ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) تا، ھا.
(٢) ئەم قورعانەن بۆ نەناردی تووشی چەوسانەوە بی.
(٣) تەنھا بیرھێنانەوەیە بۆ کەسێ کە ترسی ھەیە.
(٤) لەلایەنی داھێنەری ئەم زەمین و ئاسمانە بڵندانەوە ھاتۆتەخوار.
(٥) ئەو خودایەی لەسەر تەختی خۆی دامەزرا.
(٦) ھەرچی ھەیە لە ئاسمانان و زەمیندا و ھەرچییەکیان لە نێواندایە، گش بۆ ئەوە و ھەرچی لە ژێر خاکیشدایە.
(٧) ئەگەر دەنگیشت ھەڵبڕی، ئەو بە ڕاز و ھێدیکاتریش دەزانێ.
(٨) خودایێکە لەغەیرەز ئەو کەس بۆ پەرستنێ نابێ؛ ناوە ھەرە پیرۆزەکان ھەر بۆ ئەون.
(٩) ئاخۆ سەرگوروشتەی مووسات بۆ ھاتووە؟
(١٠) ئەو کاتە ئاگرێکی دی و بە ماڵ و خێزانەکەی گوت: لێرە مەبزوون، من ئاگرێکم بە دی کرد؛ بەشکوو لەوێ خەتیرەیەکتان بۆ بێرم؛ یان کەسێکم - بۆ شارەزا – ھەر لەوێ وەدەس بکەوێ.
(١١) دەمێ گەیشتە بەر ئێگر، گاسی لێکرا: ئەی مووسا!
(١٢) من، منم پەروەرندەی تۆم. شەکالەکانت باوێژە. تۆ وای لە ناو شیوی پیرۆزی «توا» دا.
(١٣) ھەر خۆمم تۆم دەس نیشان کرد؛ سا گوێدێری ڕاسپێری بە.
(١٤) ئەمن خوام، جگە لە من خوای تر نییە؛ سا تۆ ھەر من بپەرستە و نوێژێ بکە تا وەبیر خۆتم خەیتەوە.
(١٥) ڕۆژی سەڵا ھا لە ڕێدا؛ من دەمەوێ کە جارێ ئاشکرا نەبێ و بیشێرمەوە، تا ھەر کەسێ بەرەی کۆششی دەس کەوێ.
(١٦) ئەوی باوەڕی پێی نییە و شوێن ئارەزووی خۆی کەوتووە، نەکا تۆی لێ وەپرینگێنێ و بەڵای بەلاتەت تووش بوێ.
(١٧) ئەی مووسا! ئەی ئەمە چییە کە لە دەستی ڕاستت دایە؟
(١٨) گوتی: ئەمە عاساکەمە، وەبەر پشتی خۆ دەدەم و گەڵای پێ دادەوەرێنم بۆ ڕانەکەم، چەند ئیشی دیشی پێدەکەم.
(١٩) گوتی: مووسا بیھاوێژە!
(٢٠) کە ھاویشتی، لەپڕ دیتی وا مارێکە و دشێڵەھێ.
(٢١) گوتی: بیگرە و ترست نەبێ؛ ھەر ئێستاکە دەیخەینەوە تەرحی پێشووی.
(٢٢) دەستیشت بخە باخەڵت – بە بێ ئازار – دێتە دەرێ وەک چۆڕی شیر؛ [ئەمیش] نیشانێکی ترە.
(٢٣) تا ئێمە لە نیشانانی ھەرە گرینگی خۆمانت نیشان بدەین.
(٢٤) ڕێکەوە بۆ لای فیرعەون، یەکجار شووی لێ ھەڵکێشاوە.
(٢٥) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! پشوو درێژترم بکە.
(٢٦) کاریشم لێ سانا بکە.
(٢٧) گیریەکم لە زماندایە، بۆم ڕەھا کە.
