ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) شوکرانە ھەر بۆ خودایە کە عاسمانان و زەمینی داھێناوە و فریشتانی دوو باڵ و سێ باڵ و چوار باڵی کردووتە ڕاسپاردە. ھەر چۆنی بۆ خۆی حەز بکا، لە بەرھەمی زێدە دەکا. خودا لەسەر ھەموو شتێک توانای ھەیە.
(٢) ھەرگا خودا دەروی خێرێ لە ڕووی مەردم بکاتەوە، کەس ناتوانێ گاڵەی بدا و، ئەگەر ئەویش گاڵەی بدا - بەدەر لە خۆی - کەس ناتوانێ بیکاتەوە. ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و لە کارزانە.
(٣) ئەی خەڵکینە! لە بیرتان بێ خودا چەندی چاکە لەسەر ئێوە ھەیە؛ ئاخۆ غەیرەز خودا، وەدی ھێنێک ھەیە کە لە ئەزمان و زەوینا بژیوی ئێوە دابین کا؟ بە غەیرەز خۆی ھیچ شت بۆ پەرستن ناشێ؛ چلۆن لە ڕێ کلا دەکرێن؟
(٤) ئەگەر بە تۆ بڕوا ناکەن، پێغەمبەرانی بەرلە تۆش ھەر بە درۆزن دانران. ھەموو کاریش ھەر بۆ لای خوا دەبرێنەوە.
(٥) ئەی خەڵکینە! بێ سۆ بەڵێنی خوا ڕاستە؛ ژیانی دنیا نەکا بتانخەڵەتێنێ و نەکا شەیتان بە بەخشەندەیی خوداتان فریو بدا.
(٦) شەیتان دوژمنی ئێوەیە، سا ئێوەش ببنە دوژمنی؛ ئەو ھەر بۆیە دارودەستەی گازی دەکا، تا لە یارانی ئاگر بن.
(٧) ئەوانەی خودانەناس بوون، ئازارێکی توندیان دەبێ. ئەوی باوەڕیشیان ھێنا و ئاکاری چاکیان ڕەچاو کرد، لە گوناھ عافوو دەکرێن و پاداشی ھێژایان ھەیە.
(٨) ئاخۆ کەسێ خراپەی بۆجوان کراوە و بۆ خۆی پەسندی کردووە [وەکوو کەسێکە وا نەبێ؟ ] خوا حەز بکا، ھەر کەسێ گومڕا دەکات و حەزیش بکا، شارەزای بەرەو خۆی دەکا. نەکا لەبەر خەمی ئەوان، تێدا بچی؛ خوا دەزانێ ئەوانە چ کارێک دەکەن.
(٩) ھەر خودایە ئەو بایانە بەڕێ دەکا و ئەوانیش ھەور دەبزوێنن؛ ئەوسا ھەور دەئاژوێن بەرەو سەرزەمینێکی مردوو؛ زەوی مردوو بەوە زیندوودەکەینەوە؛ وەژیاندنی پاشەڕۆژیش ھەر ئاوایە.
(١٠) کەسێ قەدر و ڕێزی دەوێ، ڕێز و قەدر گشتی لە دەست خودادایە. وتەی باش ھەر بەرەو ئەو بەرەژوور دەچێ و ئاکاری چاکیش ھەر بەرزی دەکاتەوە. ئەو کەسانەش کە فێڵ بۆ خراپە دەکەن، بە توندی سزا دەدرێن و فێڵەکانیان بە ھیچ دەچێ.
(١١) خودا ئێوەی ھەوەڵ لە گڵ، پاشانیش لە تنۆکەیەک وەدی ھێنا؛ پاشان جووتەی لێ پێک ھێنان. چی لە تۆلی مێوینەدا و ھەرچی لە مێوینە دەزێ، ئەو دەیزانێ. کێ عومری درێژی دەبێ و کێ تەمەنی کورتی دەبێ، ھەموو لەدەفتەر نووسراوە؛ ئەمە بۆ خودا ھاسانە.
(١٢) دوو دەریا ھەن وەکوو یەک نین: ئەم شیرینە و تینووایەتی ئەشکێنێت و ڤەخارنی گۆارایە، ئەو شۆرێکی تاڵ و تفتە؛ لە ھەرکانیش گۆشتی تازە بۆ خارنێ پەیدا دەکەن؛ زەمبەریشیان دەقەڵێشن تا ئێوە لە سایەی ئەودا ڕۆزی بۆ خۆ پەیدا کەن و شوکرانەی لەسەر ببژێرن.
(١٣) شەو دەخاتە ناو ڕۆژەوە و ڕۆژیش دەشەوێ ڕادەکا؛ خۆر و ھەیڤیشی کەوی کرد؛ ھەرکامی تا کاتی دیاردە دێن و دەچن. ئێوەی پەروەردە کردووە و پادشاھیش ھەر لە ئەو دەوەشێتەوە. ئەو شتانەی - غەیرەز خودا - ئێوە ھانایان پێدەبەن، تەنانەتی تۆخڵی تەنکی دەنکی خورمایە شک نابەن.
