ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) ئەلیف، لام، ڕا. ئەمانە چەندین نیشانەن لە کتێبی دیاری دەرەوە.
(٢) قورئانێکە بە عارەبی ئێمە ناردمانە خوارەوە، شایەتا ئێوە تێبگەن.
(٣) ئێمە وێڕای ئەم قورعانەی کە بەتۆن ڕاگەیاندووە، شیرین ترین چیرۆکت بۆ وەدەگێڕین؛ کە دەپێشدا تۆ ھەر ئاگاشت لێ نەبووە.
(٤) وەختێ یووسف بە باوکی گوت: بابۆ! من یازدە ئەستێرە و خۆر و ھەیڤم بە خەو دیتن، کە سەر بۆ من دەچەمێنن.
(٥) گوتی: ئەی کوڕێژگەکەی خۆم! ئەو خەونەت لە لای براکانت مەگێڕەوە، نەوەک گەڕێکت پێ بکەن؛ چونکە شەیتان بۆبنیادەم دوژمنێکی ئاشکرایە.
(٦) ئەمە دیارە پەروەرندەت ویستوویە ھەڵت بژێرێ و فێرت بکا مانای خەونان لێک دەیەوە و دەربارەی تۆ و ھەموو خانەدانی یەعقووب، چاکەی بێ کەمایەسی بکا؛ وەک ئەو چاکەی سەبارەت بە ئیبڕاھیم و ئیسحاقی باوانی تۆی کرد. دیارە پەروەرندەی تۆ ھەرە زانای لەکارزانە.
(٧) لە ڕابوردەی ناو یووسف و برایانی، پەندی زۆر ھەن بۆ ئەو کەسانەی دەپرسن.
(٨) کاتێ گوتیان: دیارە یووسف و براکەی لای باوەمان لە ئێمە خۆشەویستترن؛ خۆ ئێمەش دەستەپیاوێکین. بێ گومانە بابی ئێمە بە ئاشکرا گومڕا بووە.
(٩) یووسف بوگژن، یان لە شوێنێکا فڕێی دەن؛ ھەتا باوک ببێتە تایبەت بە خۆتان. لە پاش ئەویش ئێوە ببن بە کۆمەڵێکی بەرکەتی.
(١٠) یەکێ لەوان ھەڵیدایە: ئەگەر کارەکەی ھەر دەکەن؛ لە یووسف کوشتن گەڕێن و بیخەنە بن بیرەکەوە؛ کاروانچی ھەڵیگرنەوە.
(١١) گوتیان: بابۆ! چۆنە کە تۆ لەمەڕ یووسف لە ئێمە ئارخەیان نابی؟ خۆ ئێمە خۆشمان گەرەکە.
(١٢) سوو دەگەڵ ئێمەی بنێرە، گەشت بکات و گەپ بدات و خۆمان پارێزگاری دەبین.
(١٣) گوتی: ئەگەر بیبەنە دەر، تووشی کوڵ و کەسەر دەبم؛ ترسیشم ھەس گورگ بیخوا و ئێوە ئاگاتان لێ نەبێ.
(١٤) گوتیان: ئەگەر گورگ خواردی – کە دە خۆرتین و پێکەوەین - دیارە ئێمە زیانبارین.
(١٥) کاتێ کە بردیانە دەرێ و بە گەلەکۆمەگی ویستیان بیخەنە بن بیرەکەوە، [ئیتر کاریان تەواو کرد و] ئێمەش ئەومان تێگەیاند کە: تۆ لەم کارە ئاگاداریان دەکەیەوە؛ کە خۆیان ھەستی پێ ناکەن.
(١٦) ئێوارێ لە تاریکاندا، بۆ لای بابیان - بە گریانەوە - وەگەڕان.
(١٧) گوتیان: بابۆ! چووبووین غارغارێنێ بکەین و یووسفیشمان لای کەل و پەلمان بە جێھێشت؛ گورگ خواردی. ھەر چەند ڕاستیشت پێ دەڵێین، بڕوایە بە ئێمە ناکەی.
