ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) ئەوا فەرمانی خودا ھات، پەلەی مەکەن. خودا پاکە و گەلێک لەوە بەرزترە کە بێژن ھاوکاری ھەیە.
(٢) فرشتەکان وێڕای وەڵامەکانی ئەو - بەپێی فەرمانێ کە ئەیدا - دەنێڕێتە خوارێ بۆ لای ھەر کەسێ لە عەبدەکانی کە خۆی حەز کا؛ گەفان لە خەڵکەکە بکەن کە: ھیچ شتێ شیاوی پەرستنێ نییە جگە لە خۆم؛ دەبێ ھەر لە خۆم بترسن.
(٣) ئەم عاسمانانە و زەوینەی ھەر بۆ ڕاستی داھێناوە. بەرزترە و دوورە لەوەی ئەوان دەیکەن بە شەریکی.
(٤) بنیادەمی لە تنۆکێک بەرھەم ھێنا؛ کەچی بۆتە دوژمنێکی بە ئاشکرا.
(٥) وڵساتیشی ھەر بۆ ئێوە بەرھەم ھێنا، کە گەرمایی و بەھرەیان بۆ ئێوە تێدا و لێشیان دەخۆن.
(٦) لاتان جوان و ڕازاوەن، کاتێک دەیانبەن بۆ لەوەڕ و کاتێکیش دەیانھێننەوە.
(٧) گرانبارتان ڕادەگوێزێ بۆجێگەی وا کە بۆ ئێوە زۆر دژوار دەبوو بیگەنێ. پەروەرندەت زۆر دڵسۆز و دلۆڤانە.
(٨) ئەسپ و ئێستر و کەریشی، ھەم بۆ سواری ھەم بۆ خۆ بە جوان ڕانانی ئێوە چێ کرد. شتی وەھاش دروس دەکا کە نایزانن.
(٩) خودا ھەر ھێندەی لەسەرە ڕێگەی ڕاست دەست نیشان بکا. ڕێگەی خێچ و خواریش ھەیە. ئەگەر بۆ خۆی بیویستبا، ھەمووتانی دەخستە سەر ڕاستەڕێیە.
(١٠) ھەر خۆیەسی لەم حەوایە ئاوێکی بۆ داباراندن کە ئێوە لێی ڤەدەخۆن و ڕووەکیشی پێ شین دەبێ و لەو ڕووەکە، وڵساتەکانوو دەچەرن.
(١١) ھەر بەو ئاوە چاندەمەنی و زەیتوون و ڕەز و دارخورماو بۆ دەڕوێنێ و گش بەروبۆتان پێدەدا. ئەمە زۆر بەڵگەی تێدایە بۆ ئەوانەی ڕادەمێنن.
(١٢) شەو و ڕۆژی بۆ ڕام کردن؛ ھەیڤ و خۆر و گش ھەسارەش ملکەچی فەرمانی ئەون. لەمەشدا زۆر نیشانە ھەن بۆ کەسانێ کە تێدەگەن.
(١٣) لەم زەمینەش گەلێ شتی ڕەنگاوڕەنگی بۆ ئێوە وەدی ھێناوە؛ لەمەدا نیشانە ھەیە بۆ ئەوانەی ڕادەمێنن.
(١٤) ھەر ئەویشە زەریای خستۆتە بەردەستوو کە گۆشتی تازەی لێ بخۆن؛ خشڵیشی لێی بێننە دەرێ و بە خۆتانیەوە ھەڵواسن. ئەوا دەبینی کە گەمیەش سنگی دەریا دەقەڵێشن؛ تا چاکەی ئەوتان دەس کەوێ و بەشکوو شوکرانە بژێر بن.
(١٥) کێوە ھەڵەمووتەکانی لەم زەمینە کردە لەنگەر، ھەتا ئێوە نەلەرزێنێ و چۆم و ڕێبازیشی شاندان، تا ئێوە ڕێو بدۆزنەوە.
(١٦) نیشانەگەل دیکەش ھەن و بە ئەستێرەش ڕێ دەردەکەن.
(١٧) ئاخۆ کەسێ لە چێ کردنێ وەستایە، چلۆن وەک ئەو کەسە وایە، لەو بارە چی لە دەس نایە؟ ئاخۆ ئێوە پەند ناگرن؟
(١٨) ئەگەر ھەرچی چاکەی خودایە بژمێرن، لە ژماردن دواییو نایە. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە.
