ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) کاف، ھا، یا، عەین، ساد.
(٢) باسی چاکەی پەروەرێنتە سەبارەت بە زەکەریای خوڵامی خۆی.
(٣) ئەو کاتە کە ھانای بۆ پەروەرندەی برد بە دەنگێکی نزم و نەوی.
(٤) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! من ئەوا پێشەم سیس بوون و سەرم لەبەر [دەردی] پیری ترووسکەی دێ. پەروەرندەم! تا لەبەرت پاڕاومەوە ھەرگیز لێت ناھومێ نەبووم.
(٥) من لە پاش خۆم لە خزمەکانم نیگەرانم؛ کەیوانووەکەشم نەزۆکە. سا تۆ لەلایەن خۆتەوە فرزەندێکم پێ ببەخشە؛
(٦) با میراتی من و خانەدانی یاقووب بەر ئەو کەوێ. پەروەرندەم! ھێڤیمە تۆش پەسندی کەی.
(٧) ئەی زەکەریا! ئێمە مزگێنی مناڵێک بە تۆ ئەدەین، وە ناو یەحیا؛ کە پێشتر لەم، کەسن نەکردە ھاوناوی.
(٨) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! جا کوا من مناڵم دەبێ! لەبەر پیری کەلەلام و خێزانەکەشم نەزۆکە.
(٩) گوتی: [فەرمان] ھەر ئەمەیە و پەروەرندەکەی تۆ ئێژێ: ئەمە لەلای من ھاسانە؛ ئاخر تۆشم لە بەرێدا ھەر لە نەبووڕا درووس کرد.
(١٠) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! نیشانێکم بۆ دابنێ. گوتی: نیشان بەو نیشانەی تا سێ شەوان - بێ وەی ھیچ وەیێکت ھەبێ - قسەی دەگەڵ مەردم ناکەی.
(١١) ئەوسا لە میحرابەکەوە ڕۆویشتە لای ھۆزەکەی و بە ھیمایە تێی گەیاندن کە بەیانیان و ئێواران ھەر پاکانەی خودا بکەن.
(١٢) ئەی یەحیا! کتێب توند بگرە. ھەر لە زارۆکایەتیشدا لەکارزانیمان پێ بەخشی.
(١٣) دەگەڵ دڵسۆزی و بێ گەردی - لەلایەنی خۆمانەوە - کەسێکی خۆپارێزیش بوو.
(١٤) لەیەل دای و بابیشیدا خۆشڕەفتار بوو؛ سەربزێوی و لاساری نەببوە پیشەی.
(١٥) سڵامی لێ بێ، ڕۆژێ کە لە دایک بووە و ڕۆژێ دەمرێ و ڕۆژێ زیندوو دەکرێتەوە.
(١٦) لەم کتێبە باسی مەریەمیش بێنە گۆڕ؛ کاتێ دوور لە کەسوکاری، شوێنێکی خۆرەڵاتی بۆ خۆی ھەڵبژارد.
(١٧) لە نێوان خۆی و ئەماندا پەردەیەکی ڕاھەنگاوت. ئێمە ڕووحی خۆمان بۆ نارد؛ بنیادەمێکی تەواوی ھاتە بەرچاو.
(١٨) وێ گوت: ئەمن پەنا دەبەمە بەر خودا لە دەستی تۆ [سا] ئەگەر تۆ خۆپارێزی [لێم مەیە پێش].
(١٩) ئەو گوت: ئەمن لە پەروەرندەی تۆوە ڕاسپێراوم فرزەندێکی پاک و خاوێنت پێ ببەخشم.
(٢٠) وێ گوت: چۆن مناڵم دەبێ، کە ھیچ مرۆیەک لە پێشدا منی بە دەست نەگرتووە و ھەرگیز داوێن تەڕیش نەبووم.