(١٨) کراسەکەشیان ھێنابوو؛ خوێنە درۆزنەی پێوە بوو. گوتی: دیارە دڵی خۆتان کارێکی لەبەر خەمڵاندوون. خۆڕاگری بێ ناشوکری [چاری منە]؛ لەمەڕ ئەوانەش کە ئێژن، خودا دەھانامەوە دێ.
(١٩) کاروانێ ھات، ئاوکێشیان نارد، دۆڵچەی داھێشت: مژدە ئەمە کوڕیژگەیە. وەکوو کاڵا تاقەتیان کرد؛ خوا لە کاریان بە ئاگا بوو.
(٢٠) بە نرخێ کەم، بە چەند درەم فرۆتیان و نەشیان دەویست.
(٢١) ئەو کەسەی لە میسر سەندی، بە ژنێ خۆی وت: قەدری بگرە بەشکوو قازانجی لێ بکەین؛ یان بیکەینە زارۆی خۆمان. بەم ئاوایە لەو ھەردەدا یووسفمان زۆر باش دامەزراند؛ تا ئێمە فێریشی بکەین چۆن خەونان لێک بداتەوە. خوا لەسەر کاری خۆی زاڵە؛ بەڵام زۆربەی ئەم مەردمە لێ نەزانن.
(٢٢) وەختێ بوو بە پیاوی تەواو، سەلیقە و زانستمان پێدا. ئێمە ئاوا پاداش بە کارچاکان ئەدەین.
(٢٣) ئەو ژنە وا یووسف لە ماڵی ئەوا بوو، تەمای تێکرد. دەرگاکانی لێ گاڵە دا و گوتی: بەلەز ئامادەیە. گوتی: ئەی پەنا بە خودا؛ ئەو ئاغامە، قەدری گرتووم، [بێ ئەمەگانی داوێنپیس] کە ناھەقن، ناخەلەسێن.
(٢٤) وێ پەلاماری ئەمی دا و ئەمیش گەر بەڵگەی پەروەرندەی نەدیبا، ئاوقای دەبوو. بۆ ئەمە بوو کە خراپە و شوورەیی لێ وەپرینگێنین؛ ئەم یەکێ بوو لە عەبدە دڵپاکەکانمان.
(٢٥) بە کێبەرکێ ھەر دوو گەینە لای دەرگاکە؛ گجی یووسفی لای پشتەوە دادڕی و لە بەردەری، تووشی سەروەری وێ ھاتن. گوتی: سزای کەسێ چییە دەگەڵ ماڵ و خێزانی تۆ، تەماداری شوورەیی بێ؛ غەیر لە زینان یا جەزرەبەیەکی بەژان؟
(٢٦) پەرسڤی دا: وێ تەمای دەمن کردبوو. یەکێ لە خزمەکانی وێ ھەڵیدایە: گەر گجی ئەم لە لای پێشەوە دڕاوە، وێ ڕاست ئەکا و ئەم ڤڕۆیە؛
(٢٧) گەر گجیشی لە پشتەوە دادڕاوە، وێ درۆی کرد، ئەو ڕاست دەکا.
(٢٨) وەختێ دیتی کراسەکەی لە پشتەوە دادڕاوە، وتی: ئەمە لە ھێندێک فێڵی ئێوەیە؛ فێڵی ئێوەش زۆر گەورەیە.
(٢٩) یووسف! واز لەم باسە بێنە. حورمێ! تۆش بووردن لە خەتات داوا بکە؛ کە تۆ لە خەتاکارانی.
(٣٠) ژنانی شار قاویان داخست: ژنا عەزیز حەز لە خوڵامێ خۆ دەکا؛ لە دڵداریدا سووتاوە؛ وا دیارە تەواو لە ڕێگە دەرچووە.
(٣١) لە پاش ئەوەی تیزوتانەی ئەوانی بیست، لە دووی ناردن؛ گەلێ باڵگە و [خواردەمەنی] لا دانان و ھەر یەکەی چەقۆیەکیشی پێ سپاردن. گوتی: بۆیان وەرە دەرێ. ھەر کە دیتیان حەپەسان و دەستەکانی خۆیان بڕی و گوتیان: ئەی نامەخوا! ئەمە مرۆ نییە و بێ سۆ فرشتەیێ خۆشەویستە.
