ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) شوکرانە بۆ ئەو خودایەی ئەم کتێبەی بۆ عەبدی خۆی ناردە خوارێ و ھیچ نالەباری تێ نەخست.
(٢) [کتێبێکی] زۆر پتەوە، تا لە سزای توندوتیژی - کە بینوێنێ - ترسی وەبەر مەردم بنێ و بە ئەو خاوەن باوەڕانەی ئاکارچاکن مژدە بدا کە پاداشی باشیان دەبێ؛
(٣) پاداشێ ھەتاھەتایی.
(٤) ھەتا ئەوانەش بترسێنی کە وتیان: خودا فرزەندی بۆ خۆی ھەڵبژاردووە.
(٥) نە خۆیان چییان لێ زانیوە نە باب و باپیرانیشیان؛ قسێکی یەگجار زەلامیان لە دەم دەرچوو. ھەرچی ئێژن لە ڤڕ پێوە، چی تر نییە.
(٦) ڕەنگە تۆ بۆ ئەو کەسانەی بڕوا بەم کتێبە ناکەن، خەمێ وا بخوی، تێ بچی.
(٧) ھەرچی لەم سەرزەمینەیە ئێمە کردن بە زەنبەری تا بیان ئەزمووین کامەیان کارچاکتر دەبن.
(٨) ئێمە ئەوەی وا لە ڕووی ئەم زەمینەیە دەکەینە بیاوانێکی وشکارۆی قاقڕ.
(٩) تۆ پێت وابوو کە یارانی غار و ڕەقیم، لە نێوانی نیشانەکانی ئێمەدا سەمەرەیە؟
(١٠) کاتێ لاوەکان پەنایان بۆ غارەکە برد و گوتیان: ئەی پەروەرێنی ھەموومان! تۆ بەر بەزەیی خۆتمان بخە و کارەکەمان بۆ مەیسەرکە.
(١١) لەو غارەدا ھەتا چەند ساڵ و زەمانان، گوێی ھەموویانمان ئاخنی و [دەخەوڕا چوون].
(١٢) پاشان وەخەبەرمان ھێنان تا بزانین کام لە دوولا - ھەر بە ھەژمار - ساڵەکانی ئەم مانەوەیان لە بیرە.
(١٣) ئێمە سەرگوروشتەی ڕاستی ئەمانت بۆ وەدەگێڕین: چەند خورتێک بوون کە بەڕاستی بەھوەڕیان بە پەروەرندەی خۆیان ھەبوو؛ ئێمەش پتر شارەزاییمان دابوونێ.
(١٤) ئازاییشمان خستە دڵیان، کە ڕاپەڕێن. ئەوسا وتیان: پەروەرێنمان، پەروەرێنی ئاسمانەکان و زەوینە. ئەگەر بێژگە لە ئەو ھانا بۆ ھەر پەرستووێک بەرین، دیارە ئێمە لە ڕاستی گوتن لانداوە.
(١٥) ئەوانەی لە ھۆزی ئێمەن، بەغەیرەز ئەو چەند پەرستووی تریشیان ھەس. ئەدی چۆنە بەڵگەیەکی ئاشکرایان بۆ ناھێنن؟ سا کێ لەوە ناھەقترە کە بوختانێ بە خوا دەکا؟
(١٦) ئەگەر ئێوە لەوان و لەو چتگەلەی وا - غەیرەز خوا - دەیانپەرستن، ھەڵبڕاون، سا بەم غارە پەنا بەرن؛ پەروەرێنوو وەبەر بەزەیی خۆیتان دەخا و ھۆیەکی واش دەڕەخسێنێ بە ئاواتوو بگەھێنێ.
(١٧) کە خۆر ھەڵدێ، بڕوانی لە ئالی ڕاستی ئەشکەوتەکەیانی داوە؛ لە دەمی زەردەپەڕیشدا، بەرەو چەپ لێان لادەدا و ئەوان لە گۆڕاییەکەدان. ھەر کەس خوا شارەزای بکا، ئەو شارەزا دەبێت و ھەر کەسیش گومڕا بکا، دۆستێکی ڕێنمای بۆ نادۆزرێتەوە.