(٢١) گوتی: فەرمان ھەر ئەمەیە و پەروەرندەی تۆ وتوویە. ئەوە لە لای من ھاسانە و دەمانەوێ چاکەیەک بێ لە ئێمەوە و نیشانەیەک بێ بۆ مەردم. ئەم فەرمانەش ھەر دێتە جێ.
(٢٢) دەناو تۆلی وێدا گوورا و بەو زگەوە خۆی گەیاندە شوێنێکی دوور.
(٢٣) ژانی زانی، وێ بردە لای دار خورمایێ. گوتی: خۆزیا ھەر بەر لە ئێستا دەمردم و یەک جێ لە بیر دەچوومەوە.
(٢٤) لە خوارووی وێڕا بانگی کرد: خەمت نەبێ، پەروەرندەت لە ژێر تۆڕا جۆگە ئاوێکی پێک ھێنا.
(٢٥) کۆتەرەی ئەو دارخورمایەش بھەژێنە، خورمای تازە پێ گەیشتووت بەسەردا دادەوەرێنێ.
(٢٦) بە چاوی ڕوون بخۆ و وەخۆ؛ ھەر کەسێکیشت لە مرۆ چاو پێ کەوت بێژە پێی: لە خۆم گرتووە لە ڕای خودا لە ئاخافتن بتەکمەوە و ئیتر ئەمڕۆ ھیچ مرۆیەکی نەدوێنم.
(٢٧) ھاتەوە ناو کەسوکاری و مناڵێک بە باوەشەوە. گوتیان: مریەم! قەت دەتۆمان وا ڕانەدیت ئەم سەمەرەت لێ ڕوو بدا.
(٢٨) خوشکی ھاڕوون! تۆ نە باوکت پیاو خرا بوو، نە دایکیشت داوێن تەڕ بوو.
(٢٩) ھیمای بۆ مناڵەکە کرد. وتیان: جا چۆن دەگەڵ ساوای سەر بێشکەدا بئاخێوین.
(٣٠) [منداڵەکە] وتی: من خولامی خودام؛ کتێبی بە خەڵات دامێ و منی کردۆتە پێغەمبەر.
(٣١) لە ھەر کوێش بم، پێ و قەدەمم پیرۆز دەکا و ڕای سپاردووم - ھەتا زیندووم - نوێژ بکەم و زەکات بدەم.
(٣٢) گوێ لە مستی دایکیشم بم؛ نەشیکردووم بە ملھوڕێکی سەربزێو.
(٣٣) سڵامم لێ بێ ڕۆژێ کە لە دایک بووم و ئەوێ ڕۆژێ کە دەمرم و ئەوێ ڕۆژێش کە زیندوو ڕادەکرێمەوە.
(٣٤) قسەی دروست لەمەڕ عیسای کوڕی مەریەم، ھەر ئەمەیە؛ کە ئەمان تیا دوودڵن.
(٣٥) لە خودا ناوەشێتەوە زارۆی ھەبێ؛ پاکی و بێ عەیبی بۆ ئەوە. ھەرگا ویستی کارێک ببێ، ھەر پێی بێژێ: ببە! دەبێ.
(٣٦) ھەر خودایە پەروەرندەی من و ئێوە؛ سا ھەر دەبێ بیپەرستن؛ ئەمە ڕاگەیەکی سەرڕاستە.
(٣٧) ھێندێ لەو دەستەوبەستانە لە ناو خۆدا، دەستیان کردە کێشە و ھەرا. جا واوەیلا بۆ ئەو خودانەناسە، لە کاتی دیتنی ڕۆژە دژوارەکە.
(٣٨) ڕۆژێ کە دێنە لای ئێمە گەلێک چاوزیت و گوێ سووکن؛ بەڵام ئەوڕۆ ناھەقەکان بە ئاشکرا لە ڕێگەی ڕاست لایانداوە.
(٣٩) لەو ڕۆژی داخ و کەسەریان بترسێنە؛ کاتێ کار لە کار دەترازێ؛ کەچی ئەوان ھەر بە خۆیان نەزانیوە و خۆیان لە باوەڕ بواردووە.
