ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) ئەی پێغەمبەر! بۆ ئەو شتەی خودا بە تۆی ڕەوا دیوە - بۆ دڵداریی ژنەکانت - لە خۆتی ناڕەوا دەکەی؟ خوا دەبوورێ و دلۆڤانە.
(٢) ئەوا خودا بڕیاری دا بە ھەڵوەشانی سوێندانوو. ھەر خودا مەزنی ئێوەیە و ھەر خۆی زانای لەکارزانە.
(٣) ئەوێ جارێ کە پێغەمبەر لای بڕێ لە ھاوسەرانی قسێکی بە سرتە درکاند. جا وەختێ وێ ئەوەی وت بە [ھەوێکەی] و خواش پێغەمبەری تێگەیاند؛ پێغەمبەر ھێندێ لەو نھێنییەی گوت و لە ھێندێکی وازی ھێنا. وێ گۆ: ئەمە کێ بە تۆی گوت؟ گوتی: زانای ئاگادار پێی ڕاگەیاندم.
(٤) باش ئەوەیە کە ھەردووکتان بەرەو خوا بگەڕێنەوە. دیارە دڵتان بەرەو ناڕەوا لای داوە. گەر لە دژی ئەم ببنە یەک، ئەوسا خودێ مەزنیەتی و لەمە بەولا جوبرائیل و باوەڕدارانی بەرکەتی و فرشتەکان، پشتی دەگرن.
(٥) ئەگەر ئێوە تەڵاق بدا، شایەتا پەروەرندەی ئەو ژنانی لەنگۆ باشتری - لەباتی ئێوە - بداتێ؛ ژنانێکی گەردنکەچی بەباوەڕی بەر فەرمانی لە خراپە پەژیوانی خواپەرستانی ڕۆژووگر، لە بێوەژنان و کیژان.
(٦) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! خۆتان و کەس و کاریشتان لەو ئاگرە بپارێزن کە سووتەنی لە مەردم و لە تەوەنە. فریشتەی بە زەبر و زەنگ و توندوتیژی پێ ڕادەگەن؛ خوا چۆنیان فەرمان پێ بدا، لە فەرمانی دەر ناکەون و ھەرچی بەوانی دەسپێرێ بەجێی دێنن.
(٧) ئەی ئەوانەی خوانەناس بوون! ئەمڕۆ تەوازی پێ ناوێ. دیارە ھەرچی کردووتانە ھەر لەوە جەزاتان دەدرێ.
(٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بەرەو خوا بگەڕێنەوە، گەڕانەوەی ڕاست و دروست؛ شایەتا پەروەرندەتان گوناھوو لەسەر لابەرێ و بوونێرێتە ناو باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا. لەو ڕۆژەدا خوا پێغەمبەر و ئەوانەی وەل ئەو باوەڕیان ھێناوە، سووک و ھەناسە سارد ناکا و تیشکی ئەوان لەپێشیان و لە ئالیی ڕاستیانەوە تەڤگەڕیەتی و ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! تیشکەکەمان بۆ زیاتر کە و لێمان خۆش بە؛ خۆت لەسەر ھەموو شت توانای.
(٩) ئەی پێغەمبەر! وەل ئەو خودانەناسانە و ئەو دووڕازانە جەنگ بکە، زەبر و زەنگیشیان نیشان دە. ئەنوای ئەوانە ئاگرە و چارەنووسیان زۆر خراپە.
(١٠) خوا ژنی نووح و ژنی لووت - بۆ ئەوانەی خوانەناسن - بە نموونە دێنێتەوە. ھەرتک لەبن دوو عەبدی چاکی ئێمە بوون، غەیانەتیان دەگەڵ کردن. نەیانتوانی لە لای خودا ھیچ شتیان دەربارە بکەن. وترا: ئێوەش بڕۆنە ناو ئاگرەوە، وێڕای ئەوانەی دەیچنێ.
(١١) خودا ژنەکەی فیرعەونیش - بۆکەسانی خاوەن باوەڕ - بە نموونە دێنێتەوە. کە لەبەر پەروەرندەی خۆی پاڕایەوە: تۆ لە لای خۆت لە بەھەشتا ماڵێکم بۆ دیاری بکە و ڕزگارم کە لە فیرعەون و کردەوەی ئەو؛ لە کۆمەڵی ناھەقانیشم ڕاھی کە.
(١٢) مەریەمی کچی عیمڕانیش، ئەوەی شەرمی لە کاری شوورەیی پاراست. ئەوسا ئێمە لە فووی خۆمان تێمان دەماند؛ بە وتار و کتێبانی پەروەرندەی بڕوای ھێنا و لە ڕێزەی فەرمانبەران بوو.

پەراوێز edit