ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) ئەی پێغەمبەر! تۆ ترست ھەر لە خودا بێ و مەچۆ سەر قسەی ئەوانەی خوا ناناسن و ئەوانەی دووڕوویی دەکەن. خودا زانا و لە کارزانە.
(٢) ھەر ئەو فەرمانە پێک بێنە، کە لجەم پەروەرێنەوە بۆت دێتە خوار. خودا لە ھەر کارێ دەیکەن، ئاگادارە.
(٣) ھەرخۆت بە خودا بسپێرە، خوا بریکارت بێ، بەسە.
(٤) خوا بۆ ھەناوی ھیچ پیاوێ، جووتێ دڵی دانەناوە. ژنانیشتان کە بانگ دەکەن: «ئەتۆ وەکوو دایکی خۆمی» نەیکردوون بە دایکی ئێوە. ئەو زڕکوڕەکانیشتانی نەکردۆتە کوڕی ئێوە و ئەمە ھەر قسەی خۆتانە و ھەر لە زاری خۆتانەوە داکەوتووە. خودا ئەوی ڕاستە دەیڵێ و ھەر خۆی ڕێگە نیشان دەدا.
(٥) ھەر بە ناوی باوکی خۆیان بانگیان بکەن؛ وا لە بارترە لای خودا. ئەگەر بابیشیان ناناسن، برای دینی و دۆستی ئێوەن. ئەگەر پێشووش لەمەدا بە ھەڵەچوبن، گوناھێکتان لەسەر نابێ. بەڵام ئەگەر لە دڵەوە و بە ئانقەس بێ، [بەرپرس ئەبن]. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە.
(٦) پێغەمبەر بۆ موسوڵمانان لە خۆیانیش فەڕزترە و؛ ژنەکانی پێغەمبەریش دایکی موسوڵمانەکانن. وەک لە نوسراوی خوادایە، خوێش و خزمان [بۆ میرات بردن لە یەکتر] شیاوترن لەوانەی خاوەن باوەڕن و لەوانەش کە ئاوارە بوون؛ جا مەگین ھەر بتانەوێ چاکە دەگەڵ یەکێ لەدۆستانوو بکەن. ئەمەش لەنووسراوەکەدا خەت دراوە.
(٧) [بێننەوە بیر] ئەوێ کاتێ کە پەیمانمان لە پێغەمبەرەکان ئەستاند. لەتۆ و نووح و ئیبڕاھیم و مووسا و عیسای کوڕی مەریەم و لە ھەموویان پەیمانی زۆر پتەومان ساند.
(٨) تا لە ڕاستان - سەبارەت بە ڕاستیەکەیان - پرسیار بکا؛ بۆ خودانەناسەکانیش ئازارێکی زۆر بەژانی ساز کردووە.
(٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لە بیر مەکەن چۆن چاکەیەک خودا دەربارەی ئێوەی کرد؛ لەشکرگەلێکتان ھاتە سەر؛ ئێمە بامان وێڕای چەند لەشکر بۆ ناردن؛ کە ئێوە نەتان دەدیتن. ھەرچی ئێوە دەیکەن، خودا باش دەیبینێ.
(١٠) لەو دەمەدا کە لە ژوور و لە ژێرەوە بۆتان ھاتن، چاوتان ڕەشکەوپێشکەی دەکرد؛ [دڵتان وەتەپەتەپ کەوت و] گەییشتە قوڕقوڕاگەتان؛ زۆر خەیاڵی جۆراوجۆرتان لە خودا بە دڵدا دەھات.
(١١) لەوشوێنەدا ئەزموونی خاوەن باوەڕان ھاتەگۆڕێ و بە لەرزینێکی زۆر بە ھێز، دڵی ھەمووان کەوتە لەرزە.
(١٢) لەو عانەشدا ئەو کەسانەی دووڕوو بوون و ئەوانەش کە دەغەزێکیان لەدڵدا بوو، ھەر دەیانگوت: ئەوبەڵێنەی خودا و پێغەمبەر دەیاندا ھەر بۆ فریوی ئێمە بوو.
