ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) حا، میم.
(٢) ئەم کتێبە لەلایەن خوای خاوەن دەستەڵاتی چازانەوە ناردراوە؛
(٣) کە لە گوناھان دەبوورێ و پەشیمانی قبووڵ دەکا و لە جەزرەبە توندوتیژە. چاکە ھەر بە دەس خۆیەتی و جگە لە خۆی ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ و ھەموو شت دێتەوە لای ئەو.
(٤) غەیرەز خودانەناسەکان، ھیچ کەسێ لەسەر نیشانەکانی خودا کێشە ناکا. گەڕ و خولیان بە شاراندا، نەکا تۆ ھەڵخەڵەتێنێ.
(٥) ھۆزی نووحیش پێش ئەمانە و چەند کۆمەڵیش لەدوای ئەوان، بڕوایان بە خوا نەھێنا. ھەر کۆمەڵێ پەلاماری پێغەمبەرەکەی خۆی داوە تا بیگرن و ئازاری دەن؛ بە قسەی ھیچیش ویستوویانە جێ بۆ ڕاستی نەھێڵنەوە. ئیتر بە غەزەب گرتوومن؛ دەسا سزای من چلۆن بوو.
(٦) بەڵێنی پەروەرندەی تۆ لەسەر ھەموو ئەوانەی خودانەناس بوون، وا ھاتە جێ کە ئەوانە جەھەندەمین.
(٧) ئەو کەسانەی تەختی خوایان ھەڵگرتووە و ئەوانەی بەدەوری ئەودان، بە سوپاسی پەروەرندەیان خەریکن و بڕوایان ھەر بە وی ھەیە و داوای بوردن بۆ خاوەن باوەڕان دەکەن: ئەی پەروەرندەی ھەموومان! دیارە بەزەیی و زانینت ھەموو شتی داگرتووە؛ ئەوانەی دەگەڕێنەوە و پەیڕەوی ڕێگەی تۆ دەبن، لە گوناھەکانیان ببوورە و لە ئازاری بە ئاگریان بپارێزە.
(٨) ئەی پەروەرندەی ھەموومان! بیشیاننێرە ناو باغاتی ھەمیشەیی، کە خۆت بەڵێنت پێ داون؛ ئەو کەسانەش کە لە باوانی ئەوان و ھاولفیانن و بەرە و تۆرەمەی ئەوانیش – کە ئاکاری چاکیان بووە – وەل ئەوان بن؛ ھەر خۆت خاوەن دەستەڵات و لەکارزانی.
(٩) لە خراپەش بیانپارێزە. ھەر کەسێکی لە خراپە بیپارێزی، لەو ڕۆژەدا بەر بەزەیی تۆ دەکەوێ؛ کە ئەمەش سەرکەوتنێکی زۆر مەزنە.
(١٠) ھاوار لەو کەسانە دەکرێ کە خودایان نەناسیوە: بێگومان تووڕەییی خودا لەو ڕکەی خۆتان ھەتانە، گەورەترە؛ چونکە ئێوە بانگتان دەکەن باوەڕیو بە خودا ھەبێ، کەچی ئێوە حاشا دەکەن.
(١١) ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! تۆ دوو جاران مراندووتین؛ دوو جارانیش ژیانت بە بەردا کردووین؛ پێ لە گوناھی خۆدەنێین، ئاخۆ دەرەتانێک ھەیە؟
(١٢) ئەمەتان بۆیە بەسەر دێ، چونکە ھەرگا مەردم خوایان دەپەرست و ھیچی تر نا، حاشاو دەکرد؛ بەڵام کاتێ شەریکیان بۆ ئەو دادەنا، ئێوە باوەڕتان دەھێنا. فەرمان تەنیا بۆ خودای بەرز و مەزنە.
(١٣) ھەر ئەو نیشانانی خۆیتان بۆ دەنوێنێ و لەو حەوایە بژیوتان بۆ بەڕێ دەکا. تەنیا کەسێ لەو ئامۆژگارییە تێدەگا، کە ڕووی ھەر بەرەو خودا بێ.
(١٤) دەسا ئێوە بە دڵپاکی ھەر ھانا بۆ خودا بەرن و دینی پاکژتان بۆ ئەو بێ؛ جا با خودانەناسانیش پێی تووڕە بن.
