ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەهەندە و دلۆڤانە
(١) ئەلیف، لام، ڕا. کتێبێکە بەڵگەکانی پتەو کراون و لە پاشان لەلایەن کارزانی زانا شی کراون.
(٢) کە نابێ ھیچ بپەرستن غەیرەز خودا؛ من لە خوداوە بۆ ئێوە ترسێنەر و موژدەدەرم.
(٣) لە پەروەرندەی خۆتانیش داوا بکەن، لێو ببوورێ و بشگەڕێنەوە بۆ لای ئەو، تا ماوەیەکی ناونراو ژیانی خۆشتان بۆ دابین کا و دەگەڵ خاوەن ھەر چاکەیەک چاکەی بکا. ئەگەر پشتیشوو ھەڵ بکەن، ترسم ھەیە ڕۆژا مەزن سزاو بدرێ.
(٤) بەرەو خودا دەگەڕێنەوە و خۆی ھەموو شتی پێ دەکرێ.
(٥) تۆ بزانە ئەوانە سنگی خۆ خوار دەکەنەوە تا لە خوداوە دیار نەبن؛ تۆ بزانە لەو کاتەدا خۆ بە جلکیان دادەپۆشن، ئەو دەزانێ چیپە لەمەڕچی دەکەن و چی بە ئاشکرا دەبێژن؛ خۆی لە ڕازی ھەموو دڵان ئاگادارە.
(٦) لەم زەمینە ھەر شتێ دەجووڵێتەوە گشتی ڕۆزی لەسەر خوایە؛ دەزانێ بنکەی لە کوێیە و لە کوێدا خۆی حەشار دەدا؛ سەرلەبەری لە نووسراوی دیاریدایە.
(٧) ھەر ئەویشە کە ئاسمانان و زەمینی لە شەش ڕۆژا دروست کرد و تەختی فەرمانڕەوایی ئەو لە سەر ئاو بوو؛ تا بەتاقیتان کاتەوە، کاموو ئاکاروو چاکترە. گەر وتیشت: لە پاش مردن ئێوە زیندوو دەکرێنەوە، دیارە خودانەناسەکان ئێژن: ئەمە ھەر بە ئاشکرا جادووە.
(٨) ئەگەر بۆ ماوەیێ کەمیش ئازاریان لێ وەدوا بخەین، ئێژن: چی ڕێ پێ نەداوە؟ بزانن ڕۆژێ ئازاریان بگاتە لا، ئیتر لێان ناوەگەڕێ، ئەوی گەمەیان پێدەھات دەوریان دەدا.
(٩) گەر تامی خۆشییمان بە مرۆ چێژاند و پاشان لێمان ئەستاندەوە، بێ گومان لە ناھومێدی مل لە ناسوپاسی دەنێ.
(١٠) ئەگەر پاشی لێ قەومانیش شادمانیمان پێ تاماند، ھەڵبەت ئێژێ: قۆرتەکانم لێ ڕەویون. بە کەیفە و بە خۆی ھەڵدەڵێ.
(١١) مەگین ئەوی خۆڕاگر و ئاکارچاک بوون؛ بەشی ئەوان بووردن و پاداشی ھەرە مەزن دەبێ.
(١٢) وێدەچێ لە ھێندێ فەرمان - کە بۆ تۆ دێ - خۆ ببوێری و ببێتە مایەی دڵتەنگیت، کە پێت ئێژن: چما گەنجێ لە باڵاوە بۆی نەھاتۆتە خوارەوە؛ یان لانی کەم، فرشتێکی دەگەڵ نەھات؟ تۆ تەنیا ترسێنەرێکی و ھەر خودایە کە چاودێری ھەموو شتە.
(١٣) یان ئێژن: ھەڵیبەستگە. بێژە: ئەگەر قسەو ڕاستە، دەسا ئێوە بەیارمەتی ھەر کەسێ دەستوو دەکەوێ - غەیرەز خودا - دەسووڕەتی ھەڵبەستە ھەر وەک ئەم بێنن.
(١٤) ئەگەر لە پەرسڤتان دامان، سا بزانن قورعان لە زانستی خواوە ناردراوەتە خوارەوە؛ کە ھیچ شتیش شیاوی پەرستنێ نییە، مەگین ھەر خۆی. ئاخۆ ئێوە دەیسەلمێنن؟
(١٥) ھەرکێ ژینی ئەم دنیایە و زەرق و بەرقی ئەوی دەوێ، ئێمە مزەی کردەوەیان - بە تەواوی ھەر لەم دنیایە دەدەینێ و چیشیان لێ کەمەوە ناکرێ.