(١٣) ھێندێک لەوان گازی دەکرد: ئەی دانیشتوانی مەدینە! ئێرە جێگای ئێوە نییە، دەی وەگەڕێن. ھێندێکیشیان دەھاتن ئیزنیان لە پێغەمبەر دەخواست: کەسمان لەسەر ماڵەکانمان دانەناوە ئاگای لێ بێ. ماڵیان بێ پارێزگار نەبوو، ھەر نیازی ڕاکردنیان بوو.
(١٤) ئەگەر دەوری ماڵەکانیان لێ گیرابا و بیان گوتایە: لە دین پەژیوان ببنەوە؛ ھێندە زۆری نەدەخایاند، لە دین پاشگەز دەبوونەوە.
(١٥) ئەوان پێشتر پەیمانیان دابوو بە خودا، کە لەبەر دوژمن نابەزن؛ دیارە پەیمان بە خودادان لێ پرسینەوەشی ھەیە.
(١٦) بێژە: ڕاکردن لەمردن یان لە کوشتن، ھیچ دادێکی ئێوە نادا؛ ئەوساکەش ھەر کەمێکی تر لە دنیادا ڕایدەبوێرن.
(١٧) بێژە: گەر خودا بخوازێ بەڵایەکتان بەسەر بێنێ، یان چاکە و دەربارە بکا، کێ دەستی وەبەردەھێنێ و دەوپارێزێ؟ غەیرەز خودا نە سەروەریان دەس دەکەوێ و نە کەس یاریدەیان دەدا.
(١٨) دیارە خودا خۆی دەزانێ چ کەسانێ لەنگۆ دەبوونە لەمپەر و کێش بوون دەنگی براکانی خۆیان دەدا: «وەرنە لامان». کەمتریشیان لەم شەڕەدا بەشدار دەبوون.
(١٩) لەحاند ئێوە چاوچنۆکن؛ ھەرگا ترسێ دێتەپێشێ، دەیانبینی ھەر زەق لە تۆ دەڕوانن و چاویان سپی ھەڵدەگەڕێ؛ وەک یەکێ لە ترسی مردن بێ ھۆش بوو بێ. وەختێ ترسیش بەسەر دەچێ، گەزارەتان لێ دەکێشن؛ دەست بەزمان شڕی دەکەن و چاونەزێری تاڵانەکەن. ئەوانە ھەرگیز باوەڕیان نەھێناوە؛ ھەموو کاریان لای خودا بە فیڕۆچووە و ئەمەش لای خودا ھاسانە.
(٢٠) وا ئەزانن کە دوژمنە ھاودەسەکان نەڕۆیشتوون. خۆ ئەگەریش ئەو ھاودەسانە بێنەوە، ئەمانە ئاوات ئەخوازن وەل عارەوە چۆڵنشینەکاندا بان و ھەر دەنگوباسی ئێوەیان بپرسیبا. ئەگەر لە ناوتانیش مابان - کەمیان نەبێ - لە شەڕدا بەشدار نەدەبوون.
(٢١) بێ سۆ پێغەمبەری خودا سەرمەشقی چاکە بۆ ئێوە و بۆ ھەر کەسێ کە بە خودا و ڕۆژی سەڵا ھیوادارە و ھەر خەریکی یادی خوایە.
(٢٢) کاتێ کە خاوەن باوەڕان چاویان کەوتە ئەو دوژمنە ھاودەسانە، گوتیان: ئەمە ھەر ھەمانە کە خودا و پێغەمبەرەکەی بەڵێنیان بە ئێمە داوە و ھەر بەڵێنێ خودا و پێغەمبەری بیدەن، ڕاست دەردەچێ و ئیتر بڕوا و ھەستی فەرمان بردنیان پتر گەشەی کرد.
(٢٣) پیاوی وا ھەن لە ناو خاوەن باوەڕاندا، ئەو پەیمانی بەخوایان دا، پێکیان ھێنا؛ جا لەوانە ھەیانە گیانی بەخشیوە و ھێندێکیشیان چاوەنۆڕن و تۆزقاڵێکیش [سۆزی خۆیان] نەگۆڕیوە.