(١٩) ھەر شتێکی وەیشێرن و ھەرچی ئاشکراشی بکەن، خودا دەیزانێ.
(٢٠) ئەو شتانەش کە ھانایان پێ دەبەن و غەیرەز خودان، لیان نایە ھیچ دروس کەن؛ ھەر بۆ خۆشیان دروس دەکرێن.
(٢١) مردووێکن گیانیان بە بەردا نەکراوە؛ ھەستیش ناکەن کەنگێ زیندوو دەکرێنەوە.
(٢٢) خودای ئێوە ھەر یەکێکە. ئەو کەسانەی بڕوایان بە دواڕۆژ نییە، دڵەکانیان دژباوەڕن و خۆشیان ھەر بە زل دەزانن.
(٢٣) بێ گومانە خوا دەزانێ چی لە خودا دەشارنەوە و چی دەردەخەن. خودا لە خۆبەزل زانان خۆشی نایە.
(٢٤) ھەرگایەکی لێیان پرسی: پەروەرێنتان کام مەبەستی ناردۆتە خوار؟ ئێژن: چیرۆکی پێشینان.
(٢٥) دەسا با ڕۆژی قیامەت باری تاوانی خۆیان و ئەو کەسانەش ھەڵگرن کە بە بێ زانست، ئەوان لە ڕێان لا دەدەن؛ ئای چەند بارێ نالەبارە!
(٢٦) ڕاستت دەوێ ئەوی لە پێش ئەمانەش بوون، دەھۆباز بوون. خودا دام و دەزگایانی لە ھیمەوە ھەڵتەکاند و میچیشیان بەسەردا ڕما و لە شوێنێکەوە ئازاریان بۆ داباری، کە ھەر ھەستیشیان پێ نەکرد.
(٢٧) پاشان لە ڕۆژی سەڵاشدا ئابڕویان پێوەناھێڵێ و دەڵێ: لەکوێن ئەو شەریکانەم کە ئێوە کێشەتان لەسەردەکردن؟ ئەوانەی ئەھلی زانستن، ئێژن: ئەمرۆ ئابڕووچوون و بەدبەختی خوانەناسانە.
(٢٨) ئەو کەسانەی کە پێ مێردی خودا گیانیان لێ دەستێنێ و ستەمیان لە خۆ کردووە، مل ڕادەکێشن و ئێژن: چی خراپن نەکردووە؛ بەڵێ، خودا خۆی دەزانێ کە ئێوە ئاکاروو چۆن بوو.
(٢٩) سا لە دەرگای دۆژەھەوە بچنە ئەودیو، تاھەتایە ھەر لەوێ بن. ئای کە جێی بادی ھەوایان ناھەموارە.
(٣٠) لە پارێزگاران دەپرسن: پەروەرندەو چی بە خەڵات ناردە خوارێ؟ ئێژن: ھەرچی ھەرە باشە. بۆ ئەوانەی لە دنیا خاوەن چاکە بوون، چاکە ھەیە و دیارە بارەگای ئەو دنیاش باشترە و ئای کە ماڵی لە خوداترسان چەند خۆشە!
(٣١) دەڕۆنە ناو باغاتێکی وا کە ھەرگیز لە بەین ناچێ؛ جۆباریان بەبەردا دەڕوا؛ چی ئارەزوو کەن تیایە. خودا ئاواینە پاداشی خۆپارێزان دەداتەوە.
(٣٢) ئەو کەسانەی فرشتە گیانیان دەکێشێ و چاک و پاک لە دنیا دەڕۆن؛ ئێژن: سڵامی خواو لێ بێ و لەباتی کردەوەکانتان دە بچنە ناو بەھەشتەوە.
(٣٣) ئاخۆ ئەو خوانەناسانە غەیرەز ئەوە کە فریشتان بێنە لایان، یان فەرمانی پەروەرندەتیان پێ بگا، چاوەنۆڕێکی تریان ھەس؟ پێشینەکانی ئەمانەش ھەر ئەم ئاکارەیان ھەبوو. خوا ناھەقیی لێ نەکردن؛ بەڵام ھەر خۆیان ناھەقییان لە خۆیان کرد.
(٣٤) سزای ئاکاری خراپیان ھاتە ڕێیان؛ ئەو شتەی گاڵتەجاریان بوو ئابڵۆقەی دان.