(١٨) تۆ پێت وایە کە بێدارن، کەچی خەوتوون. ئێمە بە ڕاستە و چۆپەدا ھەڵگێڕوەرگێڕیان پێ دەکەین. سەیەکەشیان لە لای ڕێسمەی دەرگاکەوە وەرکەوتبوو. تۆ ئەگەر چووبای بت دیبان، بە قاچاندن بەرەو دووا دەگەڕایەوە و سەرتاپات ترس دای دەگرت.
(١٩) ئاواش وەخەبەرمان ھێنان تا لەگەڵ یەکترا بدوێن. یەکیان وتی: چەند مانەوە؟ گوتیان: ڕۆژێک یان پاژە ڕۆژێک ماینەوە. گوتیان: پەروەرندەی ئێوە لە خۆتان چاتر دەزانێ چەند مانەوە. دە یەکێکی بەم دراوە و بنێرنە شار با ببینێ کام خواردەمەنی پاکترە، بژیوێکتان لەو بۆ بێنێ و بەزیتی ببزوێتەوە و ھیچ کەسیش پێتان نەزانێ.
(٢٠) چونکوو ئەگەر دەستیان کەون، یا بەردەبارانوو دەکەن، یا دەتانبەنەوە سەر دینی خۆیان و ھەرگیز ڕزگاریتان نایە.
(٢١) ھەر بەم جۆرە وامان کرد پێیان بزانن کە بەڵێنی خودا ڕاستە و ڕۆژی سەڵاش بێ گومانە. دەربارەیان لە ناو خۆدا ملیان لە ڕاوێژ کردن نا؛ گوتیان: چاوەخانوێکیان لەسەر دروس کەن، پەروەرێنیان لەنگۆیان چاتر دەناسێ. ئەوانەی دەربارەی ئەمان قسەیان زۆرتر دەڕۆیی، گوتیان: دەبێ مزگەوتێکیان لەسەر بکەین.
(٢٢) دبێن: سێن و بە بەشدارەکەوە چارن؛ ئەشڵێن: پەنجن، بە سپڵۆتەکەڕا شەشن. لە نەدیو خەیاڵات دەکەن تەنانەت بازێکیش ئێژن: حەوتن وێڕای سەیەکەیان دەبن بە ھەشت. بێژە پێیان: پەروەرندەم چاتر دەزانێ چقاسن. کەمێکیان نەبێ بۆی نەچوون، تۆ لەو بارە [بنارەکەیان ببیسە و] زۆر لەسەر باسەکە مەڕۆ؛ سەبارەت بەوانیش لە کەسیان مەپرسە.
(٢٣) ھەرگیز مەیژە: من سۆزی ئەم کارە ئەکەم؛
(٢٤) مەگین خواحەز کای دەگەڵ بێ. ئەگەر لە بیریشت نەما، یادی پەروەرندەت بکە و بێژە: بەشکوو پەروەرندەم ڕێگایەکی نزیکتر لەمەم نیشان با.
(٢٥) سێسەد ساڵان لە ئەشکەوتەکە مانەوە و نۆ ساڵیشیان لێ زێدە کرد.
(٢٦) بێژە: خوا باشتر دەزانێ چەند مانەوە؛ بەرپیواری ئەم عاسمانانە و زەمینە لەوڕا دیارە. پەک چ بیسەر و بینایە! بەغەیرەز ئەو کەسیان بە دۆست دەس ناکەوێ و کەس ناکا بە شەریک لە فەرمانی خۆیدا.
(٢٧) ئەوەی بۆت ھاتگە خوارە و لە کتێبی پەروەرندەت، بخوێنەوە. ناشێ ھیچ کەس وتاری خودا بگۆڕێ و لەغەیرەز ئەو ھیچ کەسێ دەھانات نایە.
(٢٨) تۆ ھەر دەگەڵ ئەوانە بە کە سبەینان و ئێواران بۆ دیداری پەروەرندەیان بە نزان و تەنیا ڕەدای ئەویان دەوێ و چاو لەوانە ھەڵمەبوێرە بۆ ژینی پڕ زەرق و بەرقی ئەم دنیایە و گوێ لە مستی کەسێ مەبە کە نەمانھێشت دڵی یادی ئێمە بکا و ھەر لە شوێن ئارەزووی خۆیە و کاری لە ڕادە دەرچووە.