(٢٤) تاکوو خودا چاکەی ئەوکەسانەی ڕاست بوون بداتەوە؛ ئەوکەسانەش کە دووڕوو بوون - گەر حەز بکا - ئازاریان دا، یان تۆبەیان لێ قبووڵ کا. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە.
(٢٥) خودا دین دوژمنەکانی - وێڕای ئەو ڕکەی کە بوویان - کشاندەوە و ھیچ بەھرەشیان دەس نەکەوت. لە جەنگدا خاوەن باوەڕان خودایان لایە، بەسیانە. خوا توانای بە دەستەڵاتە.
(٢٦) ئەھلی کتێبیش، ئەوانەی پشتیوانی دوژمنان بوون، لە قەڵای ھێنانە خوارێ و ترسی خستە دڵیانەوە و ھێندێ لەوان بە دەستی ئێوە کوژران و ھێندێکیشتان بە دیل گرتن.
(٢٧) زەوییەکان و خانووەکان و سامانیان و ئەو زەمینەش کە پاتان پێدا نەنابوو، خودا گشتی دابە ئێوە. خودا توانای بەسەر ھەموو شتدا ھەیە.
(٢٨) ئەی پێغەمبەر! ژنەکانی خۆت بدوێنە: ئەگەر ژین و زەمبەری دنیاتان دەوێ، دەسا وەرن تا ھەقی خۆتان بدەمێ و بە بێ گازندە و بە خۆشی ڕاھیتان کەم.
(٢٩) ئەگەریش خوا و پێغەمبەر و ماڵی دواڕۆژتان گەرەکە، خودا بۆ کارچاکەکانتان پاداشی گەورەی داناوە.
(٣٠) ئەی ھاوسەرانی پێغەمبەر! ھەر کەس لەنگۆ خراپەیەکی ئاشکرای لێ ڕووبدا، دووسەرە جەزرەبەی دەدرێ؛ ئەمەش لای خودا ھاسانە.
(٣١) ھەرکامیشتان بەر فەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی بێ و ئاکارچاک بێ، پاداشەکەی بەدووچەندان پێ دەدەین و بژیوێکی ھەرە باشمان بۆ داناوە.
(٣٢) ئەی ھاوسەرانی پێغەمبەر! ئێوە وەک ژنانی تر نین؛ ئەگەر خۆتان ئەپارێزن، زۆر بە خاوی قسە مەکەن؛ نەوەک کەسێ غەرەزێکی لە دڵدا بێ، قرمی خۆش کا؛ ھەر چۆن پەسندە بپەیڤن.
(٣٣) لە ماڵ خۆتان دەرمەکەون و وەک دەورانی زەمانی نەزانی پێشوو، خەمڵی خۆتان نیشان مەدەن. نوێژبکەن و زەکات بدەن؛ لە فەرمانی خودا و پێغەمبەر دەرمەچن. ئێوە کە خەڵکی ئەم ماڵەن، خوا گەرەکیە چەپەڵیتان لەسەر لابا و پاک و خاوێنتان ڕاگرێ.
(٣٤) ھەرچی لە نیشانانی خوا و لە کارزانی لە ماڵتاندا بۆ ئێوە دەخوێنرێتەوە، فێری بن و بیڵێنەوە. خوا ھەموو شتی لێ دیارە و ئاگادارە.
(٣٥) پیاگ و ژنی موسوڵمان و مێر و پیرەکی بەباوەڕ، پیاگ و ژنی فەرمانبەر و پیاو و ژنی قسەڕاست و پیاو و ژنێ بێ فیز و خۆبەزل نەزان، پیاو و ژنی سەدەقەدەر و پیاو و ژنی ڕۆچەوان و پیاو و ژنی نامووس پارێز و ژن و پیاوێ کە زۆر یادی خودا دەکەن، لە خوداوە لێخۆشبوون و پاداشێکی گەورەیان بۆ داندراوە.
(٣٦) ئەگەر خوا و پێغەمبەرەکەی فەرمانیان بە ھەر کارێک دا، ھیچ پیاوێک و ھیچ ژنێکی خاوەن باوەڕ ناتوانن پەسندی نەکەن. ھەر کەسێکیش لە فەرمانی خودا و پێغەمبەری دەرچێ، ڕێگەی زۆر ھەڵە کردووە.
