ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) حا، میم.
(٢) ھاتۆتەخوار لەوکەسەوە کە دەھندەی دلۆڤانە.
(٣) کتێبێکە نیشانانی بەڕونی شی کراونەتەوە؛ بەزمانی عەرەبیە؛ بۆگرۆی مرۆی دەیزانن.
(٤) مژدەدەرو ترسێنەرەو زۆربەیان خۆیان لێ بواردو ئامادە نین کە بیبیسن.
(٥) گوتیان: لەوەی کە تۆ بۆئەومان بانگ دەکەی، دڵمان پۆششی لەسەرەو گوێمان کەڕەو پەردەیەک ھەس لە نێوانی ئێمە و تۆدا. تۆ خەریکی کاری خۆت بەو، ئێمەش کاری خۆمان دەکەین.
(٦) بێژە: منیش مرۆیەکم وەکوو ئێوە؛ خودا فەرمانم پێدەدا پێتان بڵێم تەنیا خودایەکتان ھەیە؛ ڕوتان ھەر بەرەو ئەم بکەن و داوای بوردنی لێ بکەن. واوەیلا بۆئەوکەسانەی خودا بە تەنیا نازانن؛
(٧) ئوانە نە زەکات دەدەن، نەبڕوایان بەڕۆژی قیامەتێ ھەیە.
(٨) ئەوانەی خاوەن بڕوان و ئاکارچاکن، ھەروھەر پاداشیان ھەیە.
(٩) ئاخۆ ئێوە لە کەسێکی کە بەدوڕۆژ ئەم زەمینەی وەدی ھێنا، حاشادەکەن و ھاوتای بۆپەیدادەکەن؟ ئەوە کە ڕاھێنەری ھەموو جیھانە.
(١٠) کەژو کۆشی لە زەمین بەرز کردەوەو پیتی تێ خست؛ ھەر لەماوەی چوارڕۆژاندا، بۆھەرکێ بژیوی دەوێ – بە یەکسانی – بژیوی بۆدابین کردن.
(١١) پاشان ڕوی نا لەبەرزایی، کە ئەوسا ھەر تاریکان بوو. بەوان و بە زەمینی گوت: خۆش یا ناخۆش، دەبێ بێنە بەرفەرمانم. گوتیان: وا بەخۆشی ھاتین.
(١٢) ئەوساکە حەوت ئاسمانی لە دوڕۆژدا وەدی ھێنا؛ ھەر عاسمانەی فەرمانی کاری خۆی بۆنارد. نزیکتر ئاسمانیشمان بە چرایان ڕازاندەوەو پارازتمان. خاوەن دەستەڵاتی زانا بڕیاری ئەوکارەی داوە.
(١٣) ئەگەر ھەر قبوڵیان نەکرد، بێژە: بەوھەورەتریشقەو دەترسێنم کە ھۆزەکەی عادو سەموودی وەبەردا.
(١٤) ئەوسا کە پێغەمبەرەکەمان – چ ڕوبەڕو، چ پاشملە – لێیان نزیک دەبونەوە کە: غەیرەز خوا مەپەرستن؛ وتیان: ئەگەر پەروەرێنمان مەیلی لێبا، فریشتەی دادەبەزاندن. ئێمە لەوەی کە ئێوەی پێ ناردراون، حاشادەکەین.
(١٥) جا ھۆزی عاد لەناڕەوا خۆیان لەو سەرزەمینەدا بەزل زانی. دەیانگوت: کوا؟ کێ لە ئێمە بەھێزترە؟ نەیاندیبو ئەو خودایەی ئەوانی دروس کردووە گەلێک لەوان بەھێزترە؟ ھەروا بەنیشانەکانمان بێ بڕوابون.
(١٦) ئەوسا ئێمە ڕەشەبایەکی بەھێزمان – لەوڕۆژانەدا کە شومن – ناردە سەریان؛ تا ئازاری ئابڕوبەریان – لەژیانی ئەم دنیایەدا – پێ بچێژین. بێ گومانە سووکایەتی ئازاری ئەولاش زۆرترەو کەسیش دەھانایان نایە.
(١٧) ئێمە ڕێگەی بەرەوخۆمان شانی ھۆزی سەموودیش دا. لەباتی شارەزابونێ حەزیان کرد ھەرنابینابن. ئەوسا لەسۆنگەی ئەوکاری کە دەیانکرد، ھەورەتریشقە گرتنی و ئازاری ئابڕوبەرەیان لێ ھاتەدی.
(١٨) ئەوکەسانەشمان ڕزگارکرد کە ببونە خوداناس و لە گوناھ خۆیان دەپاراست.
(١٩) لەوڕۆژەدا کە نەیارەکانی خودا بەرەو ئاگر ھەموویان کۆدەکرێنەوەو دەستەدەستە بەڕێ دەکرێن،
(٢٠) وەختێ دەگەنەلای ئاگر، لە ھەرکارێ کردوویانە، گوێچکەو چەم و ھەموو پارچەپێستی لەشیان، لەدژیان شایەتی دەدەن.