(٢٩) بێژە: ئەمەیە بە ڕاستی لە پەروەرندەتان ڕایە؛ کێ بڕوای پێدەکا، بیکا و کێش بڕوا ناکا ھەر نەیکا. ئێمە بۆ ناھەقییکاران کڵێکی وامان نێڵ داوە، کە بڵێسەی ھەر وەکوو کۆن دەورەی گرتوون؛ تا ھاواری چارە دەکەن ئاوێکیان دەفریا دەخەن وەک مسی تاواوە وایە؛ دەم و چاویان دەبرژێنێ و وەخواردنێکی کرێتە و ژیگەیێ زۆر نالەبارە.
(٣٠) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و ئاکارچاکن، [با بزانن] ئێمە پاداشی کارچاکان وندا ناکەین.
(٣١) بۆ نشیمەن دەیانبەینە ناو باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا. پارچەی سەوزی تەنک و ستووری ئاوریشم دەبەر دەکەن و لەوێدا بە بازنەی زێڕ دەخەمڵێن و لەسەر تەختان پاڵ ئەکەفن؛ ئای چەند پاداشێکی باشە و شوێنەکەیان چەند لەبارە!
(٣٢) تۆ نەزیلەی دوو مرۆڤیان بۆ وەگێڕە: دوو ڕەزمان بە یەکێکیان دا و بە دارخورما دەورەن گرتن و ناویشیانمان کردە مەزرا.
(٣٣) ئەو دوو ڕەزە بەری خۆیان بە بێ کەمایەسی دەدا و لە ناو ھەرکان شەقە جۆیەکمان ڕاکێشا.
(٣٤) دارایی دیکەشی زۆر بوو؛ کاتێ دەگەڵ ھەواڵەکەیدا خەریکی گفتوگۆی بوو، گوتی: ئەمن لە تۆ دراوم زۆرترە و دەست و پێوەندیشم پتر.
(٣٥) بە نێو باغەکەیدا گەڕا و بۆ خۆی ناھەقی لە خۆ کرد. گوتی: ھەرگیز پێم وا نییە ئەمەم لەدەستی دەربچێ.
(٣٦) باوەڕ ناکەم سەڵاش ڕا بێ. گەر ھەر براشمەوە بۆ لای پەروەرندەم، دەزانم لەمە چاکترم دەس دەکەوێ.
(٣٧) ھەواڵەکەی - کە خەریکی گفتوگۆ بوو دەگەڵ ئەودا - پێگوت: ئەرێ چۆن تۆ حاشات کرد لەو کەسەی تۆی لە ئاخێ دروس کرد و پاشان ھەر لە دڵۆپێک و دوایی کردووتی بە پیاوێ؟
(٣٨) بەڵام من ھەر [دەبێژم] کە ئەو خودایە و پەروەرندەمە و کەس ناکەم بە شەریک بۆ پەروەرندەم.
(٣٩) وەختێ چوویە ناو باغەکەت، بۆچی نەتگوت: ئەمە بە مەیلی خودایە؛ تواناییش ھەر بە خودایە؟ ئەگەر ئێستە تۆ دەمبینی کە بە ماڵ و زارۆڵە لە تۆ کەمترم،
(٤٠) نابێ بە دووری بزانی، پەروەرندەم لە باغی تۆم باشتریش بۆ بڕەخسێنێ و بەڵایەکیش لە حەواوە بەسەر باغەکەی تۆ بێنێ و لێت ببێتە دەشتێکی بێروونی قاقڕ.
(٤١) یان ئاوەکەی بە ناخی ئاخدا ڕۆ بچێ و نەتوانی تازە پەیدای کەی.
(٤٢) ھەموو بەروبووی ھەڵوەری و دارەکانی گشتی بەسەریەکا ھاتن؛ کە بەیانی ھاتە ناوی، ھەر دەستی خۆی دەشکاندەوە بۆ ئەو ماڵەی لێی بەخت کرد. دەیگوت: بریا ھیچ کەسێکم بە شەریکی پەروەرندەم نەزانیبا.
(٤٣) لە خوا بەدەر، ھیچ دەستەیەکی وا نەبوو بێنە یاری و بە بێ یاریدەدەر مایەوە.