(٢٨) تا دەئاخافتنم بگەن.
(٢٩) لە خزمانم ئاریکارێکم بۆ دانێ.
(٣٠) [مەبەست] ھاڕوونی برامە.
(٣١) پشتی منی پێ پتەو کە.
(٣٢) بیشیکە شەریک لە کارم.
(٣٣) تا ئێمە، زێدە پەسنی پاکی تۆ بدەین.
(٣٤) گەلێکیش یادی تۆ بکەین.
(٣٥) تۆ چاوەدێریت لێ کردووین.
(٣٦) گوتی: مووسا! ھەرچی تۆ ویستت پێت درا.
(٣٧) جارێ تریش تۆمان وەبەر چاکەی خۆ خست.
(٣٨) کاتێ ئەوەی کە پێویست بوو ئاویتمانە دڵی داکت؛
(٣٩) کە: بیخەرە داربەستەوە و بیھاوێژەرە ناو زێوە؛ با زێش بیخاتە کەنارێ و دژێکی من – کە دوژمنێکی ئەویشە – بیگرێتەوە. ڤیانی خۆم خستە سەر تۆ، تا لە ژێر چاوەدێری خۆم بپەروەرێی.
(٤٠) کاتێ خوشکت دەچوو دەیگوت: گەرەکتانە کەسێکتان بۆ بدۆزمەوە کە بۆتانی بە خێو بکا؟ تا بەم جۆرە ھێنامانیەوە لای داکت، کە چاوی پێت ڕوون بێتەوە و خەمێ نەخوا. ئەی مووسا! ئەمەش دەزانی یەکیش بە دەستت زایە بوو؛ لەو خەمەش ڕزگارمان کردی، چەند جاری دیش ئەزموومانی. چەند ساڵێکیش لە ناو خەڵکی مەدیەنا مای؛ پاشان لە سەر بڕیاری خۆن ئەوا ھاتی.
(٤١) من تۆم کردە تایبەتی خۆم.
(٤٢) بە نیشانەگەل منەوە لەل براکەتا ڕێکەوە و لە وەبیر ھێنانەوەی من سستی مەکەن.
(٤٣) ھەردووک ھەڕنە نک فیرعەون، ئەو لە ڕادەی دەرکردووە.
(٤٤) نەرم و نیانی بدوێنن، شایەتا بیر بکاتەوە، یان بترسێ.
(٤٥) وتیان: پەروەرندەی ئێمە! ترسن ھەیە لێن دەرھەڵبێ و یان تەواو لە شۆری دەرکا.
(٤٦) گوتی: ھیچ ترسێکوو نەبێ، من لەل ئێوەم. ئەبیەم، چاویشیم تێوەیە.
(٤٧) سا بچنە لای و پێی بێژن: ئێمە ھەرتک ڕاسپاردەی پەروەرندەی تۆین؛ تۆ تۆرەمەی ئیسڕائیلمان ڕەگەڵ بخە و [چیتر] مەیان چەوسێنەوە. وا بەڵگەشن لە ئالی پەروەرندەتڕا بۆ ھێناوی؛ دروود لەسەر ئەو کەسانەش بێ، لە راستەڕێ، لانەکەوێ.
(٤٨) بە ئێمە ڕاگەیەنراوە کە ھەر کەسێ بڕوا نەکا و پشتی تێکا، ئازار دەرێ.
(٤٩) گوتی: مووسا! پەروەرندەی ئێوە کێیە؟
(٥٠) گوتی: پەروەرندەی ئێمە ئەو کەسەیە کە بە ھەموو دەسکردی خۆی ھەموو پێداویستی داوە، پاشانیش ڕێی نیشان داوە.
(٥١) گوتی: بەرەو چینەکانی پێشوو چۆن بوون؟
(٥٢) گوتی: لە دەفتەرێکدایە لە لای پەروەرندەمەوە و ئەو دەیزانێ. پەروەرندەم نە ھیچ شتی لێ گوم دەبێ و نە ھیچیشی لە بیر دەچێ.