(٣٧) ئەوسا ئەوی خودا چاکەی دەگەڵ کرد و تۆش چاکەت دەگەڵ کردووە، تۆ پێت ئەوت: دەس لەژنێ خۆ بەرمەدە و دەبێ لە خودا بترسی. شتێکیشت لە دڵی خۆدا دەشاردەوە، کە خوا ھەر ئاشکرای دەکرد. ھەر لە مەردمیش دەترسای؛ کەچی خودا شیاوتر بوو لێ بترسی. جا کاتێ زەید لە ھاوجووتەکەی خۆی بە ئارەزوو گەییشت، ئەومان کردە ھاوجووتی تۆ؛ ھەتا خاوەن باوەڕەکان لە خواستنی ژنی زڕکوڕانی خۆیان - لە دوای ئەوە تەڵاقیان دان - لۆمە نەکرێن، ھەرفەرمانێ خودا بیدا، دەبێ پێک بێ.
(٣٨) بۆ پێغەمبەر قەیدی نییە کارێک بکا کە خوا بۆی بڕیاری داوە. ڕەفتاری خودا دەگەڵ پێغەمبەرانی ڕابردوشدا ھەروا بووە. خوا بە ھەرچی فەرمان بدا - بێ زیاد و کەم - دەبێ بکرێ.
(٣٩) ئەو کەسانەی ھەر فەرمانەکانی خودا دەگەیێنن و لەو دەترسن؛ غەیرەز خوداش لە ھیچ کەسی تر ناترسن. خودا حەسێبگەر بێ، بەسە.
(٤٠) محەممەد بابی ھیچ پیاوێک لە پیاوانی ئێوە نییە. بەڵام ڕاسپاردەی خوایە و ئاخری پێغەمبەرانە و خودا ھەموو شت دەزانێ.
(٤١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! فرە یادی خوا بکەن [و لە یادی ئەو ڕامەوەستن].
(٤٢) ھەموو بەیانی ئێواران لە پاکی و بێ عەیبی خودا تاریف بکەن.
(٤٣) ئەو کەسێکە دروود بۆ ئێوە دەنێرێ؛ ھەروەھاش فرشتەکانی؛ ھەتاوەکوو لە تاریکی دەرتانبێنێ و بەرەو ڕووناکیتان بەرێ. خودا بۆخاوەن باوەڕان دلۆڤانە.
(٤٤) ئەوێ ڕۆژێ کەدێنەبەر بارەگای ئەو، وە سەلام بەخێریان دێنێ و پاداشێکی پڕبایەخی بۆداناون.
(٤٥) ئەی پێغەمبەر! ئێمە بۆیە ناردومانی، شایەت و مزگێنی دەر و ترسێنەر بی.
(٤٦) بە ئیزنی ئەو، خەڵک بۆ خوداپەرستی گازی بکەی و چرایەکی تیشکدەر بی.
(٤٧) بەوانەی خاوەن باوەڕن مژدەش بدە، کە لە لای خواوە بە چاکەی زۆر گەورەوە ئەخوێنرێنەوە.
(٤٨) ئەوی خودانەناسەکان و دوڕازەکان گەرەکیانە بیکەی، مەیکە؛ گوێ بە ئازاریشیان مەدە. ھەر خۆت بە خودا بسپێرەو خودا بریکار بێ بەسە.
(٤٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەگەر ژنی باوەڕدارتان مارەکرد و بەر لەوەی دەگەڵیان بنوون تەڵاقتان دان، نابێ تا ماوەیەکی دیاری کراو قەتیسیان کەن؛ بەشەکەی خۆیان بدەنێ و بە ڕووخۆشی ئازادیان کەن.