(٤٠) ئەم زەمینە و ھەرچی وا بەسەریەوەیە لە دواجاردا ھەر بۆ ئێمە ئەمێنێت و سەرلەبەریان دەھێننەوە بۆ لای خۆمان.
(٤١) لەم کتێبە باسی ئیبراھیمیش بکە، کە [لە کار و وتاریدا] ھەر ڕاست و پێغەمبەریش بوو.
(٤٢) ئەو چاخە بە ئاپی خۆی گوت: ئاپۆ! تۆ بۆ شتێکی وا دەپەرستی، نە دەبیسێ و نە دەبینێ و ھیچ بەھرەیەک بە تۆ نادا.
(٤٣) ئاپۆ! ئەوەی من دەیزانم تۆ نایزانی؛ شوێنم کەوی، شارەزای ڕاستەڕێت دەکەم.
(٤٤) ئاپۆ! شەیتان پەرست مەبە. شەیتان لە فەرمانی خودا سەرپێچی کرد.
(٤٥) ئاپۆ! من لەوە دەترسم، لە خواوە تووشی ئازار بی و ببی بە دۆستی شەیتانێ.
(٤٦) [گوتی:] ئاخۆ ئەی ئیبراھیم! تۆ بە بێزی لەوانەی من دەیانپەرستم؟ ئەگەر دەست لەمە ھەڵنەگری، بەردەبارانت دەکەم و تا ماوەیەکی درێژیش لە لام بڕۆ.
(٤٧) گوتی: سڵام لەسەر تۆ بێ؛ لە پەروەرێنم دەخوازم لێت ببوورێ و ئەو دەگەڵە من بەڤیانە.
(٤٨) من لە ئێوە و لەوانەش بەغەیرەز خودا لەبەریان دەپاڕێنەوە، دوور ئەگرم و گازی پەروەرندەم دەکەم؛ بەشکوو لە گازی کردنی پەروەرندەم، تووشی قەرەبەختی نەبم.
(٤٨) جا کە ئەوانەی وەلا نا و وازی لەو شتانە ھێنا کە ئەوان - بەغەیرەز خودا - دەیانپەرست، ئیسحاق و یاقووبمان دایە و گشمان کردن بە پێغەمبەر.
(٥٠) وەبەر بەزەیی خۆشمان خستن و واشمان کرد کە زۆر بە چاکە ناویان دەرچێ.
(٥١) باسی مووساش ھەر لەم کتێبەدا بکە؛ کە بێ سۆ ھەڵبژاردە و ڕاسپاردەیەکی پێغەمبەر بوو.
(٥٢) لە لای ڕاستی چیای تووریش گازیمان کرد، لە خۆشمان نزیک کردەوە کە بە نھێنی حاڵی کەین.
(٥٣) ھەر لە چاکەی خۆشمانەوە ھاڕوونی برایمان پێ بەخشی؛ کە ئەویش ھەر پێغەمبەر بوو.
(٥٤) لەم کتێبە باسی ئیسماعیلیش بکە؛ ئەو ڕاست بوو لە بەڵێنیدا و پێغەمبەرێ ڕاسپاردە بوو.
(٥٥) کەسوکاری بۆ نوێژ کردن و خێرکردن ھەڵدەپێچا و جێگەی ڕەزامەندی پەروەرێنی خۆی بوو.
(٥٦) ھەروەھا لەم کتێبەدا لەمەڕ ئیدریسیش باخێوە؛ کە ئەو ھەرە ڕاست بێژێکی پێغەمبەر بوو؛
(٥٧) بە پایەی بەرزیشمان گەیاند.