(٥٣) کەسێکە زەوی بۆ کردن بە ڕایەخ و ڕێبازگەلێکی بۆ ئێوە تێھەڵکێشاو، ئاوێکیشی لە حەوایەوە داباراند، کە زۆر جووتەی جۆراوجۆری ڕووەکانمان پێ دەرھێنا.
(٥٤) بخۆن و وڵساتەکەشتان بچەرێنن؛ کە لەمەدا زۆر نیشانە بۆ خاوەن ئاوەزان ھەیە.
(٥٥) لە زەویمان بەرھەم ھێنان، دیسان دەتانخەینە ناوی و جارێکی تر لەوێتان دەردەخەینەوە.
(٥٦) ئێمە ھەموو نیشانەکانمان نیشان دا؛ ئەو ھەر بڕوای پێ نەکرد و گوێی پێ نەدا.
(٥٧) گوتی: ئەی مووسا! ئاخۆ تۆ ھاتیە لامان، تا بە جادووت لە عەرزی خۆمان دەرمانکەی؟
(٥٨) مەرجە ئێمەش جادووی وەک ئەمەت بۆ بێنین. سا خۆت بۆ ئێمە و بۆ خۆشتان جێ ژوانێکی لەتەختانێ ڕەچاو بکە؛ نە مە و نە تۆ، ھیچمان تەنەخی لێ نەکەین.
(٥٩) گوتی: جێ ژوان لە ڕۆژی ڕازانەوە بێ، لە وەختی چێشتەنگاوێدا کە مەردم خڕ دەکرێنەوە.
(٦٠) فیرعەون [جڤاتی] جێھێشت و فێڵی خۆی [گشت] کۆ کردەوە و گەڕایەوە.
(٦١) مووسا بە فێڵبازانی گوت: نەچن بە دەم خوداوە درۆ ھەڵبەستن؛ بە جەزرەبە گشتوو تەرت و توونا دەکا. کێ بوختانێ بە خوا بکا، دەم لە پووشە.
(٦٢) لێیان بوو بە مقۆمقۆ و ملیان لە سرتەکردن نا.
(٦٣) گوتیان: دیارە ئەوانە دوو جادووگەرن، دەیانەوێ بە جادوویان لە ھەردی خۆتان دەرکەن و نەریتە ھەرە باشەکەو لە ناو بەرن.
(٦٤) فێڵی خۆتان کۆ کەنەوە و پاشان ھەموو بەڕێز وەرن. ئەمڕۆ ھەر کەسێ سەرکەوێ، ڕزگار دەبێ.
(٦٥) گوتیان: ئەی مووسا! یان باوێ، یان ئێمە پێش تۆ داوێژین؟
(٦٦) گوتی: نا ئێوە باوێژن. لەپڕ مووسا – لە جادووی وان – وای گومان برد پەتەکان و عاساکانیان دێن و دەچن.
(٦٧) مووسا ئەوسا لە دڵی خۆیا کەمێک ترسا.
(٦٨) گوتن: ھیچ ترسێکت نەبێ، تۆ سەرتری.
(٦٩) ئەوی لە دەستی ڕاستتدا بیھاوێژە، ھەرچی ئەمان کردوویانە قویتی دەدا. ئەوانەی ئەو کردوویانە، تەڵەکەی جادووگەرانە؛ جادووگەران لە ھەر کوێ بن سەرناکەون.
(٧٠) جادووگەر سوژدەیان برد و گوتیان: بڕوان بەوە ھێنا مووسا و ھاڕوونی پەروەراند.