(١٦) ئەوانە ھەر ئەو کەسانەن ڕۆژی سەڵا، غەیرەز ئاگر، بەشیان نییە و ھەرچی لە زەمین کردیان بەفێڕۆ چوو.
(١٧) ئاخۆ کەسێ لە پەروەرندەی خۆیەوە بەڵگەی ڕوونی پێدراوە و شایەتێکیش لە خواوە بە شوێنیا ھاتووە و کتێبی مووساش - کە بەرلەو پێشەوا و جێ بەزەیی بوو - باسی دەکا، [وەل ئەوانەی کە بێ بەڵگەن وەکوو یەکن؟ ئەوانە بەڵگەیان ھەیە] بەو قورئانە بڕوا دەکەن. ھەر کەسیش لەو کۆمەڵانە حاشای لێ بکا، جێی لە ئاگر خۆش کراوە. سا تۆ لێی بەگومان مەبە، ئەمە ڕاستە و لە پەروەرندەی تۆڕایە؛ بەڵام زۆربەی ئەم مەردمە باوەڕ ناکەن.
(١٨) کێ لەو کەسە ناھەقترە درۆ بۆ خوا ھەڵ ببەبەستێ؟ گش ئەمانە لە بەرانبەر پەروەرێنیان ڕادەنێن و شایەتان شایەتی دەدەن کە ئەمانە بە دەم پەروەرندەی خۆیان ئەو درۆیانەیان ھەڵبەست. دەبا ناھەقیکارەکان بەر نەحلەتی خودا کەون.
(١٩) ھەر ئەمانەن ڕێی بەرەو خوا دەبەستن و مەردمی پێ لاڕێ دەکەن و خۆشیان بە ڕۆژی قیامەتێ بێ بڕوان.
(٢٠) ئەمانە لەم سەرزەمینە ناتوانن لە خودا ڕاکەن؛ لە خوداش پێوە کەسیان بۆ دۆست دەست ناکەوێ. ئەو کەسانە دووسەرە ئازاریان ھەیە و نە توانیویانە ببیسن، نە توانیویانە ببینن.
(٢١) ئەوانەن کە خۆیان دۆڕاند؛ ھەر درۆیەکیش ھەڵیان بەست، بەفێڕۆ چوو.
(٢٢) ھیچ گومان لەوەدا نییە کە لەو دنیا لە ھەموو کەس دۆڕاوترن.
(٢٣) ئەوانەی خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بوون و دڵیان بە پەروەرێنیان داسەکناوە، ئەوانەن دەچنە بەھەشت و تاھەتایەی تێدا دەبن.
(٢٤) نەزیلەی ئەم دوو تاقمە وەک نەزیلەی کوێر و کەڕ و چاوساغ و ژنەوەندەیە؛ ئاخۆ ئەمانە چون یەکن؟ دەی بۆچی پەند وەرناگرن؟
(٢٥) نووحمان شاندە لای ھۆزەکەی، کە: من بۆتان ترسێنەرێکی ئاشکرام.
(٢٦) جگە لە خوا مەپەرستن؛ نیگەرانم نەوەک ڕۆژێ ئازاری بەژانوو تووش بێ.
(٢٧) گرەگرەی ھۆزەکەی - کە خوانەناس بوون - گوتیان: وەک ئێمە دەت بینین، تۆش مرۆیەکی وەک خۆمان؛ ئەمانەش کە شوێن تۆ کەوتوون، ڕووتەوپووتەی بێ ئاوەزن؛ نەشمان دیوە شتێکتان لەمە زیاتر بێ؛ بەڵکوو ئێمە پێمان وایە درۆ دەکەن.
(٢٨) گوتی: گەلۆ! ئەگەر بێژم پەروەرندەم بەزەیی بە مندا ھات و خوێندومیەوە و نیشانەی ئەوم لەلایە و ئێوە ئاگاتان لێ نییە، چۆن دەبینن؟ ئاخۆ گەر خۆتان حەز نەکەن، دەکرێ ئێمە بەسەرتاندا بسەپێنین؟
(٢٩) گەلۆ! ئەوەندەش بزانن ھیچ مزم لە ئێوە ناوێ؛ پاداشی من لەسەر خوایە و ئەوانەی خاوەن باوەڕن دەریان ناکەم؛ بێ سۆ ئەوان دەگەڵ پەروەرێنی خۆیان دیدار دەکەن. بەڵام من دەبینم ئێوە کۆمەڵێکی بێ ئاوەزن.