(٥٨) ئەوانە لەو پێغەمبەرانەن کە بەر چاکەی خوا کەوتن؛ لە ڕەگەزی بابەدەم بوون و لەوانەش دەگەڵ نووحا ھەڵن گرتن و لە تۆرەمەی ئیبڕاھیم و ئیسڕائیل و لەو کەسانەی خۆمان شارەزان کردن و بۆ خۆمان ھەڵمان بژاردن. ھەرگا نیشانانی خوایان بەسەردا دەخوێنرایەوە، دەمەوڕوو دەکەوتنە زەوی بۆ سوژدە و بە کوڵ دەگریان.
(٥٩) لە دوای ئەوان کەسانێ بوونە جێگریان، بەلای نوێژدا نەچوون و شوێن ئارەزووی خۆیان کەوتن؛ ئەوانە بەم زووانە تووشی ئازار و خوسار دەبن؛
(٦٠) مەگین ئەوی بڕوا بێنێ و لە گوناھ بپرینگێتەوە و ئاکارچاک بێ؛ ئەوانە دەچنە بەھەشت و ھیچ ناھەقییان لێ ناکرێ.
(٦١) باغاتێ ھەمیشە خۆشە و لە نەدیتە خوا بەڵێنی بە عەبدەکانی خۆی داوە و بەڵێنی ئەو ھەر دێتە جێ.
(٦٢) چەڵتەی لابەلا نابیسن و ھەر سڵاوە و ھەموو بەیانی و ئێواران ژەمیان ھەیە.
(٦٣) ئا ئەمەیە ئەو بەھەشتەی کە دەیبەخشین بە عەبدانی خۆپارێزمان.
(٦٤) بە فەرمانی پەروەرندەی تۆ نەبێ ئێمە ھەر داناوەزینەخوار، ھەرچی ئێستا لە لامانە و ھەرچی لە دوامانەوەیە و ھەرچی لەم ناوەدا ھەیە ھەر بۆ ئەوە و پەروەرندەی تۆ ھیچ شتی لە بیر نەچووە.
(٦٥) ڕاھێنەری عاسمانەکان و زەمینە و ھەرچی لە ناویاندا ھەیە. سا تۆش ھەر ئەو بپەرستە و دەبێ بۆ پەرستنی ئەو خۆڕاگر بی. ئاخۆ ئاگات لێیە ھاوناوێکی ھەبێ؟
(٦٦) مرۆ ئێژێ: ئەگەر مردم، ئاخۆ وەک زیندوو بووم بەرێ، ھەروا دەم ھێننەوە دەرێ؟
(٦٧) ئەو مرۆیە بۆ ھیچ بیرێک ناکاتەوە، کە سەرەتا ئێمە ئەومان دروس کرد و ھیچیش نەبوو؟
(٦٨) سوێندەکە بە پەروەرێنت، ھەر دەبێ دەگەڵ شەیاتین پێکەوە کۆیان کەینەوە و دەوراندەور لە جەھەندەم چۆک دابدەن.
(٦٩) پاشان لە ناو ھەرگرۆیەک، ئەوی پتر دژی خودای ڕەحمان بووگن، ئێمە جوێیان دەکەینەوە.
(٧٠) دواجار دیارە ھەر خۆمان باشتر دەزانین کامەیان بۆ چوونە دۆژەە ھێژاترن.
(٧١) ھەموو کەستان – ئیللا و بیللا – ھەر دەبێ بچنە جەحەندەم، بڕیارێکە پەروەرندەی تۆ داویەتی و ھەر دەبێ جێ بەجێ ببێ.
(٧٢) پاشان لە خوداترسەکان ڕزگار دەکەین. ناھەقانیش – دەستەوئەژنۆ- لە ناویدا دێڵینەوە.
(٧٣) ھەر کاتێکی نیشانانی دیاریدەری ئێمەیان بۆ وەخوێندرێ، خوانەناسان بە خاوەن باوەڕان ئێژن: کامەلا ماڵی خۆشترە و دیوەخانی لەبارترە؟
(٧٤) ئای کە چەند بەرەن پێش ئەوان لە ناو بردوون، کە لەوانە کەل پەلی ناوماڵ ڕێکتر و بە دیمەن لەمان جوانتر بوون.
