ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) ئەلیف، لام، ڕا. ئەمانە بەڵگە و نیشانەی ئەم کتێبەن کە قورئانە و چاک و خراپ نیشان دەدا.
(٢) ھیچ دوور نییە ئەوانەی خودانەناسن، ڕۆژێ بێژن: خۆزی موسوڵمان بووینایە.
(٣) لێیان گەڕێ بخۆن و خۆش ڕاببوێرن و ئارەزوو سەرگەرمیان بکا؛ زۆر ناخایەنێ دەزانن.
(٤) ئێمە خەڵکی ھیچ شارێکمان توونا نەکرد، مەگین پێشان دیاردەیەکیان بۆ نووسرابێ.
(٥) ھیچ تیرەیەک بەر لە رۆژی خۆی نامرێ و ھەرگیز وەپاشیش ناخرێ.
(٦) وتیشیان: کاورای کە ئەوشی «ئەم قورعانە بۆ من بە خەڵات ھاتووە»، بەڕاستی تۆ پیاوێ لیوەی.
(٧) ئەگەر قسەکانت ڕاستن، دەی بۆ فریشتەکان ناھێنی بۆ لامان؟
(٨) ئێمە فریشتە نانێرین مەگین بە ھەق؛ جا ئیتریش قان نادرێن.
(٩) مە خۆمان ئەم قورعانەمان ناردۆتە خوار، ھەر ئێمەشین دەیپارێزین.
(١٠) بەرلە تۆش پێغەمبەرانمان ناردۆتە ناو کۆمەڵەکانی پێشوونە.
(١١) ھیچ پێغەمبەرێک نەھات بۆ لایان مەگەر، دایانە بەر گاڵتە و تەشەر.
(١٢) ئەمەش ئێمەین کە دەیخەینە دڵی تاوانبارانەوە.
(١٣) بڕوایە بە مە ناھێنن و شێوەی پێشینەکانیشیان ھەر وابووگە.
(١٤) تەنانەت ئەگەر دەرکێکیان لەم ئاسمانە بۆ بکەینەوە و خەریکی سەرکەوتنێ بن،
(١٥) بێ شک ئێژن: ئێمە چاومان بەستراوە و دیارە جادوومان لێکراوە.
(١٦) لەم ئاسمانە چەند برجێکمان ھەڵناوە و خەمڵاندوومانە بۆ ئەوانەی سەیرێ دەکەن.
(١٧) ئەوانەشمان لە گش شەیتانێکی تڕۆکراو پاراست.
(١٨) مەگین ئەوەی کۆڵە دەکا؛ کە ئاگرێکی ڕووناک ڕاوی دەنێ.
(١٩) زەویشمان کردە ڕایەخ و کێواتیشمان ھاویشتە ناو. ھەموو جۆرە ڕووەکێکمان بە تەکووزی تیا ڕوواند.
(٢٠) مایەی گوزەرانی ئێوە و بوونەوەرانی جیا لەنگۆ - کە ئێوە بژیویان نادەن - لەوێدا پێکمان ھێناوە.
(٢١) گەنجینەی ھەموو شتێکیش لای ئێمەیە و ئەوەشمان ھەر بە ئەندازەی دیاری کراو ناردۆتە خوار.
(٢٢) بامان ناردن ئاوس بکەن؛ لەو ھەواشە ئاومان ھەنارد و ئێوەمان پێ تێراو کرد. ناشتوانن ئەو ئاوە لە لای خۆ ڕاگرن.
(٢٣) ھەرخۆمانین گیان بەخشین و گیان ئەستێنین؛ ئێمەش میراتبەری ھەمووین.
(٢٤) ئاگادارین لەوانەی بەرلە ئێوە بوون. دەشزانین کێن ئەوانی لە دوای ئێوە دێن.
(٢٥) پەروەرندەت ھەموویان کۆ دەکاتەوە، ھەر خۆی کارزان و زانایە.
(٢٦) ئێمە مرۆمان دروست کرد، لە قوڕە ڕەشەی بۆگەنیوی ڕەق ھەڵاتوو.
(٢٧) لەمەوبەریش جنۆکەمان ئافراندووە، لە ئاگرێکی بەھاڵاو.
(٢٨) کاتێ پەروەرندەت بە فریشتانی گوت: وا من مرۆم لە قوڕە ڕەشەی بۆگەنیوی وشکەڵاتوو چێ کردووە؛
(٢٩) ھەرگا ڕێک و پێکم کرد و لە گیانی خۆم فووم پێدا کرد، ئێوە بۆ سوژدە بۆ بردن داوەرنەوە و دەمەوڕوو بن.