(١٤) گەر ھاواریشیان بۆبەرن، ھاوارەکەتان نابیسن؛ بیشی بیسن، ناشێن بە دەنگتانەوە بێن؛ ڕۆژی سەڵاش حاشا دەکەن کە ئێوە پەرستووتانن. غەیرەز خودا - کە ھەموو شتێک دەزانێ - کەس ناتانێ [لەوانە] ئاگادارت کا.
(١٥) ئەی خەڵکینە! ئێوە بە خودا ئاتاجن؛ ھەر خودایە بێ نیازە و ھێژایە پەسندی بدرێ.
(١٦) ئەگەر حەزکا، ھەمووتان لە بەین دەبات و سەرلە نوێ، دەستەیەکی تر پەیدا دەکا؛
(١٧) ئەمەش لای خوا دژوار نیە.
(١٨) ھیچ کەس باری گوناھی کەس وەستۆ ناگرێ. ئەگەر بێتوو گران بارێک لەبەر یەکی تر وەپاڕێ: شان بداتە بەر بارەکەی - با خزمی نزیکیشی بێ - خۆ ناخاتە ژێر باری ئەو. تۆ ھەر ئەوەندەت لەسەرە ئەو کەسانە بترسێنی کە نەدیتە لە پەروەرندەکەی خۆیان دەترسن و نمێژ دەکەن. کێش دەیەوێ بەپاکژی بژی، ھەر خۆی لەو پاکییە بەھرە دەبا و چارەنووسی ھەموو شیان ھەر لای خودایە.
(١٩) کوێر و چاوساغ وەکوو یەک نین.
(٢٠) تاریکایی و ڕووناکاییش وەکوو یەک نین.
(٢١) بەرسێبەر و گەرمای تاویش وەکوو یەک نین.
(٢٢) گیان لەبەران و بێ گیانیش ھاووێنە نین. خودا حەز کا، وا دەکا ھەرکەس ببیسێ. تۆ ناتانی دەنگت بەوانە ڕابگا کە خراونە ناو گۆڕەوە.
(٢٣) تۆ ھەر ئەوەندەت لەسەرە ترس وەبەر خەڵکی بێنی.
(٢٤) ئێمە بەڕاستی تۆمان نارد مژدەدەر و ترسێنەر بی. ھیچ کۆمەڵتەیەکیش نەبووە کە ترس وەبەرھێنەریان بۆ نەچووبێ.
(٢٥) گەر ئەمانە تۆ وەدرۆ دەخەنەوە، پێشینەکانی ئەمانەش پێغەمبەرانی خۆیانیان ھەر بە درۆزن ژمێرا؛ گەرچی ئەوان بەنیشانەگەل پتەو و بەسیپارە و کتێبی ڕووناکی دەرەوە ھاتنە لایان.
(٢٦) ئەوسا خودانەناسانم بە غەزەب گرت. دەسا سزای من چلۆن بوو؟
(٢٧) ئاخۆ نەت دی، خودا ئاوی لەو بەرزەوە باراندووە، میوەجاتی ھەمەڕەنگەمان پێ ڕوواند؟ لە کێوانیش ڕێگەوبانی سپی و سووری جۆراوجۆری بەڕەنگ جیای وەدی ھێنان؟ ڕەشی وەک قەلەڕەشەشیان تێدا ھەیە.
(٢٨) لە مەردم و جانەوەر و پاتاڵیشدا، ھەر وەھایە؛ ڕەنگیان لە یەکتر جودایە. لە ناو عەبدانی خودادا ھەر ئەوانەی فرەزانان لێی دەترسن. خودا خاوەن دەستەڵاتی خەتا پۆشە.
(٢٩) ئەو کەسانەی کتێبی خوا دەخوێننەوە و نوێژ دەکەن و لەو بژیوەی پێمان داون - بەنھێنی و بە ئاشکرایی - خێر دەکەن، بە ھومێدی سەودایەکن ھەرگیز لە برەو ناکەوێ.
(٣٠) تا بەرانبەر بە کۆششیان پاداشی خۆیان پێ بدا و لە چاکەی خۆی زێدەشیان بۆ وەسەر بخا. بێ گومانە ئەو خەتاپۆش و پێ زانە.
(٣١) ھەرچی لە ناو ئەم کتێبە بە تۆمان ڕاگەیاندووە، ڕاستە و بڕوای بەو کتێبانەش ھەیە کە لە خوداوە ناردراون. خودا لە عەبدەکانی خۆی ئاگادار و چاوەدێرە.
(٣٢) جا ئەوسا ئەم کتێبەمان کردە میرات بۆ ئەو عەبدانەمان کە ھەڵمان بژاردن. لە ناو ئەوانیشدا کەسانێک ھەن غەدرێ لە خۆ دەکەن؛ بڕێکیشیان مام ناونجین. ھەر لەوانیش کەسانێک ھەن - بە ئیزنی خوا - سەبارەت بەکاری چاکە پێشەبڕێ لە ھەواڵان دەبڕنەوە؛ کە ئەمە زێدە بەشێکی زۆر ھێژایە.
