ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) پاکی و بێ عەیبی بۆ کەسێ لە شەوێکدا شەوڕۆیی بە عەبدی خۆی کرد؛ لە «مسجدالحرام»ەوە تا «مسجدالاقصیٰ» (مزگەوتەکەی ئەولاتر)؛ ئەو مزگەوتەی ئێمە پیت و پیرۆزیمان داوە بە دەوروبەرەکەی؛ بەو نیازەی کە ھێندێک بەڵگەی خۆمانی پیشان بدەین. ھەر خۆی بیسەر و بینایە.
(٢) کتێبیشمان دا وەمووسا و کردمانە ڕێنوێنێک بۆ بەرە و ھەزی ئیسڕائیل، کە: غەیرەز من با بریکارێکتان نەبێ.
(٣) ئەی تۆرەمەی ئەوانەی کە دەگەڵ نووحا ھەڵمان گرتن! بەڕاستی ئەو عەبدێ شوکرانەبژێر بوو.
(٤) ھەر لە ناو کتێبەکەدا ئاگاییمان بە تۆرەمەی ئیسرائیل دا، کە: ئێوە لەم سەرزەمینە - لە دوو ھەلدا - مل لە بەدفەڕی دەنێن و زۆر بە توندی بادی ھەوایی دەنوێنن.
(٥) ھەرگا ئێکەم لەم دوو ھەلانە ھاتەبەر، چەند عەبدێکی ھەرە ئازای خۆن ناردنە سەر، گش وڵاتیان لێ ئاژنین. ئەم بڕیارەش جێ بەجێ بوو.
(٦) لە پاشان کارێ وامان کرد، ئێوە لەوان بەھێزتر بن؛ ھەژماریشتان فرەتر بێ و بە دارایی و زاروزیچیش یارمەتیمان پێ گەیاندن.
(٧) ئەگەر ئێوە چاکە بکەن، چاکەی دەگەڵ خۆتان دەکەن؛ ئەگەریش خراپەتان کرد، لە خۆتانە. ھەر کاتێکی بەڵێنی پاشین ھاتە جێ، دیسان دەنێرینە سەرتان، واتان لێکەن پەژارە و خەم لە ڕوخسارتانا دیار بێ و تا بشچنە مزگەوتەوە - وەک جاری پێشووشی چوونێ - و ھەر چێکیشیان دەسکەوێ تەفروتوونای کەن.
(٨) بەشکوو پەروەرندەی خۆتان بتانخاتە بەر بەزەیی. ئەگەریش تێھەڵچنەوە، ئێمەش تێھەڵدەچینەوە و، دۆژەھیشمان کردە زیندان بۆ گرۆی خودانەناسان.
(٩) بێ گومانە ئەم قورعانە ڕێگایەکی پیشان دەدا لە گش ڕێیان سەرڕاسترە. بەو بڕوادارانەش کە وا ئاکارچاکن، موژدە دەدا: پاداشێکی گەورەیان ھەس.
(١٠) ئەو کەسانەش کە باوەڕ بە دواڕۆژ ناکەن، ئازارێکی زۆر بەژانمان بۆ ساز کردوون.
(١١) مرۆ چۆن دەبوو بخوازێ چاکی بۆ بێ، ئاواش دەیەوێ خراپی لێ بقەومێ. مرۆ ھەروا بەلەز بووە.
(١٢) شەو و ڕۆژمان بە دوو نیشانە نیشاندان: نیشانی شەومان داکوژاند، نیشانی ڕۆژیشمان کردە ھۆی دیتنێ؛ تا بگەڕێن بە شوێن ڕۆزی کە پەروەرندەتان دەیدا و لە ژماری ساڵەکان و ژماردنێ سەروو دەرچێ؛ ھەموو شتمان بە وردی شی کردۆتەوە.
(١٣) نامەی ئاکاری ھەر کەسمان - وەک تۆق - لە ئەستۆی کردووە و ڕۆژی سەڵا بە نووسراوی سەرئاواڵە، شانی دەدەین.
(١٤) نامەی خۆت بخوێنەرەوە! ئەمرۆ ئیتر ھەر خۆت حەسێوگەری خۆتی.
(١٥) کەسێکی شارەزای ڕێ بێ، شارەزایی بۆ خۆیەتی؛ ھەر کەسێکیش لە ڕێ دەرچێ، ھەڵە بو ن لە دژی خۆیە. کەس گرانایی کەسێ تر ناگرێتە مل. تا پێغەمبەریش نەنێرین، جەزرەبە لەمەڕا نییە.