(٤٤) لە وێندەرێ یاریدەدەر ھەر خودای ھەقە؛ پاداشی باشتر دەدات و سەرنجامەکەش باشترە.
(٤٥) نەزیلەیەکیان لە ژینی سەر دنیایە بۆ بێنەوە؛ وەک ئاوێکە لە حەواوە دامان باراند، ھەموو تەرزە ڕووەکێکی تەڤ لھەڤی بەرھەم ھێنا، سەرەنجامیش بوو بە پووش و با پژگاندی. خوا بەسەر ھەموو شتاندا توانی ھەیە.
(٤٦) ماڵ و مناڵ زەنبەری ژینی دنیان و ئەو کارە چاکانەش کەوا دەمێننەوە، پاداشەکەیان لە لای پەروەرێنتەوە ھێژاترە و بێتریش جێگەی ھومێدن.
(٤٧) ڕۆژێ کە ژان دەخەینە ڕێ و تەختی بنیان بە ئاشکرایە دەبینی و ھەموویان کۆ دەکەینەوە، بێ ئەوە کەسیان وەمێنێ.
(٤٨) لە بەرانبەر پەروەرندەت لە ڕیز دەدرێن؛ وەک یەکەمجارمان چێ کردن، ھەر ئاوا ھاتوونەلامان، لاشتان وابوو لە ژوانێکوو وەکۆ ناکەین.
(٤٩) دەفتەرەکە دێتە گۆڕێ؛ دەبینی تاوانبارەکان - لەبەر ئەوەی کە تیایە - ترسی زۆریان ڕێ نیشتووە؛ دەڵێن: ھاوارە لە ئێمە، ئەمە چ تۆدەفتەرێکە! ھەموو شتێک - ورد و درشت - سەرلەبەر تیا نووسراوە. ئەوسا کردەوەی خۆیانی تیا دەبینن. پەروەرندەت ناھەقی لە ھیچ کەس ناکا.
(٥٠) ئەوسا بە فریشتەکانمان گوت: سوژدە وەبەر ئادەم بەرن. سوژدەیان برد ئیبلیس نەبێ؛ بنەجن بوو، لە فەرمانی پەروەرێنی سەرپێچی کرد. ئاخۆ ئێوە توخمی شەیتان و تۆرەمەی، بێ من دەکەن بە دۆستی خۆ، کە ئاشکرا دوژمنتانن؟ خوانەناس لەو یاربەیارە پیس تێشکاون.
(٥١) ئێمە لە چێ کردنی ئەم ئاسمانان و زەوینەدا، ھیچ پرسێکمان بەوان نەکرد؛ تەنانەت بۆ چێ کردنی خودی خۆشیان. ھەرگیز ئەوی ڕێگە لە مەردم تێک دەدەن، نەم کردوون بە یاریدەرم.
(٥٢) ڕۆژێ ئێژێ: دەسا بانگ لەوانە بکەن کە بە خەیاڵ پێتان وابوو شەریک منن؛ بانگیان دەکەن؛ کەنداڵێکی ھەراومان کردە نێوانیان، ھەر جوابیشیان نەدانەوە.
(٥٣) تاوانباران ئاگریان بە چاوی خۆ دی؛ زانیان ھەر تێی دەکەون و ھیچ دەرەتانێکیان نییە.
(٥٤) ئێمە لە ناو ئەم قورئانە ھەموو جۆرە نەزیلەمان بۆ مەردم ھێناوەتەوە؛ مرۆش لە ھەر شتێ پتر، وازی لە گێرە کردنە.
(٥٥) ئەوەی نەیھێشت کە ئەو خەڵکە - پاش ھاتنی ڕێ نیشاندەر - بڕوا بێنن و داوای بووردن لە پەروەرندەیان بکەن، ئەوە بوو کە: [چاوەنۆڕ بوون] یا بە دەردی ئەوانی پێشوویان بچن، یان ڕووبەڕوو جەزرەبە بە گژیاندا بێ.
(٥٦) کە پێغەمبەران دەنێرین، ھەر ئەوەندەیان لەسەرە مژدەدەر و ترسێنەر بن. خوانەناسان ھەر بە ناھەق چەقە دەکەن، تا ھەقی پێ لە بەین بەرن. ئەوان نیشانەکانی مە و ئەو کتێبە کەوا ترسی وەبەر ناون، ھەر بە گاڵتە و گەپ دەزانن.
