ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) پەسن و سوپاس بۆ خودایێ کە ھەرچی لە ئاسمانەکان و زەمیندان ھەر بۆ ئەوە و لەو دنیاش سپاس و پەسن ھەر لە خۆی دەوەشێتەوە. ھەر بۆ خۆشی لە کارزان و ئاگادارە.
(٢) ھەرچی دەچێتە ناو زەوی و ھەرچی لە زەوی دەرکەوێ و ھەرچی لە عاسمان داکەوێ و ھەرچی لێیەوە سەرکەوێ، ئەو دەیزانێ و ھەر بۆ خۆشی دلۆڤانە و خەتابەخشە.
(٣) ئەوانەی خودا ناناسن، گوتیان: ھەرگیز ڕۆژی سەڵا بۆ مە نایە. بێژە: سوێندم بەو خودایەی کەوا منی ڕاھێناوە و زانای ھەموو نھێنیەکە، بێ شک سەڵا و لێ ڕادەبێ. ھەرشتێکی بە قورسایی مێروولە وردیلەیەک بێ، یان لە وچوکتر یان مەزنتر لە نێوانی ئەم عاسمانانە و زەمیندان، تاقی لە لای ئەو گوم نابێ؛ گشتی لە ناو نووسراوەیەکی ڕوون کەرەوە ھەڵگیراوە.
(٤) تا ھەرکێ خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بوون، پاداشیان بۆ دیاری بکا. بۆ ئەوانە لێ خۆشبوون و ڕسق و ڕۆزی پاکژ دەبێ.
(٥) ئەوانەی کە تێدەکۆشن بە نیشانەکانی ئێمە باوەڕ نەکرێ و خۆیان لە ئێمە ببوێرن، بەشی ئەوان جەزرەبەدانێ بەژانە.
(٦) ئەوکەسانەش کە لە زانین بەش دراون، سوور دەزانن ئەوی بۆ تۆ ناردراوە ڕاستە و ڕێگەی بەرەو خاوەن دەستەڵاتی پەسن دارو نیشان دەدا.
(٧) خوانەناسەکانیش ئێژن: ئاخۆ ئێوە گەرەکتانە پیاوێکتان بۆ دەس نیشان کەین، پێتان ئێژێ: ئەگەر ئێسک و پرووسکیشتان بەرباد ببێ، سەرلەنوێ زیندوو دەبنەوە؟
(٨) ئاخۆ درۆی بە دەم خواوە ھەڵبەستووە، یان شێت بووە؟ نەخێر، ئەوان کە بڕوایان بەڕۆژی قیامەتێ نییە، لە ئازاردا دەتلێنەوە و زۆر لەڕێ دوورکەوتوونەوە.
(٩) ئاخۆ ئەمان لە پێشەوە و پاشەوەی خۆیان نەڕوانی، لەم عاسمان و زەمینەدا؟ ئەگەر ئێمە بمانەوێ وا دەکەین زەمین قووتیاندا، یان چەند کوتێکی ئاسمانیان بەسەردا دەخەینەخوارێ. لەمەدا بەڵگەیەک ھەیە بۆ ھەر عەبدێ دەخوازێ بگەڕێتەوە.
(١٠) ئێمە زێدە بەشێکمان دابوو بە داوود: ئەی کێوەکان و باڵداران! ئێوەش وەل ئەو پەسنی پاکی خودا بدەن. ئاسنیشمان بۆ نەرم کرد.
(١١) کە تۆ باڵاپۆش لە ئاسن دروس بکە؛ گەوچن لە ئەندازەدا بن، با کارەکانتان ھێژا بن؛ خۆم کاری ئێوە دەبینم.
(١٢) سولەیمانیش بامان بۆ کەوی کردبوو؛ تەنیا لە دانی بەیانی سی ڕۆژەڕێ و سەرلەنگۆرەش سی ڕۆژەڕێ ڕێگەی دەبڕی. بۆ ئەو، کانی مسیشمان تاواندبۆوە: چەند جنۆکەش - بەفەرمانی پەروەرندەی - لەبەر دەستی کاریان دەکرد، ھەرکێ لەوان خۆی بواردبا و لە فەرمانی مە دەرچووبا، ئێمە ئازاری ئاگرمان پێ دەچەشاند.
(١٣) چی دەویست ئەوەیان دەکرد. ھەر لە کۆشک و تەلارەوە، تا کۆتەڵ و بۆتی زلی وێنەحەوز و چەندین تیانی دابەستراو. ئەی ماڵ و خێزانی داوود! شوکرێ بکەن؛ لە عەبدەکانم کەمتریان شوکرێ دەکەن.