(١٦) ھەرکە ویستمان شارێک قڕ کەین، دەوڵەتمەنە خۆشگوزەرانەکانی وان، دنەدەدەین بۆ بەدفەڕی و خراپکاری و لە ئاکاما ئازاریان بۆ واجۆ دەبێ؛ ئەوساکە تێکی دەھاڕین.
(١٧) زۆر بەرەشمان لە پاش نووح لەناوبردوە. بۆ تۆ ئەوەندە بەسە کە پەروەرندەت لە گوناحانی عەبدانی ئاگادارە و دەیانبینێ.
(١٨) ھەر کەسێکی خۆشی ھەر لە دنیا دەوێ، ئەگەر ئێمە بمانەوێ، ئاواتەکەی زوو پێک دێنین، پاشان بە ئابڕوو نەماوی دەرکراوی دۆژەھێکمان بۆ داناوە، دەیبرژێنێ.
(١٩) کێش خۆشی ئەو دنیای دەوێ و - بە پێی توانا - بۆی دەکۆشێ و باوەڕدارە، کۆششیان بەفیڕۆ ناچێ و لە بەرچاوە.
(٢٠) ھەموو لایان - چ ئەوان و چ ئەمانە - لە خەڵاتی پەروەرندەت بێ بەش ناکەین. خەڵاتی پەروەرندەی تۆ ھیچ لەمپەری لەبەر نییە.
(٢١) دەبڕوانە، چۆن بازێکمان لە چاو بازێک سەرخستووە؛ دیارە کە لە دواڕۆژیشدا پلەوپایە و سەرخستن لەمە زۆرترە.
(٢٢) دەگەڵ خودا ھیچ شتێ تر مەپەرستە، دەنا ئەوسا بە وەبەر تەشەر دراوی و دەرکراوی ڕۆدەنیشی.
(٢٣) پەروەرێنت فەرمانی دا کە غەیرەز وی مەپەرستن؛ سەبارەت بە دای و بابیش چاکە بکەن. ھەرگا یەکیان یان ھەردووکیان - تا لە لای تۆن - تووشی تەمەنی پیری بوون، ھەرگیز ئۆفیشیان پێ مەڵێ و تێان مەخوڕە و بە زمانی خۆشیان بدوێنە.
(٢٤) بە بێ فیزی بیانخە ژێر باڵی بەزەیی و بێژە: ئەی پەروەرندەی من! وەکوو ئەمان منیان بە شلکی پێگەیاند، تۆش وەبەر بەزەیی خۆتیانخە.
(٢٥) خودانێ وە، لە خۆتان چێتر دەزانێ چیتان بە دڵدا دەبوورێ؛ ئەگەر کردەوەتان چاک بێ، بۆ ئەوانەی لە گوناھ دەپرینگێنەوە، بە بووردنە.
(٢٦) خزمت بەشی خۆی بدەرێ؛ ھەژار و لە ڕێدا ماویش بێ بەش مەکە؛ تەواویش دەس بڵاو مەبە.
(٢٧) ئەو کەسانەی ھەڵەخەرجن، دەگەڵ شەیتان دەبنە برا؛ شەیتانیش بۆ پەروەرندەی، بێ ئەمەگ و سپڵە دەرچوو.
(٢٨) ئەر نەشتبوو بەشیان دەی و چاوەنۆڕ بووی خودا لە بەزەیی خۆیەوە دەرووێکت لێ بکاتەوە، بە زمانێکی نەرم و نیان بیاندوێنە.
(٢٩) دەستەکانت دەگەردنت وەرمەھێنە و تەواویش پانیان مەکەوە، کە بە سەرکۆنەکراوی و عەزرەتەوە دەمێنیەوە.
(٣٠) پەروەرندەت بە پانەوە و بە دەستندە ڕۆزی بە ھەر کەسێ بدا بەستە بە مەیلی خۆیەتی؛ ھەر خۆیەتی لە عەبدانی ئاگادارە و دەیانبینێ.
(٣١) زارۆی خۆتان لە ترسی لە برسان مردن لە ناو مەبەن. ئێمەین ڕۆزی ئەوانیش و ئێوەش دەدەین. کوشتنی وان، ھەڵە کارییەکی مەزنە.