(١٥) پلەی بەرز وا لای ئەون، خاوەن تەختە؛ بە فرشتەی تایبەتیدا وڵامی خۆی بۆ ھەر کەسێ لە عەبدانی خۆی حەز بکا، بەڕێ دەکا؛ تا لە ڕۆژێ – کەتووشیان دێ – بیانترسێنێ.
(١٦) ئەوێ ڕۆژێ – کە ھەموویان دێنەوە دەر – ھیچ شتێکیان لە خودا نھێنی نییە. لەو ڕۆژەدا فەرمانڕەوایی بۆ کێیە؟ ھەر بۆ خودای تاک و تەنیای بە سەر ھەموو شتدا زاڵە.
(١٧) لەو ڕۆژەدا ھەر کەس ھەرچی کردوویەتی، سزای کاری خۆی دەبینێ؛ ئەم ڕۆژە ھیچ غەدرێک نییە. خودا بەلەز بە کاروباران ڕادەگا.
(١٨) تۆ لەو ڕۆژە بیانترسێنە کە لەنەکاو تووشی دەبن. لەو دەمەی کە ھەموو دڵێک لە قوڕگان نزیک دەبنەوە و ھەموو ھەر پیش دەخۆنەوە. ئەوانەی ناھەقیکارن نە ھیچ دۆستیان دەس دەکەوێ، نە کەسێ تکای بگیرێ.
(١٩) خواش دەزانێ کێ چاوی غەیانی ھەیە و چییان لە دڵدا شاردۆتەوە.
(٢٠) خوا بەڕاستی پێ ڕادەگا. ئەوانەی ئەوان ھانایان دەبەنە بەر - غەیرەز خودا – ھیچ کارێکیان لەدەس نایە. ھەر خودایە کە بیسەریش و بینایە.
(٢١) ئاخۆ ئەوان بە زەمیندا نەگەڕاون، تا بزانن چارەنووسی پێشینەکانی ئەوانە چتۆ بووە؟ لەوانە بەھێزتر بوون و لەو زەمینە شوێنەواریشیان زۆرترە؛ لەتۆڵەی گوناھەکانیان خوا گرتنی و کەس لەخودای نەپاراستن.
(٢٢) کە ئەوانە پێغەمبەریان بە نیشانەی ئاشکراوە ھاتبوونە لا و بڕوایان پێ نەکردبوون؛ ئەوێ چاخێ خوا گرتنی. خوا توانایە و سزادانی توندوتیژە.
(٢٣) ] لەو بارەوە بە چەند نیشانەی خۆمان و بە بەڵگەیەکی ئاشکراوە، مووسامان نارد،
(٢٤) بۆ لای فیرعەون و ھامان و بۆ لای قاڕوون. ھەموو گوتیان: جادوگەرێ درۆزنە.
(٢٥) وەختێ لەلایەن ئێمەوە دینی ڕاستی بۆ دەرخستن، گوتیان: کوڕانی ئەوانەی وەل ئەو بڕوایان ھێناوە، لەناو بەرن و ژنەکانیان بەزیندوویی بھێڵنەوە؛ بەڵام فێڵی خوانەناسان ھەرگیز سەری نەگرتووە.
(٢٦) فیرعەون وتی: لێم گەڕێن مووسا بکوژم؛ با ئەو ھاوار بۆ پەروەرندەی خۆی بەرێ؛ من دەترسم دینەکەتان بگۆڕێت و پشێوێنی لەم زەمینەدا بنێتەوە.
(٢٧) مووسا گوتی: ھانا دەبەمە بەر کەسێ – کە منیش و ئێوەشی پەروەراندووە – بمپارێزێ لە ھەموو خۆبەزلزانێ کە باوەڕی بە ڕۆژی قیامەتێ نییە.