(٣٥) ئەو کەسانەی شەریکیان بۆ خوا پەیدا کرد، گوتیان: ئەر خوا مەیلی لێ با، نە ئێمە و نە باب و کاڵمان، غەیرەز خۆی چن نەدەپەرست؛ ھیچمان بێ فەرمانی ئەومان بە ناڕەوا نەدەزانی. ڕابردووەکانی ئەوانەش ھەر ولۆبوون. پێغەمبەران جگە لە ڕاگەیاندنی بە ئاشکرا، چی دیکەیان لەسەر ھەیە؟
(٣٦) بۆ ناو ھەموو کۆمەڵەیەک پێغەمبەرێکمان بەڕێ کرد، کە خودا بپەرستن و لە شەیتان دوورەپەرێز بن. بازێ لەوان خودا خۆی شارەزای کردن؛ ھێندێکیشیان گومڕایی بە بەژنیان بڕا. دە لەسەر ئەرز بگەڕێن و تواشا کەن چارەنووسی پێغەمبەر بە درۆزن زانان بە کوێ گەیشت.
(٣٧) ھەرچەندە ھەوڵ بۆ شارەزابوونیان بدەی، گومڕایەکان، خوا ڕێگەیان نیشان نادا و کەسیش دەھانایان نایە.
(٣٨) بە سوێندەوە ڕەش بوونەوە، کە: وەخودا، خودا کەسێکی کە دەمرێ، تازە زیندووی ناکاتەوە. ھەر بەڵێنێ خودا بیدا، ھەر دێتە جێ؛ بەڵام زۆربەی ئەو مەردمە دەوەناگەن.
(٣٩) تاکوو خودا ئەو شتەی وا ئەوان کێشەیان لەسەر کرد، ئاشکرا کا و با خوانەناسان تێبگەن کەئەوان درۆیان دەکرد.
(٤٠) مە ھەرچییەک بمانەوێ پەیدا ببێ، ھەر ھێندەیە کە پێی بێژین: ببە؛ دەبێ.
(٤١) ئەو کەسانەی لەبەر زوڵمێ تەرەبوون و ئاوارەی ڕاھی خودا بوون، لەم دنیایە جێگەیێ باشیان ئەدەینێ و ئەگەر بۆ خۆیان بیزانن، پاداشی ئەولاش باشترە.
(٤٢) ئەو کەسانەی خۆڕاگر بوون و خۆیان ھەر بە خودا ئەسپارد.
(٤٣) لە پێش تۆشدا ھەر کەسێکمان بە پێغەمبەری ناردووە - ئیللان و بیللان - پیاو بووە و بە فرشتەدا فەرمانی خۆمان بۆ ناردوون. ئەگەر ئێوە نەوزانیوە، سا لەو کەسانە بپرسن، کە کتێبیان خوێندۆتەوە.
(٤٤) بە بەڵگە و نیشانانەوە و بە پەڕەنووسراوانەوە [ئەوانمان نارد]. وا بۆ تۆش ئەم کتێبەن نارد. تا خەڵکی لێ تێبگەیێنی شایەتا بیر بکەنەوە.
(٤٥) ئاخۆ ئەوانەی بە فێڵبازی خەریکی بەدفەڕی بوون، ئارخەیانن کە خوا نوقمی عەرزیان ناکا، یان لە شوێنێکەوە - کە ھەر بیریشی لێ ناکەنەوە - ئازارێکیان بۆ نابارێ؟
(٤٦) یان لە ڕێی ھاتوچۆیاندا دەگیریان خا و نەتوانن خۆیان دەرباز کەن؟
(٤٧) یان کاتێ کە تووشی ترسن، بیانگرێ؟ سا ھەر پەروەرندەی تۆیە وا دڵسۆز و دلۆڤانە.
(٤٨) داخوم بە چاو نەیاندیگە، کە ھەرچێ خوا دایھاوردگە، سێوەریان بە ڕاس و چەپا - بە ملکەچی - سوژدە بەرەو خوا ئەوەن؟
(٤٩) ھەرچی لە ناو ئاسمانان و ھەرچی لە ناو زەویندا بزاوی ھەیە و فریشتانیش، سوژدە بۆ خودا دەبەن و باغریش نین.
(٥٠) ترسیان ھەیە لە پەروەرندەی بان سەریان؛ ھەر فەرمانێکی بۆیان بێ، بە جێی دێنن.
(٥١) خوا وتوویە: با دوو پەرستووتان نەبێ، پەرستوو تەنیا یەکێکە و ئەشێ ھەر لە من بترسن.