(٧١) گوتی: بەر لەوە ڕێو بدەم، ئێوە بڕواتان پێ ھێنا. دەرکەوت ئەو مەزنتانە و درزی جادووگەری دادان. سوور بزانن ھەموو دەست و پایەکانتان بە پێچەوانە دەبڕم و بە کۆتەرەی دارخورمایانوو دادەکەم؛ سا تێدەگەن ئێشاندنی کێ توندتر و پڕ کێشترە.
(٧٢) گوتیان: لە دوای ئەو نیشانانەی دیومانە، سوێند بەو کەسەی کە ئێمەی دروس کردووە، ھەرگیز بۆ تۆ دەسمان پێ لەو ھەڵناگیرێ؛ سا ھەرچییەکی لە دەستت دێ دریغ مەکە؛ تۆ ھەر تەنیا لە ژینی ئەم دنیایەدا دەستت دەڕوا.
(٧٣) ئێمە بڕوان بە پەروەرندەن ھێناوە؛ ھەتا وەکوو لە ھەڵەکانمان ببوورێ و لەو جادووگەرییەشمان خۆش بێ؛ کە تۆ بەسەرتا سەپاندین. خوا چاترە و ھەر دەشمێنێ.
(٧٤) ھەر کەسێ بە تاوانباری بچێتە لای پەروەرندەی، دیارە بەشی جەھەندەمە و – نەمر، نەژی – تیا دەبێ.
(٧٥) ھەر کەسیش خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بێ و بچێتە لای، ئەنوای ئەوان وان لە پلە بەرزەکانا.
(٧٦) نشیمەنیان باغاتێکە جۆباریان بە بەردا دەڕوا و تاھەتایە تیا دەبن. ئەمەیە پاداشی پاکان.
(٧٧) ئیتر بە مووسان ڕاگەیاند، کە وێڕای عەبدەکانی من بە شەو بڕۆ، ڕێیەکی وشک و برینگیان لە دەریا بۆ ڕەچاو بکە؛ نە نیگەرانی گرتن بەو نە بترسە.
(٧٨) فیرعەون بە خۆو لە شکرەوە کەوتە دوویان. پێلی دەریا ھاتە سەریان و دای پۆشین.
(٧٩) فیرعەونیش ڕێی لە گەلەکەی ھەڵە کرد و نەیکرا شارەزایان کا.
(٨٠) ئەی وەچ و بەرەی ئیسڕائیل! لەبەر چەنگی دوژمنوو ڕزگارن کردن؛ بۆشمان دانان – لەلای ڕاستی چیای توورێ – بگەنە لام؛ گەزۆ و مەلی شێلاقەشمان بۆ ناردنە خوار.
(٨١) لەو بژیوە پاکانەی پێمان دان، بخۆن؛ بەڵام ھەڵەڕۆیی مەکەن؛ نەوەکا لێتان تووڕە بم. ھەر کەس تووشی تووڕەییم بێ، ھەڵدێراوە؛
(٨٢) ھەر کەسێکیش تۆبەکار و باوەردار و ئاکارچاک و شارەزای ڕاستەڕێگە بێ، من دەیبەخشم.
(٨٣) ئەی مووسا! ئەوە چۆنە لە ھۆزەکەت بەلەزتر بووی؟
(٨٤) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! پەلەم بوو زوو بگەم بە تۆ، ھەتاوەکوو لێم ڕازی بی؛ وا ئەوانیش ھان لە دووی من.
(٨٥) گوتی: پاش تۆ ئێمە ھۆزەکەتمان ئەزموو. سامری لە ڕێی دەرکردن.
(٨٦) ئەوسا مووسا – بە تووڕەیی و داخ لە دڵی – ھاتەوە بۆ ناو ھۆزەکەی. گوتی: گەلۆ! ئاخۆ پەروەرێنی ئێوە بەڵێنی باشی پێ نەدان؟ بۆچی من زۆرم پێ چووە، یان ھەر ویستوو بەر تووڕەیی پەروەرندەتان بکەون، وا پەیمانی منتان شکاند؟
(٨٧) گوتیان: ئێمە بە خۆشی خۆ پەیمانەکەی تۆمان نەشکاند. چەند بار خشڵی گەلەکەیان لە کۆڵ نابووین، ناچار ئاویتنە ناو بۆتە؛ ھەروا سامریش تێی ھاویشت.