(٢٨) پیاوێ لەخزمانی فیرعەون – کە باوەڕی بە خوا ھەبوو، بەڵام باوەڕەکەی خۆی ئەشاردەو – گوتی: ئێوە چلۆن پیاوێ وەھا دەکوژن، ئێژێ خوا پەروەرندەمە و لە پەروەرندەی خۆشیڕا، چەند نیشانەی زۆر ئاشکرای بۆ ھاوردوون؟ ئەگەر دەڵێن: درۆ دەکا، وەباڵ درۆی بە ئەستۆی خۆی. ئەگەریش قسەی ڕاست دەکا، لەوانەی ئەو پێتان دەڵێ، ھێندێکیانوو ھەر بەسەر دێ؛ چونکە خودا مرۆی لە ڕادە لادەری درۆزن شارەزا ناکا.
(٢٩) گەلۆ! ئەمڕۆ فەرمانڕەوایی بۆ ئێوەس؛ لەم ھەردەشا ئێوە زاڵن؛ ئەگەر خوا بە گژماندا بێ، ئەوسا کێ یاریمان دەکا؟ فیرعەون گوتی: چی خۆم بە چاکی دەبینم، ھەر ئەوەتان پێش دەکەوم و ھەر ئەو ڕێگەی کە من نیشانتانی دەدەم، ڕاستەڕێیە.
(٣٠) کاورای خاوەن بڕوا گوتی: گەلۆ! من لەوە دڵخورتم ئەو بەڵایەی بەسەر خەڵکی تر ھاتووە، بەسەرتان بێ؛
(٣١) وەک ڕووداوی ھۆزی نووح و عاد و سەموود و ئەوانەی پاش ئەوان بوون. خوا نایەوێ ناھەقی لە عەبدان بکا.
(٣٢) گەلۆ! لێتان نیگەرانم لەوڕۆژەدا لێو بقەومێ کە دەبێتە ھاوار ھاوار.
(٣٣) ئەوێ ڕۆژێ کە ھەمووتان بەرەو پاش دەگەڕێنەوە و ھەڕادەکەن؛ کەس ناتوانێ لە خودا ڕزگارتان بکا. ھەر کەسێکیش خودا ڕێگەی لێ بگۆڕێ، ھیچ کەس نایخاتەوە سەر ڕێ.
(٣٤) لەمەو پێشیش یووسف بە چەندین بەڵگەوە ھاتە ناوتان؛ کەچی ئێوە لە بەڵگەکانی دوودڵ بوون، باوەڕیتان پێ نەھێنا. وەختێ کە مرد، گوتتان: ئیتر پاش ئەو خودا ھیچ پێغەمبەرێ نانێرێ. دەسا ئاوا ھەر کەسێک دوودڵی بکا و لە ئەندازەی خۆی دەربچێ، خودا ڕێگەی لێ دەگۆڕێ.
(٣٥) ئەو کەسانەی کە بێ ئەوە بەڵگەیەکیان بۆ ھاتبێ، لەمەڕ نیشانەکانی خوا کێشە دەکەن، لەلای خودا و باوەڕداران کاری زۆر نابەجێ دەکەن. خوا دڵی ھەر خۆبەزلزانێکی زۆردار، وا مۆر دەکا.
(٣٦) فیرعەون گوتی: ئەی ھامان! بچۆ قەڵایەک بۆ من ساز کە، بەشکوو بگەم بەو ئاسۆ دوورەدەستانە؛
(٣٧) ئاسۆکانی ئاسمانەکان؛ بڕوانمە خوداکەی مووسا. منیش دەڵێم درۆ دەکا؛ ئابەم جۆرە فیرعەون کاری گەندی خۆی بەجوان زانی و بوو بە لەمپەری سەر ڕێگەی. ھەر فێڵێکی فیرعەون بۆ خۆی دۆزییەوە، بەفێڕۆ چوو.
(٣٨) ئەو کەسەی خاوەن باوەڕ بوو، گوتی: گەلۆ! شوێنم کەون، من ڕاستەڕێتان شان دەدەم.
(٣٩) گەلۆ! ئەم ژینی دنیایە ھەر سەرێکە و دەبڕێتەوە؛ ماڵی ئەولا یەکجارییە.
(٤٠) ھەر کەسێ خراپە بکا، ھەر بە ئەندازەی خراپەی سزا دەدرێ. ھەر کەسیش ئاکاری چاک بن – چ نێر، چ مێ – و باوەڕی بە خودا ھەبێ، ئەوانە دەچنە بەھەشت و بێ ژمارە ھەموو بژیوێکیان ھەیە.