(٣٢) وێ گوت: ئەمە ئەو کەسەیە کە لەسەر ئەو سەردەنشی منتان دەکرد؛ ویستم ببێتە دۆستم و دەستم دەگەڵ تێکەڵ بکا، خۆی ڕاگرت و بۆم تاو نەکرا؛ ئەگەر ئەوەی لەوم دەوێ بیکا، نەیکا، دەبێ بچێتە زیندانێ و وەک ئێسیرانی ڕابوێرێ.
(٣٣) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! زیندانەکەم پێ خۆشترە لەوەی ئەوان لێم دەخوازن؛ ئەگەر تۆ گەڕی ئەوانەم لێ لا نەدەی، دڵم دەچێ بۆ لایان و یەکێک دەبم لە نەزانان.
(٣٤) خودا نزای قبووڵ کرد و گەڕی ئەوانی لێ لا دا، کە خۆی بیسەر و زانایە.
(٣٥) پاشان وایان بە باش زانی - دوای ئەو ھەموو نیشانانەش - تا ماوەیەک زیندانی بێ.
(٣٦) دوو خوڵامیش دەگەڵ ئەو چوونە زیندانێ. یەکیان گوتی: من خەونم دیت ترێ دەوشم. ئەو دی گوتی: من لە خەوما نانم بەسەر سەرەوەیە، مەل لێی دەخۆن. خەونەکەمان بۆ لێکدەوە؛ ئێمە دەتۆ ڕادەبینین کە لە خێرەومەندەکان بی.
(٣٧) گوتی: بەرلە ژەمە نانێ کە بۆتان دێ و پێش خواردنی، مانای خەونەکەو پێدەڵێم؛ کە ئەمەش لەو بەھرانەیە پەروەرندەم فێری کردووم. من ئاینی ئەو کەسانەم وەلانایە، کە نە بڕوایان بە خوایە و لاشیان وایە قیامەت نایە.
(٣٨) من شوێن دینی باوانی خۆم، ئیبڕاھیم و ئیسحاق و یەعقووب کەفتگم؛ بەڕەوامان نەزانیگە ھیچ شتێکی بە شەریکی خوا بزانین. ئەمەش لە چاکەی خواوەیە کە دەربارەی ئێمە و مەردمی کردگە؛ بەڵام بەشی زۆر لە مەردم ھەر ناشکورن.
(٣٩) ئەرێ ئێوەی دوو ھاوبەندم! ئاخۆ چەندین پەروەرندەو پێ باشترە، یا خۆ خودای تاک و تەنیای زاڵ بەسەر ھەموو شتێکا؟
(٤٠) ئەوانەی دەیانپەرستن، چەند شتێکی غەیرەز خودان، کە خۆتان و باب و کاڵتان - سەربەخۆ - ناوتان لێ ناون؛ ھیچ بەڵگەیەکی پتەوتان لە خواوە لە دەستا نییە. فەرمانیش ھەر ھی خودایە و ھەر ئەویش فەرمانی داوە کە غەیرەز ئەو مەپەرستن. دینێ کە ڕاست و دروستە ھەر ئەمەیە، بەڵام زۆربەی خەڵکی دنیایە نازانن.
(٤١) ئەی ھەر دووی ھاوبەندیخانەم! یەک لە ئێوە دەبێتە مەیگێڕی خێوی؛ ئەوەکەی تر لە دار دەدرێ، ئەوسا مەلان چینەی لە سەریدا دەکەن. کارێکی کە دەتانەویست لە ئەنجامەکەی بپرسن، وا زاندرا و ھەر وەدیش دێ.
(٤٢) بە یەکێک لەو دوو کەسانەی بۆی دانابوو ڕزگار دەبێ، وتی: کە دەچیە لای ئاغات، باسم بکە. شەیتان نەیھێشت لە بیری بێ، لە لای ئاغای باسی بکا؛ تا چەند ساڵێک لە گرتووخانە مایەوە.