(٨٨) ئیتر کۆتەڵی گۆلکێکی بۆ دەرخستن کە ئەیبۆڕاند. ئەوسا وتیان: ئەمەیە خودای ئێوەیە و خوای مووساشە؛ [جا مووسا ئەمە] لە بیر چوو.
(٨٩) ئاخۆ ئەمانە نابینن، نە جوابێکیان دەداتەوە و نە زیانێکی بۆیان ھەیە و نە قازانجێ؟
(٩٠) ھاڕوونیش بەرێ پێی وتن: گەلۆ! ھۆن بڤی گۆلکێ خاپێنراون؛ پەروەرێنتان دەھندەکەی ڕۆزیتانە. دەوەرن وەدووی من کەون و فەرمانی من بە جێ بێنن.
(٩١) گوتیان: لێی وەلا ناکەوین، ھەتا مووسا دەگەڕێتەوە بۆ لامان.
(٩٢) گوتی: ھاڕوون! ئەگەر دیتت ئەوانە لە ڕێ لاکەوتن، چی نەیھێشت تۆ،
(٩٣) شوێنم کەوی؟ ئاخۆ تۆش لە فەرمانی من سەرپێچیت کرد؟
(٩٤) گوتی: ئەی دایک براکەم! ڕیشم بەردە و قژم مەگرە. من لەوە ترسام کە بێژی: تۆ جوداییت خستە نێوان من و بەرەی ئیسڕائیل و لەسەر قسەم ڕانەوەستای.
(٩٥) گوتی: سامری! ئەم کارە چ بوو کردت؟
(٩٦) گوتی: شتێکم بەدی کرد، کە ئەوانی دی نەیاندی: لە دەوسی ڕاسپاردەکەدا لاوێچەخۆڵێکم ھەڵگرت، ئەویشم ھاویشتە ناوی. ئاوەھاینە نەفسم ئەوەی بۆ خەمڵاندم.
(٩٧) گوتی: دەسا بڕۆ گوم بە! ئەشێ ھەتا ژینت ماوە، ھەر بێژی توخنم مەکەون؛ چارەنووسێکیشت ھەیە ھەر دێتە ڕێت. دەبش نۆڕە، ئەو شتەی تۆ دەت پەرست و دەت گوت: قەت بە جێی ناھێڵم، چتۆ ئاگری دەدەین و خۆڵەکەشی لە دەریایە دەپڕژێنین، بە پڕژاندن.
(٩٨) پەرستیو ھەر خودایە کە ھەموو شتێک دەزانێ و ھیچ شتی تر – لە غەیرەز ئەو – ھێژای پەرستنێ نییە.
(٩٩) ئا بەم جۆرە سەرگوروشتەی پێشینەکانت بۆ ئێژین. ھەروەھا ئەم قوڕعانەشمان لە خۆمانڕا داوە بە تۆ.
(١٠٠) ھەر کەسێ خۆی لێ نەبان کا، ڕۆژی سەڵا بارێکی گران ھەڵدەگرێ.
(١٠١) ھەرگیز لە ژێری دەرناچی. ئای کە لە ڕۆژی قیامەتا بۆ ئەوانە چەند بارێکی نالەبارە.
(١٠٢) ئەو ڕۆژە وا فوو بە کەڵەشاخدا دەکرێ، ئەوێ ڕۆژێ تاوانباران کۆ دەکەینە و؛ کۆرن و شین ھەڵگەڕاون.
(١٠٣) ھێدیکا بە یەکتر دەڵێن: دە ڕۆژ نەبێ، نەماونەوە.