(٤١) گەلۆ! چیمە، من دەمەوێ ڕزگارتان کەم، ئێوە لە منتان گەرەکە بچمە ئاگر؟
(٤٢) دەتانەوێ لە خودا حاشا بکەم و شتی وا بپەرستم و بیانکەم بە شەریکی خوا، کە ھیچ زانستیم پێ نییە؛ کەچی من گەرەکمە ئێوە ڕوو بکەنە لای ھەرە بەدەستەڵاتی گوناھ بەخش.
(٤٣) بێگومان ئێوە دەخوازن من شتی وا بپەرستم کە لە دنیا و لە قیامەتێ ھیچ کارێکی لەدەس نایە. ھەموومان دەگەڕێینەوە بۆ لای خودا و ئەوانەی لە قاس دەردەچن، ھەر تووشی جەھەندەم دەبن.
(٤٤) جائەو دەمە قسەی منتان دێتەوە بیر. کاری خۆم بە خوا دەسپێرم؛ خودا چاوی لە عەبدەکانی خۆی ھەیە.
(٤٥) خوا ئەوی لە ئاکامی خراپی ئەو فێڵەی دەیانکرد، ڕزگار کرد و ھەرچی سەر بە فیرعەونێ بوون، بەڵا دەناوەخۆی گرتن.
(٤٦) ھەموو سپێدە و ئێواران دەیانبەنە سەر ئاور و ڕۆژێ کە سەڵا ڕادەبێ [فەرمان دەدرێ]: سا دەستەو بەستەکەی فیرعەون، زۆر بەتوندی ئازار بدەن.
(٤٧) کە ئەوسا لەناو ئاگردا کێشە دەگەڵ یەکتر دەکەن. بێھێزەکان بە خاوەن ھێزەکان ئێژن: ئێمە شوێن ئێوە کەوتبووین، ئاخۆ ئێوە پێتان دەکرێ بەجێی ئێمە لەو ئاگرە، بەشێک بۆ خۆتان ھەڵگرن؟
(٤٨) بەھێزە لەخۆباییەکان ئێژن: ھەموو لە ئاگرداین. خودا بە کاری عەبدانی وا ڕادەگا.
(٤٩) ئەو کەسانەش کە چوونە ناو ئاگرەوە، لە گزیرەکانی ئاگر داوا دەکەن: لە بەر پەروەرندەی خۆتان بۆن وەپاڕێن، ڕۆژێکمان لەو ئازارە بۆ کەم کاتەوە.
(٥٠) ئێژن: ئاخۆ ئێوە پێغەمبەرەکانتان بە نیشانەی ئاشکراوە نەھاتە لا؟ ئێژن: بەڵێ. ئێژن: دەی خۆتان وەپاڕێن؛ دیارە نزای خوانەناسان، بەشی ھەر بە فێڕۆ چوونە.
(٥١) بێ گومانە ئێمە پێغەمبەرانمان و ئەو کەسانەی کە وا بڕوایان ھێناوە، لە ژیانی ئەم دنیایەدا و لەو ڕۆژەشدا کە شایەتان ڕاس دەبنەوە، یاری دەکەین.
(٥٢) ئەوێ ڕۆژێ کە ناھەقان پاکانەیان سوودێکیان پێ ناگەیەنێ و گشتیان بەنەحلەت کراون و نالەبارتر ماڵیان ھەیە.
(٥٣) ئێمە ھۆی ڕێنوێنیمان دا بە مووسا و کارێکمان کرد کتێبەکە – بەکەلەپوور – بۆ تۆرەمەی ئیسڕائیل بمێنێتەوە.
(٥٤) کە ڕێگەیان نیشان دەدا و بیرەوەرییە بۆ کەسانی خاوەن ئاوەز.
(٥٥) خۆ ڕابگرە، بەڵێنی خودا دێتە جێ. بۆ گوناھت داوای لێبوردنێ بکە و ھەموو بەیانی و ئێواران – بە شوکرەوە – ھەر پەسنی پاکیی پەروەرندەی خۆت بدە.