(٣٢) تخونی زیناح مەکەون؛ داوێنپیسی ئاکاری زۆر نالەبارە و ڕێبازێکی ناھەموارە.
(٣٣) بنیادەمێ کە کوشتنی بە ناڕەوا زاندراوە، مەکوژن مەگین لەسەر ھەق. ھەر کەسێکی بە ناھەقی بێتە کوشتن، دەسەڵاتمان داوەتە دەس خوێنگرەکەی؛ ناشێ لە تۆڵەساندنا ھەڵەڕۆ بێ و لەو بارەوە ئاریکاری بۆ کراوە.
(٣٤) نەچن تخوون ماڵی ھەتیوان بکەون، مەگین جۆرێ کە باشتر بێ؛ ھەتا پێدەگا وتێدەگا. پەیمانیشتان بەرنە سەرێ؛ پەیمان، پرسینەوەی ھەیە.
(٣٥) ئەگەر پێوانە دەپێون، با تەکووز بێ. کێشانەشتان بە تەرازوی بەرانبەر بێ؛ وا ھەم بۆ ئێوە باشترە، ھەم ئاکامی پەسندترە.
(٣٦) مەکەوە شوێن شتێکی وا کە نازانی چییە و چۆنە، چونکە گوێچکە و چاو و دڵیش، گشتیان پرسیاریان لەسەرە.
(٣٧) بە فیزەوە ھەنگاو بەسەر ھەردا مەنێ؛ تۆ ناتانی ئەم زەمینە بقەڵێشی و لە درێژیشدا ھەرگیز ناگەیە بەندەنان.
(٣٨) گش ئەمانە - خراوەکانیان - بە لای پەروەرندەی تۆوە ناپەسندن.
(٣٩) ئەمانەش بەشێکن لەو کارزانییانە، کە پەروەرندەت بە تۆی ڕاگەیاندووە. وێڕای خودا پەرستووی تر مەپەرستە؛ کە ئەوسا بە لۆمەکراوی و ڕاونراوی تووڕ ئەدرێیتە دوڕ جەھەندەم.
(٤٠) ئاخۆ پەروەرندەی ئێوە، بە تایبەتی کوڕی بە ئێوە بەخشیون و فرشتە مێوینەکانیشی بۆ خۆی دانا؟ قسەیەکی زۆر زل دەکەن.
(٤١) ئێمە لە ناو ئەم قورئانە زۆر شتمان شی کردۆتەوە ھەتا ئەمان پەند وەرگرن، کەچی ھەر ڕەوینەوەیان پتر دەکا.
(٤٢) بێژە: ئەگەر - بەو جۆرە ئەوان دەبێژن - وێڕای خودا خوایانێکی تر ببوونا، ئەوسا پەیجۆر دەبوون کە ڕێی چوونەلای خاوەنی تەختیان وەدۆزیبا.
(٤٣) خوا لە کەمایەسییان دوورە و زۆر بەرزترە لەوانەی کە ئەوانە باسی لێدەکەن.
(٤٤) حەوت ئاسمانان و زەوین و ھەرچی لە ناو ئەواندایە، ھەر پاکانەی خودا دەکەن. ھەموو شتێک - بە پەسن دانەوە - پاکانەی ئەو دەکا؛ بەڵام ئێوە پاکانەی ئەوان نابیسن. ئەو لەسەر خۆو بە بووردنە.
(٤٥) دەمێ کە قورعان دەخوێنی، ئێمە لە نێو تۆو ئەوانەی بە دواڕۆژ بڕوایان نییە، پەردەیەکی داپۆشێنەر ڕادەنگێوین.
(٤٦) سەرپۆش گەلێکی وامان نایە بان دڵیان کە تێی نەگەن؛ گوھەکانیشیان کپ دەبن. ھەرگا لە قورئانەکەدا ناوی پەروەرندەی تاکت بە دەمدا دێ، بە قینەوە پشت ھەڵدەکەن.
(٤٧) ئێمە باشتر دەزانین گوێ لە چی دەگرن، لەو دەمەدا کە گوێ بۆ تۆ ڕادەدێرن، ئەو کاتەش کە خەریکی سرتە کردنن. کاتێ ناھەقان دەبێژن: ئێوە ھەر دەکەونە شوێنی مێرێکی جادوو لێکراو.
(٤٨) دەبڕوانە چۆن مەزموودەت لێ دەخوێنن، ئەوانە وا لە ڕێ کلان، کە تازە ڕێگە دەرناکەن.