(٥٠) ئەی پێغەمبەر! ئێمە ئەو ژنانەتمان بۆ ڕەوا دیوی، کە مارەییت پێگەیاندوون؛ ئەوانەش کە لە تاڵانێ دەس کەوتوون و خودا کردوونییە پشکی تۆ. ھەروەھا دۆت مامەکانت و دۆت پلکانت و دۆت خاڵانت و کیژەکانی خوشکی خاڵت، کە دەگەڵ تۆ ئاوارە بوون، بە تۆ دەشێن. ھەر ژنێکی باوەڕداریش - بەو مەرجە خۆی ببەخشێ بەپێغەمبەر و پێغەمبەریش گەرەکی بێ مارەی بکا - ئەمەش ھەر تایبەتی تۆیە؛ نەک بۆ باوەڕدارانی تر. ئێمە خۆمان زانیومانە کە دەربارەی ئەو ژنانەی بەوان ڕەوان و ئەوانەی دەبنە کەنیزیان، چلۆن بڕیارێکمان داوە، تا ھیچ گیروگرفتێک بۆ تۆ ڕوو نەدا. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە.
(٥١) تۆ سەرجێی ھەرکامیان وەدوا بخەی و کامیان بانگ بکەیە لای خۆت، کەیفی خۆتە. ژنی تەخسیر کراویشت ئاشت کەیەوە، گوناھێکت نایەتە سەر. ئەم کارە باشتر دەبێتە ھۆی ئەوە کە دڵخۆش بن و خەم نەخۆن و ھەموویان ڕازی بن بەوەی کە پێت داون. خودا دەزانێ ئێوە چیتان بە دڵدادێ. خودا زانا و لەسەرخۆیە.
(٥٢) دوای ئەمانەی - کە خودا پێی ڕەوا دیوی - ژنانی ترت پێ ناشێن؛ بۆشت نییە ئەو ژنانەت بە ژنی تر بگۆڕیەوە؛ با دەلای و جوانییەکەشیان دڵی تۆی بۆ خۆی کێشابێ؛ مەگین ئەوانەی لە تاڵان بەرتۆ کەوتوون. خودا بە سەر ھەموو شتدا چاوەدێرە.
(٥٣) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەماڵەکانی پێغەمبەر مەچنە ژوورێ، مەگین بۆ جەمێکی خواردن بان کرابن؛ ئەگەر چووشن، نابێ وەختێکی وابچن کە ئەو جەمە خۆراکە ئامادە نەبووە. ھەر کە ژەمە نانەکە و خوارد، بڵاوەکەن و خۆ بە قسەوە خەریک مەکەن. ئەم کارەتان پێغەمبەری ئازار دەدا و لەبەر ئێوە شەرم دەکا دەنگوبدا. خودا لە قسەی ڕاست گوتن شەرم ناکا. ھەر کاتێکیش داوای شتێک لەژنەکانی ناوماڵ دەکەن، لە پشت پەردەوە بخوازن؛ ئەم کارە لە دڵپاکی ئێوە و ئەوانیش نزیکترە. نابێ پێغەمبەری خودا لە ئێوە ئازار ببینێ؛ ناشبێ دوای ئەو - تاھەتایە - ژنەکانی مارە بکەن؛ کە ئەم کارە لە لای خودا گوناھێکی زۆر گەورەیە.
(٥٤) ھەرشتێ ئاشکرای بکەن، یان وەیشێرن، خوا دەیزانێ.
(٥٥) ئەگەر ژنان لە ڕووی باوک و کوڕانیان و برا و برازایەکان و خوشکەزاکانی خۆیان و لەدیتنی ئەوژنانەی کە لەسەر دینی خۆیانن و ھەروەھا کەنیزەکانیان ڕوونەپۆشن، قەیدی نییە. ئەشێ لە خودا بترسن، خودا بۆ خۆی لە ھەموو شت ئاگادارە.
(٥٦) خودا و فرشتەکانی خوا، پەسنی پێغەمبەرێ دەدەن؛ ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! سا ئێوەش پەسنی بدەن و بەدڵ و گیان سڵاوی خودای لێ بکەن.
(٥٧) ئەو کەسانەی خودا و پێغەمبەری خودا ئازار دەدەن، بەر نەحلەتی خودا کەوتوون، لە دنیاش و لە قیامەتێ، ئازاری پڕسووکایەتی بۆ داناون.
