ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) حا، میم.
(٢) عەین، سین، قاف.
(٣) خودای خاوەن دەستەڵاتی زانا لەکار، فەرمانی خۆی ئاوا بۆتۆو پێغەمبەرانی بەرلەتۆش بەڕێ دەکا.
(٤) ھەرچی لە ناو ئاسمانان و ھەرچی لەزەمیندا ھەیە، گش بۆئەوەو ھەر خۆی جێ بەرزو مەزنە.
(٥) لەوانەیە ئاسمانەکان دەرزبەرن و بەسەریەکدا خرمەبکەن. فریشتانیش بەسوپاسەوە پەسنی پەروەرێنتان دەدەن؛ داوای بەخشین بۆ خەڵکی سەرزەمین دەکەن. باش بزانن ئەوە لەگوناھ دەبورێ و دلۆڤانە.
(٦) ئەوکەسانەی ئەو شتانەی غەیرەز ئەون، بەدۆستی خۆیان زانیون و خەریکی پەرستنیانن، خوا ئاگای لەکاریان ھەیە و ئۆباڵیان لەستۆی تۆنیە.
(٧) ھەروەھاینە قورئانێکی عەرەبیمان بۆ تۆ ھەنارد، ھەتا تۆ بەو، ترس وەبەر خەڵکی مەککەو خەڵکی دەوروبەری بێنی و لە ڕۆژی کۆبونەوەشیان بترسێنی؛ کە بێگومان ھەر وەدی دێ. ئەوسا بەشێک بەھەشتین و بەشێکیان دەچنە جەھەندەم.
(٨) ئەگەر خودا مەیلی لێ با، گشتی دەکردە بەرەیەک لەئاییندا؛ بەڵام ھەر کەسێ خۆی حەزکا، وەبەر بەزەیی خۆی دەخا. ناھەقانیش دۆست و یاریکاریان نییە.
(٩) ئاخۆ کەسیان غەیرەز خودا دیوەتەوە کە دۆستیان بێ؟ دۆستی ڕاستی ھەر خۆیەتی و ئەو دەتوانێ مریان زیندووبکاتەوەو توانای ھەموشتی ھەیە.
(١٠) لە سەر ھەرچی پێک نەھاتن، خودا بە ناوتان ڕادەگا. ئەوخودایە منی پەروەردە کردووە؛ من خۆم ھەر بەوسپاردوەو ھەر ڕودەکەمەوە لای ئەو.
(١١) وەدی ھێنی عاسمانەکان و زەمینەو ھەر لە خۆتان جووتەی لێ بەرھەم ھێنان و لە ماڵاتیش ولفی یەکتری دروس کرد تا زۆرتر پەرەو پێ بدا. ھیچ شتێ وێنەی ئەو نییە؛ ھەر خۆی بیسەر و بینایە.
(١٢) کلیلانی عاسمانان و ئەم زەمینە لجەم ئەوە. ڕۆزیش ھەر بەمەیلی ئەوە بۆیەکێ فرە دەنێرێ و بۆیەکێ کەم. ئاگای لەھەموشت ھەیە.
(١٣) ڕێگەیەکی لە دینداری بۆنگۆ کێشا، کە ئەسپاردی نووحیش ھەر لەوڕێگە بڕوا. ھەر ئەمەشمان بە فەرمان بە تۆ ڕاگەیاند؛ ئیبڕاھیم و مووساو عیساشمان ڕائەسپارد، کە ھەر لە سەر ئەم دینەبن و مەشی کەن بە چەندبەرەکی. ئەوەی ئێوە بەخۆڵکی ڕادەگەیێنن، بۆ ئەوانەی شەریک بۆ خوا پەیدادەکەن، زۆردژوارە. خودا ھەرکێ بخوازێ، لە ناو خەڵکا دەیبژێرێ و ھەر کەسێکیش بەرەو ئەو بگەڕێتەوە، بەرەوخۆی شارەزای دەکا.
(١٤) نەش ببونە دەستەدەستە، مەگین وەختێ باسی ئەم دینەیان زانی. ئێرەیی لە ناو خۆیاندا لە بەر یەکی ھەڵوەشاندن. خۆئەگەر پەروەرندەی تۆ زوتر ماوەی بۆدیاری نەکردنایە، دەمێک بوو کاریان کرابو. ئەوانەی کتێبەکەشیان لە پاش ئەوان بۆبەجێ ما، لێی کەوتنە بێ باوەڕی و گومانەوە.