(٤٩) دەشڵێن: ئاخۆ ئەگەر ئێسک و پرووسکیش بین، ژنۆ دروست دەبینەوە؟
(٥٠) بێژە: کوچک یان ئاسن بن،
(٥١) یان چێ بووێک کە لە خەیاڵی ئێوەدا زل دەنوێنێ. ئەوسا ئێژن: کێ زیندوومان دەکاتەوە؟ بێژە: ئەوی یەکەم جار دروستی کردن. ئەوسا سەر دەلەقێنن و ئێژن: کەنگێ؟ بێژە: شایەت بەم زووانە.
(٥٢) ڕۆژێ کە بانگوو لێدەکا و ئێوە بە پەسن دانەوە و سوپاسەوە پەرسڤی لێ وەگەڕێنن و وا تێدەگەن - کەمێک نەبێ - لەسەر دنیا نەماونەوە.
(٥٣) تۆ بە عەبدانی من بێژە چی باشترە ئەوە بێژن؛ چونکە شەیتان سۆدرەیو لە نێودا دەکا. ئەو شەیتانە بە ئاشکرا دوژمنی جسنی عینسانە.
(٥٤) پەروەرندەت بە ئێوە ئاگادارترە. ئەگەر حەز کا بەر بەزەیی خۆیتان دەخا؛ حەزیش بکا تووشی جەزرەبەتان دەکا؛ تۆشمان نەناردۆتە لایان بریکار بی.
(٥٥) پەروەرندەت بەو شتانەی لە ئاسمانان و زەمیندان، زاناترە. لە ناو پێغەمبەرەکانیش ھێندێکمان لە ھێندێکی دی بەڕێزتر گرت، زەبووریشمان دا بە داوود.
(٥٦) بێژە: ھانا بەرن بۆ ئەو کەسانە وا - بە جێ خودا - بە پەرستووتان دەزانین؛ کە ناتوانن بەڵاو لەسەر لابەرن، پێشیان ناکرێ بۆ یەکی تری بنێرن.
(٥٧) ئەو کەسانەی ئەوان ھانایان پێ دەبەن، کامانیانە نزیکترن، بە دووی ھۆدا دەگەڕێن کە بگەن بە پەروەرێنیان و ھیوای بەزەیی ئەویانە و لە جەزرەبەشی دەترسن. جەزرەبەی پەروەرندەی تۆ ھێژایە لێی بەپارێز بن.
(٥٨) پێش ھاتنی ڕۆژی قیامەت، ھیچ ئاوەدانی نامێنێ تێکی نەدەین یان خەڵکەکەی تووش ئازار نەکەین؛ کە ھەر ئەمەش لە کتێبەکەدا نووسراوە.
(٥٩) ئێمە کە نیشانەکانمان نەدەناردن، ھەر بۆیە بوو پێشینەکان بە درۆیان لە قەڵەم دەدان. ئاروانیشمان بە ئاشکرا دا بە سەموود؛ کەچی ناھەقییان دەگەڵ کرد. ئێمە ھەر بۆ ترس وەبەرنان، نیشانەکان بەڕێ دەکەین.
(٦٠) ئەو حەلەش کە بە تۆمان وت: پەروەرێنی تۆ دەورەی لە مەردم داوە؛ خەونێکیش کە پێمان دیتی و ئەو دارە نەحلەتییە کە لە قورعاندا باسی کراوە؛ گش بۆ ئەزموونی مەردم بوو. ئێمە ئەوان دەترسێنین؛ کەچی ئەوان ھەر پتر ملھوڕی دەکەن.
(٦١) کاتێ وتمانە فریشتان: سوژدە لەبەر ئادەم بەرن، سوژدەیان برد ئیبلیس نەبێ. گوتی: چۆن من سوژدە دەبەمە بەر کەسێ کە لە حەڕیت چێ کردووە؟
(٦٢) گوتی: بە من بێژە ئەم تەرح و دیدارەت، لە من بەزلتر زانیوە؟ ئەگەر ھەتا ڕۆژی سەڵا بەرم بۆ بەرھەڵا بکەی، تۆرەمەکەی - کەمێک نەبێ - سەرلەبەری، دەبێ بخەمە ژێر چنگم.
(٦٣) گوتی: بڕۆ! سا ھەر کەسێ لەوان وەشوێن تو بکەوێ، سزای ھەمووتان دۆژەھە و سزایەکی پڕبەپڕە.