(١٤) لەوکاتەشدا کە مردنمان بۆ بڕیاردا، ئەگەر مۆرانە نەبوایە و دارعەساکەی نەخواردایە، کەس بە مەرگی نەدەزانی. کاتێ ڕەتی برد و کەوت، بۆ جنۆکەکان دەرکەوت، گەر پێواریان بزانیبا، لەم ئازارە پڕسووکایەتییە دەرچووبوون.
(١٥) جێگا و شوێنی خەڵکی سەبا نموونە بوون؛ دوو ڕیزەباغ لە لای ڕاست و لای چەپەوە. لەم بژیوەی پەروەرندەتان پێداون، بە شوکرانەوە لێی بخۆن؛ وڵاتێکی ھێندە خۆش و پەروەرندەی وا خەتاپۆش!
(١٦) نافەرمانی خودایان کرد؛ ئەوسا ئێمەش لافاوی ئاوی بەندیمان بەردا سەریان؛ لە جێی دوو ڕیزەباخەکان، میوەی داری دارسیواک و گەزیچار و کەمێ کنارمان بۆ ھێشتن.
(١٧) ئەوان سپڵەی پێنەزان بوون، ئەم بەڵایەمان بۆ ناردن؛ ئاخۆ ئێمە بۆ کەسانێ سپڵە نەبن، ھیچ بەڵایان بەسەر دێنین؟
(١٨) لە ناو ئەوان و گوندانێ پیتی خۆمان تێخستبوون، چەند دێیەکمان لە پاڵ یەکتر ئاواکرد و مەودای نێوانیانمان بە ئەندازە دانا. دەسا بە شەوان و ڕۆژان - بەبێ ترس - بە ناویاندا دەرباز ببن.
(١٩) گوتیان: ئەی پەروەرندەمان! مەودای مزڵ تا مزڵمان - لە سەفەردا - بۆ دوورتر کە؛ کە غەدرێک بوو لە خۆیان کرد. ئەوسا گشتمان وەھا لە یەکتر دابڕی، بوونە پەندی ڕووی زەمانە؛ کە ئەمەش چەند بەڵگەیەک بوو بۆ ھەموو خۆڕاگرێکی سوپاسگوزار.
(٢٠) شەیتان دی کە گومانی سەبارەت بەوان وەڕاست گەڕا، شوێنی کەوتن؛ ھەردەستەیەک لە باوەڕدارەکانیان مان.
(٢١) نەیدەتوانی شەیتان بەسەریاندا زاڵ بێ؛ تەنیا بۆیە بوو بزانین کێ بڕوای بەقیامەت ھەیە و کێش لەواندا لێی دوودڵە. پەروەرندەت لە ھەموو شت چاوەدێرە.
(٢٢) بێژە: ئێوە ھاوار لەو شتانەی غەیرەز خودا بکەن کە بە خەیاڵ بە پەرستووتان دەزانین؛ ئەوانە سەنگی مێروولە وردیلەیەک، دەستیان ناڕوا و لە سازدانی ئەم عاسمانانە و زەمینە بەشیان نەبووە و یارمەتی خوایان نەداوە.
(٢٣) تکاش لای ئەو بەھرەنادا؛ مەر بۆ کەسێک ئیزنی بدا. جا ئەو دەمەی ترسی دڵیان دادەمرکێ، پێیان ئێژن: پەروەرندەی ئێوە چی وت؟ ئێژن: ڕاستی و ھەر ئەویشە ھەرە پایەبەرزی مەزن.
(٢٤) بێژە: ئەی کێ لە ئاسمانان و عەرزەوە بژیو بە ئێوە ئەگەینێ؟ بێژە: خودا؛ ئێمە و ئێوەش یان بەرەو خودا شارەزاین، یان ئاشکرا لە ڕێی خودا لامان داوە.
(٢٥) بێژە: ھەر گوناحێ بیکەین، کەس لەنگۆ ناپرسێتەوە؛ ئێوەش ھەر کارێکی دەیکەن، کەس لە مە ناپرسێتەوە.
(٢٦) تۆ بێژە: پەروەرندەمان لێکترمان کۆدەکاتەوە؛ پاشان ھەر چلۆنێ ڕاستە، ئاوا بە ناومان ڕادەگا. خۆی زانایە و ھەر ئەو بەکاران ڕادەگا.