(٤٣) شا گوتی: لە خەوما دیتم، حەو گای قەڵەو حەو چێڵی لەڕ دەیانخواردن؛ حەو گوڵەدەخڵی شینیش و حەوتی دیکەی وشکەڵاتوو. ئەی دیوەخان نشینەکان! ئەم خەونەم بۆ لێکدەنەوە، ئەگەر لێکدەرەوەی خەونن.
(٤٤) گوتیان: ھەر خەونە درۆزنەن؛ ئێمە لەم تەرزە خەونانە سەر دەرناکەین.
(٤٥) لەو دوو کەسە ئەوەی کە ڕزگار کرابوو - بە دێروژوان - تازە وەبیری ھاتەوە، گوتی: ئەمن بۆتانی لێکدەدەمەوە؛ سا بمنێرن.
(٤٦) یووسف! مێری ھەمیشە ڕاست! حەو گای قەڵەو حەو چێڵی لەجەر ئەیانخۆن، حەوت وشووی ھێشتا ھەر شین و حەوتی دیکەش وشکەڵاتوون. ئەم خەونەمان بۆ لێکدەوە؛ کە من دەچمەوە لای مەردم، بەشکوو ئەوانیش تێبگەن.
(٤٧) وتی: حەو ساڵ لە کشت وکاڵ وچان نادەن؛ ھەرچییەکی درووتانەوە - کەمێک نەبێ کە لێی دەخۆن - لە وشووی خۆیا بێڵنەوە.
(٤٨) لە پاش ئەمە حەوتی قاتی و قڕی دادێ؛ ھەرچی پێشوو بۆ ئەمانەتان ھێشتۆتەوە، ھەمووی دەخۆن؛ مەگین کەمێ لەوەی قایم ھەڵیدەگرن.
(٤٩) لە دوای ئەمە ئەمجارە شاڵێکی وا دێ، بۆ ھەموو کەس باران و ڕووەک مشەیە و لەودا مل لە گوشین دەنین.
(٥٠) شا گوتی: بۆم بھێنن. کاتێ ڕاسپاردەکە ھات، گوتی: وەگەڕێ لای ئاغات و لێی پرسە، ئەو ژنانەی کە دەستی خۆیانیان بڕی، نیازیان چ بوو؟ پەروەرندەم لە دەھۆیان ئاگادارە.
(٥١) وتی: بۆچی گەرەکتان بوو یووسف بۆ خۆو دەستەمۆکەن؟ گوتیان: خوا بەو ڕۆژە نەکا، ئێمە کاری شوورەییمان لێ نەدیوە. ژنا عەزیز ھەڵیدایە: ئێستە ڕاستی ئاشکرا بوو؛ من تەماحم دەو کردبوو؛ ھەرچی ئەو گوتوویە ڕاستە.
(٥٢) [یووسف گوتی: ] ئەمەش بۆیە بوو بزانی، پاشەملەش غەیانەتم پێ نەکرد و خودا دەھۆی دەغەڵبازان ناخاتە ڕێ.
(٥٣) منیش ھەرگیز ھیچ پاکانە بۆ خۆم ناکەم. نەوس ھەموو خراپەیەک بە پیاو دەکا؛ مەگین ئەوی پەروەرندەم بەزەیی پێدا بێتەوە. پەروەرندەم خەتابەخش و دلۆڤانە.
(٥٤) شا گوتی: بیھێننە لای من، وا دەکەم ھەر سەر بە من بێ. کاتێ دواندی، گوتی: تۆ ھەر لەمڕۆکەوە لە لای ئێمە بەڕێزی و جێگای باوەڕی.
(٥٥) گوتی: بمکە بە سەرکاری نەغدینە و بەروبووی وڵات؛ چاوەدێری لێدەکەم و لێزانیشم.