(٥٢) ھەرچیش لە ئاسمانەکان و زەویندا ھەن، ھەر ھی ئەون و دینی ھەمیشەییش ھەر تایبەتی ئەوە. ئاخۆ دەبێ لە غەیرەز خودا بترسن؟
(٥٣) ھەر بەھرەیەک ڕوو تێدەکا لە خواوەیە؛ پاشان ئەگەر چورتمێکیشتان بەسەر دێ، بەرەو ئەو دەلاڵێنەوە.
(٥٤) لە دوای ئەوە بەڵاشی لەسەر لابردن، ھێشتا کۆمەڵێک لە ئێوە شەریک بۆ پەروەرندەی خۆ پەیدا دەکەن.
(٥٥) ھەر تا ھەرچی پێمان داون حاشای لێ بکەن. سا ڕای بوێرن، زۆر ناخایەنێ تێدەگەن.
(٥٦) لەو بژیوەش کەپێمان دان، بەشێکی دەدەن بەوانەی کە ھیچ قازانج و زیانیان لێ نابینن. سوێند بە خودا، لەسەر درۆ ھەڵبەستنوو لێ پرسینەوەتان دەبێ.
(٥٧) کیژان بۆ خودا دادەنێن - کە ئەو لەو شتانە پاکە - بۆ خۆشیان چی ئارەزوو کەن.
(٥٨) ھەر کاتێکیش مژدەی کچێ بۆ یەکێک لەمانە بچێ، ڕوخساری ڕەش ھەڵدەگەڕێ و لەبەر خۆی پیش دەخواتەوە.
(٥٩) لە مەینەتی ئەو ھەواڵەی پێیدراوە، لە ھۆزی خۆی تەرە دەبێ؛ ئاخۆ بە سووکایەتی بە خێوی بکا، یان دەناخی ئاخی ڕاکا؟ ئای چەند خراپ پێ ڕادەگەن!
(٦٠) ئەم کردەوە خراپانە ھی وانەیە، کە باوەڕیان بە ڕۆژی سەڵایە نییە. نموونەی باشترین ئاکار، لای خودایە و ھەر خۆی خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.
(٦١) ئەگەر مەردم لەسەر ناھەقی کردنیان خوداگیر بان، لەم سەرھەدە جووقەواریان لێ بڕا بوو؛ بەڵام دەیانھێڵێتەوە ھەتا ڕۆژی دیاری کراو؛ ئەگەر ئەو دەمەش وەختی ھات، نە تاوێک وەپێشیان دەخا، نە دەشکرێ بمێننەوە.
(٦٢) ھەر شتێ پەسندی ناکەن، لایان وایە ھی خودایە؛ زمانی فێرە درۆشیان چاکەی دەداتە پاڵ خۆیان. بێ گومانە بەشی ئەمانە ئاگرە و بۆ لای ئەوەش دەدرێنە بەر.
(٦٣) سوێند بە خودا، بەرلە تۆش پێغەمبەرانمان بۆ سەر گەلان بەڕێ کردن. شەیتان کردەوەکانیانی بۆ خەمڵاندن؛ کەوا ئەمرۆش دۆستی نزیکی ئەمانە، ھەر شەیتانە و بەشیان ئازاری بەژانە.
(٦٤) ھەر بۆیە ئەم کتێبەمان ئەڕای تۆ ھەناردە بەرۆ، کە بەکێشەی نێوان ئەمانە ڕابگەی و ڕێشاندەر و بەزەیی بێ بۆ کەسانی خاوەن باوەڕ.
(٦٥) خوا ئاوی لە حەوایەوە داباراند؛ زەوی مردووی پێ ژیاندەوە. کە لەمەدا بۆ ئەوانەی گوێ بیس دەبن، نیشانەیە.
(٦٦) لە وڵساتیشا بۆ ئێوە پەندێک ھەیە: لە ناو سکیان، لە نێوانی ڕیخ و خوێنڕا، شیرێکی پاک و ڕەوانوو دەرخوارد ئەدەین، بۆ ئەوانەی وەخۆرەوەن گۆارایە.
(٦٧) لە بەرھەمی دارەخورما و ڕەزەکانیش، سەرخۆش کەرە و بژیوی باش ڕەنێو دێنن. لەمەشدا نیشانە ھەیە بۆ ئەو کەسانەی تێدەگەن.