(٦٤) ھەر کامێ تۆ پێی دەوێری، بانگی بکە و دنەی بدە و بە سوار و پیادەی خۆتەوە بگە سەری و ببە ھاوبەش لە ماڵ و زارۆڵەکانیان، سۆز بدە وان؛ سۆزی شەیتان تەنیا ھەر خەڵەتاندنە.
(٦٥) تۆ بەسەر عەبدانی مندا ھیچ دەستەڵاتێکت نییە؛ پەروەرندەت بریکاریانە، بەسیانە.
(٦٦) پەروەرندەو لە حاند ئێوە دلۆڤانە. گەمیەتان لە زەریایەدا دەخاتە گەڕ تا لە سۆنگەی، بژیوی خۆتان دەس کەوێ.
(٦٧) ھەرگا لە ناو دەریایەدا تووشی فەرتەنەیەک ھاتن، ھانا بۆ ھەر کەسێک بەرن، بەر پێوارە، بەغەیرەز ئەو. ھەرکە ڕزگاری کردن و چوونە سەر بەژ، ئاوڕیشی لێ نادەنەوە؛ مرۆ زۆر ئەمەگ نەناسە.
(٦٨) ئاخۆ لەوە ئارخەیانن کە لە بەژەکە ڕۆناچن یان باھۆزتان لێ ھەڵ ناکا، ئەوسا کەستان گیر نەکەوێ فریاو کەوێ؟
(٦٩) یاخۆ لەوە ئارخەیان بوون جارێکی تر ڕێتان دەوێ ناخاتەوە، ئەوسا بایەکی بەھێزتان لێ ھەڵ بکا و لە تۆڵەی پێ نەزانیتان نوقموو بکا؟ لە پاشانیش ھیچکەستان بۆ پەیدا نەبێ کە لە بەرانبەر ئێمەوە یاریدەو دا؟
(٧٠) ئێمە ڕێزمان لە تۆرەمەی ئادەم گرت و لە وشکانی و لە زەریادا ھەڵمان گرتن؛ ڕۆزی پاکژمان پێداون؛ لە چاو زۆر لە کردەی خۆمان زۆر پتر قەدرمان گرتوون.
(٧١) لەو ڕۆژەدا کە ھەر تیرەیەک لە مەردم - وێڕای نامەی کردەوەیان - گاسی دەکەین؛ ھەرکێ نامەی دەدەستی ڕاستی نراوە، ئەمانە نامەکەی خۆیان دەخوێننەوە و بەقەی داوی زراوی ناو ناوکە خورماش هەقیان لێ زەوت ناکرێ.
(٧٢) هەرکێش لەم دنیایە کوێرە ، لە دواڕۆژیشدا کۆرەیە و پتریش ڕێگەی لێ گوم دەبێ.
(٧٣) ھێندەی نەمابوو ئەمانە لەو فەرمانەی - کە ئێمە پێن ڕاگەیاندووی - کلات کەن و شتێکی تریان بۆ بێنی و درۆ بە زاری ئێمەوە ھەڵ ببەستی؛ کە ئەوسا دەبوونە دۆستت.
(٧٤) ئەگەر خۆمان تۆمان توند ڕانەگرتایە، لەوانەبوو کەمێک بە لای ئەواندا بێی.
(٧٥) ئەگەر واش با، سوور بزانە ھەر لە ژیندا دوو قات جەزرەبەمان دەدای؛ لە مەرگیشدا ئازارەکەت دوو سەرە بوو. ئەوسا کەسی واشت نەبوو - دەسەر مەڕا - بێتە ھانات.
(٧٦) ھێندەی نەمابوو ئەوانە لەو سەرزەمینە بتخەنە تەنگانەوە، تاکوو لەوێ وەدەرت نێن. ئەگەر واش با، بە شۆن تۆدا - دەمێک نەبێ - [ئەوانیش] تێدا نەدەمان.
(٧٧) پێودانێکە [لە ئێمەوە]، کە بۆ ئەو پێغەمبەرانەی بەرلە تۆش بوون، ناردوومانن؛ یاسای ئێمە گۆڕانی بەسەردا نایە.
(٧٨) لەو ماوەی خۆر کلا دەبێ ھەتا تاریکانی شەوێ نوێژ بکە و نوێژ خۆندنی سپێدەشت ھەر لەسەرە. نۆژخۆندنی سپێدە بەھەڕمەیە.