(٣٠) گەلۆ! ئەگەر من لەلای خۆمیان دەربکەم، کێ لە خوا ڕزگارم دەکا؟ ئاخۆ ھیچ بیر ناکەنەوە؟
(٣١) پێشوو ناڵێم من گەنجینەداری خودام؛ بە پیوارانیش نازانم؛ ناش بێژم فرشتەیێکم؛ ناشڵێم ئەوانەی کە ئێوە بە سووکی لێیان دەڕوانن، خوا چاکەیان دەگەڵ ناکا. خوا چاکتر دەزانێ چییان لە دڵدایە. ئەگەر وابم، ئەوسا یەک لە ناھەقانم.
(٣٢) گوتیان: ئەی نووح! دەم بەدەمەت وەل کردین و جوابەجەنگیت فرەی خایاند؛ گەر ڕاست ئەکەی، ھەرچی ئێژی بەسەرتان دێ، پێن بنوێنە.
(٣٣) گوتی: خودا ئەگەر حەز کا، پێو دەنوێنێ و ناکرێ لەبەری بڕەون.
(٣٤) ھەر ئامۆژگاریەکتان بکەم بەھرە نادا؛ ئەگەر خودا بڕیار بدا گومڕاو بکا. خۆی خودانی ھەمووتانە و ھەر بۆ لای ئەویش دەچنەوە.
(٣٥) یان دەبێژن: خۆی ھەڵیبەست. بێژە: ئەر ھەڵمبەستووە، تاوانەکەی لەسەر خۆمە؛ منیش لە تاوانی ئێوە بەرکەنارم.
(٣٦) بە نووح ڕاگەیاندرابوو، کە: لە ناو ھۆزەکەی تۆدا، جگە لەوانەی تا ئێستا باوەڕیان بە خوا ھێناوە، کەسی تر بڕواناھێنێ و لەو ئاکارەی کە ھەیانە غەمگین مەبە.
(٣٧) لە ژێر چاوەدێری ئێمە و ھانای ئێمە، گەمیە ساز کە و لەمەڕ ئەوانە مەمدوێنە کە ناھەق بوون، ئەوان دەبێ ژێر ئاو کەون.
(٣٨) خەریکی گەمیە سازکردن بوو؛ ھەر چەند خاوەن پایە و مایە لە ھۆزەکەی بەلایدا ڕاببردنایە، حەنەکی خۆیان پێدەکرد. گوتی: ئەگەر ئێوە گاڵتەمان پێ دەکەن، بەم زووانە ھەر وەک ئێوە گاڵتە دەکەن، ئێمەش گاڵتەتان پێ دەکەین.
(٣٩) لەمە بەو لاوە تێ دەگەن، کێ تووشی ئازاری وا دێ ئابڕووی بچێ و جەزرەبەی لە بنەنەھاتووی بەسەردا بێ.
(٤٠) تا ئەو کاتەی کە فەرمانی ئێمە گەیی و تەندوور بە نھێم زایەوە؛ گوتمان: لە گش نێر و مێوێ دووان ھەڵگرە؛ دەگەڵ کەس و کارەکەت و ھەرکێ باوەڕی ھێناوە؛ مەگین ئەوی بەرێ بڕیاری بۆ دراوە؛ کە ھەموویان بێ باوەڕ بوون، مەگین کەمیان.
(٤١) گوتی: لە ناویدا سوار بن! ڕەوانەبوونی و لەنگەری، بە ناو خوایە؛ خودانی من بەبوورینە و دلۆڤانە.
(٤٢) گەمیەکە ئەوانی دەبرد، بە ناو پێلی وادا دەچوو وەک چیایان. نووح گاسی کردە کوڕێ خۆ - کە لە شوێنێکی چەپەک بوو -: کوڕیژگەکەم! وەل ئێمەدا سوار ببە و دەگەڵ خوانەناسان مەبە.
(٤٣) گوتی: ئەمن پەنا بە چیایەک دەبەم کە لە ئاوم دەپارێزێ. گوتی: ئەمڕۆ ھیچ پارازتن لە فەرمانی خودا نییە؛ مەگین کەسێ خۆی بەزەیی پێدا بێتەوە. شەپۆل کەوتە نێوانیان و خرایە ڕێزی خنکاوان.
(٤٤) ئەوجا گوترا: زەمین! ئاوت ھەڵقوڕێنە؛ بەرزایی! بەس ببارێنە. ئاو ڕۆچوو بە ناخی ئاخا و کار سەری گرت؛ لەسەر جوودی لەنگەری گرت. وترا: تارن، ئەوانەی ناھەقیکارن.