(١٠٤) لەو شتەی ئەوان لێی دەدوێن، ئێمە پتر ئاگادارین. لە گشتیان ھێژاتر ئێژێ: تەنیا ھەر ڕۆژێک ماونەوە.
(١٠٥) لەمەڕ کێوان لێت دەپرسن. بێژە: پەروەرندەکەی من ھەر بە ھاڕین دەیانھاڕێ؛
(١٠٦) دەیانکاتە دەشتێکی کاکی بە کاکی؛
(١٠٧) نە ھیچ کەندی تیا دەبینی و نە ھیچ کۆسپێ.
(١٠٨) لەو ڕۆژەدا وەدەنگ کەسێکەوە دەچن، کە بە ھیچ بارا خوار نییە. لەبەر خودا ھەموو دەنگێک نەوی دەبێ؛ چپەچپ نەبێ نابیسی.
(١٠٩) ئەوێ ڕۆژێ تکا [بۆ کەس] بەھرە نادا، مەگین کەسێ خودا ئیزنی تکای بدا و قسەکەشی پەسند بکا.
(١١٠) ئەو دەزانێ چییان بەسەر ھات یان بەسەر دێ؛ ھەر ئەمانن کە لەمەڕ ئەو ھیچ نازانن.
(١١١) ھەموو مەردم لارەملی ئەو کەسەن کە ھەر نامرێ و پایەدارە؛ کێ ناھەقێکی کردووە، ناھومێدە.
(١١٢) ھەر کەسیش خاوەن باوەڕ و ئاکارچاکە، ناترسێ کە پاداشەکەی زەوت کرێ یا کەمتر بێ.
(١١٣) ھەر بەم تەرزەش قورئانێ بە عەرەبیمان ناردە خوارێ، گەلێک مایەی ترساندنێن تێخستووە، بەشکوو پێی بپرینگێنەوە یان خۆیان وەبیر بێننەوە.
(١١٤) پایەبەرزە ئەو خودایە کە پاوشای ڕاستەقینەیە. تۆش بەرلەوەی ئێمە پێتی ڕاگەیێنین، دبۆ [خوێندنی] ئەم قورئانە پەلەت نەبێ و بێژە: ئەی پەروەرندەی من! گەشە بە زانستم بدە.
(١١٥) بەرلە ئێستاش دەگەڵ ئادەم پەیمانن بەست؛ لە بیری کرد و پێی نەکرا پێکی بێنێ.
(١١٦) ئەوساش بە فرشتانمان وت: سوژدە لەبەر ئادەم بەرن. ھەموویان سوژدەیان بۆ برد مەگین ئیبلیس؛ ئەو لە فەرمان سەرپێچی کرد.
(١١٧) گوتمان: ئادەم! ئەمە ھەم نەیاری تۆیە، ھەم نەیاری ژنەکەتە؛ لەم بەھەشتەتان دەر نەکا و تووشی قەرەبەختی ببی.
(١١٨) [ھەتا لێرەی] نە قەت ڕووتی ڕووت تێدەکا، نە برسێتی؛
(١١٩) نە قەت تێیدا توونی دەبی، نە تاوان گاز.
(١٢٠) شەیتان دنەی خراپەی دا. گوتی: ئادەم! گەرەکتە داری ھەرمانت پێ بڵێم و ئەوی ھەتە دوایی نەیە؟
(١٢١) ئەوسا ھەر دووک لەبەری دارەکەیان خوارد. شەرمی خۆیان بۆ دەرکەوت؛ خەریک بوون بە گەڵای بەھەشت خۆ داپۆشن. ئادەم لە فەرمانی پەروەرندەی لای دا و، لە ڕێ دەرچوو.
(١٢٢) پاشان پەروەرندەی، ئەوی ھەڵبژارد و پەژیوانی قبووڵ کرد و ڕێی نیشان دا.