(٥٦) ئا بەم جۆرە یووسفمان لەم سەرزەمینە [بە ڕێزەوە] جێ کردەوە؛ [خۆش نشینێک بوو] لە ھەر جێ خۆی ویستبای لەوێ دەژیا. ھەرکێ ئێمە بمانەوێ بەر بەزەییمانی دەخەین؛ پاداشی چاکەکارانیش وندا ناکەین.
(٥٧) خۆ دیارە پاداشی ئەو لاش ھێژاترە بۆ ئەوانەی باوەڕدار و خۆپارێزن.
(٥٨) برایانی یووسف ھاتن؛ بۆ دیتنی وەژوور کەوتن؛ ناسینیەوە، ئەوان ئەمیان نەدەناسی.
(٥٩) دوای ئەمە باری بارکردن، گوتی: ئێوە برایەکی باوکیتان ھەس، بۆمی بێرن؛ ئەی نەتاندی من خانەخوێی چاکم و پێوانەکەشم تەواوە؟
(٦٠) ئەگەر ئەوم بۆ نەھێنن، پێوانەو لەلای من نییە و لێشم نزیک مەکەونەوە.
(٦١) گوتیان: بە فێڵ ئەو لە بابی دەستێنین و بێ خەم بە، ئەم کارە دەکەین.
(٦٢) خوڵامانی خۆی تێگەیاند: ئەو دراوەی کە داویانە، بیخەنە ناوبارەکانیان؛ شایەت ئەگەر گەڕانەوە ماڵی خۆیان، بیناسنەوە؛ بەشکوو ئەمجارەش بێنەوە.
(٦٣) کە چوونەوە لای باوەیان، گوتیان: باڤۆ! لە پێوانە بێ بەش کراین؛ سا تۆ بران وێڕای ئێمە ڕەوانەکە؛ دەشپێوین و ئاگاداریشی لێدەکەین.
(٦٤) گوتی: ھەروەک جاری پێشوو براکەیم پێتان سپارد، ئەویش بسپێرم بە ئێوە؟ چاکتر پارێزەر خودایە و ھەر خۆی لە ھەموو دڵسۆزان دڵسۆزترە.
(٦٥) کە بارەکانیان کردەوە، دراڤەکەیان دەسکەوتەوە کە بۆیان ناردرابۆوە. گوتیان: باڤۆ! چمان دەوی؟ ئەمە دەزمایەکەمانە کە بۆمان ناردراوەتەوە. بژیوی خێزانمان دێنین؛ براکەشمان دەپارێزین؛ پێوانەی پشت وشترێکیش زێدە دێنین؛ ئەم پێوانەیە ھندکە.
(٦٦) گوتی: ڕەگەڵتانی ناخەم تا پەیمانم بە ناوی خودا نەدەنێ، کە ھەر دەبێ بۆم بێننەوە؛ مەگین گش دەرەتانێکوو لێگیرا بێ. کاتێ کە پەیمانیان دایە، گوتی: خودا لەم بنارە ئاگادارە.
(٦٧) گوتی: ئەی فرزەندەکانم! لە یەک درگاوە مەچنە ناو، لە دەروازەی جیاجیاوە بچنە ژوور؛ ئەمن ناتوانم ھیچ شتێک لە قەزای خوا لە ئێوە دوور بخەمەوە؛ فەرمان ھەر بۆ خودایە و بەس؛ خۆم ھەر بە وی دەسپێرم و کەسانێکیش کە ئەو بە کارساز دەزانن، با خۆیان ھەر بەو بسپێرن.
(٦٨) کاتێ لەو جێی - کە بابیان ڕای سپاردبوون - چوونە ژوورێ، ئەم کارەیان ھیچ شتێکی لە ئەوان دوور نەخستەوە، تەنیا ھەر بۆ نیازێک بوو کە لە دڵی یاقووبدا بوو پێکی ھێنا؛ ئەویش بۆ خۆی لەو شتانەی کە فێرمان کرد زانایەک بوو؛ بەڵام زۆربەی زۆری مەردم لێی نازانن.