(٥٧) کێ لەو کەسە ناھەقترە چەند نیشانەی پەروەرێنی بۆ وەخوێندراو گوێ نەدایە و ئەوەشی لە بیر بردەوە کە دەپێشدا کردوویەتی. ئێمە پەردەن بەسەر دڵیان ھەڵکێشاوە کە تێنەگەن؛ گوێشمان ھێندە گران کردوون کە نەبیسن. چەند بکۆشی شارەزای ڕێگەیان بکەی، ھەرگیز بۆت ناکەونە سەر ڕێ.
(٥٨) پەروەرندەت گوناح بەخش و دلۆڤانە. ئەگەر ھەر کێ کاری خراپی کردبا و ئەویش بۆ لێ پرسینەوە بیگرتبا، دەبوایە ھەر گوز و گوممەت سزای دابان. بەڵام خستوویەتە دەمی دیاری کراو؛ کە ئەو دەمەش ھات، ناتوانن خۆ خەلاس کەن.
(٥٩) ئەو شارانەش ھەرگا ملیان لە زوڵم نا، قڕمان تێخستن و بۆ لە بەین بردنیان، قەیرانێکمان ل بۆ دانان.
(٦٠) جارێ مووسا، بە لاوی بەردەستی خۆی گوت: من لێ بڕاوم سەفەر بکەم تا دەگەمە جەمسەری ھەر دوو دەریاکان؛ یان لەوێش وێوەتر بچم.
(٦١) وەختێ گەیینە ئەو جەمسەرە، ماساوەکەیان لە بیر کرد؛ ئەویش بە ھەڵبزۆقینێ خۆی گەیاندەوە دەریاکە.
(٦٢) کە دەرباز بوون مووسا بە بەردەستەکەی گوت: لەو سەفەرە زۆر شەکەت بووین، کانێ تاشتیا مە، وەرێنە.
(٦٣) گوتی: ئەوسا کە لە پەنا بەردەکەدا دەساینەوە، دیتت چلۆن من ماساوەکەم لە بیر چوو؟ دیارە شەیتان نەیھێشت وەبیرم بێتەوە. ئەمیش وەک شتی سەمەرە ڕێگەی دەریای گرتە بەرێ.
(٦٤) گوتی: ئێمەش ھەر شتێکی وامان دەویست. ئیتر بە شۆپی خۆیاندا بە چاوگێڕان، گەڕانەوە.
(٦٥) ئەوسا تووشیان ھات بەتووشی عەبدێک لە عەبدانی ئێمە کە بەر بەزەیی خۆن خستبوو زانیاریشمان لە خۆمانەوە پێدابوو.
(٦٦) مووسا پێی وت: ئاخۆ دەتوانم دوات کەوم و لەو زانستەی فێر کراوی منیش وەکوو خۆت ڕابێنی؟
(٦٧) گوتی: تۆ ھەرگیز ناتانی دەگەڵ منا دەری بەری.
(٦٨) نەمازە گەر ئاگاداری کاریش نەبی، چۆن دەردەبەی؟
(٦٩) گوتی: ئەگەر خودا حەز کا، بە خۆڕاگرم دەبینی و ھیچ نافەرمانییەکت ناکەم.
(٧٠) گوتی: ئەگەر شوێنم کەوتی، ھیچ شتێکم لێ مەپرسە ھەتا بۆ خۆم دەربارەی باست بۆ دەکەم.
(٧١) سا ڕۆیشتن تا ھەر دوو سواری گەمیە بوون؛ کونی تێکرد. گوتی: ھەر بۆیە کونت کرد خەڵکەکەی لە ئاوا قوم کەی؟ کارێکی ناشیرینت کرد.
(٧٢) گوتی: ئاخر بە تۆم نەگوت تۆ ناتوانی لەگەڵ منا خۆڕابگری؟
(٧٣) گوتی: لەمەی لە بیرم چوو لێم ببوورە و گەلێکم سەخت لێ مەگرە.
(٧٤) وەڕێ کەوتن، تووشی کوڕیژگەیەک ھاتن، کوشتی. گوتی: چۆن گیانی پاکت زایە کرد کە بێ ئەوەی کەسی کوشتبێ؟ کارێکی زۆر نابەجێت کرد.