(٤٥) نووحیش لەبەر پەروەرندەی پاڕایەوە، گوتی: ئەی پەروەرێنی من! کوڕم کەسوکاری منە؛ بەڵێنی تۆش ھەر دێتە جێ و تۆ لە گش فەرمانڕەوایەک لێزانتری.
(٤٦) گوتی: ئەی نووح ئەم کوڕەت کەسی تۆ نییە؛ ئاکاری ناپەسندی ھەس؛ ھەر شتێ چی لێ نەزانی، داوا مەکە؛ من ئامۆژگاریت لێدەکەم کە نەچییە ڕێزەی نەزانان.
(٤٧) گوتی: ئەی پەروەرندەکەم! ھەر خۆ بە تۆ دەپارێزم؛ داوای شتێکت لێ بکەم کە نایزانم؛ ئەگەر بەزەت پێمدا نەیە و لێم نەبووری، یەکێکم لە زیانباران.
(٤٨) وترا: ئەی نووح! بە سڵامەتی و بەو پیتەوە - کە داومانە بە تۆ و بە ھاوسەفەرانت - دابووەزە؛ چین و بەرەکانی دوایەش، تا ماوەیەک مەودای ژیانیان ئەدەینێ و پاشان تووشی ئازاری بەژانیان دەکەین.
(٤٩) ئەمانە لەو ھەواڵانەی بەرپێوارن - کە بە تۆی ڕادەگەیەنین - لەمەوبەر نە تۆ دەت زانین نە ھۆزەکەت. خۆڕاگر بە، دواڕۆژ بۆ خودێ ترسانە.
(٥٠) بۆ لای عادیش ھوودمان نارد - کە برایان بوو - گوتی: گەلۆ! پەرستندەی خودای تاک بن؛ بەغەیرەز ئەو ئێوە خودایەکتان نییە؛ ئێوە تەنیا ھەر درۆیان دەنەخشێنن.
(٥١) گەلۆ! بۆ ئەم کارە مزێکم لێو ناوێ؛ پاداشی من لەسەر داھێنەری منە. ئاخۆ بۆ دەبێ تێنەگەن؟
(٥٢) گەلۆ! داوای لێ بووردنیش ھەر لەو بکەن و بەرەو ئەو بگەڕێنەوە؛ کە لەو بەرزەوە بە ڕێژنە بارانتان بۆ بنێرێ و پێزێ تر بدا بە ھێزتان. ھەروا بە تاوانباری ڕوو وەرمەگێڕن.
(٥٣) گوتیان: ئەی ھوود! تۆ ھیچ بەڵگەت لە خوداوە بۆ نەھێناین؛ ھەر بە قسەی تۆش، مە لە پەرستیوەکانمان دەس بەرنادەین؛ بڕوایەش بە تۆ ناھێنین.
(٥٤) ئێمە ھەر ئەوەندە ئێژین: ڕەنگە ھێندێک لەوانەی دەیانپەرستین، تووشی تووشیەکیان کردبی. گوتی: خوا بە شایەت دەگرم، ئێوەش ھەروەھا شایەت بن لەوی ئێوە دەیپەرستن بەرکەنارم؛
(٥٥) لە غەیرەز خوا. سا ھەمووتان فێڵانم لێ بدۆزنەوە و مەودام مەدەن.
(٥٦) من خۆم سپارد بەو خودایە کە منی پەروەراندووە و پەروەرندەی ئێوەش ئەوە. ھەر شتێ دەجووڵێتەوە، ژی و ژیاری لەسەر ئەوە و دیارە ڕێگەی پەروەرندەم ڕاستەڕێیە.
(٥٧) ئەگەر نەیێنە ڕەدایەش، من بە ھەرچی ڕاسپێراوم پێم گەیاندن؛ خودانی من مەردمێ تر لە شوێنی ئێوە دادەنێ و ھیچ زیانیشی لێ نادەن. پەروەرندەم چاوەدێری ھەموو شتە.
(٥٨) کاتێ فەرمانی ئێمە ھات - لە بەزەیی خۆمانەوە - ھوود و ئەوانەی دەگەڵ ئەو ھاوباوەڕ بوون، لە جەزرەبەی ھەرە سەخت نەجاتمان دان.
(٥٩) ئەوەش عاشیرەتی عاد بوو، کە سەبارەت بە نیشانەی پەروەرێنیان حاشایان کرد و لە فەرمانی پێغەمبەرەکانی خۆیان لایاندا. ھەر کەسێکی بلەوەز و لاسار بوو شوێنی دەکەوتن.