(١٥) سا بۆئەمە، تۆ گازی لەمەردم بکە و ھەروەک فەرمانت پێدراوە، ھەر سوربە لە سەر ئەم کارەو شوێن ئارەزوویان مەکەوە. بێژە: من بە ھەرکتێبێ خودا ناردوویەتەخوارێ، بڕوام ھەیە؛ فەرمانیشم پێدراوە، بە یەکسانی بەکاروبارتان ڕابگەم؛ ئێمە و ئێوە خودا پەروەرندەمانە؛ کردەوەی خۆمان بۆخۆمان، کردەوەی خۆتان بۆخۆتان؛ لە نێوان ئێمە و ئێوەدا جێ بۆ بەھانە نەماوە؛ خوا ھەموومان لە یەکتر کۆدەکاتەوەو چارەنوسیش ھەر لای ئەوە.
(١٦) ئەمانەی لەمەڕ خوداوە بڕوبەھانەیان ھەیە، لە پاش ئەوە کە بە دەنگیشیەوە ھاتوون، ھەموو بڕوبەھانەیان لەلایەن پەروەرندەیان بێ بایەخەو وەبەر تووڕەیی کەوتوون و بەتوندی جەزرەبە دەدرێن.
(١٧) ئەو خودایەی ئەم کتێبەی بۆڕاستی ناردۆتەخوارێ، تەرازوشی دەگەڵ ھەنارد. تۆ چوزانی؟ لەوانەیە ھاتنی قیامەت نزیک بێ.
(١٨) ئەوانەی باوەڕیان نییە ئەوڕۆژەدێ، پەلە لەھاتنی دەکەن؛ ئەوکەسانەش کە باوەڕییان ھێناوە، لێی دەترسن؛ دەشزانن کە ئەوە ڕاستە. باش بزانن ئەوکەسانەی لەسەڵاڕابون دڕدۆنگن، زۆر لەڕێ دورکەوتوونەوە.
(١٩) خودا دەربارەی عەبدانی بەڤیانە. بەھەر کەس خۆی مەیلی لێ بێ، بژیو دەدا. خاوەن ھێزو دەستەڵاتیش ھەر ئەوە.
(٢٠) ھەر کەسێکی داھاتی دواڕۆژی بوێ، داھاتی پتر دەدەینێ. کێش داھاتی لەم دنیایەدا گەرەک بێ، لەم. دنیا بەشی دەدەین و لەودنیا بەشێکی نییە.
(٢١) ئاخۆ ئەوان شتانێ وا بەشەریکی خوا دەزانن، کە دینێکی وەھایان بۆداھێنابن و خودا ئیجازەی نەدابن؟ ئەگەر بڕیاری یەکجاری دەرنەچوبا، کارەکەیان دەبڕایەوە. ناھەقەکان جەزرەبەی بەژانیان دەبێ.
(٢٢) ئەو ناھەقانە دەبینی، لەئاکامی کردەوەی خۆیان دەترسن؛ دیارە ھەر توشیشیان دەبێ. ئەوکەسانەش کەبونە خاوەن باوەڕو ئاکارچاک بوون، لە سەیرانگای باخەکاندان و چی خۆیان ئارەزوو بکەن، لەئالی پەروەرندەیان پێیان دەگا. ئەمەش بەخششێ مەزنە.
(٢٣) بەمە خودا موژدە بە عەبدانی دەدا، کەبونە خاوەن باوەڕو ئاکارچاک بوون. بێژە: ئەمن مزیەکم لەنگۆ ناوێ، مەگین خۆش ویستنی خزمەنزیکەکان. ھەر کەسیش چاکەیەک بکا، پتر چاکەی دەگەڵ دەکەین. خودا لە گونا دەبوڕێ و بە چاکەی عەبدان دەزانێ.