(٧٥) بێژە: کەسێ لە گومڕاییدا تل دەدا، با خوا پەتی بۆ شل بکا و وێڵی بکا؛ تا ئەو ساتە کە دەبینن قەیرانێ بۆیان داناون سەر وەختی ھات؛ یان ئازاردانە یان سەڵا. لەوە بەولاوە تێدەگەن کێ ماڵەکەی ناخۆشترە و کێ یاریدەری کەمترە.
(٧٦) ئەو کەسانەی خودا شارەزای کردگن پتر شارەزایان دەکا؛ پەروەرندەت بۆ خێرێ دەمێنێتەوە پاداشی باشتری ھەیە و سەرەنجامیشی باشترە.
(٧٧) کاوراکەت دی، حاشای ھەبوو لە نیشانانمان و گوتی: لێم ڕوونە ماڵ و مناڵم ھەر دەدەنێ؟
(٧٨) ئاخۆ نھێنی دەزانێ یان لە خواوە بەڵێنێکی پێدراوە؟
(٧٩) نەخێر، ھەرچی ئەو دەیڵێ ئێمە دەینووسین و ماوەی جەزرەبەدانی پتر دەکەین.
(٨٠) ھەرچی ئێژێ لە لای ئێمە دەمێنێتەوە و خۆی بە تەنیا دێتە لامان.
(٨١) بەدەر لە خوا، ئەوان پەرستیوانێکی تریان دەپرست، تا ببنە ھۆی سەربەرزییان.
(٨٢) نەخێر، حاشا لە پەرستنیان دەکەن و لە دژیشیان ڕادەوەستن.
(٨٣) تۆ نەتزانی ئێمە شەیاتینیەکانمان ناردۆتە سەر خوانەناسان ختووکە و ھانەیان دەدەن؟
(٨٤) ھیچ پەلەیەکیان لێ مەکە، ئەوا ئێمە بە ژماردن لەسەر ئەوانی دەژمێرین.
(٨٥) تاوانبارانیش بۆ دۆزەق [وەکوو گاگەل بۆ سەراو]، دەم تینگ ڕەپێچەک دەدەین.
(٨٧) ئەوانە دەستەڵاتی تکایان نییە، مەگین ئەوی لە خوا پەیمانی ساندبێ.
(٨٨) وتووشیانە: خودا بویتە خاوەن فرزەند.
(٨٩) ئای کە قسەی ڕەقتان بە دەمدا ھاتووە!
(٩٠) لەوانەیە لەو [قسەیە] ئاسمانەکان ھەڵتەکێن و زەمین شەق با و کێوەکان لەبەریەک بچن؛
(٩١) لەبەر ئەوە گوتیان خودا فرزەندی ھەس.
(٩٢) لە خودا ناوەشێتەوە کە ھیچ فرزەندێکی ھەبێ.
(٩٣) ھەرچی لە ناو ئەم عاسمانان و زەمینەن – گش لە گشتی – بە خوڵامەتی دێنە لای خودا.
(٩٤) سەر حیسابی ھەموویانە و ھەر بە ھەژمار ژماردوونی.
(٩٥) سەرلەبەریان ڕۆژی سەڵا، تاک و تەنیا، دێنە لای ئەو.
(٩٦) ئەوانەی باوەڕیان ھەیە و ئاکارچاکن، خودا دەیانکاتە خۆشەویست.
(٩٧) ئێمە بۆیە ئەم قورئانەن بە زوانی خۆتی ھێسانی ڕەوانە کرد، تا تۆ بەوی پارێزگاران دڵخۆش کەی و گەلی دوژمنی سەرسەخت، بترسێنی.
(٩٨) چەندین بەرەن بەرلەمانەش قڕ تێخستوون؛ ئاخۆ ھەست بە ھیچیان دەکەی، یان نووزەشیان لێ دەبیسی؟

پەراوێز edit