(٥٦) ئەو کەسانەی لەمەڕ نیشانانی خودا کێشە دەکەن – بەبێ ئەوەی ھیچ بەڵگەیان بۆ ھاتبێ – جگە لە فیز، ھیچ شتیان لە دڵدا نییە و ھەرگیز بە ئارەزوو ناگەن. سا تۆ: پەنا بە خوا ببە؛ ھەر خۆی بیسەر و زانایە.
(٥٧) داھێنانی ئەم عاسمانان و زەمینە، لە وەدی ھێنانی مەردم گرینگترە؛ بەڵام مەردم زۆربەیان ئەمە نازانن.
(٥٨) کۆر و چاوساغ وەکوو یەک نین؛ ئەوکەسانەش کە بوونە خاوەن باوەڕ و ئاکار چاکن، دەگەڵ خراپکارەکاندا نابن بەیەک. چ ھەندکن ئەوانەی بیردەکەنەوە.
(٥٩) ھاتنی ڕۆژی سەڵایە، ھیچ گومانی تێدا نییە؛ بەڵام زۆرینەی ئەم خەڵکە بڕوا ناکەن.
(٦٠) پەروەرندەتان گوتوویە: لە بەرم بپاڕێنەوە، ئەوسا بە دەنگتانەوە دێم. ئەو کەسانەی – ھەر لەبەر خۆبەزلزانین – نایانەوێ بمپەرستن، بە زەبوونی دەچنە دوڕجەھەندەمەوە.
(٦١) ھەر خودایە شەوی بۆ ئێوە پەیدا کرد، کە تێیدا بحەسێنەوە و ڕۆژیشی بۆ دیتن دانا. خودا چاکەی دەربارەی مەردم کردووە؛ بەڵام زۆربەی ئەم مەردمە ناسپاسن.
(٦٢) ئەم خودایە ئێوەی پەروەردە کردووە و وەدی ھێنی ھەموو شتە؛ لە غەیرەز ئەو ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ. دەی چۆن لە ھەق کلا دەکرێن؟
(٦٣) ھەر بە متەرزە ئەو کەسانەی لە نیشانەکانی خودا حاشا دەکەن، لەوەی ڕاستە کلا دەکرێن.
(٦٤) ئەو خودایە سەرزەمینی بۆ ئێوە کردە نشیمەن؛ ئاسمانیشی لەسەر بەرز کردنەوە. ئەو بیچمی بە ئێوەی داوە، لە ھەموو بیچمێک جوانترە. بژیوی باشی پێ داون. ھەر ئەوە خوای پەروەرێنتان. بەرزی و پیرۆزی بۆ خودا، کە پەروەرێنی دنیایە.
(٦٥) ھەر زیندووە و لە غەیرەز ئەو ھیچ پەرستوویەکی نییە. دەسا ئێوە بە دڵپاکی ھەر ھانا بۆ خودا بەرن و دینی پاکژتان بۆ ئەو بێ. سوپاس بۆ خودای ڕاھێنەری ھەموو جیھان.
(٦٦) بێژە: من پاش ئەو بەڵگانەی لەلایەن پەروەرندەمڕا بۆم ھاتووە، ڕێم نەدراوە ئەو شتانە بپەرستم کە [خوا نین و] ئێوە ھانایان پێ دەبەن؛ ھەر فەرمانم پێ دراوە خۆم بسپێرم بە ڕاھێنەری گش جیھان.
(٦٧) ھەر ئەوە ئێوەی دروس کرد لە قوڕێک و لەپاشان لە تنۆکێک و پاشان لە خوێنێکی جەڵتە و پاشان دەتانھێنێتە دەر بە ساوایی و پاشان بەخۆدا دێن ھەتا دەبن بە خۆرتێکی خورت و پاشان بە پیری دەگەن و ھێندێکیشتان بەر لەوە پیر ببن دەمرن. ھەتا دەگەن بە ئەو کاتەی کە بۆتان دیاری کراوە، شایەت [لە خۆتان] ڕامێنن.
(٦٨) ھەر خۆیەتی ژینێ دەدا و دەشمرێنێ. ھەر کارێکی گەرەکی بێ، ھەر پێی ئێژێ: ببە و، دەبێ.