(٧٩) لە شەویشدا بۆی ھەستەوە؛ ئەمە زیادە نوێژی تۆ بێ. بەشکێکم پەروەرندەی تۆ بتنێرێتە جێگایەکی پەسند کراو.
(٨٠) بشپاڕێوە کە: ئەی پەروەرندەکەی من! ڕێگەم بەرەو ڕاستی بەرەو بەرەوڕاستیم بە ڕێ بکە؛ ھێزێکی ئاریکاریشم بۆدیاری کە.
(٨١) بێژە: ئەوا ڕاستی ھات و چرووک نەما؛ دیارە چرووک لە نەمانە.
(٨٢) ئێمە وێڕای ئەم قوڕعانە، شتی واو بۆ بەڕێ دەکەین کە مفا و بەزەیی تێدایە بۆ خاوەن باوەڕەکان و ناھەقانیش پتر پێی زیانبار دەبن.
(٨٣) مرۆ ھەرگا ئێمە بەھرەیەکی دەدەینێ، پشت تێدەکا و بادی ھەوایی دەنوێنێ؛ ھەرگا بەڵاشی بەسەر ھات، تووشی ناھومێدی دەبێ.
(٨٤) بێژە: ڕەفتاری ھەر کەسێ بەپێی ئاکاری خۆیەتی. پەروەرندەت زاناترە، کێ لە ئێوە لە ڕێگە شارەزاترە.
(٨٥) لە تۆ دەپرسن: گیان چییە؟ بێژە: گیان ھەر لەوانەیە کە پەروەرندەم دەیزانێ؛ ئێوە کەمێکتان لە زانست پێدراوە.
(٨٦) ئەگەر ئێمە کەیفن لێ بێ، ھەرچییەکمان پێ ڕاگەیاندووی دەیبەینەوە؛ کەسیش نییە دژی ئێمە لەمەدا ئاریکارت بێ.
(٨٧) جا مەگین پەروەرندەی تۆ بەزەیی پێتا بێتەوە، کە زۆری چاکە لەسەرتە.
(٨٨) بێژە: ئەگەر مرۆ و جن، گش وەکۆ بن، وێنەی ئەم قورئانە بێنن، لە شبی ئەو دادەمێنن؛ با ھەمووشیان پشتیوانی یەکتری بن.
(٨٩) ئێمە لە ھەر بارێکەوە لە قورئاندا نەزیلەمان بۆ مەردم ھێناوەتەوە، بەڵام زۆربەی ئەم مەردمە - حاشا نەبێ - ھیچ نازانن.
(٩٠) گوتیان: بڕوات پێ ناھێنین تا لەم عەرزە کانییەکمان بۆ ھەڵدەقوڵێنی؛
(٩١) یان باغێکی خورما و ڕەزت ھەبێ و کارێکی وا بکەی کە جۆباران لە ناویانا فڕکەیان بێ؛
(٩٢) یان - وەک خۆت خەیاڵت دەکرد - پاژپاژی ئەم عاسمانەمان بەسەردا دابوەرێنە؛ یا خودا و چەند فرشتەیەک بێنە و ڕووبەڕوومان بکە؛
(٩٣) یان ماڵێکت لە زێڕ ھەبێ؛ یان بە ئاسماندا ھەڵبچی و سەریش کەوی، باوەڕ ناکەین؛ تا کتێبێکمان دەگەڵ خۆت بۆ دێنی و دەیخوێنینەوە. بێژە: پاکی ھەر بۆ پەروەرندەکەمە، ئاخۆ من چیم بل لە مرۆیێ پێغەمبەر؟
(٩٤) تەنیا بیانووی ئەم مەردمە - کە شارەزاییشیان بۆ ھات و بڕوایان پێ نەکرد - ئەمەیە ئێژن: جا چۆن خودا مرۆیەکی بە پێغەمبەر ناودێر دەکا؟
(٩٥) بێژە: ئەگەر فرشتە بە ئارخەیانی لەم ھەردەدا ڕۆیشتبان، دیارە ئێمە لە ئاسمانۆ پێغەمبەرێ فرشتەمان بۆ دەناردن.
(٩٦) بێژە: خودا بەسە بۆ شایەت لە نێوان ئێمە و ئێوە؛ ھەر ئەو دەربارەی عەبدانی ئاگادارە و دەیانبینێ.