(٦٩) کاتێ لە ماڵەکەی یووسف چوونە ھوندور، براکەی خستە لای خۆی و گوتی: من برایەکەی تۆم؛ لەوەی کە ئەوان وایان کرد خەمگین مەبە.
(٧٠) گاڤا باری بۆ بار کردن؛ زەرکا ئاوێی خستە دوڕباری برکەی؛ پاشان جاڕچیک جاڕی ڕاھێشت: کاروانینە! ئێوە دزیتان کردووە.
(٧١) ڕوویان تێکردن و گوتیان: ئێوە چیتان لێ گوم بووە؟
(٧٢) گوتیان: شەربەی ئاوی شامان لێ گوم بووە و ھەر کەسێ بی ھێنێتەوە، بارە حوشترێکی ھەیە؛ منیش دەستەبەری دەبم.
(٧٣) گوتیان: سوێندەکە بە خودا - خۆو دەزانن - ئێمە بۆیە نەھاتگین لەم ھەردە بەدفەڕی بکەین و دزی لە مە ڕووی نەداوە.
(٧٤) گوتیان: ئەگەر درۆو لە سەر سوورەوە بوو، سزاو چییە؟
(٧٥) وتیان: ھەرکێ لە باریدا پەیدا کرا، ھەر بۆ خۆی سزای خۆیەتی، کە سزادانی ناھەقان ھەر ئەمەیە.
(٧٦) ئەوسا پێش باری براکەی باری ئەوانی پشکنی؛ پاشان لە باری براکەی ھێنایەدەر. ئاوا فێڵمان بۆ یووسف کرد. لە یاسای ئەو پادشایەدا نەدەبووایە براکەی گل بدرایەوە؛ مەگین خودا وا حەز بکا. ھەر کەسێکی ئێمە حەز کەین پلەپلە باڵای دەبەین. لە بان ھەموو زانایێ زاناترێک ھەس.
(٧٧) گوتیان: ئەگەر ئەو ئێستاکە دزی دەکا، لە پێشووشدا برایەکی ئەو دزی کرد. یووسف ئەوەی دەدڵ گرت و لەوانی ئاشکرا نەکرد. گوتی: حاڵی ئێوە لەوان خراترە؛ ئەو باسەش کە ئێوە دەکەن، خوا لەنگۆی چاتر دەزانێ.
(٧٨) وتیان: ئەی عەزیز! باوکێکی زورھانی ھەس؛ لە جێگەی ئەو یەکێ لە ئێمە گل دەوە؛ تۆ دەبینین لە ڕێزەی خێرەومەندانی.
(٧٩) گوتی: ئەی پەنا بە خودا ئەگەر ئێمە غەیرەز کەسێ کاڵای خۆمان لە لای ئەو دۆزیوەتەوە، گل دەینەوە. گەر وەبکەین، ئەوسا لە ناھەقییکارانین.
(٨٠) کاتێ کە لێی ناھومێد بوون، بۆسرتە چوونە کەنارێک. گەورەکەیان ھەڵیدایە: بۆ ئێوە نەتانزانیوە کە باوکتان پەیمانێکی بە ناوی خودا لێ ساندن؛ لەوە پێشیش خراپەو لە ڕادەبەدەر دەربارەی یووسف کردووە؟ سا لەم ھەردە دەرناکەوم ھەتا بابم ئیزنم دەدا، یان خوا بڕیارم بۆ دەدا؛ ئەو خۆی چاکتر لە ھەر کەسێ پێ ڕادەگا.
(٨١) ئێوە بچنە لای بابتان؛ بێژن: بابۆ! کوڕەکەت دزی کردووە؛ شایەتیشمان نەدا مەگەر لەسەر ئەوەی کە زانیمان؛ ئاگاشمان لە نەدیار نەبوو.
(٨٢) لە مەردمی ئەو شارە کە ئێمەی لێ بووین لەو کاروانەش کە دەگەڵیان ھاتینەوە، پرسیار بکە؛ ئێمە بێسۆ ڕاست دەبێژین.