(٦٨) خوا مێشەنگوینی ڕائەسپارد، کە: لە کاوان و داران و ئەو شوێنی ھەڵیدەبەستن، شوێنی ژینی خۆت ھەڵبەستە.
(٦٩) پاشان لە گش بەروبوو بژیوت بمژە؛ ئیتر - بە ملکەچی - ڕێگەی ڕاھێنەری خۆت بگرەبەر. لە دەروونی تراوێکی ھەمەڕەنگە دێتە دەرێ؛ مفای بۆ مەردم تێدایە؛ کە لەمەشدا بۆ کەسانێ ڕادەمێنن، نیشانەیە.
(٧٠) خودا ئێوەی ھەر لە نەبوو دروس کرد و پاشان گیانوو لێ دەستێنێ. تێتاندایە دەبێتە پیری زەمینگیر، تا لەپاش زانینی زۆر شت ھیچ شتی لە بیر نەمێنێ. خودا زانایە و توانایە.
(٧١) خودا ڕۆزی ھێندێکتانی لە ھێندێکان پتر داوە. ئەوی پتریان پێدراوە، بەشی ژێردەستانی خۆیان نادەنەوە؛ کە لەوەشدا وەکوو یەکن. ئاخۆ ئێوە لە بەھرەی خوا حاشا دەکەن؟
(٧٢) خودا ھەر لە جسنی خۆتان جووتەی دانێ؛ لە ھاوجووتان کوڕ و نەوەی پێ بەخشیون و ڕۆزی پەسندی پێداون. چۆن بڕوایان بەو ھیچ و پووچانە ھەیە و لە بەھرەی خوا حاشا دەکەن؟
(٧٣) غەیرەز خودا، شتی وەھا دەپەرستن کە لە ناو عەرز و عاسماندا ھیچ بژیوێ شک نابەن کە بیاندەنێ و ھەر ناشتوانن.
(٧٤) ئێوە نەزیلان بۆ خودا مەھێننەوە؛ خودا ھەموو شت دەزانێ و ئێوەن کە ھیچێک نەزانن.
(٧٥) خوا نەزیلێک دێنێتەوە: بەنیەک ھەیە ھیچ کارێکی لە دەس نایە؛ کەسێکیش ھەس بژیوی باشمان داوەتێ، بە نھێنی و بە ئاشکرا بەختی دەکا؛ ئاخۆ وەکوو یەک دێنەوە؟ سوپاس ھەر شایانی خوایە؛ بەڵام زۆربەیان نەزانن.
(٧٦) ئەمەش بە نەزیلە دێنێ: دوو مرۆ ھەن؛ یەکیان لاڵە و ھیچ کارێکی لە دەس نایە و سەرباری ئاغای خۆیەتی و بۆ ھەر کوێەکی بینێرێ، ھیچ بەھرە ناھێنێتەوە؛ لەل ئەو کەسەی فەرمان بۆ یەکسانی دەدا و خۆیشی لەسەر ڕاستەڕێیە، چۆن چون یەکن؟
(٧٧) ھەر پیوارێ لە ئەرز و ئاسماناندایە، بۆ خودایە. ھاتنی ڕۆژی سەڵایەش وەک چاوترووکانێ وایە؛ یا نزیکتر. خوا ھێزی بەسەر ھەموو شتدا دەشکێ.
(٧٨) خودا ئێوەی لە پزدانی دایکتانەوە وەدەرخست؛ کەچی ھیچوو نەدەزانی. چاو و گوێچکە و دڵی دانێ، بەشکوو شوکرانەبژێر بن.
(٧٩) ئاخۆ پەلەوەر نابینن، کە لە تەشقی عاسمانێ ڕام کراون؟ غەیرەز خوا کێ ڕایاندەگرێ؟ کە لەمەدا نیشانەن بۆ باوەڕداران.
(٨٠) خودا خانووی بۆ چێ کردوون کە تێاندا بسێنەوە. ئەنواشی لە پێستی وڵسات بۆ ساز داون کە لە ڕۆژی کۆچ کردنا و لە کاتی مانەوەشتانا، سووک بێ بۆتان. لە ھریش و لواو موویان، کەل پەلی پێویستی ماڵ و کاڵا ھەیە لە ماوەی گوزەرانوودا.