(٣٠) فریشتە گش سوژدەیان برد؛
(٣١) مەگین ئیبلیس، ملی نەدا دەگەڵ سوژدەبەرەکان بێ.
(٣٢) گوتی: ئەی ئیبلیس! تۆ چیتە، دەگەڵ ئەم سوژدەبەرانە سوژدە نابەی؟
(٣٣) گوتی: من چۆن سوژدە دەبەم بۆ مرۆیەک، لە قوڕە ڕەشەی بۆگەنیوی ڕەق ھەڵاتووت چێ کردووە؟
(٣٤) گوتی: سا لێرە دەرکەوە، تۆ [لە لای من] دەرکراوی.
(٣٥) نفرەی خودا لەسەر تۆیە، تا ڕۆژی پێ ڕاگەیشتن.
(٣٦) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! مەودام بدە تا ڕۆژێ زیندوو دەبنەوە.
(٣٧) گوتی: بڕۆ، تۆ لە مۆڵەت دراوانی؛
(٣٨) ھەتا وەختی دیاری کراو.
(٣٩) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ھەر چونکە تۆ گومڕات کردم، لە ڕووی زەمین خراپەیان وەھا لەبەر دەخەمڵێنم، گشتیان لە ڕێ ھەڵە دەکەم؛
(٤٠) مەگین عەبدە دڵ و دەروون پاکەکانت.
(٤١) گوتی: ئەمە ڕێگەی ڕاسی بەرەو منە.
(٤٢) عەبدانی من - جیا لەوانەی شوێن تۆ کەوتوون و گومڕا بوون - لەوانە نین تۆ بتوانی دەرۆستیان بێی.
(٤٣) جەحەندەمیش جێژوانێکی ھەمووانییەو،
(٤٤) حەو درگای ھەس. بۆ ھەر درگایەک لەمانە پاژێکی لێ بەش کراوە.
(٤٥) پارێزگاران لە باغات و کانیاوانن.
(٤٦) بچنە ژوورە و بە ھێمنی و خاترجەمی.
(٤٧) ھەر کینەیەک لە سینەیان بوو، دان ماڵی. دەبنە براو لە بان تەختان ھەموویان ھەمبەر بە یەکن.
(٤٨) لەوێدا نەماندوو بوونە و نە ھەرگیز لێی دەردەکەون.
(٤٩) خەوەر بدە بە عەبدانم، کە ھەر خۆمم لە گوناھان دەبوورم و دلۆڤانم.
(٥٠) جەزرەبەشم زۆر بەژانە.
(٥١) باس و خواسی میوانانی ئیبڕاھیمیشیان بۆ بێژە.
(٥٢) کاتێ لێی چوونە ژوورەوە و گوتیان: سەلام. گوتی مە لێتان دەترسین.
(٥٣) گوتیان: ترست ڕێ نەنیشێ؛ ئێمە مزگێنیت ئەدەینێ تۆ کوڕی زۆر زانت دەبێ.
(٥٤) گوتی: منێکی ھێندە پیر، بە چیم مزگێنی دەدەنێ؟
(٥٥) گوتیان: ئەو مژدەی پێماندای، ڕاستە و دەبێ و لە ھەیڤی بڕاوان مەبە.
(٥٦) گوتی: کێ لە بەزەیی خودا بێ ھومێدە، مەگین لە ڕێ لادەرەکان؟
(٥٧) گوتی: ئێوە ڕاسپاردەکان! کارتان چییە؟
(٥٨) گوتیان: ئێمە بۆ سەر گەلێکی تاوانبار ناردراوین.
(٥٩) مەگین خاوخێزانی لووت، کە ھەمویان ڕزگار دەکەین.
(٦٠) غەیرەز ژنی، کە بڕیارمان داوە دەبێ جێ بمێنێ.
(٦١) کاتێ کە ڕاسپاردەکان بوونە میوانی ماڵی لووت،
(٦٢) گوتی: ئێوە کەسانێکن ناتان ناسین.
(٦٣) گوتیان: بەڵام ئێمە شتێکمان ھێناوە، کە ئەوانە لێی دوودڵ بوون.
(٦٤) ڕاستیمان بۆ تۆ ھێناوە و ئێمە دیارە درۆ ناکەین.
(٦٥) کە چەند بەتڵێک لە شەو بووری، تۆ خاوخێزانت بەرە و، خۆت لە دوایان وەڕێ کەوە. کەسیش ئاوڕ نەداتەوە، بۆ کوێتان ڕێ نیشان دەدرێ، بۆ وێ بچن.