(٣٣) دەچنەناوباغاتێکەوە کە نافەوتێن؛ لەوێ دەیانڕازێننەوە و بازووبەندیان لە زێر و مرواری دەبێ و پۆشاکیشیان لەوێدا لە ھەڤرەمیشە.
(٣٤) ئەوسا ئێژن: شوکرانە بۆ ئەو خودایەی کە سەری لە سەر نەھێشتین؛ بەڕاستی پەروەرندەمان زۆر خەتاپۆش و پێ زانە.
(٣٥) ئەوخودایە لەچاکەی خۆی ئێمەی لە ماڵی ھەرماندا نیشتەجێ کرد. نە ڕەنجێ لێرا دەکێشین، نە تووشی ماندوویی دەبین.
(٣٦) بۆ ئەوانەش کە لە خودا حاشایان کرد، ئاگری جەھەندەم ھەیە؛ نە ڕێی مردنیان پێدەدەن، نە جەزرەبەی دۆژەھیان لە سەر سووک دەکرێ. ھەر کەسانێ بە چاکەی خودا نەزانن، ئێمە وایان سزا دەدەین.
(٣٧) بە زۆڕەزۆڕ لەوێدا دەپاڕێنەوە: پەروەرێنمان! لە دۆژەە بمانھێنەدەر؛ لە ئاکاری پێشوو پەشیمان بووینەوە؛ ئەم جارە کاری چاک دەکەین. ئەدی ئێمە تەمەنی وا درێژمان بە ئێوە نەدا کە ھەر کەسێ بیویستایە، دەیتوانی پەندی لێ بگرێ؟ ترسێنەریشتان ھاتە لا! دە ئەم ئازارە بچێژن. ھەر کەسێ کە ناھەقی کرد، ھیچ کەسی دەھانا نایە.
(٣٨) خوا نھێنی ئەرز و ئاسمانان ئەزانێ و لە ڕازی دڵی ھەموو کەس ئاگادارە.
(٣٩) ھەر ئەو ئێوەی لە جێگەی پێشینەکانتان - لەم زەمینە - جێ کردەوە. ناسوپاسی ناسپاسان، ھەر تووڕەیی پەروەرێنیان پتر دەکا و بێ ئەمەگی بێ ئەمەگان، ھەر زیانیان زێدە دەکا.
(٤٠) بێژە: ئەوانە - لە جێی خوا - پێتان، شەریکی خودا بوون، نیشانم دەن؛ لەم زەمینە کامەشتیان وەدی ھێنا؟ یان لە وەدی ھێنانی عاسمانەکاندا، کەنگێ ھەمکاری خودا بوون؟ یا خود ئەمانە کتێبیان لای ئێمەوە بۆ ھاتووە و بەڵگەیە بە دەستیانەوە؟ نەخێر، ئەوانەی ناھەقن ھەر بەڵێنی خڵەتاندن بە یەک دەدەن.
(٤١) خودایە کە ئەم عاسمانان و زەوینەی ڕاگرتووە کە ناکەون؛ ئەگەر کەوتن - لەو بەدەر - کەسی وا نییە ڕاگیریان کا. ئەو کاری بە شێنەیین و خەتاپۆشە.
(٤٢) بە توندی سوێندیان دەخواردن، کە: بە خودا سوێندەکەمان، ئەگەر ئێمە ترسێنەرێک لە خوداوە بێتە لامان، پتر لە ھەر کۆمەڵی تر ڕێگەی خودا دەگرینەبەر. کەچی وەختێ ترسێنەرێک ھاتە لایان، فرەتر لە خوا دوورەو کەفتن؛
(٤٣) ھەر لەبەر خۆبەزل زانین لە زەمین دا و بۆ فڕوفێڵ؛ فڕوفێڵیش ھەر یەخەی خاوەنی دەگرێ. ئاخۆ بێژگە چارەنووسی پێشینەکان، چاوەنۆڕی شتێک تر ھەن؟ ئەمە ڕێگەوشوێنی خوایە و قەت نابینی ڕێ و شوێنی خوا بگۆڕدرێ و جێ بەجێ بێ.
(٤٤) ئاخۆ ئەوان لە زەمیندا نەگەڕاون، تا ببینن پێشینەکان - کە لەوانەش بەھێزتر بوون - چییان بەسەر ھات؟ ھیچ کەس لە ناو عاسمانەکان و زەمیندا پەیدا نابێ کە ھێز لە خودا بستێنێ؛ زانا و توانا ھەر خۆیەتی.
(٤٥) ئەگەر خودا ئەم مەردمەی - بە ھۆی ئەو کارانەی دەیکەن - بگرتبا، لە سەر پشتی ئەم زەمینە جوقەوارێکیش نەدەما؛ بەڵام خودا مەودای داوە تا ماوەیێ دیاری کراو بمێننەوە؛ کەنگێ ئەو ماوە بەسەر چوو، خۆی دەزانێ عەبدەکانی چییان کردووە.

پەراوێز edit