(٨١) خوا لەوەی خوڵقاندوویەتی، نسێ زۆری بۆ ئێوە وەدی ھێناوە و لە کێوانیش پەسیوی بۆ چێ کردوون و جل و بەرگێکیشی بۆتان ساز داوە کە لە کاتی شەڕ و گەرمادا دەوپارێزێ. ئاوا خودا بەھرەگەلی خۆی بۆ ئێوە تەواو دەکا؛ بەڵکوو گوێ بە فەرمانی بن.
(٨٢) ئەگەر ھەر ڕوویان وەرچەرخاند، ڕاگەیاندنی ئاشکرا، لەسەر تۆیە و ھیچی تر نا.
(٨٣) بە بەھرەی خودا دەزانن؛ کەچی حاشای لێ دەکەن و زۆربەیان ئەمەگ نەناسن.
(٨٤) ڕۆژێ کە لە ھەر کۆمەڵێک یەکێ بۆ شایەتی دێنین، ئەوسا ئیزنی [ئاخافتن] بە خودانەناسان نادرێ و عوزریشیان لێ ناپەزێرن.
(٨٥) ھەرگا ئەوانەی ناھەق بوون، ئازار و جەزرەوەیان دی؛ نە لێیان سڤکتر ئەکرێ و نە ھیچ وچانیان پێ دەدرێ.
(٨٦) ئەو کەسانەی دەیانوت: خوا شەریکی ھەن، ھەرکە چاویان بە ھاوبەشەکانیان کەوت، ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! ئەمانەن ھاوبەشەکانمان کە جیا لە تۆ ھانامان ئەبردە بەریان. ئەمانە لە جواویانا ئێژن: ئێوە دەرەوان دەبێژن.
(٨٧) ئیتر ھەر لەوێ ڕۆژێدا ناچار دەبن ملکەچی فەرمانی خوا بن. ئەوەش کەوا ھەڵیان دەبەست، ھەموو بەفێڕۆ دەردەچێ.
(٨٨) ئەوانەی خوایان نەناسی و ڕێگەی خوایان بەربەست ئەکرد، لە جەزای ئەو بەدفەڕیەدا کە دەیانکرد - قات لەبان قات - ھەر ئازاریان پتر دەکەین.
(٨٩) ڕۆژێ کە لە ناو ھەر گەلێ یەک لە خۆیان بە شایەت ڕاست دەکەینەوە، تۆ شایەتی ئێمەی بە سەر ئەمانەوە. ئەم کتێبەشمان بۆ ناردووی، ھەموو شت ڕوون دەکاتەوە و ڕێنوێنی و دلۆڤانی و مژدەیە بۆ موسوڵمانان.
(٩٠) خوا بە عەداڵەت و چاکە و بەخشین بە خزم و کەسوکار، فەرمان دەدا و ڕێ نادا بە ئاکاری پیس و خراپە و دەسدرێژی. ئامۆژگاریتان لێدەکا بەشکوو پەندی لێ وەرگرن.
(٩١) ئەو پەیمانەش کە دەگەڵ خودای دەبەستن، بە جێ بێنن. سوێندەکانیشوو مەشکێنن؛ پاش ئەوەی کە لێ بڕاون پێکیان بێنن و خوداتان بە چاودێری خۆتان داناوە. دیارە خودا ھای لە کردەوەتان ھەیە.
(٩٢) نەچن وەک ژنەکە بکەن، کە ڕیسەکەی - لە پاش کرژی - خاو کردەوە و پس پسی کرد، سوێندەکەتان بکەنە ھۆی فریودانێ؛ بەو بەھانەی فڵانەگەل لە گەلێ تر باوخۆشترن. دیارە خودا بەمە تاقیو دەکاتەوە؛ تا لە ڕۆژی قیامەتیشدا بۆتانی ڕۆشن بکاتەو، لەسەرچی پێک نەدەھاتن.
(٩٣) ئەگەر خودا کەیفی لێ با، گش دەیکردن بە ھاو ئایین؛ بەڵام کەسێ خۆی حەز بکا، گومڕای دەکا و لە کێش حەز کا، دەیخاتە سەر ڕاستەڕێیە. دیاریشە لێتان دەپرسن کە ئێوە چیتان کردووە.
(٩٤) بە سوێندانوو یەکتری لە خشتە مەبەن؛ نەکا پاتان پاش پتەو بوونی بخلیسکێ و لەبەر ڕێگەی بەرەو خودا بەستنیشتان، تامی بەڵا بچێژن و جەزرەبەی زۆروو لەسەر بێ.