(٦٠) لەم دنیایە و لە ڕۆژی ھەستانەوەشدا، نەفرینیان ھەر بە شوێنەوە. ئاگادار بن کە ھۆزی عاد لەمەڕ پەروەرندەی خۆیان بە حاشا بوون. با بتارێن عادەکان کە ھۆزی ھوود بوون.
(٦١) بۆ لای سەموودیش برایان ساڵحمان نارد. گوتی: گەلۆ! ھەر خودای تاک بپەرستن؛ ئێوە بەغەیری ئەو خودایەکتان نییە؛ ئەو لەم خاکەی وەدی ھێنان و ویستی ئاوەدانی بکەن؛ لێبووردنی لێ بخوازن؛ پاشان بەرەو خۆی وەگەڕێن. پەروەرندەی من نزیکە و دەفریاودێ.
(٦٢) گوتیان: ساڵح! بەرلە ئێستێ جێگەی ھومێدی ئێمە بووی؛ ئاخۆ ڕێ نادەی ئەوانەی باب و کاڵمان دەیانپەرست، بیانپەرستین؟ ئێمە لەوەی کە تۆ ئێمەی بۆ بانگ دەکەی، بەگومانین و دوودڵین.
(٦٣) گوتی: گەلۆ! ئەر من لە پەروەرندەمڕا بەڵگەی ئاشکرام ھێنابێ و وەبەر بەزەیی ئەو کەوتبم، ئەگەر لە فەرمانی دەرچم، کێ ھەیە بە فریام بگا؟ لەنگۆش ھیچم نایەتەبەر غەیرەز زەرەر.
(٦٤) گەلۆ! ئەمە وشتر خوایە و نیشانەیەکە بۆ ئێوە؛ بەڕەڵدای کەن لە زەوی خودا بچەرێ و بە خراپ دەستی بۆ مەبەن؛ دەنا ئازارێکی نزیک دەتانگرێ.
(٦٥) کەچی لەت و پەتیشیان کرد. گوتی: سێ ڕۆژ لە ماڵ خۆتانا ڕایبوێرن؛ ئەمە بەڵێنی [خودایە و] بێ درۆیە.
(٦٦) ھەر کە فەرمانی ئێمە ھات، لە بەزەیی خۆمانەوە ساڵح و ئەو چەند کەسانەی دەگەڵ ئەوا ھاوباوەڕ بوون، لە ڕیسوا بوونی ئەو ڕۆژە نەجاتمان دان. پەروەرندەت خێوی ھێز و دەستەڵاتە.
(٦٧) ئەوانەش کە ناھەقییان کرد، نارەتەیێ وایان بۆ ھات، لە ناو ماڵانی خۆیاندا دەمەوڕوو ھەستیان لێ بڕا؛
(٦٨) دەتگوت ھەر لەوێ نەژیاون. بزانن کە ھۆزی سەموود لە پەروەرندەی [مەزنیان] حاشایان کرد؛ ھەی لەوەش بەولاوەتر چن.
(٦٩) ڕاسپاردەکانی ئێمەش مژدەیان دا بە ئیبڕاھیم؛ گوتیان: سەلام. وتی: سەلام. زۆر پێ نەچوو گۆلکێکی بریانی ھاورد.
(٧٠) وەختێ دیتی دەستیانی بۆ درێژ ناکەن، کارەکەیانی پێ بەڵاجەوی ھات و ترسی ڕێ نیشت. گوتیان: تۆ ئەندێشت نەبێ؛ ئێمە بۆ لای ھۆزی لووت بەڕێ کراوین.
(٧١) ژنەکەی - کە ھەڵوێستابوو - کەنی ھاتێ. ئەوسا مزگێنیمان پێ دا بە ئیسحاق و سەرەڕای ئیسحاق بە یەعقووب.
(٧٢) ژنە گوتی: ھای لە منێ! ئاخۆ منی پیرێژن مناڵم دەبێ و ئەم شووەشم پیرەمێرە؟ بەڕاستی شتێکی سەیرە!
(٧٣) گوتیان: ئاخۆ فەرمانی خودات پێ سەیرە؟ خێزانی ئەم ماڵە! بەزە و پیتی خوداتان نسیو بێ. پایەبەرزی و پێ ھەڵگوتن ھەر لە خۆی دەوەشێتەوە.
(٧٤) ئیبڕاھیم - کە ترسی شکا و مزگێنییەکەشی پێ گەیشت - لەسەر ھۆزی لووت سکاڵای دەگەڵ کردین.
(٧٥) کە ئیبڕاھیم لە سەرەخۆ و دڵنەرم و بەرەو خودا بوو.