(٢٤) یان دەبێژن: درۆ بۆ خودا ھەڵدەبەستێ. ئەگەر خودا مەیلی لێ بێ، مۆر بە سەر دڵتەوە دەنێ. خودا – ھەر بەفەرمانی خۆی – پوچ لەئارادا ناھێڵێ و ڕاستی لەجێ، جێداردەکا؛ ئەو بەھەرچی لە ناو دڵاندا دەبوورێ، ئاگادارە.
(٢٥) ھەر ئەویشە پەژیوانی لە عەبدانی قبوڵ دەکاو لەکارە خراپەکانیان چاودەپۆشێ و لە ھەموو کردەوەکانتان ئاگادارە.
(٢٦) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و ئاکارچاکن، نزایان لێ قبوڵ دەکاو لەچاکەی خۆی بەشی زۆرتریان دەداتێ. بۆ خودانەناسەکانیش، جەزرەبەی زۆردژوار ھەیە.
(٢٧) ئەگەر خودا – بێ سەروبەر – بژیوی بۆعەبدانی خۆی بناردبا، لە زەمیندا یاغی دەبون؛ بەڵام ھەربەمەیلی خۆی و بەئەندازەی بەڕێ دەکا، کە خۆی لەعەبدەکانی خۆی ئاگادار و چاوەدێرە.
(٢٨) ھەرئەویشە پاش ناھومێدبون لەباران، بارانە دادەبارێنێ و دلۆڤانی خۆشی بڵاودەکاتەوە. ھەرئەوە بۆ مەزنایەتی ئەشێ ھەر پەسندی بدرێ.
(٢٩) ھەر لەنیشانانی ئەون: داھێنانی ئەم ئاسمانانە و زەمینەو ئەوھەمو جانەوەرانەی – کە لە نێوان ئەودوانەدا – بڵاوی کردوونەتەوە. ھەرگاش بۆخۆی مەیلی لێ بێ، توانای ھەیە ھەموویان کۆبکاتەوە.
(٣٠) ھەرگا تووشی بەڵایەک بوون، بە ھۆی کردەوەی خۆتانە؛ لەزۆر گوناھەکانیشتان چاودەپۆشێ.
(٣١) ناشتوانن لەم سەرزەمینە، خۆ لە خودا بدزنەوە. غەیرەز خوداش، نە ھیچ گەورەیەکتان ھەیە، نە کەسیش دەھاناتان دێ.
(٣٢) ھەر لەنیشانانی ئەون: ئەوگەمیانەی – کە چیائاسا – لەناودەریا دێن و دەچن.
(٣٣) ئەگەر حەزکا، با ڕادەگرێ و لە سەر دەریا بەقەتیسی دەمێننەوە؛ کە لەمەدا بۆ ئەوانەی خۆڕاگرو سوپاسکارن، بەڵگە فرەن.
(٣٤) یان لە سزای کردەوەیان تووشی نوقم بونیان بکا. لەزۆرێ لە گوناھانیشیان دەبوورێ.
(٣٥) تا ئەوانەش دەربارەی نیشانەکانمان کێشەدەکەن، بزانن کە ھیچ دەرەتانێکیان نییە.
(٣٦) ھەرچی بە ئێوە دراوە، ھۆی ژیانە لە دنیایە. ئەوشتەش کە لای خودایە، بۆئەوخاوەن باوەڕانەی ھەر بە پەروەرندەی خۆیان پشت ئەستورن، باشترەو بەپێزتریشە.
(٣٧) ئەوانەشن لەتاوانی گەورە دورن و لە کردەوەی شورەیی دەپرینگێنەوەو لە جەنگەی توڕەبونیاندا عەفودەکەن.
(٣٨) ئەوکەسانەش کە بە دەنگی پەروەرێنیانەوە چون و نوێژدەکەن و کارگەلیشیان بەڕاوێژەو لەوبژیوەی پێمان بەخشیون، دەبەخشن.
(٣٩) ئەوکەسانەش ئەگەر زۆرێکیان لێ بکرێ، تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە.
(٤٠) سزا بۆ ھەرخراپەیەک، خراپەیەکی وەک ئەوە. کێش لەتۆڵە چاوبپۆشێ و کۆشش بۆئاشتی بکا، پاداشی لە سەر خودایە. بێ سۆ خودا ناھەقکارانی خۆش ناوێن.