(٦٦) نووک و بەدی کارەکەمان لە پێش دانا؛ کە لە دەمی بەیان بەر بوون ئەمانە دوابڕاو دەبن.
(٦٧) خەڵکی شاریش - وەھەلھەلە کێشانەوە - پەیایان بوو.
(٦٨) گوتی: ئەوانە میوانمن، ڕوو زەردی ئەوانەم مەکەن.
(٦٩) ترستان لە خودا ھەبێ و ئابڕووم مەبەن.
(٧٠) گوتیان: ئەدی پێن نەوتووی نابێ کەس تخوونت کەوێ؟
(٧١) گوتی: ئەوا کیژەکانم، چیتان دەوێ وەرن دەگەڵ وانی بکەن.
(٧٢) دەبەگیانی خۆت سوێندە کە، ئەوانە لەبەر سەرخۆشی، سەرگەردان بوون.
(٧٣) دەگەڵ گزینگی ھەتاوێ شریخە و گرمە گرتنی.
(٧٤) ھەموومان ژێروڕوو کرد و بارانێکمان لە کەستەکێ - کە ببووە بەرد - لەسەر ئەمانە داباراند.
(٧٥) بەراستی لەم ڕووداوەدا زۆر بەڵگە ھەن بۆ ئەوانەی کە وشیارن.
(٧٦) ئێستاش شوێنەواری ئەوان لەسەر ڕێکی ئاوەدانە.
(٧٧) ئا لەمەدا نیشان زۆرن بۆ ئەوانەی بەباوەڕن.
(٧٨) خاوەنانی بێشە و داریش ھەروا لەسەر ناھەقی بوون.
(٧٩) تۆڵەن لەوانیش کردەوە؛ کە ھەر دووکیان وان لەسەر کاروانەڕێیە.
(٨٠) خەڵکی «حیجر» یش پێغەمبەرەکانی خۆیان بە درۆزن لە قەڵەم دا.
(٨١) نیشانەی خۆشمان بۆ ناردن، کە ھیچیان لێ نەسەلماندن.
(٨٢) لە کاواندا خانووگەلێکیان دەتاشی، ھەتا لێیان ئارخەیان بن.
(٨٣) تا لەبەرە بەیانێکدا شریخە و گرمە گرتنی.
(٨٤) ھەرچی پەیدایان کردبوو ھیچ بەھرەیەکی بۆ نەدان.
(٨٥) ئاسمانەکان و زەوین و ھەرچی لە ناو ئەو دووانەیە، بۆ ڕاستیمان وەدی ھێنان. ڕۆژی قیامەتیش ھەر دادێ؛ سا تۆ گەرەک چاوپۆشی بکە بە پیشە و چاوپۆشیت بێ گازندە بێ.
(٨٦) بێ گومان بە، ھەر پەروەرندەت وەدی ھێنی زانایە.
(٨٧) ئێمە حەو نیشانەکانی فاتیحامان داوە بە تۆ و قورئانی گەورەش ھەروەتر.
(٨٨) چاوت مەدە سەر ئەو شتەی کە داومانە بە دەستەگەلێ لەوانە و خەمیان مەخۆ؛ تۆ ھەر باوەڕدارەکان بخە ژێر باڵت.
(٨٩) بێژە: من ترسێنەری ڕوون کەرەوەم.
(٩٠) ھەروەک ئەوەی ھەناردمان بۆ بەشکەرەکان؛
(٩١) ئەو کەسانەی قورئانیان دابەش دابەش کرد.
(٩٢) سوێندەکە بە پەروەرندەت، لە ھەمووان دەپرسینەوە.
(٩٣) بۆ ئەو کارانەی دەیانکرد.
(٩٤) ھەر فەرمانێک بە تۆ دەدرێ، ئاشکرای کە و لە بتپەرستان واز بێنە.
(٩٥) ئەو کەسانەی گاڵتەی خۆیان بە تۆ دەکرد، ئێمە لێخەتمان کردنەوە.
(٩٦) ئەو کەسانەی - وێڕای خودا - شتی تریش دەپەرستن، لە دواییدا لێی تێدەگەن.
(٩٧) ئێمە ئاگامان لێ ھەیە کە تۆ لە گفتی ئەمانە دڵتەنگ دەبی.
(٩٨) سا ھەر شوکری پەروەرندەی خۆت لە بیر بێ و لە ڕێزەی سوژدەبەران بە.
(٩٩) پەروەرندەت بپەرستە تا ئەو کاتەی کە شتە بێ گومانەکەت لێ ڕوودەدا.

پەراوێز edit