(٧٦) ئیبڕاھیم لەمە واز بێنە، فەرمانی خودات ھاتگە و بێ گومانە بەڵایەکی بێ گەڕانەوەیان بۆ دێ.
(٧٧) کاتێ ڕاسپاردەکانمان گەینە لای لووت، بە گەیشتنیان دژداما و پێیان کەوتە تەنگانەوە و گوتی: ئەمڕۆ کار دژوارە.
(٧٨) ھۆزەکەی بە ھەڵەداوان لێی وەکۆ بوون؛ دەپێشیشدا ھەر کاریان بێ نامووسی بوو. گوتی: گەلۆ! ئەم کیژانەم بۆ ئێوە بن، پاکژترن؛ ترستان لە خودا ھەبێ و شەرمەزاری میوانەکانی خۆم مەکەن. ئاخۆ پیاگێ ئاکارباشتان تێدا نییە؟
(٧٩) گوتیان: خۆت ئەمەت زانیوە، ھیچ کارێکمان بە کیژەکانی تۆ نییە؛ دیارە بۆ خۆشت دەزانی چیمان دەوێ؟
(٨٠) گوتی: بریا ھێزم بە ئێوە بشکایە؛ یاخۆ پەنام ببردایە بە جێ پەنایەکی حەستەم.
(٨١) گوتیان: ئەی لووت! ئێمە ڕاسپاردەی خوداتین؛ دەستی ئەمانەت پێ ناگا. تۆ دەگەڵ ماڵ و خێزانت - لە چەند بەتڵێکی شەوێدا - بکەونە ڕێ؛ کەستان ئاوڕ نەداتەوە؛ غەیری ژنت، کە ھەرچی تووشی ئەوان بێ، تووشی ویش دێ. ژوانیشیان بەری بەیانە؛ ئاخۆ بەیان نزیک نییە؟
(٨٢) کە فەرمانی ئێمە گەییشت، ئەو جێمان سەرەونخوون کرد. گزموولەقوڕی بەرداسان بە بێ ناوبڕ بۆ باراندن.
(٨٣) بە دروشمی پەروەرندەت ھەموو نیشانە کرابوون. بەڵای ئاوا دەربارەی ناھەقیکاران ھیچ دوور نییە.
(٨٤) بۆ مەدیەنیش شوعەیبی برایانمان [نارد]. گوتی: گەلۆ! خودای تەنیا بپەرستن؛ لە غەیری ئەو ھیچ پەرستوویەکتان نییە. لە کێشان و پێوانەدا گزی مەکەن. خۆش گوزەرانوو دەبینم و من لەو ڕۆژە ترسم ھەیە ئازاری داگرتان بۆ بێ.
(٨٥) گەلۆ! کێشانە و پێوانە و بەرانبەر بێ؛ شتیش کەم مەدەن بە خەڵک و لە دنیا لەسەر بەدفەڕی، پێ دامەگرن.
(٨٦) ئەگەر بڕواتان بە خوا بێ، ھەرچی ئەو بۆو بێڵێتەوە بۆتان چاکە و چاوەدێریو بە من نییە.
(٨٧) گوتیان: شوعەیب! مەر نوێژەکەت ھانەت دەدا ئێمە واز لەو شتە بێنین کە باب و باپیرانی مە دەیانپەرست، یان وەک خۆمان دەمانەوێ لە دارایی خۆماندا دەسکاری نەکەین؟ بەڕاستی کە تۆ پیاوێکی لەسەرەخۆ و بە سەلیقەی.
(٨٨) گوتی: گەلۆ! ئەگەر بێژم بەڵگەیەکی بەھێزم لە پەروەرندەڕا لەلایە و ھەر ئەویشە بژیوی باشی پێداوم، چۆن دەبینن؟ ئەگەر دژوو دەوێستم و ئێژم فڵان کارە مەکەن، خۆ نیازم ئەوە نییە کە خۆم بیکەم. نیازی من ھەر ئەوەیە - تا دەتوانم- [کاروبارتان] سامان بدەم. بە ئاوات گەیشتنیشم ھەر بە خوایە و ژینی خۆم بەو سپاردووە و بەرەو خۆی دەگەڕێمەوە.
(٨٩) گەلۆ! دژوێستانی ئێوە لە حاندی من تووشی تاوانێکتان نەکا کە ئەو بەڵای ھۆزی نووح و ھۆزی ھوود و ھۆزی ساڵح بەسەریان ھات، بەسەروو بێ. بەسەرھاتی ھۆزی لووتیش لەمێژ نییە.
