ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) نون، سوێند وە بنووس، بەوەش کە دێتە نڤیسین،
(٢) وەسای چاکەی پەروەرندەت، تۆ لێوە نیت.
(٣) تۆ پاداشی واشت ھەیە دوایی نایە.
(٤) ئاکاریشت فرە بەرزە.
(٥) زوو دەبینی، ئەویش چاویان پێ دەکەفێ،
(٦) کێ لە ئێوە شێتایەتیتان تێدایە.
(٧) بێگومان پەروەرندەی تۆ چاتر بەوانە دەزانێ کە ڕای ئەویان گوم کردووە؛ باشتریشی ئاگا لێیە، کێن ئەوانەی شارەزای ڕێن.
(٨) سا تۆ ناشێ بە فەرمانی ئەو بێباوەڕانە بکەی.
(٩) حەز دەکەن گەر تۆ نەرم بی، ئەوانیش نیانی بنوێنن.
(١٠) نابێ گوێش بەو کەسە بدەی، کە زۆر سۆندخۆرە، خوێڕییە؛
(١١) ھەر تانە لە خەڵک دەدا و قسە بۆ ئەم و ئەو دەبا؛
(١٢) لە کاری چاکە لەمپەرە؛ شەڕفرۆشە، تاوانکەرە؛
(١٣) ڕەزا قورسە، لەپاش ئەمەش زۆڵێکە خۆی سەپاندووە؛
(١٤) ھەر بەو ھۆیە کە زەنگینە و چەند کوڕی ھەن،
(١٥) گەر نیشانەکانی ئێمەی بۆ وەخوێنن، ئێژێ: ئەمە چیرۆکی پێشینەکانە.
(١٦) بەم زووانە سەری بێڤلی داغ دەکەین.
(١٧) ئێمە ئەوانەمان ئەزموو، وەک خاوەنانی باغەکەن بەر ئەزموون دا، کە سوێندیان خوێند: سۆزی بەری باخەکەیان ھەموو دەڕنن.
(١٨) «ئەگەر خوا حەز کا» شیان نەوت.
(١٩) ئەوساکە ئەوان خەوتبوون، لەلایەن پەروەرندەتڕا بەڵایەکی بۆ داباری.
(٢٠) ئیتر وەکوو زەمینێکی سووتاوی قاقڕی لێ ھات.
(٢١) ئەوسا سۆزی، ھەموو بانگی یەکتریان کرد:
(٢٢) ئەگەر ئێوە میوەڕنن ھەر بەیانی بگەنە سەر کێڵگەی خۆتان.
(٢٣) ڕێوە چوون و پێکەوە چپەیان دەکرد:
(٢٤) کە نابێ ئەمڕۆ چ ھەژار بێتە ناو باخەکەی ئێوە.
(٢٥) بڕیاریان دا کە مەرجەکەیان بەجێ بێنن؛ واشیان دەزانی کە دەتانن.
(٢٦) وەختێ چاویان پێدا گێڕا، وتیان: ڕێمان لێ تێکچووە.
(٢٧) نەخێر، ئێمەین بەش بڕاوین.
(٢٨) بەئاوەزترینەکەیان گوتی: ئەدی پێم نەوتن بۆ پەسنی پاکی خوا نادەن! ؟
(٢٩) گوتیان: ئێمە پەروەرندەی خۆمان بە دوور لە کەمایەسی دەزانین؛ ئێمە ناھەقیمان دەکرد.
(٣٠) ئەوسا ڕوویان کردە یەک و سەرکۆنەی یەکتریان دەکرد.
(٣١) وتیان: ھەی ماڵ وێران خۆمان، ئێمە ھەڵەڕۆییمان کرد.
(٣٢) شایەتا پەروەرندەمان لەوە چاترمان بداتێ؛ ئومێدمان ھەر بە پەروەرندەی خۆمانە.
(٣٣) ئازاری [دنیا] ئاوایە. گەر بزانن، بێگومان ئازاری دواڕۆژ دژوارترە.
(٣٤) بۆ ئەوانەی خۆپارێزن، لجەم پەروەرندەی خۆیان باغاتی پڕ خۆشی ھەیە.
(٣٥) ئاخۆ ئێمە باوەڕداران وەکوو بەدکاران دادەنێین؟
(٣٦) چیتانە؟ کوو پێ ڕادەگەن؟
(٣٧) ئاخۆ کتێبێکتان ھەیە کە لەوێدا دەیخوێننەوە؟
(٣٨) ھەرچی خۆتان دەتانەوێ تێیدا ھەیە؟
(٣٩) یان سوێندێکتان لەسەرمانە کە ھەتا ڕۆژی سەڵایە ھەرچیتان دەوێ ئەو بێ؟
(٤٠) لێیان پرسە: کێ دەستەبەری ئەم کارەس؟
(٤١) یان چەند شەریکێکیان ھەیە؟ ئەگەر ڕاستن، با شەریکەکانیان بێنن.
(٤٢) ئەوێ ڕۆژێ - کە لە تاوان - دەرپێ دە لینگان دەکەون و پێیان دەڵێن سوژدە ببەن و ناتوانن.
(٤٣) چاو دادەخەن و زەبوونی دایاندەگرێ؛ کە ئەمانە ئەوساکە ساق وچاقیش بوون، پێیان وتوون سوژدە بەرن.
(٤٤) تۆ من بێڵە بۆ ئەوانەی بەم قوڕعانە باوەڕ ناکەن؛ کەم کەم بۆیان لەدوو دەدەم، کە ھەر خۆشیان پێ نەحەسێن.
(٤٥) مەودا و ماوەشیان پێ دەدەم؛ فێڵم زۆر بەڕێوجێیە.
(٤٦) ئاخۆ تۆ کرایەی کارت لەوان دەوێ، کە لەژێر باری دەرنەچن؟
(٤٧) یان تەتەڵەی نھێنیەکانیان لە لایە و بۆ خۆیان خەتی لێ دەدەن؟
(٤٨) دەسا تۆ ھەر بۆ فەرمانی پەروەرندەت خۆڕاگر بە؛ نەچی وەک یارۆی ماسی بی، کە لە داخانا ھەر پیشی دەخواردەوە و ئەوساکە دەپاڕایەوە.
(٤٩) ئەر دلۆڤانی پەروەرندەی وە فریای نەکەوتایە، بێ سۆ بە سەرکۆنەکراوی فڕێ ئەدرایە ڕۆتەنێک.
(٥٠) ئەوسا پەروەرندەی، ئەوی ھەڵبژارد و کردی بە یەک لە پیاوخاسان.
(٥١) وەختێ خودانەناسەکان قورعانیان بیس، ھەر وەختا بوو بە چاوانیان ھەڵتدێرن. دەشیانگوت: بێگومان دینە.
(٥٢) کە ھەر بیرەوەرییەکیشە بۆ ھەموو خەڵکی دنیایە.

پەراوێز edit