(٩٥) پەیمانی خوا بە نرخی ھندک مەفرۆشن؛ گەر تێبگەن، ئەوی لە جەم خوا ھەیە زۆر باشترە.
(٩٦) ئەوەی ئێوە لە لاتانە لە بەین دەچێ؛ ئەوی لە لای خودا ھەیە، ھەر دەمێنێ و ئەو کەسانەی خۆڕاگر بوون، لە بەرانبەر کردەوەیان - بە زیادەوە - بۆیان تێھەڵدێنینەوە.
(٩٧) ھەر کەسێ کرداری باشە و بەباوەڕە - چ نێر، چ مێ - ھەتا دەژی وادەکەین بە خۆشی بژی؛ دیاریشە باشتر لەوەی وا کردوویانە، ئێمە پاداشیان دەدەینێ.
(٩٨) کاتێ قورئانێ دەخوێنی، ھەر پەنا بە خودا بەرە لە شەیتانی تڕۆکراو.
(٩٩) ئەو ھیچ زۆرێکی نییە بەسەر وانەوە کە بوونە خاوەن باوەڕ و خۆیان بە پەروەرندەیان ئەسپاردووە.
(١٠٠) ئەو ھەر بەسەر ئەوانەدا دەستی دەڕوا، کە خۆیان کردۆتە دۆستی و شەریک بۆ خودا پەیدا دەکەن.
(١٠١) ھەرگا ئێمە بەڵگەیەکمان بە بەڵگەیێ تر وەگۆڕی - خوداش خۆی چاکتر دەزانێ چی دەنێرێ - ئێژن: خۆت ھەڵت بەستووە. نا وا نییە! ئەوان زۆربەیان نازانن.
(١٠٢) بێژە: گیانە پیرۆزەکە، بەڕاستی لە پەروەرندەتڕا ھێناویە؛ ھەتا خاوەن باوەڕەکان دڵنیا کا و ڕێشاندەر و مژدە بێ بۆ ئەو کەسانەی موسوڵمانن.
(١٠٣) ئێمە ئەوە باش دەزانین ئەوان ئێژن: بنیادەمێ فێری دەکا. ئەو کەسەی ئەو نیازیانە لە عارەبیدا کۆڵیە و ئاشکراشە کە زمانی ئەم قورئانە بە عارەبییەکی ڕەوانە.
(١٠٤) ئەو کەسانەی بە بەڵگەکانی خودایی باوەڕ ناکەن، خودا شارەزایان ناکا و جەزرەبەی بەژانیان دەبێ.
(١٠٥) ھەر ئەوانە درۆ بە دەم خواوە دەکەن، کە بە بەڵگەکانی خودا باوەڕ ناکەن. ھەر بۆ خۆشیان درۆزنن.
(١٠٦) ھەر کەس بڕوای بە خودا بووبێ و لە پاشان حاشای لێ بکا، [سزا دەدرێ] مەگین کەسێ ناچار کرێ و لە باوەڕی دڵنیا بێ. بەڵام کەسێ بە حاشاکەی دڵی خۆش بێ، بەر تووڕەیی خوا کەوتوون و ئازاری زۆر دژوار دەدرێن.
(١٠٧) چون ئەمانە گوزەرانی سەر دنیایان لە دواڕۆز پتر خۆش دەوێ؛ دیارە خوداش گرۆی خودانەناسان شارەزا ناکا.
(١٠٨) ئەمانە ھەر ئەو کەسانەن خودا مۆری بەسەر دڵیانەوە ناوە و چاوی بێ سۆ و گوێی کپ کردوون؛ ئەمانەن بێ ئاگایەکان.
(١٠٩) دیاریشە لە قیامەتێدا ھەر ئەوانن زیانبارن.
(١١٠) جا ئەوسا کە پەروەرندەت، لەوانە وا پاش ئەو ئەزموونە سەختانە، زێدی خۆیان بە جێھێشت و چوونە خەزا و خۆڕاگر بوون، پەروەرندەت - پاش ئەمانە - دیارە لەوانە دەبوورێ و دلۆڤانە.
(١١١) لەو ڕۆژەدا کە ھەر کەسێک ھەر تەنیا کێشەی خۆیەتی و ھەر کەس بە پێی کردەوەی خۆی، پاداشی تەواو وەردەگرێ و ھیچ ناھەقیان لێ ناکرێ.