(٩٠) ئێوە لە پەروەرندەتان داوا بکەن، لێو ببوورێ؛ پاشان بەرەو خۆی وەگەڕێن. پەروەرندەم دلۆڤان و میھرەوانە.
(٩١) وتیان: شوعەیب! زۆر لەو شتانە تێناگەین کە تۆ ئێژی؛ لە ناو خۆمان بێ دەستەڵاتت دەبینین. ئەگەر لەبەر خاتری خزمانت نەبا، بەردەبارانمان دەکردی؛ تۆ دەرۆستی ئێمە نایەی.
(٩٢) گوتی: گەلۆ! ئاخۆ خزمەکانی منتان پێ لە خودا گرینگترە، کە خوداتان خستۆتە پشت گوێتانەوە؟ ھەر کارێکی ئێوە دەیکەن، پەروەرندەم دەورەی داوە.
(٩٣) گەلۆ! ئێوە ئەوەی لە دەستوو دێ بیکەن؛ منیش وا خەریکی کارم. لەوە بەولاوە دەزانن کێ ئازاری ئابڕووبەرەی دێتە سەر و کێ بە درۆزن دەردەچێ. چاوەنۆڕ بن؛ ئەوا منیش دەگەڵ ئێوە چاوەنۆڕم.
(٩٤) کە فەرمانی ئێمە گەییشت، لە بەزەیی خۆمانەوە شوعەیب و ھەواڵەکانی باوەڕداریمان نەجات دا؛ ناھەقیکارانیش نەعرەتێک وای تاساندن کە ھەموویان دەمەوڕوو پشوویان بڕا؛
(٩٥) دەتگوت ھەر لەوێشدا نەبوون. با بتارێن خەڵکی مەدیەن؛ وەکوو ھۆزی سەموود تاران.
(٩٦) ھەروا ئێمە مووسامان بە چەندین نیشانەی خۆمان و بەڵگەیەکی ئاشکرا نارد،
(٩٧) بەرەو فیرعەون و پیاوانی دیوانی. ئەویش ھەر گوێ بەفەرمانی فیرعەون بوون؛ کە فەرمانی فیرعەونیش دژی ڕاستی بوو.
(٩٨) ڕۆژی سەڵا وەپێش دەستەی خۆی دەکەوێ و ھەمووان دەباتە ناو ئاگر. چەند خراپە ئەو جێی ئەوانە دەیچنێ!
(٩٩) لەم دنیا و لە ڕۆژی دواییش، نەحلەتیان بە شوێنەوەیە. ئای لەو خەڵاتە دزێوە!
(١٠٠) ئەمانە چەند ھەواڵێک بوون لەو شارانە کە بۆ تۆی دەگێڕینەوە؛ ھێندێک لەوانە ھەر ھەن و ھێندێکیشیان لەبەین چووگن.
(١٠١) ناھەقییمان لێ نەکردن؛ بەڵام ئەوان ناھەقییان دەربارەی خۆ کرد. کاتێ فەرمان لە پەروەرندەی تۆڕا ھات، ئەوانەی پەرستیویان بوون - جگە لە خوا - ھیچ کارێکیان بۆ نەکردن و - جیا لە زیان - ھیچ شتیان بۆ زیاد نەکردن.
(١٠٢) ئاواینەیە غەزەبی پەروەرندەی تۆ، کاتێ شارانێ دادەگرێ کە خەڵکەکەیان ناحەقن. ئەو ئازارەی خودا دەیدا، زۆر بەژان و زۆر دژوارە.
(١٠٣) لەمانەدا بۆ ئەوانەی لە ئازاری ڕۆژی پەسڵانێ بترسن، پەندێ ھەیە؛ کە ڕۆژێکە ھەموو مەردم گش لەوێ کۆ دەکرێنەوە؛ ڕۆژێکی دیار و بەرچاوە.
(١٠٤) ئەو ڕۆژە وەدرەنگی ناخەین، مەگین بۆ ماوەیەکی کەم.
(١٠٥) ڕۆژێ کە دێ، ھیچ کەس بە بێ ئیزنی خودا متەق ناکا؛ لە ناویاندا قەرەبەخت و بەختەوەر ھەن.
(١٠٦) سا ئەوانەی قەرەبەختن، لە ئاگران بە ئاخ و ھەنیسک دانن.
(١٠٧) ھەر دەوێدا دەمێننەوە، ھەتاکوو ئەم عاسمانانە و زەمینە ھەن؛ جا مەگین پەروەردگارت مەیلی لێ بێ. پەروەرندەت ھەرچی خۆی بیەوێ دەیکا.