(٧٥) گوتی: نەمگوت ناتوانی لەگەڵ منا ھەڵکەی؟
(٧٦) گوتی: ئەگەر پاش ئەمجارە ھیچ شتێکم لە تۆ پرسی، ھاوڕێم مەبە و ھیچ گلەییشت لێ ناکەم.
(٧٧) دیسان ڕۆیین، ھەتا گەیینە خەڵکی شارێ. زەوادیان لێ داوا کردن؛ ڕازی نەبوون ڕایانگرن. دیوارێکیان لەوێندەرێ چاو پێ کەوت، خەریک بوو بەلادا دەھات؛ ڕاستی کردەوە. گوتی: ئەگەر بتویستبا کرای ئەم کارەت وەردەگرت.
(٧٨) گوتی: ئەوا لە یەکتر جیا دەبینەوە؛ وا ئێستەکێ نھێنی ئەو ڕووداوانەت بۆ باس دەکەم، کە نەت دەتوانی خۆ بگری.
(٧٩) گەمیەکە بۆ ھەژارانێک بوو، لە دەریا کاریان دەکرد؛ ویستم زەدەداری بکەم، کە لەم لایان پاشایەک بوو ھەموو گەمیەکی زەوت دەکرد.
(٨٠) کوڕیژگەکەش دای و بابی باوەڕدار بوون. ترسم بوو ناچاریان بکا لە فەرمانی خوا دەرچن و کافر ببن.
(٨١) ئێمە ویستن پەروەرندەی دای و بابی، بە ڕۆڵەیەکی دڵ پاک و بەزەدارتر بۆیان تێھەڵێنێتەوە.
(٨٢) دیوارەکەش بۆ دوو کوڕیژگەی سێوی بوو لەم باژێڕە؛ لە ژێریدا گەنجێ ھەبوو سەربەوان بوو. باوکیشیان لە مێرخاسان بوو. پەروەرندەت ویستی ئەم دووانە پێ بگەن و گەنجینەی خۆیان دەرێنن؛ کە بەزەیەک بوو لە لای پەروەرێنتەوە و من ھیچم لە خۆوە نەکرد. ئەمە بوو کە تۆ نەت تانی خۆڕاگر بی تا دەزانی.
(٨٣) لێت دەپرسن: ئەدی زیل قەڕنەین چۆن بووە؟ بێژە: وا دەربارەی ئەویش شتێکتان بۆ دەخوێنمەوە.
(٨٤) وامان کرد لەم زەمینەدا دەستی بڕوا و گش ھۆیەکیشمان بۆ ڕەخساند.
(٨٥) سا بە شوێن مەبەستیدا چوو،
(٨٦) تا گەیشتە لای خۆرنشین؛ لای وابوو لە ناو کانییەکی قوڕە ڕەشە ئاوا دەبێ. لەو ئالی تووشی ھەزێک بوو. گوتمان: زیل قەڕنەین! دەتوانی ئازار بدەی و بۆشت ھەیە چاکەیان لەگەڵا بکەی.
(٨٧) وتی: بەڵام ھەر کەسێ ناھەقی بکا - لە دواڕۆژا - ئێمە ئازاری دەدەین و پاشانیش دەبرێتەوە لای پەروەرندەی؛ ئەوسا ئەویش بەتوندی ئازاری دەدا.
(٨٨) ھەر کەسیش باوەڕی ھێنا و ئاکارچاک بوو، پاداشی چاک بەشی دەبێ و کاری لەسەر ھاسان دەکەین.
(٨٩) دیسانیش ڕێگەی گرتەبەر.
(٩٠) ھەتا گەیشتە خۆرھەڵات. دیتی تیشکی بەسەر گەلێکدا دەبارێ کە جیا لەو ھیچ ستارێکمان نەدانێ.
(٩١) تا بەم جۆرە ھەرچی ئەو بیری بۆی دەچوو، دەمانزانی.
(٩٢) دیسانیش ڕێگەی گرتەبەر.
(٩٣) تا گەیشتە ناو دوو چیا. لە پەنا دوو کەژەکەدا ھۆزێکی دی، کە لەوانە نەبوون لە ھیچ زمانێکی حاڵی ببن.