(٨٣) گوتی: نەخێر، ھەوای دڵتان کارەکەی لە بەر خەمڵاندوون. [دیسانەکە] خۆڕاگری بێ ناشکوری؛ ئەوە خوایە بەشکوو گشتیان بھێنێتەوە بۆ لای من. خودا بۆ خۆی ئاگادار و لەکارزانە.
(٨٤) ئیتر ڕووی لەوان وەرگێڕا و گوتی: ئەی داخم بۆ یووسف و لە سۆی یانی تانە پەڕیە سەرچاوانی و ھەروا پیشی دەخواردەوە.
(٨٥) گوتیان: بە خودا سوێندەکە، تۆ قەت یووسف لە بیر ناکەی؛ لەوانەیە نەخۆشت خا یان بتکوژێ.
(٨٦) گوتی: گازندە و دڵمەندیم ھەر بۆ خودا ئەدرکێنم و من لە خواوە گەلێ شتی وا دەزانم کە ئێوە لێی ئاگادار نین.
(٨٧) ڕۆڵەکانم! بڕۆن، بەڵکە سۆراغێکی یووسف و براکەی بکەن؛ ناھومێدیش مەبن لە بەزەیی خودا؛ ھەر ئەوانەی خوانەناسن، لە بەزەیی خوا ناھومێدن.
(٨٨) لە دوای ئەوەی گەیشتنە لای، گوتیان: ئەی عەزیز! ھەم خۆمان ھەم خێزانمان لە بێ بژیوی کەلەلاین؛ کەمێکمان دراو ھێناوە، بیکە سەدەقەی سەری خۆت، پێوانەی تەواومان دەیە؛ خوا پاداشی خێرەومەندان لە بیر ناکا.
(٨٩) گوتی: ئاخۆ پێو زانیوە چیتان بە سەر یووسف و براکەی ھێنا؟ ئێوە بەڕاستی نەزان بوون.
(٩٠) گوتیان: ئا تو خوا بەڕاستە! یووسف خۆتی؟ وتی: بەڵێ، خۆم یووسفم و براکەشم ئەوەتانێ. خودا بەر منەتی کردین؛ چونکوو ھەرکێ خۆپارێز و خۆڕاگر بێ، دیارە خودا پاداشی ئاکار پەسندان وندا ناکا.
(٩١) گوتیان: وەخودا سوێندەکە، خوا تۆی - بەرانبەر بە ئێمە – سەرخستووە و ئێمە لە خەتاکاران بووین.
(٩٢) گوتی: ئەمڕۆ گازندە و لەسەر نەماوە؛ خودا خەتاتان دەپۆشێ و ھەر خۆی لە گش بە بەزەییەک دڵسۆزترە.
(٩٣) ئەم کراسەی من بەرنەوە، بیخەنە سەر دیمی بابەم؛ چاوەکانی چا دەبنەوە. ھەموو کەس و کارێکیشتانم بۆ بێنن.
(٩٤) وەختێ کاروان ڕەوانە بوو، بابیان گوتی: ئەگەر نەیژن ھاتەران پاتەرانی وت، من بۆنی یووسفم بۆ دێ.
(٩٥) گوتیان: بە خوا، تۆ ھەر لەسەر ڕێ نەزانینی پێشووتی.
(٩٦) کە مزگێنیدەر ھاتە بەر، ھاویتیە سەر دەموچاوی؛ چاوەکانی چاک بوونەوە. گوتی: من نەواتم پێتان، ئەوی من لە خوای دەزانم، لە زانستی ئێوە دوورە؟
(٩٧) وتیان: باڤۆ! ئێمە لە ڕێ لامان داوە، لە پەروەرێنت داوا کە لێمان خۆش بێ.
(٩٨) گوتی: ھەر زوو داوا لە پەروەرێنی خۆم دەکەم کە عافووتان بکا و ھەر خۆی لە گوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە.
(٩٩) وەختێ گەھانە جەم یووسف، داک و بابی بردە نک خۆو گوتی: ئێوە وەرنە میسر و - خودا یار بێ - ھیچ ناڕەحەتیو تووش نابێ.