(٤١) ئەوکەسانەی لە پاش ناھەقی لێکردن، تۆڵەی خۆیان دەستێننەوە، خەتابار نین.
(٤٢) خەتا ھەر لەوکەسانەیە – ناڕەوا – ناھەقی لەمەردم دەکەن و ئاکاریان لەوڵاتدا بە ملەوڕیە. ئەوانە ئازارێکی بەژانیان دەبێ.
(٤٣) بۆکەسێکی خۆڕاگربێ و لەتۆڵە چاوپۆشی بکا، ئەمە یەکێ لەکارە پەسندەکانە.
(٤٤) ھەر کەسێ خوا لێی گۆڕیبێ، ئیتر کەسی بەشوێن ئەوا، نابێ بەدۆست. تۆ دەبینی ئەوانەی ناھەقیکارن وەختێ جەزرەبە دەبینن، ئێژن: ئاخۆ ھیچ دەرەرتانێکمان ھەیە؟
(٤٥) کە دەیانبەنە سەر ئاگر، دەیانبینی زۆربەسەرکزی داماون و لەبنەوە چاوەچاویانە. خاوەن باوەڕانیش ئێژن: زیانباران ئەوکەسانەن کە خۆیان و کەس و کاریان، ڕۆژی سەڵا دۆڕاندوە. باش بزانن کە ئەو ناھەقی کەرانە، ھەتاسەر ھەر لەئازاردان.
(٤٦) غەیرەز خودا ھیچ کەس دەھانایان نایە. ھەر کەسێکی خودا گومڕای بکا، ھیچ ڕێیەکی بۆنامێنێ.
(٤٧) بەر لەوە ڕۆژێ بێ کە لە لای خوداوە ھیچ گەڕانەوەی بۆنیە، بەفەرمانی پەروەرندەی خۆتان بکەن. ئەوێ ڕۆژێ ھیچ پەناتان دەس ناکەوێ و ھیچ حاشاتان پێ ناکرێ.
(٤٨) سائەگەر ھەر خۆیان بوارد، ئێمە تۆمان بۆیە نەنارد لە سەر ئەوانە پاسداربی؛ تەنیا ئەوەندەت لەسەرە، مەبەستەکە ڕابگەیێنی. ئێمە ھەرگا کارێک دەکەین مرۆ تامی بەزەیی ئێمە بچێژێ، خۆشیان لێ دێ و ئەگەر بە ھۆی کردەوەخراپەکانیان دەکەونە چۆرتمێکەوە، ھەر دەزانن پێنەزان بن.
(٤٩) لەو ئاسمانانەو زەمینە فەرمانڕەوا ھەرخودایەو چی بخوازێ دروس دەکا؛ بەیەکێ کچ دەبەخشێت و بەیەکێ کوڕ؛ ئیتر بەمەیلی خۆیەتی.
(٥٠) یان جڤیکی کوڕو کچانیان دەداتێ و مەیلی لێ بێ، ھێندێکانیش نەزۆک دەکا. ھەر خۆی زانایەو توانایە.
(٥١) ھەرگیز خودا ھیچ کەسێکی لەڕوبەڕو، نەدواندوە. یان فەرمانی لەڕای دڵیەوە ناردووە، یان لەپشت پەردەوە بووە، یان قاسیدێکی ناردوەو ئیزنی داوە چی دەخوازێ بەدڵی ڕابگەیێنێ. ھەر ئەو جێ بەرزو کارزانە.
(٥٢) ھەر بەم جۆرەش، ئێمە لە فەرمانی خۆمان، گیانێکمان ناردە لای دڵت. تۆ دەپێشدا نەتدەزانی کتێب کامەو بڕوا چییە؟ بەڵام ئێمە ئەوەمان کردە مەشخەڵێک کە عەبدانمان – ئەوانەی خۆمان بخوازین – بەوە دەخەینە سەرڕێگا. تۆش لەڕاستەڕێ، ڕێبەری.
(٥٣) ڕێگە بەرەو ئەو خودایە، ھەرچی لەعاسمانەکان و ھەرچی لەزەمینیشدایە، ھەر بۆئەوە. باش بزانن! ھەموکارێک ھەر بۆ لای ئەو دەچێتەوە.

پەراوێز edit