(٢١) [بەگلەییەوە] پێستانی خۆیان دەدوێنن: چۆن دژمان شایەتیتان دا؟ ئێژن: خوا وەزمانی ھێناین، کە دەتوانێ ھەموشت بێنێتە قسە؛ ھەر ئەویشە ھەوەڵجار ئێوەی دروس کرد، دەشوگەڕێننەوە لای ئەو.
(٢٢) لەوبارەوە کە گوێ و چاوو گش پێستی ئەندامەکانتان شایەتیتان لەسەربدەن، ھیچ خۆتان حاشارنەدەدا؛ بەڵام ئێوە پێتان وابو خوا لە زۆرێ لەوکارانەی ئێوە دەیکەن، بێ ئاگایە.
(٢٣) دەربارەی پەروەرندەتان ئێوە واتان گومان دەبرد، کە تەرت وتونای کردن و چوونە ڕێزەی زیانباران.
(٢٤) ئەگەر ئەوان خۆڕاگرن، ئەوە ئاگر جێگەیانە. ئەر داوای لێ بوردنیش کەن، ھەرگیز ڵێیان قبووڵ ناکرێ.
(٢٥) دۆستی واشمان [لە دنیا] بۆپەیداکردن، کاری ئێستەو ئایندەیان بۆخەمڵاندن. بۆ ئەمان و ئەو جنۆکەو مرۆڤانەی بەرلەوان بوون، بەڵێنی خودا ھاتەجێ؛ لەبەرئەوەی زیانباربون.
(٢٦) خودانەناسەکان گوتیان: گوێ بۆئەم قورئانە مەگرن؛ قسەی بێتامی خۆتانی تێکەڵ بکەن؛ بەشکوو بەسەریا سەرکەون.
(٢٧) سا مەرج بێ ئەوکەسانەی خوانەناس بون، لە ئێمەوە جەزرەبەی دژوار بچێژن؛ لەوەی دەیانکرد، خراپتر ئازاریان دەین.
(٢٨) سزای دوژمنانی خودا ھەر ئەمەیە؛ لەسۆنگەی حاشاکردنیان لەنیشانەکانی ئێمە، ئاگری لەبنە نەھاتو ئەنوایانە.
(٢٩) خودانەناسەکان گوتیان: ئەی پەروەرندەی گلامان! ئەودوکەسە لە جنۆکەو مرۆیەمان نیشان بدە، کە ڕێیان لە ئێمە گۆڕی؛ وەژێرپای خۆمانیان دەدەین با لەژێری ژێرەوەبن.
(٣٠) ئەوانەش کە گوتویانە: پەروەرندەمان خودایە و لە گفتیان لایان نەداوە؛ فرشتە دێنەلایان و پێیان ئێژن: نە بترسن، نە خەم بخۆن؛ مژدەتان بێ گەیشتونە ئەوبەھەشتەی کە بەڵێنتان پێدراوە.
(٣١) ئێمە - لە دنیاولە قیامەت – دۆستی ئێوەین؛ لەبەھەشتا ھەرشتێ ئارەزووی کەن و چی بخوازن، ئامادەیە.
(٣٢) پەزێرایی لە لایەنی گوناھ بەخشی دلۆڤانە.
(٣٣) کێ لەوکەسە قسەی بەڕێ وجێ ترە، کە بەرەو خوا گازی دەکا و خۆشی ئاکاری پەسندەو ئێژێ: منیش یەکێ لە موسوڵمانانم؟
(٣٤) چاکەو خراپە ھەمبەر نین؛ تۆ ھەمیشە وەرامی چاکتر بدەوە، ئەوسا کەسێ کە لەگەڵ تۆدا دوژمنە، دەبێتە دۆستی نزیکت.
(٣٥) ئەم ئاکارەش ھەر تووشی کەسانێک دەبێ کە بتوانن خۆڕاگربن؛ ھەرکێش ئەوئاکارەی توش بێ، دیارە فرە بەختەوەرە.
(٣٦) ھەر وەختێ لە شەیتانەوە دوچاری خەیاڵاتێک بوی، گورجێ پەنا بەخوابەرە؛ کە خۆی بیسەر و زانایە.
(٣٧) شەو و ڕۆژوو خۆرو مانگیش لە نیشانەکانی ئەون. نە بەرەوخۆر سوژدە بەرن، نە بەرەو مانگ؛ سوژدە بۆ خودایەک بەرن کە ئەوانی وەدی ھێنا؛ ئەگەر ھەر ئەو دەپەرستن.
(٣٨) ئەگەر ئەوان فیزیان نواند، ئەوی لای پەروەرندەتن – بەشەو و ڕۆژ – ھەر پەسندی ئەو دەدەن و وەڕەزنابن.
(٣٩) لە نیشانەکانی ئەو زەوی دەبینی مات بوەو ھەستی دەبەردا نەماوە. ھەرگا بارانمان لێ باراند، ڕادەژێ و دەبوژێتەوە. ئەوی زیندووی دەکاتەوە، گیان بە بەر مردوش دادەکا. خودا توانای بە سەر ھەموشتدا ھەیە.