(١٠٠) دای و بابی وەبان تەختەوە نیشاند و ھەموویان کڕنۆشیان بۆ کرد. گوتی: باڤۆ! ئەمە خەونەکەی پێشوومە؛ پەروەرێنم ئاکامەکەی وەدی ھێنا و لە پاش ئەوەی شەیتان لە نێوانی من و براکانم بەدفەڕی کرد، زۆر چاکەی دەربارە کردووم؛ لە زیندانی دەرھێنام و ھنگۆشی لەو سارایەوە ھاوردەوە. پەروەرێنم، بۆ ھەر کەسێکی خۆی حەز کا دڵاوایە و بۆ خۆی زانای لەکارزانە.
(١٠١) ئەی خودانم! لەم وڵاتە تۆ دەستەڵاتت پێداوم و فێرت کردم چلۆن خەونان لێکدەمەوە. وەدی ھێنی ئاسمانەکان و زەمینی! ھەر تۆی لە دنیا و لە قیامەت گەورەی منی. لەسەر بڕوای تەواو بە خۆت، بم مرێنە و بمگەیەنەوە بە پیاوچاکان.
(١٠٢) ئەمانە ئەو دەنگوباسانەی نادیارن کە بە تۆی ڕادەگەیێنین؛ ئەوسا ئەوان کاکەوبرالەی خۆیان کرد فێڵێ بکەن، تۆ ھەر ئاگاشت لێ نەبووە.
(١٠٣) ھەر چەندە زۆریش پاپابی، ئەم مەردمە زۆربەیان بڕوا ناھێنن.
(١٠٤) خۆ تۆ ھەرگیز [بۆ ئەم کارە] پاداشێکت لەوان ناوێ و ئەمە تەنیا پەندێکە بۆ خەڵکی دنیا.
(١٠٥) چەندە زەحفن نیشانەگەل لە عاسمانان و زەمیندا؛ بەلایاندا ڕادەبرن و گوێی پێ نادەن.
(١٠٦) بەشی زۆریان بڕوا بە خوا ناھێنن و ھەر گەرەکیانە کە شەریکی بۆوەدۆزن.
(١٠٧) ئاخۆ ئەوان ئارخەیانن کە جەزرەبەی داپۆشەری خوایان بۆ نایا؟ یان گوزوگوممەت سەڵایان لێ ڕانابێ؛ کە ھەر ھەستیشی پێ نەکەن؟
(١٠٨) بێژە: ئەمە ڕێگای منە؛ ھەم خۆم ھەم ئەو کەسانەش شوێنم کەفتوون - بە بەڵگەوە - بۆ خواناسی، گاسی دەکەم. خواش ھەمیشە پاکە و تاکە و لەوانە نیم کە شەریکی بۆ پەیدا کەم.
(١٠٩) پێشتر لە تۆش، ھەر پیاوانێ لە خەڵکی باژێڕەکانمان - لەلایەن خۆمان - تێگەیاند. بۆچی نەچوون لەم زەمینە گەشتێ بکەن، تا ببینن چارەنووسی پێشینەکانیان چۆن بووگە؟ بۆ ئەوانەی خودێ ترسن، ماڵی ئەو دنیا خاسترە. دەی سا بۆچە ھەر تێ ناگەن؟
(١١٠) تا ئەوسا کە پێغەمبەران ناھومێد بوون، مەردمیش وایان دەزانی کە درۆیان دەگەڵ کردوون؛ یارمەتی ئێمەیان بۆ ھات. ئەوانەش وا حەزمان کرد، ڕزگار کران و توند و تیژیشمان لە ھەمبەر تاوانباران ناوەگەڕێ.
(١١١) لە سەرگوروشتەی ئەمانە، پەند ھەیە بۆ بەئاوەزان. واتەیەکی ھەڵبەستە نییە؛ بەڵکوو [ڕاستە] باوەڕ دەکا بەوەی لە بەر دەستیدایە و شی کەرەوەی ھەموو شتە و ڕێشاندەرە و بەزەییە بۆ ئەو کەسانەی بەباوەڕن.

پەراوێز edit