(١٠٨) ئەوانەش کە بەختەوەرن، ھەر لە بەھەشتێدا دەبن، ھەتا ئەم ئاسمانانە و ئەم زەمینە ھەن؛ مەگین ئەوەی پەروەرندەت مەیلی لێ بێ. بەخششێکە نابڕێتەوە.
(١٠٩) سا تۆ سەبارەت بەوەی وان دەیپەرستن، دڕدۆنگ مەبە. ھەر ئەوانە دەپەرستن کە باب و کاڵی پێشوویان پەرستیانن. ئێمەش بە بێ کەمایەسی بەشی خۆیانیان دەدەینێ.
(١١٠) مە کتێبمان دا بە مووسا و کێشەی لەسەر ھەڵاییسا. خۆ ئەگەر پەروەرندەی تۆ ئەوسا بڕیاری نەدابا، زوو کێشەیان دەبڕایەوە؛ کە ئێستاش سەبارەت بەم، ھەر دوودڵ و بەگومانن.
(١١١) بێگومانە پەروەرندەت قەرەبووی کردەی ھەموویان بە تەواوی دەداتەوە و ھەر خۆی لە ھەر کارێ دەیکەن، ئاگادارە.
(١١٢) وەک فەرمانت پێدراوە، خۆڕاگرە! ئەوانەش کە لەتەک تۆدا بەرەو خودا وەگەڕاون، با ھەروا بن؛ سەرپێچیش لە فەرمان مەکەن! ھەرچی بیکەن خودا دەیبینێ.
(١١٣) ڕموودەی ئەوانە مەبن غەدرێ دەکەن! دەنا بە ئاگر دەسووتێن. غەیرەز خوداش ھیچ کەس دۆستایەتیو ناکا و ئیتر کەسیش پاشان یاریدەتان نادا.
(١١٤) لە ھەر دووک ئالی ڕۆژێدا و چەن بەتڵی سەرەتای شەوێ، نۆژێ بکە؛ چونکە چاکە خراپەیە لەبەین دەبەن. ئەمە پەندە بۆ ئەوانەی پەندگر بن.
(١١٥) ھەر خۆبگرە؛ بێسۆ خودا پاداشی چاکەکارەکان وندا ناکا.
(١١٦) ئەم ھەموو بەرەو چینانەی بەرلە ئێوە ھاتن و چوون، چۆنە کەسێ وایان نەبوون، ڕێگا نەدەن لە زەمیندا خراپە بەڕێوە بچێ؟ مەگین کەمێک لەوانەی ڕزگارمان کردن لە نێویانا. ناھەقییکارەکانیش ھەر کەوتنە شوێنی خۆشگوزەرانی خۆیان و تاوانبار بوون.
(١١٧) پەروەرندەت - بە ناھەقی - چ جار قڕانی نەخستە ئەو شارانەی ئاکارچاک بوون.
(١١٨) پەروەرندەت ئەگەر حەزی بکردایە، خەڵکی دنیای گشتی دەکردە یەک ئاین؛ بەڵام بە ناتەبایی ھەر دەمێننەوە؛
(١١٩) [جا] مەگین پەروەرندەی تۆ بەزەیی پێیاندابێتەوە؛ کە ھەر بۆیەی دروس کردوون. بڕیاری پەروەرندەشت ھەر دێتە جێ، کە: جەھەندەم، لە جندۆکە و بنیادەم - ھەموو - پڕ دەکەم.
(١٢٠) ئەم حەمکە دەنگوباسانەی پێغەمبەرانت بۆ دەکەین، کە دڵداریت بدەینەوە. ھەرچی لەمەدا بۆ تۆ ھات، ڕاستی ڕستە و بۆ گەلی خاوەن باوەڕان ئامۆژگاری و بیرەوەری تێدا ھەیە.
(١٢١) بەو کەسانەش کە باوەڕیان نییە، بێژە: ھەرچی لە دەستوو دێ بیکەن؛ وا ئێمەش کاری خۆ دەکەین.
(١٢٢) چەمەڕاش بن، ئەوا ئێمەش چاوەنۆڕین.
(١٢٣) ھەر شتێکی بەرپێوارە - لە ئاسمانان و زەمیندا - گش بۆ خودان؛ ھەموو کارێک ھەر سەربەوە. سا تۆ ھەر ئەو بپەرستە و چارەنووست بەو بسپێرە. ھەر کارێ کە ئێوە دەیکەن، پەروەرندەت لە ھیچی بێ ئاگا نییە.

پەراوێز edit