(١١٢) خوا شارێکی نەزیلە ھێناوەتەوە، کە زۆر ھێمن و بێوەی بوون؛ لە ھەموو ئاقارێکەوە فرە بژیویان بۆ دەھات؛ کەچی لەم ھەموو چاکەیەی کە خودا دەربارەی کردن، حاشایان کرد. لە بارتەقای ئەو کردارەی کە دەیانکرد، خودا دەبەرگی برسێتی و ترسی پێچان.
(١١٣) پێغەمبەرێک ھەر لە خۆیان ھاتە لایان، ھەموو بە درۆزنیان زانی. جا چونکە ھێندە ناھەق بوون، ھەموو تووشی تووشی ھاتن.
(١١٤) لەو بژیوەی خوا پێی داون، بخۆن، حەڵاڵ و زەڵاڵە و ھەر شوکرانە بژێری بەھرەکانی بن؛ ئەگەر ھەر ئەو دەپەرستن.
(١١٥) خودا تەنیا ھەر پارێزی بۆ داناون لە مردار و گۆشت بەراز و خوێن و ھەرچی ناوی غەیرەز خوای لێ دێنن. کێش ناچار بوو، ھەر ئەوەندەی تێری بکا و ئیتر دەست درێژی نەکا؛ ئەوسا خودا گونابەخش و دلۆڤانە.
(١١٦) بە درۆ زمانوو نەگەڕێ؛ کە ئەم ڕەوا و ئەم ناڕەواس؛ ھەر بۆ ئەوە بە دەم خواوە ڤڕ ھەڵبەستن. ئەو کەسانەی درۆ بۆ خوا ھەڵدەبەستن ڕزگار نابن؛
(١١٧) گوزەرانێکی ھندک و ئازاری بەژانیان ھەیە.
(١١٨) بۆ ئەوانەی جوولەکەشن، ئەو پارێزەمان داناوە کە دەپێشدا بە تۆمان گوت. ئێمە ھیچ گا ناھەقییمان لەوان نەکرد؛ ئەوان خۆیان ناھەقی لە خۆیان دەکەن.
(١١٩) بۆ ئەوانەی لە نەزانی خراپەیان لێ ڕوو دەدا و لە پاشان دەپرینگێنەوە و دەبنە پیاوچاک، پەروەرندەت - پاش ئەمانە - گونابەخش و دلۆڤانە.
(١٢٠) ئیبڕاھیم پێشەوایێکی بەرەو ھەق چووگ و بەرفەرمانی خودا بوو؛ نە لە ڕێزەی ئەوانە بوو شەریک بۆ خودا دەناسن.
(١٢١) چاکەی خودا و لە چاودا بوو؛ خواش بۆ خۆی ھەڵیبژارد و شارەزای ڕێگەی ڕاستی کرد.
(١٢٢) لە دنیا بەھرەمان دایەو لەو دنیاش لە بەرکەتیانە.
(١٢٣) پاشان بە تۆمان ڕاگەیاند، کە: پەیڕەوی ئایینی ئیبڕاھیمی بەرەو ھەق چووگ بە؛ ئەو وێڕای ئەوانە نەبوو کە شەریک بۆ خوا دادەنێن.
(١٢٤) ڕێزگرتنی ڕۆژی شەممە بۆ ئەوانە بڕیار درا کە کێشەیان لەسەر دەکرد. پەروەرندەت ڕۆژی سەڵا دیارە بەو کێشە ڕادەگا کە لە ناو ئەواندا ڕووی دا.
(١٢٥) بەکارزانی وئامۆژگاری پەسند، مەردم بەرەو ڕێگەی پەروەرندەت گازی بکە و بە چاکترین شێوە لەگەڵیانا بدوێ. پەروەرندەت لەو کەسانەی لە ڕێگەی ئەو لایانداوە - لە گش کەس - ئاگادارترە و ھەر خۆیشی باشتر دەزانێ کێیە لەسەر ڕاستەڕێیە.
(١٢٦) ئەگەر تۆڵە دەستێننەوە، داربەدار بێ و پتر نەبێ؛ خۆ ئەگەر خۆڕاگریش بن، دیارە بۆ خۆڕاگرەکان زۆر باشترە.
(١٢٧) خۆڕاگر بە! دیارە خۆڕاگرتنیشت ھەر بە خوایە و خەمیان مەخۆ و لەو گزی و فێڵانەش دەیکەن، دڵتەنگ مەبە.
(١٢٨) بێ سۆ خودا وێڕای خۆپارێزان و چاکەکارانە.

پەراوێز edit