(٩٤) دواندیان، کە: ئەی زیل قەڕنەین! عاجوج و ماجوج لەم وڵاتەدا بەدفەڕن؛ ئاخۆ باجێکت پێ بدەین کە لە نێوان ئێمە و ئەوان بەربەستێکمان بۆ چێ بکەی؟
(٩٥) گوتی: ئەوەی پەروەرندەم بۆی ڕەخساندووم، ھێژاترە؛ سا ئێوە بە ھێز [ی خۆتان] یاریم بکەن، تا لە نێو ئێوە و ئەوانا بەربەندێکی وەدی بێنم.
(٩٦) پاژەئاسنم بۆ بێنن. وەختێ ھەر دوو لاشانەکەی پڕ کردەوە، گوتی: ئێوە بیدەمێنن؛ ھەتاوەکوو کردیە ئاگر. گوتی: ئەمجا پاقری تواوەم بۆ بێنن، تا بەسەریا دابرێژم.
(٩٧) ئیتر تازە بۆیان نەلوا سەری کەون و نەشیان دەتوانی کونی کەن.
(٩٨) گوتی: ئەمە بەزەییەکە لەلایان پەروەرندەمڕا؛ جا ھەرگا پەروەرندەی من بەڵێنەکەی بە جێگەیشت، گشتی دەکاتە گۆڕایی و بەڵێنی پەروەرندەی من ھەر وەدی دێ.
(٩٩) ئەوێ ڕۆژێ وادەکەین لە ناو یەکترا پێل بدەن دەکەڵەشاخ دەمێندرێ و گشتیان لێک کۆ دەکەینەوە.
(١٠٠) ھەر ئەو ڕۆژە دۆژەە لە بەر خوانەناسەکان ڕادەنێین؛ چ ڕانانێ!
(١٠١) ئەوانەی چاویان لە یادی من قووچاو بوو نەشیان دەتوانی ببیسن.
(١٠٢) ئاخۆ خودانەناسەکان پێیان وایە – لەباتی من - عەبدەکانم بکەن بە سەروەری خۆیان [ھیچ قازانجێکیان دەداتێ]؟ ئێمە دۆژەھمان بۆ پەزێرایی لەو خوانەناسانە ساز کردووە.
(١٠٣) بێژە: ئاخۆ دەتانەوێ پێتان بڵێم، کێن ئەوانەی لە کردەوەکانی خۆیان زیاتر زیانیان پێدەگا؟
(١٠٤) ئەو کەسانەی تەقالایان لە ژیانی سەر دنیایەدا فێڕۆچووە و لاشیان وایە کارێکی چاکیان کردووە.
(١٠٥) ئەوانە کەسگەلێکن کە لە نیشانان و دیداری پەروەرێنیان حاشایان کرد، ئیتر ھەر کارێکی کردیان پووچەڵ بووگە و ڕۆژی سەڵاش ھیچ سەنگێکیان بۆ دانانێین.
(١٠٦) بەھۆی ئەو حاشا کردنە و گەمەیان بە پێغەمبەر و نیشانانم جەھەندەم گۆڕی گیانیان بێ.
(١٠٧) ئەو کەسانەش کە بوونە خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بوون، جێ پەزێراییان باغاتی فیردەوسە.
(١٠٨) ھەمیشە ھەر تیا دەبن و نایانەوێ جێ بگۆڕن.
(١٠٩) بێژە: ئەگەر بۆ نووسینی وتاری پەروەرندەی من دەریا ھەموو مەرەکەف بێ، بەرلە دوایی پێ ھێنانی وتاری پەروەرندەی من، بێ شک دەریا ھەڵدەچۆڕێ؛ تەنانەت گەر ھێندەی دیشی دەفریا خەین.
(١١٠) بێژە: منیش ھەر مرۆیەکم وەک ئێوە؛ لە خواوە فەرمانم بۆ دێ کە: خودای ئێوە ھەر یەکە. ھەرکێ لەنگۆ بۆ دیداری پەروەرندەی بە ئاواتە، با کاری چاک ڕەچاو بکا و لەغەیرەز پەروەرندەی خۆی ھیچ کەسێکی نەپەرستێ.

پەراوێز edit