(٩٧) کەسێ خودا ڕێی نیشان دا، شارەزایە؛ گومڕاشی کا، غەیرەز خود ا تۆ دۆستیان بۆ پەیدا ناکەی. ڕۆژی سەڵاش بە دەمەوڕوویی و کۆرەیی و لاڵی و کەڕی، ھەموویان کۆ دەکەینەوە. ئەنوایان جەحەندەم دەبێ. ھەتا ئاگر دێ دامرکێ، کڵەکە پتر نێڵ دەدەین.
(٩٨) با ئەمە گۆڕی گیانیان بێ؛ چونکە ئەوان لە نیشانەکانی مە حاشایان کرد و گوتیان: ئاخۆ ئەگەر ئێسک و پرووسکیش بووین، دیسان زیندوو دەکرێینەوە؟
(٩٩) ئاخۆ ئەوەندە نارانن، ئەو خودایەی ئاسمانەکان و زەمینی داھێناوە، دەتوانێ ھی وەک ئەوانیش دروس بکا؛ ماوەیشی بۆ دیاری کردوون کە بێ گومانە ھەر دەگا؟ بەڵام ناھەقییکارەکان ھەر حاشا کردن دەزانن.
(١٠٠) بێژە: ئەگەر ئێوە خێوی گەنجینەکانی بەزەیی پەروەرندەی من بوونایە، ھێمان دەس ڕژدیتان دەکرد. مرۆ چکووس و قڕنیسە.
(١٠١) نۆ نیشانەی ئاشکرامان دا بە مووسا؛ لە بەرەی ئیسڕائیل پرسە، [ئەو دەزانن.] کاتێ گەیشتە بەرەو، فیرعەون پێی وت: مووسا! من وا خەیاڵ دەکەم ئەتۆ جادووت لێکراوە.
(١٠٢) گوتی: تۆ خۆت سوور دەزانی ئەم شتانە کەوا زەق لەبەر چاوانن، ھەر داھێنەری زەوین و عاسمانەکان ناردوونیە خوار. فیرعەون! منیش لام وایە تۆ تێدا دەچی.
(١٠٣) ویستی گەڕیان تێھاڵێنێ و لەو سەرزەمینە دەریان کا، ئێمەش ئەم و خڕ ئەوانەی دەگەڵیا بوون، نوقمن کردن.
(١٠٤) لە پاش ئەویش بە بەرەی ئیسڕائیلمان گوت: نیشتەجێ بن لەم وڵاتە و ھەر دەمێکیش سەڵا ڕابوو، ئەوسا گشتوو پێکەوە کۆ دەکەینەوە.
(١٠٥) ئەمەمان بەڕاستی نارد و بەڕاستیش ھاتە خوارەوە؛ ئێمە تۆمان ھەر بۆیە نارد مژدەدەر و ترسێنەر بی.
(١٠٦) قورئانێکە بە جیاجیا ناردوومانە؛ تا ھێدیکا بۆ مەردمی بخوێنیەوە و بەرانبەر بە پێویستی ڕۆژ بەڕێمان کرد.
(١٠٧) بێژە: ئێوە بڕواتان پێ بێ یا نەبێ، ئەو کەسانەی لە پێشوودا [لەمە] ئاگادار کرابوون، ھەرگا بۆیان دەخوێننەوە ئەرزینگ دەخەنە سەر زەوی و سوژدە دەبەن.
(١٠٨) ئەشڵێن: پاکی بۆ پەروەرندەی ئێمەیە، بەڵێنی پەروەرندەمان وا وەدی ھات.
(١٠٩) دەمەوڕوو خۆ تخێڵ دەکەن و دەگرین و ئەمەش خۆ بەکەم زانینیان پتر دەکا.
(١١٠) بێژە: ھاوار لە خوا بکەن یان ھانا بە ڕەحمان بەرن، ھەر یەکێکە؛ ئەو ناوی زۆر پیرۆزی ھەن. لە نۆژتدا مەقڕێنە و مەش ورتێنە! شێوەیەکی ناونجی بۆ خۆت ڕەچاو کە.
(١١١) بێژە: سوپاس بۆ خودایێ کە ھیچ فرزەندێکی بۆ خۆی ھەڵنەبژارد و لە موڵکیدا ھیچ برابەشێکی نەبووە و بە ناچاری ھانای بە کەس نەبردووە و تاریفی گەورەیی بکە؛ تاریفێ کە ھێژای ئەوە.

پەراوێز edit