(٦٩) ئاخۆ ئەوانەت نەدیوە کە لە نیشانانی خودا کێشە دەکەن، چلۆن ڕێ لە خۆ دەگۆڕن؟
(٧٠) ئەو کەسانەی کە ھەر بڕوایان نەھێنا بەم قورعانە و بەو شتانەی پێغەمبەرانمان بۆ ناردوون، زۆر ناخایەنێ تێدەگەن.
(٧١) ئەوسا کە ھەر یەک چەند تۆقی دەملدایە و بە زنجیر ڕایان دەکێشن،
(٧٢) بۆناو ئاوێکی زۆر گەرم و لەدوای ئەوە لەناو ئاگردا گڕ دەگرن.
(٧٣) ئەم جارە لێیان دەپرسن: کوان ئەوانە دەیانگوت شەریکی خودان؛
(٧٤) غەیرەز خودا. ئێژن: لەبەر چاومان ونن؛ خۆ ئێمە لەسەر دنیاش بووین، غەیرەز خوامان نەدەپەرست. خودا ئاوا خوانەناسان گومڕا دەکا.
(٧٥) سا ئەمە گۆڕی گیانتان بێ! چونکە ئێوە لە سەر زەمین بە ناڕەوا کەیفوو دەکرد؛ بادی ھەواییتان دەنواند.
(٧٦) لە دەرگاکانی جەھەندەم بچنە ئەو دیو و تاھەتایە لەوێدا بمێننەوە. جێگەی خۆبەزلزانەکان چەند ناخۆشە!
(٧٧) سا بوێستە، چونکە بەڵێنی خوا ڕاستە؛ یان ھێندێکت لەو بەڵێنەی پێیان دەدەین، نیشان ئەدەین، یان مەرگت بەسەردا دێنین. [ھەرچۆنێک بێ] ھەموو لایەک ھەر دەھێننەوە لای خۆمان.
(٧٨) لە پێش تۆشدا گەلێ پێغەمبەرمان ناردن. سەربھوردی ھێندێکانمان بۆ باس کردووی؛ ھەیشن کە باسمان نەکردوون. ھیچ پێغەمبەرێ ناتوانێ ھەتا خودا ئیزنی نەدا، ھیچ نیشانێک نیشان بدا. ھەرگا فەرمانی خودا ھات، دەبێ ڕاستی بە کاری مەردم ڕابگا و؛ ھەرکێ لە سەر پڕوپووچن، تێدا دەچن.
(٧٩) ھەر خودایە وڵساتی بۆ پەیداکردن، ھەتا ئێوە سواریان بن و لێیان بخۆن.
(٨٠) گەلێک بەھرەی تریشیان بۆ ئێوە ھەیە؛ ئەو نیازی لە دڵتاندا، لەسەریان پێکی دەھێنن و لەسەریان و لەسەر گەمیەش ھەڵدەگیرێن.
(٨١) زۆر لە نیشانانی خۆی، دەخاتە بەرچاوی ئێوە. ئێوە حاشا لە کام نیشانەی خوا دەکەن.
(٨٢) ئاخۆ ھەرگیز بە زەمیندا نەگەڕاون کە بزانن ئاکامی پێشینەکانیان بە کوێ گەیشت؟ کە لەمانە زۆرتر و بەھێزتریش بوون؛ شوێنەواریشیان لە ھەردا پتر ماوە. سا ھەرچی کۆیان کردەوە، ھیچ بەھرەیەکی بۆ نەدان.
(٨٣) کە پێغەمبەرانی ئێمە بە نیشانەی ئاشکراوە چوونە لایان، بەو ھۆیە کە زۆر دەزانن، دڵیان خۆش بوو؛ کەچی ئەوەی ئەوان گەمەیان پێ دەکرد، دەوری لێدان.
(٨٤) کاتێ دیتیان بەڵای ئێمەیان دێتەسەر، گوتیان: ئیتر خوای تاقانە دەناسین و لەو شتانەی دەمانگوت: شەریکی خودان، حاشادەکەین.
(٨٥) پاش دیتنی سزای ئێمە، بڕواھێنان قازانجی پێ نەگەیاندن. ئەمە ڕێوشوێنی خودایە؛ دەربارەی ھەموو عەبدانی ھەر وا بووە. لەو کاتەدا ھەر ئەوانەی خوانەناس بوون، زەرەریان کرد.

پەراوێز edit