(٢٧) بێژە: ئەوانەم نیشاندەن کە بە شەریکتان زانی، ھەرگیز خوا شەریکی نەبووە؛ بەڵکوو ھەرخوا خۆی خاوەنی دەستەڵات و لە کارزانە.
(٢٨) ئێمە تۆمان ھەر بۆیە نارد کە بۆ گش خەڵکی سەرزەمین مژدەدەر و ترسێنەر بی؛ بەڵام زۆربەی ئاپۆرەی مەردم نازانن.
(٢٩) دەشڵێن: ئەگەر ئێوە ڕاستن، ئەم بەڵێنە کەی دێتە جێ؟
(٣٠) بێژە: ڕۆژێ کە بڕیارە لەوێدا بە یەکتر بگەن، نە تاوێکتان وەدوا دەخەن، نە تاوێکتان زووتر دەبەن.
(٣١) خودانەناسەکان وتیان: ئێمە نە بەم قورعانە بڕوا دەکەین و نە بەوانە کە بەرلەو بەڕێ کراون. گەر تۆئەو ناھەق پیشانەت بدیتایە کە لە ھەمبەر پەروەرندەی خۆیانەوە ڕاگیراون، ھێندێ ئاوڕ وەھێندێکیان دەدەنەوە و دەئاخێون. ئەوانەی بێ دەستەڵات بوون، بەدەستەڵات دارەکانی خۆیان ئێژن: ئەگەر ئێوە نەبوونایە ئێمە بڕوامان دەھێنا.
(٣٢) خاوەن دەستەڵاتەکانیش بە بێ دەستەڵاتان ئێژن: ئاخۆ ئێمە بووین نەمانھێشت ئێوە بەڕێی ڕاستا بڕۆن، پاش ئەوەی کە ڕێ نیشاندەرتان ھاتە لا؟ ھەر بۆ خۆتان تاوانبار بوون.
(٣٣) ئەوسا بێ دەستەڵاتەکان لە وەرامی ئەوانەدا - کە خاوەن دەستەڵات بووگن - ئێژن: ئێوە بەشەووڕۆژ ھەر گەڕتان تێدەھاڵاندین کە دەبێ خوانەناسین و چەندین ھاوتای بۆ پەیدا کەین. کاتێ دیتیان بۆ ئازاردان، ئێمە خودانەناسەکان - زنجیر لە مل - ڕادەکێشینە پای حەساو، بەدڵ پەشیمان دەبنەوە. دیارە ھەر کەس ھەر بەرانبەر کردەوەی خۆی سزا دەدرێ.
(٣٤) ھەتا ئێستا ھەر کەسێکمان لە پێغەمبەرانی خۆمان ناردۆتە ھەر ئاوەدانییەک، لە ئێمەیان بترسێنێ، ھەر ئەوانەی لەوپەڕی خۆشیدا ژیاون، گوتوویانە: بەو شتانەی ئێوە پێی ڕاسپێراون باوەڕ ناکەین.
(٣٥) گوتووشیانە: ئێمە لەمەڕ ماڵی دنیا و عەولادەوە لە ئێوە پترمان ھەیە و ھەرگیز تووشی ئازار نابین.
(٣٦) بێژە: ڕۆزی، پەروەرندەی من دەینێرێ؛ زۆر و کەمی بەستە بە مەیلی خۆیەتی؛ بەڵام زۆربەی ئەم خەڵکە ئەمە نازانن.
(٣٧) سامانیش و عەولادی زۆر لەوانە نین لە ئێمە و نزیک کاتەوە، مەگین کەسێ بڕوای بە ئێمە ھێنابێ و ئاکاری چاک ڕەچاو بکا؛ کە لە بەرانبەر کردەیان دووسەرە پاداش ئەگرن و بێ دەغدەغە لە ئۆدەکانی بەھەشتا دەسێنەوە.
(٣٨) ئەوکەسانەش کە بۆ بێ بایەخ کردنی نیشانەکانی ئێمە کۆشش دەکەن و دەیانەوێ بە دەس ئێمەوە دەربچن، ئەشێ لە ناو جەزرەبەدا بتلێنەوە.
(٣٩) تۆ بێژە: پەروەرندەی من بژیوی عەبدانی دەدا، زۆر و کەمی بەستە بە مەیلی خۆیەتی و ھەرچی لێشی بەخێر بدەن، بۆتان تێھەڵدێنێتەوە و چاکترین ڕۆزی دەر ئەوە.
