودانەناسان لە ئێش و ژان دەپارێزێ؟
(٢٩) بێژە: ئەوە خوای دڵاوا؛ باوەڕیمان پێ ھێناوە و خۆمان ھەر بەو سپاردووە؛ ئەنگۆش ھەر بینا زانیتان کێ ئاشکرا گومڕا بووە.
(٣٠) بێژە: بە من بێژن ئەگەر ئاوەکەتان ڕۆ چوو بەناخی زەوینا، ئەوسا کێ ئاوی زەڵاڵی ڕەوانتان دە فریا دەخا؟

پەراوێز edit