(٥٨) کەسانێکی پیاو و ژنی خاوەن باوەڕ - بەبێ ئەوەی کارێکی خراپیان کردبێ - دەڕەنجێنن، بێ سۆ تووشی بوختان و تاوانێکی ئاشکرا بووگن.
(٥٩) ئەی پێغەمبەر! ژنەکانت و کچەکانت و خێزانی خاوەن باوەڕان حاڵی بکە، با خۆیان بە چارشێوەکانیان داپۆشن؛ ئەم کارە باشتر دەبێتە ھۆی ئەوە کە بناسرێن و ئازار نەدرێن. خودا لە خەتا دەبوورێ و دلۆڤانە.
(٦٠) خۆ ئەگەر دوڕازەکان و ئەو کەسانەش غەرەزێکیان لە دڵدایە و ئەو کەسانەی لە ناو شاری مەدینەدا [لە دژی دین] دەنگۆ بڵاو دەکەنەوە، دەس ھەڵنەگرن، دەیانخەینە بەردەستی تۆ و لە ئاکامدا - بێجگە ماوەیەکی ھندک - لەو شارەدا ناتوانن ببن بە ھاوسات.
(٦١) نەحلەت لەوانە کراوەو لە ھەر کوێکا وەگیر کەون، دەگیرێن و ھەر بە یەکجاری دەکوژرێن.
(٦٢) شێوەی کاری خوا لە ناو پێشینەکانی ڕابردووشا ھەروا بووە و شێوەی کاروباری خودا گۆڕانی بەسەردا نایە.
(٦٣) مەردم دەربارەی قیامەتت لێ دەپرسن؛ بێژە: ھەر خودا دەیزانێ. تۆ چووزانی؟ وێدەچێ بەم زووانەبێ.
(٦٤) خودا نەحلەت لەو دین دوژمنانە دەکا و ئازاری لە جەھەندەمدا بۆ داناون.
(٦٥) تاھەتا لەوێدا دەبن و کەسیش نابێ بەدۆست و یارمەتی دەریان.
(٦٦) ئەوێ ڕۆژێ دەم وچاویان لە ئاگردا ئەم دیو ئەودیوی پێدەکرێ، ئێژن: خۆزی بەفەرمانی خوامان کربا و بەرفەرمانی پێغەمبەر باین.
(٦٧) دەشڵێن: ئەی پەروەرندەمان! ئێمە وەدووی ئاغاکان و گەورەکانی خۆمان کەوتین؛ ئەوان ئێمەیان گومڕا کرد.
(٦٨) ئەی پەروەرێنی ھەموومان! دووسەرە ئازاریان بدە و فرە بەنەحلەتیان بکە.
(٦٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئێوە وەک ئەوانە مەبن کە ئازاری مووسایان دا؛ ئەوسا خودا لەو بوختانەی بۆیان دەکرد، پاکانەی کرد؛ لای خوداش پیاوێ لەڕوو بوو.
(٧٠) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەر لە خودا بترسن و قسەی ڕاست و پتەو بکەن؛
(٧١) تا خودا کاروو ڕاست بێنێ و لە گوناھتان ببوورێ. ھەر کەسێکی بەرفەرمانی خودا و پێغەمبەری خوا بێ، بە سەرکەوتنێکی گەورە گەیشتووە.
(٧٢) ئێمە ئەم ئامانەتییەمان لە بەرانبەر ئاسمانان و زەمین و ئەو ھەموو کێوانە ڕانا، ھیچیان دەخۆیان ڕانەدی بچنە ژێری و لێی دەترسان. پاشان مرۆ وەستۆی خۆی گرت، کە نەیزانی و سەبارەت بە خۆی غەدری کرد.
(٧٣) ھەتا خودا پیاگ و ژنە دوڕازەکان و ئەوانەی شەریکان بۆ خوا دەناسن - نێرومێویان - ئازار بدا و پەژیوانی ھەموو کەسی باوەڕداریش - پیاو بن یان ژن - قبووڵ بکا. خودا لەگونا دەبوورێ و دلۆڤانە.

پەراوێز edit