(٤٠) لەوڕۆژەدا کە ھەموان کۆدەکاتەوە، ئەوسا بەفریشتان ئێژێ: ئاخۆ ئەمانە ئێوەیان پەرستوە؟
(٤١) ئێژن: ھەرتۆی ھیچ کەمایەسییەکت نەبێ؛ ھەرخۆت گەورەی ھەموومانی؛ ئێمە ئەوانە ناناسین؛ بەڵکوو ئەوان جندۆکەیان دەپەرست و بەشی زۆریان باوەڕیان بەمان ھێنابوو.
(٤٢) جا ئەو ڕۆژە ئێوە دەربارەی یەکتری نە ھیچ بەھرەیەکتان ھەیە و نە ھیچ زیانێک. بەوانەش کە غەدریان کردووە، ئێژین: بچێژن ئازاری ئاگر، کە بە درۆتان دەزانی.
(٤٣) کە نیشانەی ئاشکرامان بۆ ئەوان دەخوێنرایەوە، ھەر دەیانگوت: ببێ و نەبێ ئەم پیاوە گەرەکیەتی لەو شتانەی باب و کاڵتان دەیانپەرست پێشیان بگرێ؛ گوتیشیان ئەمە درۆیە و ڕێکخراوە. ئەو کەسانەی کە خودایان نەناسیوە، وەختێ ئەم ڕاستەیان بۆھات، وتیان: ئەمە - ببێ و نەبێ - جادوێکی ئاشکرایە.
(٤٤) ئێمە کتێبگەلێکیشمان نەدابوونێ بیانخوێنن؛ بەرلە تۆش ھیچ پێغەمبەرمان بۆ نەناردوون کە ترسێکیان وەبەربێنێ.
(٤٥) پێشینەکانی ئەمانەش - وەک ئەمانە - بێ باوەڕ بوون؛ دەیەکی ئەو شتانەشیان پێ نەگەیوە کە ئەوسا بەوانمان دابوو و بەڵێ، حاشایان کرد لە پێغەمبەرانم. سا من چۆن دەردێکم پێدان!
(٤٦) بێژە: من ھەر ئامۆژگاریەکتان دەکەم: لەبەر خودا یەکەیەکە و دوان دوان ڕاوەستن و پێکەوە بیر کەنەوە؛ ھەواڵەکەتان ھیچ شێتی تێدا نییە؛ ئەو ھەر تەنیا گەرەکیەتی لە ھاتنی ئازارێکی زۆر بە ژانتان بترسێنێ.
(٤٧) بێژە: من ھیچ پاداشێکم لێتان ناوێ؛ ئەوی دەبوو بیدەن بە منیش بۆ خۆتان، پاداشی من لەسەر خوایە و ھەر ئەو - بۆ خۆی - لە ھەمووشت ئاگادارە.
(٤٨) بێژە: بێ سۆ پەروەرندەم ھەق دەنێرێ. [ھەر بۆ خۆشی] چازانی نھێنیەکانە.
(٤٩) بێژە: ڕاستی جێی پڕوپوچی گرتووە و چروک ھیچ باوێکی نەما و تازە قەت ناگەڕێتەوە.
(٥٠) بێژە: ئەگەر لە رێگەی ڕاست کلا بووبم، وەباڵی دێتە ئەستۆی خۆم؛ ئەگەر شارەزاش بووبێتم، ھۆیەکەی ئەو فەرمانەیە کە پەروەرندەم بۆی ناردووم؛ ئەوە دەبیسێ و نزیکە.
(٥١) بریا [ئەوانەت] بدیبا، وەختێ ترسیان ڕێ نیشتووە و ھیچ دەرەتانێکیان نییە و لە پەناوە دەگیر ھاتوون.
(٥٢) ئەوسا ئێژن: ئەوا باوەڕمان پێ ھێنا. کەی تازە لەو جێ دوورەوە بەوە ڕادەگەن؟
(٥٣) کە دەپێشدا باوەڕیان پێ نەھێناوە و لە دوورەوە و - لە نەدیتە - ھەر بوختانیان بۆ دەھاویشت.
(٥٤) ئەوانە دوور دەخرێنەوە لەوەی وا ئارەزووی دەکەن؛ ھەروا کە ھاوڕێیەکانیان - بەرلە ئەوان - بەو دەردە چوون. ئەوان تووشی گومانێکی زۆر دژوار بوون.

پەراوێز edit