(٤٠) ئەوانەی کە سەبارەت بە نیشانانمان لەوەی ڕاستە، کلا ەبن، خۆ لە ئێمە ناشێرنەوە. ئاخۆ کێ لەکێ چاترە؟ ئەوکەسەی دەخرێتەئاگر، یان ئەوکەسەی ڕۆژی قیامەت بێ ترس دێ؟ چی خۆتان حەزدەکەن بیکەن؛ ئەو لەھەرچی ئێوە دەیکەن، چاوەدێرە.
(٤١) ئەوکەسانەی ئەوکاتە قورئانیان بۆھات، دژی وێستان و بڕوایان پێ نەھێنا؛ کە کتێبێکی زۆربەرزو جێگەی ڕێزە.
(٤٢) پڕوپوچ لە ڕووی ناوەستێ – چ ڕوبەڕو، چ پاشملە – ئەمە کارزانێک ناردوویە کە ھەر دەبێ پەسنی بدرێ.
(٤٣) ئەوانەی کە بەتۆی ئێژن، بە پێغەمبەرانی پێش تۆش ھەر وتراوە. پەروەرندەت بێگومانە کە دەتوانێ گوناھکاران عافوبکاو بۆشی ھەیە ئازاری بەژانیان بدا.
(٤٤) گەر ئێمە ئەم قورعانەمان بە عەجەمی بناردایە، دەیانگوت: چۆن نیشانی بەڕونی شی نەکراونەتەوە؟ خۆی عەرەبەو نیشانەکانی عەجەمین؟! بێژە: ئەمە بۆکەسانێ کە باوەڕیان پێ ھێناوە، ڕێبەرو چارەی دەردانە؛ ئەوی بڕواشی پێ ناکەن، گوێ گرانن لەبیستن و چاویان لەدیتنی کوێرە؛ ھەر ئێژی لەجێی دورەوە گازی دەکرێن.
(٤٥) کتێبیشماندا بە مووسا، کە لەسەری کێشەکرا. خۆ ئەگەر پەروەرندەی تۆ پێشوتر گفتی نەدابا، بەکاریان ڕادەگەیشتن. بێ سۆ ئەوان لێی دوودڵن و بەدگومانن.
(٤٦) ھەر کەسێ کاری چاک دەکا و کەسێکیش خراپەدەکا، لەدژی خۆی کردویەتی. پەروەرندەت غەدر لەعەبدانی ناکا.
(٤٧) ڕۆژی قیامەتێ کەی دەبێ، ئەو دەیزانێ. بەروبوی ھەموو ڕوەکێک کە لەشکۆفە دێنەدەرو ھەر مێوینەیەک ئاوسەو چی لەزگداو چی لێ دەبێ، ئەو دەیزانێ. ئەوێ ڕۆژێ کە خودا بانگیان لێدەکا: شەریکەکانی من لەکوێن؟ ئێژن: لای تۆ ئەیدرکێنین؛ کەسمان ئاگامان لێ نیە.
(٤٨) ئەو شتانەی لە پێشوودا جێگەی ھاناو ھاواریان بوون، لێیان گوم بون و تێگەیشتون کە ھیچ دەرەتانیان نییە.
(٤٩) مرۆ ھەرچەند نزا بۆشتی باش بکا، وەڕەز نابێ. ھەرگا خراپەشی تووش ھات، ھیچ ئاواتێکی نامێنێ و ناھومێدە.
(٥٠) ئەگەر لە پاش دەردو مەینەتێ تووشی دێ، تامی خۆشیمان پێ چەشاند، ئێژێ: ئەمە لەخۆم ڕایەو باوەڕناکەم قیامەت ڕابێ؛ خۆ ئەگەر بشمبەنەوە بۆنزیک پەروەرندەی خۆم، سوور دەزانم پتر چاکەم دەگەڵ دەکا. جا ئەوانەی دژی ئێمەن، لە ھەر کارێ کردوویانە، خۆمان ئاگاداریان دەکەین و جەزرەبەی زۆر دژواریان پێ دەچێژین.
(٥١) وەختێ ئێمە دەگەڵ مرۆ چاکەدەکەین، پێ نازانێ و فیزدەنوێنێ و من منیەتی؛ ھەرگاش خراپەی تووش ببێ، بەپەناوە مل دەنێ لەپاڕانەوە.
(٥٢) بێژە: ئێوە بە من بێژن، ئەگەر ئەمە لە خواوەبێ و ئێوە باوەڕی پێ نەکەن، دەی کێ لەوە گومڕاترە ھەتاسەر لاساری بکا؟
(٥٣) ھاکا وامان کرد ئەوانە لەئاسۆکانی زەمین و عاسمانداو لەخۆشیاندا نیشانەکانمان ببینن؛ ھەتا لێان ڕوون بێتەوە کە ئەوڕاستە. ئاخۆ ھێندەیان بەس نییە، پەروەرندەت لەھەموشت ئاگادارە؟
(٥٤) باش بزانە کە ئەوانە لەدیداری پەروەرندەیان دوودڵن. باش بزانە خۆی دەوری لە ھەرشت داوە.

پەراوێز edit