(١٢٣) گوتی: ھەرتکوو سەربەرەژێر داخۆزنە ژێر؛ سەرلەبەر دژی یەکترین؛ ئەر لە منڕا ڕێنوێنیتان ھاتە لا، ئەوسا ھەر کەس ڕێگەی منی گرتەبەرێ، ئیتر نە ڕێ ھەڵە دەکا، نە تووشی نەگبەتی دەبێ.
(١٢٤) ھەر کەسێکیش بە ئامۆژگاری من نەکا، ژینی لە تەنگانەدایە و ڕۆژی سەڵاش کۆرە لە گۆڕی دەردەخەین.
(١٢٥) ئێژێ: ئەی پەروەرندەی من! بۆچی منت بە کوێری زیندوو کردەوە؟ خۆ من ئەوسا چاوم ساغ بوون.
(١٢٦) ئێژێ: ھەروەک تۆ نیشانەگەل ئێمەت بۆھات و لە بیرە خۆتت بردەوە، ئەمڕۆش تۆ لە بیر دەچییەوە.
(١٢٧) ھەر کەسێکی بە نیشانەگەل پەروەرندەی بڕوا نەکا و لە ئەندازەی خۆی لابدا، ئەشێ ئەم دەردەی بدەینێ. دیارە جەزرەبەی دواڕۆژیش توندتر و بە مەوداترە.
(١٢٨) مەگەر بۆیان دەرنەکەوتووە – بەرلەوان – ھەر لەو شوێنەی ئەوان پیا دێن و دەچن، چەند بەرەمان لە ناو بردن. ھەر لەمەدا بۆ ئەوانەی بە ئاوەزن، زۆر بەڵگە ھەن.
(١٢٩) گەر بەڵێنێک بەرلە ئێستا لە پەۆەرندەتڕا نەبا، وەختێکیش دیاری نەکرابا، جەزرەبەیان بەسەر دەھات.
(١٣٠) لەسەر ھەرچی ئەوان ئێژن، خۆڕاگر بە. [ھەموو دەمان] – پێش تاوھەڵات، پێش خۆراوا – ھەر پەسنی پاکی ئەو بدە و لە بەتڵەکانی شەوێدا و لە ھەر دوو ئالی ڕۆژێدا سەرگەرمی سوپاسی ئەو بە، بەشکوو بە ئاواتت بگەی.
(١٣١) چاوت مەدە سەر ئەو شتەی کە داومانە بە دەستەگەلێ لەوانە، کە ئەمە ھەر خۆشی ژیانی دنیایە و ھەر ویستوومانە بییان ئەزموین. بژیوی پەروەرندەی تۆ چاتر و بەردەوامترە.
(١٣٢) بە کەسوکاری خۆت بێژە نوێژان بکەن؛ خۆشت وازی لێ مەھێنە. ئێمە ڕۆزین لە تۆ ناوێ؛ خۆمان بژیو بە تۆ دەدەین. لە دواییشدا پارێزگاری بەھرە دەدا.
(١٣٣) وتیان: ئەی بۆچ بەڵگەیەکی پەروەرندەن بۆ ناھێنی؟ ئەدی بەڵگەی ئاشکرایان لە نووسراوانی پێشوودا نەھاتە لا؟
(١٣٤) ئەگەر ئێمە بەرلەم قورئانە ئەوانمان بە ئازارێک لە ناو بردبا، دەیانگوت: ئەی پەروەرێنمان! تۆ بەرلەوە وا بێچارە و ڕیسوا ببین، بۆچی پێغەمبەرێکی خۆت بۆ نەناردین، تا بە گوێرەی نیشانەکانی تۆ بکەین؟
(١٣٥) بێژە: ھەموو چاوەنۆڕن، سا ئێوەش چاوەنۆڕ بن، ھەربینا لێتان حاڵی بوو: کێ ڕێگەی ڕاستی لەبەرە و بۆ شارەزایی لە سەرە.

پەراوێز edit